
ڕەحیم نزهەتزادە
کتێبی "سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بوواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" نوێترین بەرهەمی زانستیی هێژا دوکتور قادر وریایە، کە لە ساڵی ٢٠٢٥لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان (تیشک) لە ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بە یەکێک لە گشتگیرترین لێکۆڵینەوەکان دادەنرێت، کە لەسەر سیاسەتی زمان لە ئێران و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە. زۆر هێژا دوکتور قادر وریا، بە ڕوانگەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە، هەوڵی داوە لە ژێر ڕۆشنایی تیئۆرییە نوێیەکانی سیاسەتی زماندا، پەروەردەی زمانی دایکی وەک مافێکی بنەڕەتی ئینسانی و پەروەردەیی بپشکنێت.
نووسەر لەم لێکۆڵینەوەیەدا نیشان دەدات، کە چۆن پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدئۆلۆژی لە ئێراندا، كە بە هۆی فۆكوسی زمانەوانی، چۆن پەروەردەی گۆڕیوە بۆ ئامرازێکی هێژموونی کولتووری. بە کەلکوەرگرتن لە تێئۆریی "هێژموونیی زمانەوانی" (فیلیپسۆن، ١٩٩٢) و دیدگاکانی "دادپەروەری زمانەوانی" (سکوتناب-کانگاس، ٢٠٠٠) ڕوونی دەکاتەوە، کە قۆرخکاریی زمانی فارسی لە سیستەمی پەروەردەیی ئێراندا، تەنیا پرسێکی پەروەردەیی نیە، بەڵکوو دیاردەیەکی سیاسی و ئایدئۆلۆژیشە، کە بە میکانیزمی سازوكارەكانی دەستەڵات بەستراوتەوە. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، سیاسەتی تاک زمانی، نەک هەر بووەتە هۆی نایەکسانی پەروەردەیی، بەڵکوو وردە وردە ناسنامەی کولتووری نەتەوە غەیرە فارسەکانیشی لاواز كردوە (وریا، ٢٠٢٥: ٥-٧).
پێکهاتەی کتێبەکە لە شەش بەشدا ڕێک خراوە. بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ بناغە تێئۆرییەكان، كە لە چەمکەکانی وەک زمان، شوناس، دەسەڵات و ئایدئۆلۆژیا لە پێوەندی لەگەڵ پەروەردەدا دەکۆڵێتەوە. نووسەر لە بەشی دووەمدا شیكاری بۆ زمان، دەوڵەت و نەتەوە دەكات، و لە ڕوانگەی مێژوویشەوە، بەدوواداچوون بۆ پرۆسەی پێکهاتنی سیاسەتی زمانەوانی، لە سەردەمی قاجارەوە تا ئێستای ئێران دەكات. لە بەشی سێهەمدا ڕەخنە لە سیاسەتە فەرمییەکان و گوتارە کولتوورییەکانی حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بە زمانی فارسی، میحوەری سەرەکی باسەکەیە؛ نووسەر بە شیکاری بۆ بەرهەمەکانی توێژەرانی ئێرانی نیشان دەدات، کە زمانی فارسی چۆن لە گوتاری فەرمیدا وەک زمانێكی نەتەوەیی و ئایینی، پێگەیەکی باڵای بەدەست هێناوە، و زمانەکانی دیکەش پەراوێز خراون.
لە بەشی چوارەم و پێنجەمدا هێژا دوکتور قادر وریا ئەنجامی توێژینەوە مەیدانییەکەی، لە نێوان مامۆستایان، زمانزانان و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە ڕوو. داتاکانی کۆکراوە لە دەیان کەس لە وڵامدەرەوەکان (لە شارە جیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە باكووری ڕۆژهەڵات تا ئەوپەڕی باشووری ڕۆژهەڵات) ئەوە نیشان دەدەن کە زۆرینەی بەشداربووان، پەروەردەی زمانی دایکی بە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ پێشکەوتنی ئەکادیمی و پاراستنی شوناسی کولتووری دەبێنن. بە گوتەی نووسەر، ئەم ئاماژانە، بەڵگەن لەسەر بەئاگاهاتنەوەی زمانەوانیی کۆمەڵگەی کورد لە ئێران، و داواکاری گشتی بۆ چاکسازی لە پێکهاتەی پەروەردەیی وڵات.
لە بەشی کۆتاییدا نووسەر، کۆمەڵێک پێشنیاری پراکتیکی بۆ پلاندانانی زمان لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا دەخاتە ڕوو. لەوانە: پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پەروەردەی زمانی دایک، ڕاهێنانی مامۆستایانی دوو زمان، بەرهەمهێنانی سەرچاوەی پەروەردەیی کوردی، هەروەها هێنانە ناوەوەی پڕەنسیپی هەمەجۆریی زمانەوانی لە سیاسەتی پەروەردەی نیشتمانیدا. ئەم پێشنیارانە لەسەر بنەمای مۆدێلەکانی یۆنیسکۆ (یۆنیسکۆ، ٢٠١٩) سەبارەت بە پەروەردەی فرە زمانی و مافە زمانییەكانی کەمینەکان دامەزراوە، كە لە ڕووی زانستییەوە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و دەتوانرێت بپێورێت.
لە ڕووی میتۆدۆلۆژییەوە، لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای ڕێبازێکی چۆنایەتی و شیکاریی بابەتی داڕێژراوە. نووسەر بە وردبینییەکی بێهاوتای گێڕانەوە لە ئەزموونی زمانەوانیی، چالاکانی پەروەردەیی لە کوردستاندا تاوتوێ کردوە، هاوكات لە ڕێگەی شیکاریی وتووێژەوە، وێنەیەکی زیندوو لە پەیوەندی زمان و دەسەڵات لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا بەرجەستە كردوە. ئەم پێکەوەگرتنی داتای مەیدانی و چوارچێوەی تێئۆری، لایەنێکی زانستی و لە هەمان کاتدا مرۆیی بە کتێبەکە بەخشیوە؛ ڕێكارێک کە ئەو لە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی تەنیا تێئۆریک جیای دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی مرۆیی و کولتوورییەوە، کار و توێژینەوەی زۆر بەڕێز دوکتور قادر وریا، لە سەروی توێژینەوە ئەکادیمییەکانە؛ بەڵگەنامەی بەرخۆدانی زمانەوانی و کولتووری نەتەوەیەكە، کە دەیان ساڵە ڕووبەڕووی سیاسەتی ئینکاری و ئاسمیلەکردن بووەتەوە. بە زمانێکی زانستی بەڵام زیندوو، باس لە مافی سروشتی هەر منداڵێک دەکات بۆ فێربوون بە زمانی دایک، و نیشان دەدات، کە پەروەردەی زمانی دایک هەڕەشە نیە بۆ سەر یەکیەتیی نیشتیمانی، بەڵکوو بناغەیە بۆ دادپەروەری پەروەردەیی و گەشەسەندنی بەردەوام. بە وتەی نووسەر، “قبووڵکردنی فرەچەشنی زمانەوانی، هەنگاوی یەکەمە بەرەو ئاشتەوایی نیشتیمانی و پێکەوەژیانی کولتووری لە ئێراندا” (هەمان سەرچاوە: ٣٨٤).
بەگشتی "سیاسەتی زمان و پلاندانان بۆ پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، دەکرێت بە یەکێک لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی لێکۆڵینەوە، لە سیاسەتی زمان لە ئێراندا هەژمار بکرێت. ئەم توژێنەوەیە وێڕای ئاشکراکردنی کەموکۆڕییەکانی پێکهاتەی پەروەردەیی ئێستا، تێڕوانینێک لەسەر بنەمای دادپەروەری زمانەوانی، هەروەها ڕێزگرتن لە فرەچەشنی کولتووری پێشكەش دەكات. خوێندنەوەی ئەو بۆ توێژەرانی زمانناسی كۆمەڵایەتی، پسپۆڕانی پەروەردە، و هەموو ئەوانەی ئارەزووی کولتوور و زمانی کوردی دەکەن، جەوهەرییە.
لە کۆتاییدا هەست بە ئەرک دەکەم، کە سپاس و پێزانینی خۆم پێشكەش بە هەوڵە ماندوو نەناسەکانی زۆر هێژا دوکتور قادر وریا، بیرمەندێک کە توانیویەتی پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان زانست و پابەندبوونی کۆمەڵایەتیدا دابمەزرێنێت بكەم. کارەکانی تەنیا لە خزمەتی مەعریفەدا نیە، بەڵکوو لە خزمەتی کەرامەتی مرۆڤایەتی و پاراستنی میراتی زمانەوانی گەلاندایە. هیوادارم ئەم کتێبە ببێتە ئیلهامبەخشی وتووێژی نوێ لە نێوان ئەکادیمیستەکان و داڕێژەرانی سیاسەت، سەبارەت بە داهاتووی پەروەردەی فرە زمانی لە ئێراندا.