
عەلی لەیلاخ
هەر لەم مانگی سەرماوەزەدا کە هەشتا ساڵە نازناوی ئەندامانی سپای میللی کوردستان و بەرگریکارانی خۆڕاگری نیشتمان گۆڕدراوە بۆ پێشمەرگە، زۆر ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویان داوە کە لەم نووسینەدا هەڵوەستە لەسەر دووانیان دەکەین.
ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی خەڵکی کورد و بەتایبەتی کرماشانی فرەچەشن بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک ماتەمبار و تووڕە بوون، ئەویش هەواڵی ڕفاندن و کوشتنی کەسایەتیی نەتەوەیی و ئایینیی کورد، مامۆستا مەلا محەممەد ڕەبیعیـیە کە یەکێکە لە پەروەندە ئاوەڵاکانی تیرۆری ڕەخنەگران و جیابیران بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەیەی حەفتای هەتاویدا، کە بە "قەتڵگەلی زنجیرەیی" ناسراوە.
"قەتڵگەلی زنجیرەیی" بە کۆمەڵێک تیرۆر و کوشتنی جیابیران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات، لە دەیەی ٧٠ـی هەتاویدا دەگوترێ کە بە دەستی وەزارەتی ئیتلاعات و بە ئەمر و فەرمانی بەرپرسانی هەرەباڵای ڕێژیم بەڕێوەچوو. ئامارەکان دەڵێن: نزیکەی ٨٠ کەس بوونەتە قوربانیی ئەم کوشتار و قەتڵە حکوومەتییە.
بەڵام دیسانەوە لەم بارەشەوە غەدر لە کورد و قوربانییانی کورد دەکرێت و لە ساڵیادی ئەو زنجیرە کوشتارەدا لە میدیاکان کەمتر باس لە کوژراوانی کورد لەو پلان و پیلانە ئەمنییە دەکرێ.
مامۆستا محەممەد ڕەبیعی، نووسەر و ئەدیب و بێژەری ڕادیۆی کوردیی کرماشان و تاران، کە وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی و چاکسازێکی کۆمەڵایەتی جێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بەتایبەتی لە پارێزگای کرماشان، کردبووەوە، بە هۆی هەڵوێستەکانی و لایەنگری کردنی لە ماف و شوناسی نەتەوەیی و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندی، کەوتە بەر غەزەبی کۆماری ئیسلامی. هەتا ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی کاتێک لە ماڵەوە دێتە دەرەوە، ئیتر ناگەڕێتەوە و ڕۆژی دواتر لە تەنیشت گەراجی سنە بۆ کرماشان تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە.
عایشە مەفاخری هاوژینی مامۆستا ڕەبیعی کاتی خۆی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی "ڕۆنان"ی کوردکاناڵ ڕایگەیاند: پاش ئەوەی مامۆستا ڕەبیعی لە نامەیەکدا بە توندی ڕەخنەی لە وەزارەتی ئیتلاعات و هەندێک ناوەندی ئەمنیی و فەرهەنگیی ڕێژیم گرتبوو کە خەریکی ناکۆکی و ئاژاوەنانەوەن، ئیتر مامۆستا محەممەد بە خەستی کەوتە ژێر چاودێریی ئیتلاعات و هەر جارە و بە بیانوویەک دەیانبرد بۆ لێپێچینەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی کە ئیتر نەگەڕایەوە.
دایە عایشە لە گفتوگۆیەکی دیکەدا دەڵێ: "پاش دۆزینەوەی تەرمەکەی، کە هێشتا جەستەی گەرم بوو، بە عەباکەی خۆی داپوشرابوو، مەندیلی لەسەر سینگ و چاویلکەکەی لە تەنیشت دانرابوو، هەروەها جێی دەرزی لێدان لەسەر پەنجەی پێیەوە دیار بوو." جێی ئاماژەیە بەکارهێنانی دەرزی پۆتاسیۆم یەکێکە لە شێوە کوشتنەکانی ناوەندە ئەمنییەکان کە دوایی بڵێن ناوبراو جەڵتە لێیداوە.
دواتر کە ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر ئەو جینایەتە لە شاری کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان سەری هەڵدا، "ذکراللە ئەحمەدی" نوێنەری پێشووی خەڵکی کرماشان لە مەجلیسی خوبرەگان و بەرپرسی پێشووی دادگۆستەری ئەو پارێزگایە، سەردانی ماڵی مامۆستا دەکات و داوایان لێدەکا ئەم لاپەڕەیە واژۆ بکەن کە مەلا محەممەد بە هۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچی دوایی کردووە! کە بە خۆشییەوە ئەو هەوڵە قێزەونە بە توندی لە لایەن خێزانەکەیەوە ڕەت دەکرێتەوە.
ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە مامۆستا محەممەد ڕەبیعی وەک کەسایەتییەکی ناسراو، دەنگی هەقخوازیی گەلێکی بەشمەینەت بوو، نەبوو بە وتاربێژی "بەیتی ڕێبەری" و دواجار هەر لە پێناوی وڵاتەکەی و لەسەر بیروباوەڕەکانی سەری بەخشی.
ساڵێک دوای تیرۆری مامۆستا ڕەبیعی، واتە ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، لە درێژەی تیرۆری تێکۆشەرانی کورد، دەستی ڕەشی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، بە چاوساغیی بەکرێگیراوانی، پۆلێک کادر و پێشمەرگەی لێهاتووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ناوچەی ئەردەڵانی، لە دوو بۆسەی تیرۆریستیدا ناجوامێرانە شەهید کرد و بەم جۆرە شەهیدان مەنسوور فەتاحی ناسراو بە مەنسووری ڕەشەهەورامی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، شەهید مەنسوور ناسری (کادری لێوەشاوەی حیزب و جێگری کۆمیتەی ناوەندی)، شەهید ساماڵ ئیسماعیلی (بەرپرسی کۆمیتەی بانە)، شەهید ڕەفعەت حوسەینی و شەهید یەدوڵڵا شیرینسوخەن (دوو پێشمەرگەی فیداکار و وەفاداری حیزب)، کە بە شەهیدانی دەروازەی کۆیە ناسراون، چوونە ڕیزی ئەو تیرۆرانەی کە کۆماری ئیسلامی لە خاکی باشووری کوردستان بە هاوکاریی بەکرەشۆڤارەکانی ئەنجامی داون و تا ئێستا گیانی نزیکەی ٣٨٠ تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەو ڕێگەیەوە ئەستاندووە.
ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆر
کۆماری ئیسلامی بۆ خۆسەپاندنی خۆی، هیچ کات دەستی لە کوشتن و تیرۆرکردن نەپاراستووە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە "ئافەند و پەدئافەند" واتە "هێرشبردن و بەرگری" کردن، وەک یەک وایە و دەچێتە خانەی خۆپارێزیی نیزامەوە. هەر بۆیە ناوەندە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە فیتوا و ئەمر و فەرمانی ئایەتوڵڵاکان، بەتایبەتی لە ئاستی بەرزی بەرپرسایەتیی ئەو دەسەڵاتە، دەستیان بۆ تیرۆر و کوشتن ئاوەڵا بووە و ئەم دەستە ڕەش و درێژەش زۆرترین خەسار و زیانی لە تێکۆشەرانی کورد لە سەنگەرە جیاجیاکان گەیاندووە و بە جینایەتی "موقەدەس" لە قەڵەم دراوە.
تیرۆر لە کۆماری ئیسلامیدا ماهیەت و چییەتیی دەسەڵاتێکی ناڕەوایە کە هەر جۆرە لێدان و کوشتن بە مەرجی مانەوەی خۆی بە ڕەوا دەزانێ.
بە پێچەوانەی ئەو ڕێژیمە، تێکۆشەرانی کورد و پێشمەرگەکانی بزاڤی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات تەنیا لە ڕەهەندی بەرگرییەوە چەکیان هەڵگرتووە. لەوانەیە خۆدی ئەمەش تێبینیی لەسەر بێ کە کاتێک دەڵێن بەرگریی ڕەوا! ئەم سەرنجە ساز ببێ کە خودی "بەرگری" کردن ئەساسەن کردەیەکی ڕەوایە و بۆ دەستەبەندیی کردن لە نێوانی "ڕەوا" و "ناڕەوا" نابێت.
مەبەست ئەوەیە کە ئەو حیزبە نەتەنیا خۆی لە تیرۆرکردن دوور گرتووە، بەڵکوو تەنانەت بە مەسئولییەتی مێژوویی و نەتەوەییەوە لەگەڵ دۆست و دوژمن هەڵسوکەوتی کردووە.
بە چاوخشاندنێک بە ئاماری کوژراوان و بریندارانی دەستی تیرۆری سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە نێوخاکی باشووردا، بۆمان دەردەکەوێ کە جیا لەوەی ئەو ڕێژیمە بوونی پێشمەرگە و سەنگەری پێشمەرگانەی بە مەترسیی سەرەکیی سەر وجوودی خۆی زانیوە، بەڵکوو بە مەبەستی تێکدانی پێوەندیی مێژوویی دوو دیوی باشوور و ڕۆژهەڵات، بە خەڵەتاندنی کەس و لایەنی نەفسنزم و نانەتەوەیی! ویستوویەتی بە خوێن و جینایەت، قەڵش و بۆشایی زیاتر بخاتە نێوان بەشەکانی کوردستانەوە.
ڕوانینی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر دژبەرانی، نەخاسما کە دژبەرەکەی لایەنی کوردی بێ، بە دوژمنی ماهیەت و بوونی خۆی دەزانێ و هەر جۆرە زەربەلێدان و تەنانەت کوشتنیان لای ئەوان ڕەوایە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو ڕێژیمە بە تۆقاندن و سێدارە و زیندان کەوتە سەر ڕێڕەوی دەسەڵات و هەتا مابێ کوشتن و تیرۆری بەرهەڵستکارانی ئەو ڕێژیمە کۆتایی نایەت.
جیاوازیی ڕەوایی خەباتی ئێمە و دژبەرانی گەل، وەک کۆماری ئیسلامی، ئەمەیە کە خەباتی ئێمە تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گەیشتن بە ئامانج! بەڵکوو مانیفێستی جێخستن و سەرخستنی شوناسخوازی و بنیاتنانی دواڕۆژی نیشتمانە. بۆیە پاڵی بە هیچ جۆرە ڕەشەکوژی و تیرۆر نەداوە و هەموو کاتیش مەحکوومی کردووە.
بە گوتەی نیچە فەیلەسووفی ئەڵمانی: "لە شەڕ لەگەڵ دێوەزمە، هەوڵ بدە خۆت نەبیت بە دێوەزمە."
لەم سەرماوەزەدا دووپاتی دەکەینەوە کە سەنگەری خوێناویی ئێمە نەتەنیا ئەهریمەنی نییە، بەڵکوو دێوەزمەبەزێنە.