کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەبارەت بە ئاشتیی ئۆجەلان – باخچەلی

12:57 - 11 سەرماوەز 2725

عەزیز مەعرووفی

ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورک (مەهەپە) لە وتاری حەفتانەی پارتەکەیدا بانگەوازی لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد کە ناوبراو با لە تریبۆنی دەم پارتی و لە سەکۆی پەرلەمانی تورکیە پەیڤێک بدات و حیزبەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو هەڵوێستە کوتوپڕەی باخچەلی لە گۆڕەپانی تورکیە و کوردستاندا وەک تۆپێکی توند دەنگی دایەوە. باخچەلی، هاوپەیمانی حیزبی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، برابەش و شەریکەدەسەڵاتە لە ژێر ناوی "هاوپەیمانیی جەمهوور" و تەنانەت بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانییەتییەکەشە.

لەپێشدا پێویستە بڵێین، دەوڵەت باخچەلی بە چراسەوزی ئەردۆغان بایکۆتی سەر ئیمڕاڵیی شکاندووە، بەڵام هەر لەو کاتەدا، ئەوەی کە هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای پڕۆسەکەدا بە زمانی هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە و لە لایەکی دیکەش بە زمانی منەت بەسەرداکردن و ئامۆژگاری! بەرامبەر حیزبی یاسایی نێوخۆیی کوردەکان دواوە، بەر لە هەموو شتێک بۆ نابەرابەریی بەرچاو و ناتەبایی قووڵ و ناهاوسەنگی لەگەڵ نێوەرۆک و ڕۆحی وتووێژ بۆ چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی ڕەوای کورد دەگەڕێتەوە؛ چارەسەرییەک کە تاک بە تاک، توێژ بە توێژی حیزبەکەی، هاوپەیمان و بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆن و دامودەزگای دەوڵەتی و تەنانەت ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی باڵادەستی وڵاتەکەشی، تێکڕای ماف و ئازادییەکان، بایەخ و ڕەسەنایەتی و ڕەچەڵەک و خەبات و شکۆی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان بە تیرۆر و چەمکی "تورکیەی بێ تیرۆر" ناودێر دەکات و پڕ بە گەروو هاوار دەکات کە ئامانجیان تەنیا و تەنیا تورکیەیەکی گەورەی بێ تیرۆر و قایمکردنەوەی برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورکە لە چوارچێوەی دەسەڵات و کیانی تورکبووندا.

لەو کورتەوتارەدا هەوڵ دەدەین، ئاوڕێکی کورت و خێرا تەنیا لە چەند هۆیەکی بەرچاوی ئەو پڕۆسەیە بدەینەوە و وێڕای ئەوەش بپرسین ئەگەر ئاشتی، ئاشتیی ڕاستەقینەیە، چما ئەو هەموو ئاڵۆزی و شلوێکردن و ناڕوونییەی بەسەردا سەپێندراوە؟

 

لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە قۆناغێکی نوێ هاتووەتە کایەوە. ئیسڕائیل لە ئاکامی گوڕەشاردان و قەڵتوبڕی بەرەی موقاوەمەتی سەر بە ڕێژیمی ئێران، باڵادەستیی خۆی لە ناوچە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەلماندووە، بۆیە تورکیە کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بەهۆی ئەو سنوورە دوورودرێژەی لەگەڵ سووریە هەیەتی، زۆرترین کاریگەری و دەستتێوەردانی لەو وڵاتە و بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەبووە، دەیزانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە زوویی دەڕووخێ، بۆیە پاش ئەوەی ئیسڕائیل بەڕەکەی لە ژێر پێی تورکیە دەرکێشا و بە هێزی هەتەشە لە ژێر ڕێبەرایەتیی ئەبوو محەمەد جۆلانی (ئەحمەد ئەلشەرع)دا دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند، تورکیە ترسی گەورەی کەوتە دڵ، ترسەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کوردەکان پاش ڕووخانی ئەسەد، زیاتر لە پێشوو گەشە دەکەن، زیاتر دەکەونە جێی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها ئیسڕائیل هێز و دۆخ و قەبارەیان دەقۆزێتەوە و لە ئاکامدا کوردەکان لە ژێر ڕێبەرایەتیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە) لەگەڵ دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی ڕووبەڕوو دەبنەوە، بە قسەی خۆیان بۆ ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشەیە لە ژێر هەژموونی وتووێژ لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، کوردەکان ناچار بە چەکدانان بکەن و واز لە خۆبەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بێنن و خۆیان لە نێو سوپا و هێزەکەی ئەحمەد ئەلشەرعدا بتوێننەوە. گەڵاڵەی ڕێککەوتنەکەی هەسەدە و حکوومەتی تازەی سووریە لە ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە. ئەو ڕاستییە، هۆی هەرە سەرەکی و حەیاتییە بۆ تورکیە لە قۆناغی ئێستادا؛ هۆیەک کە باخچەلی یەکجار زۆر لەسەری مکوڕە و پەیتا پەیتا دووپاتی دەکاتەوە و بە هەموو توانایەکەوە تێ دەکۆشێت ڕەزامەندیی ئۆجەلان بۆ ئەو مەبەستە شوومە بەدەست بێنێت. جێی سەرنجە کە دەبینین ئێستا حکوومەتی کاتیی ئەحمەد ئەلشەرع تۆپەکەی هاویشتووەتە گۆڕەپانی تورکیە و بە ئەگەری بەهێز لە داهاتوویەکی نزیکدا شاهیدی هەندێک هەنگاو و پێشهاتی نوێی ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی وتووێژەکانی ئیمڕاڵی و تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لەگەڵ هێزەکانی سووریە ببین.

خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە یەکێکی دیکە لە مەبەستەکانی باخچەلی و ئەردۆغانە. پەکەکە لەسەر بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان، لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا، ئەوە بوو لە مەراسیمێکی سیمبۆلیکدا ١١ی تەممووزی ئەمساڵ ٣٠ گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. لە درێژەی ئەو بانگەوازەدا، دەستەیەک گەریلا لە ناوچەکانی باکووری کوردستان بەرەو باشووری کوردستان کشاونەتەوە، هاوکات دەستەیەکیش لە ناوچەی زاپ ڕاگوازراون. بۆ ئەو بڕگەیە دەتوانم بڵێم؛ ئەوەندەی تورکیە بە پێویستی زانیوە! ئۆجەلان بەپیر بانگەوازەکەیان چووە. بۆیە بە ڕاشکاوی دەبینین کە قۆناغەکە لەو بوارەدا زۆر بە خاوی و نیوەچڵی دەچێتە پێش. بە ئەگەری بەهێز، دەوڵەتی تورک ئەو خاویی و نیوەچڵبوونە بەو دوورەدیمەنە ببەستێتەوە کە لەسەر کۆی ڕووداو و دواڕۆژی نە زۆر دووری پێشهاتەکانی ناوچەکە لە ڕۆژئاوا، باشوور و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیەتی. تورکیە تێ دەکۆشێت چەکدانەنان و چەکدانانی یەکجارەکیی پەکەکە، بکات بە ماڵ بەسەر تەواوی مەسەلەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا.

"هاوپەیمانیی جەمهوور" وەک نوێنەری دەسەڵاتی ئێستای تورکیە، جیا لەو دوو مەبەستەی سەرەوە دوو مەبەستی سەرەکیی نێوخۆییشی هەیە: یەکەم، کورد لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە چەشنێک نزیکایەتیی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن هەیە، ئەو حیزبە بە پشتیوانی و ڕاکێشانی هەست و سۆزی کوردەکان لە سۆنگەی دژایەتیی لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتداردا، لە زۆربەی شارەکان بەتایبەت لە ئەستەنبۆڵ و ئانکارا شارەوانییەکانی لە هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان-باخچەلیی بردەوە. ئێستا بە وەڕێخستنی دەنگۆی ئاشتی، هەوڵ دەدەن کوردەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و لە جەهەپە تەریكیان بخەنەوە. لە پاڵ ئەوەشدا هەر لەگەڵ درێژکردنەوە و بردنەپێشی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆسەکە، بە بیانووی جۆراوجۆر پەلاماری شارەوانی و تەشکیلاتەکانی ئەو حیزبە لە خاڵە هەستیارەکان دەدەن. نێوەرۆکی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕۆژی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ سەبارەت بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاو کرایەوە. ئەو ڕاستییە بە زەقی دیارە کە کورد سەرەڕای مێژوویەکی دوور و درێژ لە زەبروزەنگ و سەرکوتی خوێناوی کە لە دەستی هەر کام لەو حیزبە تورکئاژۆیانە، بە حیزبەکەی ئەردۆغان و باخچەلیشەوە، بەسەری هاتووە، هێشتا بەهۆی نزیکایەتیی لەگەڵیان باجی گەورە و قەرەبوونەکراو دەدات.

دووەم؛ دەوڵەتی تورک لە ئاستی نێوخۆییدا لە زۆر بارەوە تووشی نیمچە داتەپینێک بووە. ئابوورییەکی سست، ئاوسانی بەرچاو، گرانی و نەبوونییەکی کەم وێنە بەرۆکی ئەو وڵاتە، یان باشتر بڵێم دەسەڵاتەکەی ئەردۆغانی گرتووە. ئێستا کەمتر کۆمپانییەکی ئەورووپایی هەیە وەبەرهێنان لەو وڵاتە بکات، توریزم لە کەمیی داوە، سەرکوت و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و لە پێش هەموویانەوە ئازادیی بەیان، گرتن و ڕاونانی جیاوازبیران و بەتایبەت شۆڕشگێڕان و خەباتکارانی کورد و لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێیانی لەو کۆسپ و لەمپەرانەن کە ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی دایتاشیوون و بۆ خۆدەر‌بازکردن لێیان بەو وتەی کوردەکانی باکوور، ڕوویان لە ئۆجەلان ناوە!

دوای ساڵێک هێشتا لەو پڕۆسەیەدا پێشکەوتن و بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆ نابینین. لە لایەک کورد دەڵێت، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، پڕۆسەی ئاشتیی جڤاکیی دێموکراتیک پێش دەخات، لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورک دەڵێت، تورکیەی بێ تیرۆر لە بەرەوپێشچوون دایە و گوایە برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەکە!

پڕۆسەیەکی ناڕوون و ئاڵۆز و پڕ لە لایەنی شاراوە، پڕۆسەیەک کە هیچ چەشنە متمانە و هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوەی لە مەڕ چارەسەریی ڕیشەیی لێ بەدی ناکرێت و دەیەوێت چارەنووسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پێ یەکلایی بکاتەوە و سەرئەنجام پێی وایە دەتوانێت دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی کوردستان بۆ خۆی بقۆزێتەوە، پڕۆسەیەک کە کەمتر خۆی لە قەرەی چەکدانانی پەکەکە و هەر بەو پێیەش لە دانان و چەسپاندنی یاسایەک بۆ ئەمنییەت و ئاسایشی دواڕۆژی گەریلاکانی پەکەکە بدات، پڕۆسەیەک کە تێیدا دەوڵەتی تورکیە، و بەتایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان و خودی بەڕێز ئۆجەلان پێیان وابێت، وەها پڕۆسەیەک بۆ هەموو کوردە و لە پشت دیوارەکانی گرتووخانەوە ئەگەر و لەنگەرەکانی هێز لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ بکەن، پڕۆسەیەک کە بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەو بەشەی کوردستان کە حیزبەکەی خۆی لێی هەڵقوڵاوە، هیچ چەشنە داوا و هەڵوێست و بەرنامەیەکی دیار و ڕوونی لە مەڕ هیوا و ئامانج و داخوازییەکانی نەتەوەکەی لێ بەدی ناکرێت، پڕۆسەیەک کە ئێستاشی لەگەڵ بێت تورکیە تاکە یەک کوردی ئازادیخوازی، تەنانەت ئۆجەلانیشی لە چاڵەڕەشەکانی ئازاد نەکردووە، تا ئەو شوێنە بڕ دەکات کە تورکیە دەیەوێت و هەر کاتێک لە بەرژەوەندییدا نەبوو بە بیانوویەک کۆتاییی پێ دەهێنێت، ڕێک وەک ئەو پڕۆسە ئاشتییەی لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥دا لە سۆنگەی تێزی ئۆجەلان کە خۆی لە خەندەق و سەنگەرلێداندا بینییەوە و سەرئەنجام بەهۆیەوە چەندین شار کاول و وێران کران؛ ئەو شارانەی لە ڕاستیدا چەق و پایگای هەرە قایم و ئەسڵیی خەباتی سیاسی و جەماوەریی باکووری کوردستان لە ژێر ڕێبەرایەتیی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پارتەکەیدا بوون.