
دڵشاد هەورامی
ڕێفورمخوازەکان و کۆنە ڕەقیبانی خامنەیی (کۆماری ئیسلامی بێ خامنەیی)
کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا بەرهەمی یەکگرتن و ڕێککەوتنی چەندین ڕەوت و ڕوانگەی جیاواز بوو. خومەینی توانی بە کەلکوەرگرتن لە پێگەی خۆی، موجاهدین و میللی مەزهەبییەکان و بەگشتی ئەوانە کە باوەڕیان بە حکوومەتی ئاخوند (ولایت مطلقه فقیه) نەبوو لا بدات. لادانی ڕەکەبەر و چەپەکان (توودە و چریکەکان) وەک چاوەڕوان دەکرا نەبووە هۆی یەکدەستبوونی حاکمییەت. کاریزمای خومەینی وەک وێستگەی ڕاگرتنی هاوسەنگی، لە پاڵ شەڕی ئێران و عێراقدا ناکۆکی و چەند دەستەیی تا ڕادەیەک پەردە پۆش کردبوو. دوای شەڕ و خومەینی وردە وردە شەڕی باڵەکان ئاشکراتر بوو. سەرکەوتنی خاتەمی و بەرەی ڕێفۆرم سەرەتایی شەقبوونی ئاشکرای دەسەڵات ئاخوندی بوو. شەقبوونێک کە تاکوو ئێستاش لە دەسەڵاتداران قوربانی دەگرێت.
خامنەیی دەیەوێت پێ لە جیێ پێی خومەینی بنێت، ئەمە ئەو ویستەیە کە بەرەی چەپی دەسەڵات هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت پێی قەبووڵ نەکراوە.
دوای وەلانان و مەرگی ڕەفسەنجانی، حەسەنی ڕوحانی ئێستا سەرۆکایەتیی بەرهەڵەستکارانی خامنەیی لە نێو دەسەڵاتدا دەکات. کوژرانی فەرماندەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران و بێ ئیعتیبار بوونی ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستی پاسداران، کەم بوونەوەیە لە هێزی خامنەیی. ڕوحانی بە کەلکوەرگرتن لە دۆخی شپرزی خامنەیی (وەک باڵ) هەوڵ ئەدات، خۆی (وەک باڵ) بە جێگرەوەیەک کە وەک خامنەیی بیر ناکاتەوە نیشانی جیهانی دەرەوە و خەڵکی ناوخۆ بدات. ڕوحانی جیا لە نوێنەرایەتی ئەو باڵە کە ڕەفسەنجانی خاوەنی بوو، توانیویەتی خۆی وەک زمانحاڵ و جێی متمانەی باڵی خاتەمی و ماڵباتی خومەینی نیشان بدات. باڵی خامنەیی کە ئەوڕۆکە فەرماندە هێشتا نەکوژراوەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران جڵەویان کردوە، بە ئاشکرا لە ڕوحانی دەترسێت. بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتن لە ڕوحانی، سووکایەتی کردنی نوێنەرانی مەجلیس بە ڕوحانی و بنەماڵەی ڕەفسەنجانی، تەنیا مشتێک لە خەرواری کاردانەوەی هیستریکی باڵی خامنەین لەم چەند مانگەی دوای شەڕدا.
باڵی ڕوحانی و خاتەمی و ئەحمەدینژاد لە پاڵ ڕۆشنبیرانی نیوە حکوومەتی و تەنانەت بەشێک لە کۆماریخوازان و چەپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، لەسەر پاراستنی کۆماری ئیسلامی بێ خامنەیی و سپای تیرۆریستی پاسداران کۆکن. ئەم ڕەوتە لەگەڵ یەکتر ناتەبا و دژانە، پێیان وایە بە ڕێفۆرم و چاکسازی لە چەند قۆناغێکدا دەتوانن سیستەمی نەهاکەی ئێران لەگەڵ نەزمی جیهانی هاوئاهەنگ بکەن. بن کۆڵکردنی دەسەڵات و هێزی خامنەیی و تەنانەت لادان و کوشتنی بە هاوکاری هێزی دەرەکی، ئەو سیناریۆیانەن کە لە ئەگەری هێز گرتنی ڕەقیبانی ناوخۆی خامنەیدا باس دەکرێن.
سازانی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ڕەقیبانی خامنەیی دوور لە ئەقڵ نیە. بۆی هەیە بە واسیتە ئێستاکەش لە پەیوەندیدا بن، ئەگەرێک کە پاسداران و گیانفیداکانی خامنەیی لێی دڵنیان و بە ئاشکرا باس لە جاسووس بوونی ڕوحانی و خاتەمی دەکەن. شەڕی یەکتر سڕینەوەیەک کە لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە دەستی پێ کردوە، سەدان و هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئەحمەدی خومەینی و ڕەفسەنجانی بەو پێگەو و هێزەوە بوونەتە سووتەمەنی شەڕی دەسەڵات. بۆیە کوژرانی ڕوحانی یا خاتەمی تەنانەت خامنەیی ڕێی تێدەچێت. لە نەبوونی حەرەکەتێکی یەکگرتوویی خەڵکیدا کە وەک چەمسەرێکی بەهێز لە گەمەی گۆڕینی ڕێژیمدا دەوری یەکلاکەرەوەی هەبێت، ئەوە زلهێزەکان و ناڕازییانی سیاسی دەسەڵاتن کە دیاری دەکەن کێ بێت و کێ بڕوات.
وەک گوترا، کۆمەڵگەی فرە نەتەوە و بە جیاوازی و ناسازی مەزهەبییەوە تەوانای ئەوەی لێ زەوت ئەکرێت کە ببێت بەهێز و بڕیار لە چارەنووسی خۆیی بدات. هەر ئەم پارچە پارچە بوونە فەرهەنگی و مەزهەبییە کە لەتبوونی ئابووریشی لێ زیاد بووە، شانسی مانەوەی ڕێژیم بە هێندێک ئاڵوگۆڕەوە زیاد ئەکات. دوور نیە بۆ هێشتنەوەی ئێران بە یەکپارچەیی و دەربازبوون لە شەڕی بێ کۆتایی ناوخۆیی، پرۆژەی زلهێزەکان بە هەر دوو چەمسەری ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتەوە، لادانی خامنەیی و کاڵکردنەوەی دیکتاتۆری مەزهەبی بێت.
لە دۆخی بێ جێگرەوەیدا کە دەرئەنجامی نایەکگرتوویی خەڵکە، جیهان ناچارە ڕازی بێت بە هەڵبژاردن لە نێوان سەقامگیری و پارچە پارچە بوون و شەڕی نەتەوە و مەزهەبەکاندا. ئاساییە کە ئورووپاییەکان تێکچوونی دۆخی ئێران بە کارەسات بۆ سەر ئەمنییەتی خۆیان ئەزانن. چین و ڕووسیە پاراستنی دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی بۆ ئێران بە باشترین بژاردە دەزانن و هەوڵ بۆ مانەوەی ئەدەن، ئەمریکا و ئیسڕائیلیش لەژێر ڕێبەری ترامپدا، ئامادەی سازانێکن کە پیتاندنی ئۆرانیۆمی تێیدا نەبێت. ماوەتەوە کە ئایا خامنەیی پاراستنی مافی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە پاراستنی کۆماری ئیسلامی بە واجبتر دەزانێت یا نا؟
کۆماریخوازەکان (لەشی چەند سەر)
ئاساییە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لایەنگر و خوازیاری هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی سێکۆلار و دێموکراتیک بن. کۆمارێکی دێموکراتیک ڕەنگە چارەسەر و تەنانەت باشترین بژاردەی بەردەمی خەڵکی ئێران بێت. پرسیارێک کە لەگەڵ باسکردنی ئەم بژاردە و ئەگەرە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە، ئایا هێز یا هێزگەلێکی خاوەن جەماوەر و ڕێکخراو هەن کە کار بۆ سەرخستنی وەها بژاردەیەک بکەن؟ بەچاو خشاندنێک بە ئاڕایشی سیاسی و فیکری هێزە سەرانسەریەکاندا، ئەگەری پێ گرتنی سیستەمی کۆماری دێموکراتیک و خەڵکی لاواز دێتە بەرچاو.
خاڵی لاوازی کۆماریخوازەکان دابەشبوون و نایەکگرتووییانە. ڕوانینی هێزە کۆماریخوازەکان بۆ ئێستا و داهاتووی ئێران زۆر لە یەک دوور و جیاوازە. لە جەرەیانی لایەنگری ڕێفۆرمکردن لە سیستەمی حکوومەتداری ئێستادا تا ڕادیکاڵی لایەنگری ڕوخاندنی ڕێژیم و گەڕاندنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی دەسەڵات بۆ خەڵکیان تێدایە.
بە لەبەر چاو گرتنی فرە نەتەوەیی بوون و لە هەمانکاتدا جوگرافیای فەرهەنگی و سیاسی و ئایینی ئێران، ئەستەمە ژینگەی گونجاو بۆ گەشەی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە و کۆمارێکی سیکۆلار و خەڵکی ئامادە بێت.
نەتەوەکانی ئێران و کەمینە ئایینییەکان (براوەکان)
جگە لە کورد و بە ڕادەیەکی کەمتر و زۆر جیاوازتر بەلووچەکان، نەتەوەکانی ئێران خاوەنی حیزب و جەرەیانی سیاسی شوێندانەر و جەماوەری نین. بەگشتی کورد لە ئێراندا سیاسیترین نەتەوەیە. نەتەوەکانی دیکە بە فارسیشەوە وەک کوردەکان هۆگر و تێکەڵاوی سیاسەت و حیزبایەتی نین. بیری نەتەوەیی لە ناو تورک و عەرەبدا تا ڕادەیەک دژ کردەوەیە بەرانبەر بە فارس وەک نەتەوەی حاکم.
کورد (شۆڕشگێڕی تەنیا)
ئێرانی ئەمڕۆ وڵاتێکی پڕ لە قەیران و جوگرافیایەکی سیاسییە کە مەترسی پارچە بوونی لەسەرە. مێژوویی ئەم خاکە تەژییە لە مەرگ و شەڕ و برسییەتی. ئێرانی ئەمڕۆ جیا لە باری سیاسییەوە لە کەرتی ئابووری و ژینگەدا لە لێواری هەڵشکاندا وەستاوە. بە مان یا نەمانی کۆماری ئیسلامی، قەیرانی ئابووری و تێکچوونی ژینگەی ئێران سانا و لە کورتماوەدا چارەسەر نابن. تەنیا بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ جیهان و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک دەکرێت مەترسی پارچە بوون و کارەساتی گەورەی ئینسانی بڕەوێتەوە.
کورد وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز و سیاسی، بە درێژایی مێژوو سەری بۆ هیچ دەسەڵاتێکی بێگانە شۆڕ نەکردووە. بەرگری کردن و وەستانەوەی کورد لە ئاست هەموو ئەوانەدا کە بۆ داگیرکاری و تاڵان هاتوون، بەشێکی گرینگی ئەو ناسنامەیە کە کوردی پێ دەناسرێتەوە.
لە سەردەمی پەهلەویەکانەوە کە بە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەت نەتەوە و دەسەڵاتی مەرکەزگەرا دادەنرێت، هەتاکوو ئێستا کوردستان سەنگەری ئازادیخوازی و گۆڕەپانی شەڕ و شۆڕش بووە. کورد خاوەنی کەسایەتی و پێگەی نەتەوەیی خۆیەتی لە چوارچێوەی ئێران و قورسایی خۆی هەبووە و هەیە. ئەگەر زیاتر لە سەد ساڵە سیاسەت و ڕێکاری ناوەند تواندنەوە و کوشتنی کورد و بە پادگان کردنی کوردستان بووە، ئەوە دەمێکە کە هەم دەسەڵاتدار و هەم ئۆپۆزیسیونی چاو لە مانەوەی دەسەڵاتی فارس بەو قەناعەتە گەیشتوون کە، پێویستە و ناچارن لە ڕێگایەکی نوێ بگەڕن.
شەڕی باڵەکانی دەسەڵات، دەرفەتی هاتنە پێشەوەی پرسی نەتەوەکانی ڕەخساندوە. ئەگەر بەلووچەکان بە هەژاری و جێمانیان لە کاروانی ئابووری وڵات، تورکەکان بە مەترسی و گەشەی بیری پان تورکیزم باس دەکرێن، ئەوە خەریکە کورد بکەن بە بەشێک لەو ئێرانە کە مەترسیی لەسەرە. ئەوان (فارس) ئێرانی بوون و لە خۆمان بوونی کوردیان لە کاتی تەنگانە و تا ڕادەیەک سەرە مەرگدا بیر کەوتۆتەوە. لام وایە کورد دەتوانێت ڕاگری باڵانس و ئەو هێزە بێت کە باری لاری ئێرانی پڕ لە قەیرانی پێ ڕاست بکرێتەوە ئەگەر، ناوەند بەڕاستی لە خەمی پاراستنی یەکپارچەیی ئێراندا بێت. پێم وا نیە کە لای فارس بە هەموو تەیفەکانەوە خواستێکی ڕاستەقینە بۆ ئێرانێک هەبێت کە هەمووان تێدا خۆ بە خاوەن ماڵ و خاوەن ماف بزانن.
ئەنجام:
ڕەنگە سەرەکیترین هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی بەو چەندایەتی و چۆنایەتییەوە کە هەیە، نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز و جێی متمانە و قەبووڵی خەڵک بێت. فرەڕەنگیی فەرهەنگی و ئیتنیکی بەپێچەوانەی دونیای ئازاد کە دەرفەت و سامانە، لە جیهان سێهەم و دواکەوتوودا فرە قەیرانی بەرهەم دەهێنێت. نایەکگرتوویی کۆمەڵگەی ئێرانی دەرفەتی مانەوە و تەنانەت سەر لە نوێ پێ گرتنەوەی دیکتاتۆرییەت ئەڕەخسێنێت. ئەمە بگرە گەورە گرفتی گەشە نەکردنی بیری ئازادی و دێموکراسییە لە ئێران و ناوچەکەدا.
ئاسۆی سبەی ڕۆژی ئێران ڕوون نیە. ئەو کەلاوەیە کە بەرهەمی نزیک بە نیو سەدە دەسەڵاتی ئاخوندییە، بە دەیان ساڵ ئاوەدان ناکرێتەوە. ئازەرییەکان و عەرەبەکانی ئێران دەوڵەتانی دراوسێیان لەپشتە، ئەوان ئازادی و ژیانی تێر و تەسەلی هاو زمانەکانیان لە بستێک ئەولای خۆیان دەبینن. فارس وەک نەتەوەیەکی خۆ بە سەنتەر و گەورە زان، سەد ساڵە شکۆی نەتەوەکانیتر بەتایبەت عەرەب و تورکی هاڕیوە. ئاساییە لە ئەگەری لاوازبوونی فارسدا لێی ڕاپەڕن و تۆڵەی سەد ساڵ وردبوونی غرووریان بکەنەوە. خاڵێک کە هەموو جار دەکەوێتە پەراوێزی سیاسەتەوە، دۆخی کارەساتباری ژینگەییە بەتایبەت لەو جوگرافیایەدا کە وەتەنی فارسە. وشکەساڵی و بێ ئاوی و سیاسەتی هەڵەی سەربەخۆیی لە کەرتی کشت و کاڵدا، سەحرایەکی وشک و بێ ئاوی لەسەر دەستی فارس داناوە.
کۆچی میلیۆنیی فارس و چۆڵ بوونی بەشێک لە شارە گەورەکانیان لە ئێستاوە دەستی پێکردوە. دوور نیە ساڵانێکی نە زۆر دوور، نە تاران مەرکەز بمێنێت، نە فارس نەتەوەیەک بێت کە حوکمی ئێران بکات (ئەڵبەت ئەگەر ئێرانێک بمێنێت).