
- کوێستان نستانی
- د. هۆشمەند عەلی
لە پێشووتردا ئەگەر دەرکەوتنی ژنان و بەشداریکردنیان لە ڕەوتی خەبات لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە بووبێت، لەم قۆناغەدا دەرکەوتنی ژنان لە دوای قۆناغی بووژانەوە و دواتر دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان-ئێران، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو گەشەدان بە شوناس و ناسنامەی خۆیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بوو کە بۆ دوو ئەرک (نەتەوەیی و هەڵاواردنی ڕەگەزی) هەوڵیان داوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان، ڕاستەوخۆ هاتوونەتە نێو شۆڕش و خەباتی خۆیان لە بوارەکانی سیاسی، چەکداری، تەشکیلاتی، تەندروستی، پەروەردە و فێرکردندا گەشە پێ داوە. بێگومان لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ساڵی ١٩٧٩دا دیسان ئەرکی بەڕێوەبردنی کەوتووەتە سەرشان، هەرچەندە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کولتووری لە ئابڵۆقەدا بووە و بەمەش بۆشایی لە حوکمڕانی و ئیدارەدانی وڵاتدا هاتبووە ئاراوە و، هەربۆیە شانی داوەتە بەر هەردوو بەرپرسیارەتیی ئەرکی نەتەوەیی و بەڕێوەبردنی وڵات. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی داوە بە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی، دامەزراندنەوەی خوێندنگە و نەخۆشخانە و چارەسەری پرسەکان لە ڕێگەی بەقانوونیکردنی کۆمەڵگە جێبەجێ بکات.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ١٩٨٠دا، گەڵاڵەیەکی بە ناوی "گەڵاڵەی کۆمیسیۆنی قەزایی و قانوونی سزادانی گشتی" پەسەند کردووە و هەر لەو قانوونەشدا لە بەندی (٦٧-٧٢) تایبەت بە مافی حقووقی و ئینسانیی ژنان باسی لە مارەیی زۆر و هێنانی ژنی دووهەم، ژن بە ژنە و پێشکەوتن و بەشداریی ژنان لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و چەکداری و پەروەردەیی و چەندان بڕگە و بابەتی دیکە کردووە (باڵەکی، ٢٠٠٦، ١٧-٨٢). بڕیارەکانی حیزبی دێموکرات ئەگەرچی کەم و کورتیی زۆری تێدا بوو، بەڵام تا ڕادەیەک ڕەنگدانەوەی لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا هەبووە، هەروەک دەبینرێت لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە بەشداریی (٣١٠) نوێنەر لە سینەما ئومێد لە شاری مەهاباد لە (٢٤ی شوباتی ١٩٨٠) بەستراوە، لەو کۆنگرەیەدا لە کۆی (٢٥) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کە هەڵبژێردران، تەنیا ژنێک - فەوزیە قازی-(١)، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.(٢)
دەکرێت بگوترێت ئەمەش بەرەوپێشچوونێکی چۆنایەتیی گەورە و گرنگ بووە لەو قۆناغەی خەباتی سیاسیی کورد و ژیانی پارتایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە ژنێک بگاتە پلەی ئەندامی سەرکردایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا. دوای تەواوبوونی کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە (٢٤ی شوباتی ١٩٨٠)، عەبدولڕەحمان قاسملوو بە مەبەستی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ئێران و ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ڕێبەرایەتیی خومەینی و گیروگرفتەکانی کوردستان بە ڕێگەی ئاشتی داوای کرد حکوومەتی ئێران لێژنەیەکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات قبووڵ بکات. دوای هاتنەوەی وەڵامی ئەبولحەسەن بەنیسەدر کە ٢٥ی شوباتی ١٩٨٠ی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی دیاری کردبوو، حیزبی دێموکرات هەیئەتێکی پێنج کەسیی ناردوە کە یەکێک لە ئەندامەکانی "فەوزیە قازی" بووە و ئەندامەکانی دیکەش بریتی بوون لە: غەنی بلووریان سەرۆکی لێژنە، عەبدوڵڵا حەسەنزادە، نەوید موعینی و ئەحمەد قازی کە بە مەبەستی وتووێژ چوونەتە تاران (حەسەنزادە، ٢٠٠٢، ٣٦٠؛ ستار، ٢٠١٩، ٨٨).
سەرەڕای سەرەڕۆیی و باڵادەستیی چەمکە سوننەتییە زاڵەکان بەسەر کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک هۆکار و لەمپەر، کە دەستیان وەدەستی یەکدی دابوو لەبەردەم پرۆسەی بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان تا ڕادەیەک هاتوونەتە نێو چوارچێوەیەکی سیاسی لەنێو حیزبی دێموکراتدا و بەشدارییان لە کاری سیاسیدا کردوە. هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا گرنگە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت، دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران (١٩٧٩)، ژنانی ئێران بەگشتی مافەکانیان پێشێل کرا بەتایبەت لە پرسی حیجاب و... هتد. لەم ڕووەوەش هاوشانی ژنانی ئێران، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەنێو هێزە سیاسییەکان وەک (حدکا) ڕۆڵی گرنگ و کارایان بینیوە لە بەڕێوەبردن و خۆپیشاندانەکان و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان لە ئازادیی جلوبەرگ و نەپۆشینی سەرپۆشدا کردووە و لە دروشمەکانیاندا دژ بەو سیاسەتە لە خۆپیشاندانەکاندا گوتوویانە "نە ڕووسەری، نە تووسەری، مەرگ بەر جومهوریی ئیسلامی". بەم هۆیەشەوە ژنانی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و زیندانیکردن و لەسێدارەدان و دەستدرێژی بوونەتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون. نموونەی ئەو ژنانەش "شەهلا و نەسرین کەعبی" دوو ژنی خەڵکی شاری سەقز بوون کە لە ٢٨/٨/١٩٨٠ لەسێدارە دراون. هەروەها "زەریفە باجەڵانی" کە ژنێکی ناسراوی شاری کامیاران بووە و دوای ئەشکەنجەدان و ئازارێکی زۆر لە ٦/١٠/١٩٨٠ لەسێدارە دراوە (مەحموود، ٢٠١٢، ١٣٦، ١٤٠).
لەگەڵ ئەو بارودۆخەشدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێت، لەنێو هێزە سیاسییەکاندا و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کەسی یەکەمی حیزبی دێموکرات هەمیشە لە وتەکانیاندا سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی کورد بەگشتی و ژنان لەنێو حیزبی دێموکراتدا زۆر بابەتیان هێناوەتە بەرباس. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە دەیەکانی حەفتا و هەشتاکانی زایینیدا بەردەوام گوتوویەتی لە تێکۆشانی حیزبی ئێمەدا دەبێت جێگەی تایبەت بە ژنان بدرێت کە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەمان پێک دەهێنن، حیزبی دێموکرات مافی بەرابەری لەگەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێت، بەڵام دانانی ماف لەگەڵ پیادەکردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە نێواندایە، دەبێت ئەو مەودایە وردە وردە لەناو بچێت و بە بڕوای حیزبی دێموکرات تا ژنان لە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوتووە و هەرچی ژنان لە بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییەکاندا تێکۆشەر بن، بزووتنەوەکە پێشکەوتووترە و شانسی سەرکەوتنی زیاترە (فتووحی، ٢٠١٣، ١٤). هەر لەو چوارچێوەیەدا وەک دەردەکەوێت، بەشداریی ژنان لە بواری سیاسی لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە میانەی گفتوگۆکاندا، بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان هاوتەریبن، لێرەدا هەوڵ دەدرێت چەند ڕوانگەیەک بخرێتە ڕوو، کە لەو باوەڕدان ڕاستە لە بەرنامە و پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبی دێموکراتدا باس لە بەشداریی ژنان لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کراوە، بەڵام وەک پێویست نەبووە. عیسمەت نستانی دەڵێت: "هێزە سیاسییەکان کەناڵێکی زۆر گرنگ بوون بۆ بەشداریی ژنان لە بواری سیاسیدا، ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە لە زۆربەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بەشداریی ژنان قۆناغێکی مێژوویی هەبووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکرات و کۆنگرەکانی دواتر، ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتیش (پێشەوا قازی محەممەد و عەبدولڕەحمان قاسملوو) هەمیشە لە وتەکانیاندا دووپاتیان کردوەتەوە پێویستە ژنان جێگەی تایبەتیان هەبێت و حیزبی دێموکرات مافی بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان بۆ ژنانیش دادەنێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لە کۆنگرەکانی (٤ و ١١)ی حیزبی دێموکراتدا، تەنیا دوو ژن وەک ڕێبەری لەناو مێژووی ڕێبەریی حیزبدا بوونیان هەبووە، کە (فەوزیە قازی و خەدیجەی مەعزووری) بوون. لەگەڵ ئەوەی ژنان کۆڵەکەی خەبات بوون و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی قۆناغەکان یارمەتیی پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتیان داوە، چ لە بواری تەشکیلاتی بووبێت یان لە بواری پێڕاگەیشتن لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگەیەک وەک جلوبەرگ و خۆراک بووبێت. بێجگە لەوەش ژنان بۆخۆشیان هەوڵیان داوە و لە بواری نیزامی و چەکداری دەور و نەخشی خۆیان هەبێت و شان بەشانی پیاوان لە خەباتدا بوون، بەڵام لە بواری سیاسیدا حیزبی دێموکرات کەمتر گرنگیی بە پرسی ژنان داوە و لەگەڵ ئەوەی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، کەم نەبوون ئەو ژنانەی ڕاستەوخۆ هاتوونەتە نێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەشداریی چالاکیی خەباتی چەکداری و سیاسی بوون و وەک پیاوان ئەرکی خۆیان ڕاپەڕاندووە. بۆیە ڕێژەی بەشداریی ژنان لەنێو ڕێبەری و بەشداری لە بڕیاری سیاسیدا کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ڕێگە نەدراوە، ژنان بێنە ئاستی دەفتەری سیاسی و لە شوێنی بڕیاردان بن. بەکورتی، پیاوسالاری لەم ڕووەوە لەنێو حیزبی دێموکراتدا بەڕوونی دیار بووە و هەیە. بۆیە ژنان تەنیا لە بواری ڕێکخراوەیی و تەندروستی و پەروەردەیی و بواری چەکداری و ڕاگەیاندن کاریان کردوە و زیاتر چالاک بوون و ئەو ڕەخنەیە بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران واردە، چۆن تا کۆنگرەی چواردەیەم گرنگیی ئەوتۆ بەو پرسە نەدراوە و، لەو کۆنگرەیەدا (تبعیض مثبت) واتە ڕێژەی دیاریکراو بۆ ژنان دیاری کردوە، بۆ ئەوەی مافیان هەبێت و بەشدار لە کۆنگرەدا وەک ڕێبەری بێنە نێو خەباتی سیاسی کە پێم وایە ئەوە ماف نیە." (نستانی، کۆیە، ٣٠/٦/٢٠٢٤).
ئەو کەمتەرخەمییە ئەگەر یەکەم جار بگەڕێتەوە بۆ حیزبی دێموکرات و دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵێین تەنانەت خودی ژنان لەگەڵ ئەوەی لەنێو هێزە سیاسییەکاندا پەراوێزخراو بوون، لە هەمان کاتدا بۆخۆشیان کەمتەرخەمیی سەرەکی بوون، نەیانتوانیوە تاوەکوو ئێستاش زۆر کولتوور و داب و نەریت تێکبشکێنن بەوەی کە دەگوترێت ژنان لە بواری سیاسی لاوازن. هەروەها گوڵی ئیبراهیمی دەڵێت: "وەک گرنگیدان حیزبی دێموکرات لە زۆر لایەنەوە کەمتەرخەم بووە، بەتایبەتی لە ڕووی سیاسییەوە، چونکە قەت ڕێگە بە ژنان نەدراوە بێنە ئاستی سەرووتر یان هان نەدراون، بەڵام ڕێزی زۆریان لێ دەگرتین، کاتێک دەورەی نیزامیم تەواو کردوە لە هێزی قەندیل سازماندهی کرام، زۆرجار عەبدولڕەحمان قاسملوو، کە دەهاتە بنکەی هێز بۆ سەردان، هەمیشە دەیگوت ئاوات و ئارەزووی من ئەوەیە لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات ڕێژەی ژنان ئەوەندە زۆر بێت، سەرپەل و فەرماندەی هێزیش لە خۆیان بێت. بۆیە لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دراوە گرنگیی بە ژنان بدرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە بواری سیاسیدا بەکردار جێبەجێ نەکراوە." (ئیبراهیمی، کۆیە، ٤/٧/٢٠٢٤). هەر لەو بارەیەوە ماپەرە قەرەگۆلی(٣) دەڵێت: "حیزبی دێموکرات هەمیشە ڕێگەی بۆ هاتنەمەیدانی ژنان خۆش کردوە، لە بەرنامە و پڕۆگرامی حیزبیشدا، ئەو پرسە ڕەنگی داوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا کە کەسانی یەکەمی حیزبی وەک عەبدولڕەحمان قاسملوو (١٩٧٠-١٩٨٩) و سەعید شەرەفکەندی (١٩٨٩-١٩٩٢) لایەنگر و پشتیوانی هاتنەمەیدان و بەشدارپێکردنی ژنان بوون، بەڵام ڕێژەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و بەشداریی لە ئاستی ڕێبەری لە کۆمیتەی ناوەندی یان دەفتەری سیاسیی حیزبدا کەم بووە و ڕێگە نەدراوە و هەمیشە زۆرینە هەر پیاوەکان بوون. ژنان زیاتر لە سەنگەرەکاندا و لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا چالاک بوون." (قەرەگۆلی، سۆئێد، ٢٤/٦/٢٠٢٤).
***
١) ئەوەی لە سەرچاوەکان وەک زانیاری دەست دەکەوێت، دوای ئەوەی دووبەرەکی و ناکۆکی دەکەوێتە نێو ڕیزەکانی پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی وازیان هێناوە و فەوزییە قازی بەهەمان شێوە لەدوای ئەو کاتەوە وازی لە خەباتی سیاسی هێناوە و لە شاری مەهاباد لە ماڵی خۆی دانیشتووە (مەحموود، ٢٢٣، ٢٠١٢ )
٢) ماوەیەک دوای کۆنگرە، بەهۆی سیاسەتی حیزبی توودەوە حەوت کەس لە حیزبی دێموکرات جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند، کە بە تاقمی حەوت کەسی ناوبانگیان دەرکردوە و دواتر چوونەتە نێو ڕیزەکانی حیزبی توودە و دواتریش هەڵوەشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە. (فەوزییە قازیش یەکێک لە ئەندامانی ئەو حەوت کەسە بووە. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: بەڵگەنامەی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆنگرەی ١-٩، بەرگی یەکەم، ٩٤، ٢٠١٢).
٣. ماپەرە قەرەگۆلی ساڵی ١٩٦٢ لە پیرانشار لەدایک بووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندوویەتی. لە تەمەنی شازدەساڵیدا، وەک زۆر لاوی ئەو سەردەمە، لە ساڵی ١٩٧٩ لە ڕێگەی سازمانی جەوانانی حیزبی دێموکراتی کوردستان - ئێرانەوە تێکەڵی سیاسەت بووە و هەر لەو ڕێگەیەشەوە پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە کردوە. ئێستاش لە سۆئێد لە شاری ستۆکهۆڵم دەژیت.