
شاهۆ حوسێنی
پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی، لە سەردەمی مەشرووتەوە تا پێکهاتنی کۆماری ئیسلامی، لە یەکەم نیگادا وەک وێناکەری مۆدێرنیتە، عەقڵانییەت و پەرەسەندنی سیاسی دەردەکەوێت. بەڵام ئەم وێنەیە تەنیا ڕووکەشێکە کە
ڕاستییەکان دەشارێتەوە؛ چونکە بناغەی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئێپیستێمەیەک دامەزرابوو کە لە جیاتی تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی فرەچەشن، «یەکیەتی» وەک پێشمەرجی عەقڵانییەتی سیاسی دەسەپاند.
ئێپیستێمە تەنیا کۆمەڵێک باوەڕ نییە، بەڵکوو تۆڕێکە لە دانایی کە دەرفەتی بەرهەمهێنانی زانست، هەقیقەت و ڕەوایی پێک دەهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، بەرخۆدانی نەتەوەکان، قەیرانی تێگەیشتنی دەوڵەت سەبارەت بە کۆمەڵگە و داڕمانی ڕەوایی، دەرئەنجامە ناوەکییەکانی هەمان ئێپیستێمەن کە لە سەرەتاوە جیاوازیی ڕەت کردبووەوە.
ئەم نووسراوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە شکستی پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی نە بەهۆی لاوازییە ئیدارییەکان یان گوشاری هۆکارە دەرەکییەکان، بەڵکوو دەرئەنجامی پێکهاتەی ناوەکیی ئێپیستێمەکەیە. ئێپیستێمەیەک کە یەکیەتی بە بنەڕەت دەزانێت، لە ڕێگەی لۆژیکی ڕەتکردنەوە، بنبەست و قەیرانی دووبارە نواندنەوە، بواری داڕمانی خۆی خۆش دەکات. ئەم شیکارییە دەریدەخات کە هەر سیستەمێکی دانایی کە جیاوازی وەلا بنێت (بسڕێتەوە)، خۆی دەخاتە بەر مەترسیی لەناوچوون.
ئێپیستێمە و دانایی ئێرانی
بۆ تێگەیشتن لە ئێپیستێمەی ئێرانی، سێ تەوەری بنەڕەتی دەکرێت دەستنیشان بکرێن:
١. گریمانەی یەکیەتی وەک پێویستییەکی عەقڵانی: لەم ئێپیستێمەیەدا، فرەیی وەک هەڕەشە لێی دەڕوانرێت و یەکیەتی سەپێنراو، وەک مەرجی عەقڵانییەتی سیاسی و ڕەوایی حوکمڕانی دێتە ئەژمار. لە ڕاستیدا، ئەگەر ناسینی هێزە چالاکەکان لە سروشت و کۆمەڵگەدا مەرجی تێگەیشتن لە واقیع بێت، لە ئێپیستێمەی ئێرانیدا، فرەیی لە بنەڕەتەوە نابینرێت یان تەنیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکیەتی سەیر دەکرێت.
٢. مێژووسازیی هێڵی و ناوەندگەرا: مێژوو لە ئێپیستێمەی ئێرانیدا وەک ڕەوتێکی هێڵی و یەکپارچە دەنوێندرێتەوە. جیاوازییەکان یان لەناو ئەودا دەتوێنەوە یان پەراوێز دەخرێن. ئەم دووبارە نواندنەوە هێڵییە، سازوکاری بەرهەمهێنانی دژبەرییە شاراوەکانە؛ دژبەرییەک کە دواجار بە داڕمانی ڕەوایی و دەرکەوتنی بەرخۆدانە ئیتنیکییەکان ڕەنگ دەدەنەوە. ئەمە دەریدەخات کە مێژوونووسین تەنیا گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ نەزمپێدان بە گوتاری دەسەڵات.
٣. زمانی فارسی وەک زمانی هەقیقەت: زمانی فارسی تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە، بەڵکوو زمانی هەقیقەت و عەقڵانییەتی سیاسییە. زمانەکان و گوتارە ئیتنیکییەکانی دیکە لەم ڕوانگەیەوە پەراوێز دەخرێن و دووبارە نواندنەوە و ڕەوایی سیاسی بۆیان گونجاو نییە. ئەم مەسەلەیە لەو ڕووەوە گرنگە کە دەربڕی سنوورداریی تێگەیشتن و زمانە؛ چونکە زمان نە تەنیا ئامراز، بەڵکوو سازێنەری دەرفەتی دانایی و هەقیقەتە.
دەرئەنجام ئەوەیە، ئێپیستێمەی ئێرانی، کۆمەڵگەی فرەچەشن پێشوەختە دەکاتە دوو بەشەوە: بەشی ڕەوا (کە سوژەکانی فارسی و ناوەندگەرا لەخۆ دەگرێت) و بەشی ناڕەوا (کە هەموو جیاوازییەکان و فرەییە ئەتنیکی و زمانییەکان لەخۆ دەگرێت).
ڕەچەڵەکناسیی ئێپیستێمەی ئێرانی
١. ئێپیستێمەی یەکیەتیتەوەر: جیاوازی وەک هەڕەشە پێناسە دەکات و لە ڕێگەی ڕەتکردنەوە، بەرخۆدانگەلێک دروست دەکات کە ڕەنگدانەوەی هەمان فرەچەشنی سەرکوتکراون. ناسیۆنالیزمەکانی کوردی، تورکی و عەرەبی، نە هۆکاری دەرەکی، بەڵکوو بەرهەمی ناوەکیی ئێپیستێمەکەن. لەم ڕوانگەیەوە، هەر کردەوەیەکی سەرکوتگەرانە خۆی هێزی بەرخۆدان بەرهەم دەهێنێت. ئەم گەڕانەوەیە، هاوشێوەی ئەزموونی ئیگزیستانسیالیستی نامۆبوونە؛ سوژەیەک کە حاشای لێ کراوە، بە دەرکەوتنی خۆی، پێکهاتەی سەرکوتگەر تووشی ئاڵنگاری دەکات.
٢. بنبەستی دانایی: بە واتای ناتوانیی دەوڵەت لە تێگەیشتنی کۆمەڵگەی فرەچەشنە. ئێپیستێمە تەنیا لەگەڵ «یەکەیەک»دا مامەڵە دەکات، بۆیە توانای تێگەیشتنی جیاوازییەکانی نییە. هەر قەیرانێکی کۆمەڵایەتی، نە لە ڕووی ماهییەتەوە بەڵکوو لە ڕوانگەی داناییەوە، وەک هەڕەشە یان ئاژاوە لێک دەدرێتەوە. ئەم سنووردارییەی دانایی لە ڕاستیدا دەربڕی ئەم ڕاستییە: ناسینی ناتەواوی هێزە چالاکەکان، بڕیاراتی سیاسیی ناتەواو بەرهەم دەهێنێت و داڕمانی ڕەوایی دەبێتە ئەمری حاشاهەڵنەگر.
٣. قەیرانی دووبارە نواندنەوە و هەقیقەت: زمانی فارسی وەک زمانی هەقیقەت، گوتارە ئیتنیکییەکان پەراوێز دەخات. نەتەوە غەیرە فارسەکان لە نواندنەوەی هەقیقەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ئامادە نین. ئەم مەودایە لە نێوان دەوڵەتی دانا و کۆمەڵگەی بێدەنگ، قەیرانی ڕەوایی دروست دەکات. ئەم ڕەوتە بەباشی نیشانی دەدات کە دەسەڵات و زانست هەمیشە پێکەوە گرێ دراون؛ ئەوەی نابینرێت، ڕەوا نییە و ئەوەی ڕەوا نییە، ناتوانێت واقیع بگۆڕێت یان واقیعێک بنیاد بنێت.
ئێپیستێمە و بەرخۆدانە نەتەوەییەکان
پەیوەندیی ئێپیستێمە و بەرخۆدانە نەتەوەییەکان نیشانی دەدات کە ئەم بەرخۆدانانە بەرهەمی سروشتی و دەروونی سیستەمی دانایین. بە پێچەوانەی شیکارییە باوەکان کە هۆکاری ئابووری، ژێئۆپۆلۆتیک یان نەتەوەخوازەکان بە هۆکاری شکست دەزانن، شیکاریی ئێپیستێمی نیشانی دەدات کە بەرخۆدانەکان پێشوەختە لە لۆژیکی ئێپیستێمەکەدا شێوەیان گرتووە. بێگومان، هەر گوتارێک کە جیاوازی ڕەت بکاتەوە، خۆی بواری سەرهەڵدانی هێزگەلێک دەڕەخسێنێت کە دواجار دەبنە هۆی داڕمانی ئەو گوتارە. ئەمە هەمان سووڕە کە دەکرێت لە بابەتی هێزەکان و پەیوەندییەکانی هۆکار و دەرئەنجامدا دەربکەوێت؛ سنووردارکردن و سڕینەوەی هێزە چالاکەکان، خۆی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەتر.
داڕمانی ڕەوایی و قەیرانی سیاسەت
لۆژیکی ڕەتکردنەوە، بنبەستی دانایی و قەیرانی دووبارە نواندنەوە، داڕمانی ڕەوایی بەدوادا دێت. کۆمەڵگەیەک کە ئامادەبوونی لە ئاستی هەقیقەتدا حاشای لێ دەکرێت، نە متمانە بە دەوڵەت دەکات و نە خۆی لە نەزمی سیاسیدا دەبینێتەوە. ئەم پرۆسەیە، هاوشێوەی ئەزموونی ئیگزیستانسیالیستی نامۆبوونە؛ سوژەیەک کە لە ئەزموونی هەبوونی خۆیدا چاوپۆشیی لێ دەکرێت، توانای بەشداریکردنی واتاداری لە ژیانی بەکۆمەڵدا نییە. دەرئەنجام، قەیرانی ڕەوایی، داڕمانی عەقڵانییەتی سیاسی و سەرهەڵدانی بەرخۆدانی کۆنترۆڵ نەکراوە.
کۆتایی وتە
ئێپیستێمە تەنیا کۆمەڵێک لە باوەڕە زاڵەکان نییە، بەڵکوو مەیدانی هێزگەلێکە کە دیاری دەکات چی شیاوی وتنە، چی شیاوی بیرلێکردنەوەیە و چی لە بنەڕەتدا بە نادیاری دەمێنێتەوە. ئێپیستێمە پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە، پرسیارەکان ئەندازیاری دەکات؛ پێش ئەوەی هەقیقەتێک جێگیر بکات، سنوورەکانی دەرفەتی هەقیقەت دەکێشێت. لەبەر ئەوە، زانست، دەسەڵات و ڕەوایی نە لە دەرەوەی ئێپیستێمە، بەڵکوو لە ناوەوە و وەک کارکردەکانی ئەو شێوە دەگرن. لە چوارچێوەیەکی وەهادا، دەوڵەت تەنیا دامەزراوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرجەستەبوونی دامەزراوەی ئێپیستێمەیەکی دیاریکراوە؛ ئێپیستێمەیەک کە نەزم، یەکیەتی، ناسنامە و عەقڵانییەت تەنیا لە ڕێگەی یەکسانسازی و سڕینەوەی جیاوازییەوە تێدەگات. «کۆمەڵگە» لەم لۆژیکەدا، نە فرەییەکی زیندوو و فرەچەشن، بەڵکوو ئۆبژەیەکە کە دەبێت بخوێنرێتەوە، پۆلێن بکرێت و نۆرمال (ئاسایی) بکرێتەوە. هەر شتێک لەم خوێندنەوەیە لابدات، نە وەک دەرفەتێکی دیکەی تێگەیشتن، بەڵکوو وەک تێکدان، هەڕەشە یان لادان دەردەکەوێت.
لەم ڕوانگەیەوە، بەرخۆدانی نەتەوەکان یان سوژە پەراوێزخراوەکان نابێت تەنیا وەک کاردانەوەیەکی دەرەکی بۆ سەرکوت سەیر بکرێت؛ بەرخۆدان، کەلێنی ناوەکیی ئێپیستێمەیە، ئەو شوێنەی کە ئەوەی ڕەت کرابووەوە، دەگەڕێتەوە و لۆژیکی داناییی زاڵ لە ناوەوە ناسەقامگیر دەکات. قەیرانی تێگەیشتنی دەوڵەت سەبارەت بە کۆمەڵگە، نە لە نائاگایی یان خراپ بەڕێوەبردنەوە، بەڵکوو دەرئەنجامی وەفاداریی ڕادیکاڵی دەوڵەتە بەو ئێپیستێمەیەی کە جیاوازیی لە سەرەتاوە بە «تێنەگەیشراو» وەسف کردووە.
لە کۆتاییدا، داڕمانی ڕەواییش نە ڕووداوێکی کتوپڕ، بەڵکوو دەرئەنجامی حاشاهەڵنەگری ئێپیستێمەیەکە کە لە نێوان خۆی و واقیعی کۆمەڵایەتیدا کەلێنێکی پێکهاتەیی دروست کردووە. کاتێک ئێپیستێمە تەنیا یەک شێوە لە بوون بە ڕەوا دەزانێت، هەر شێوەیەکی دیکە ناچار بە شێوەی بەرخۆدان دەگەڕێتەوە؛ و کاتێک بەرخۆدان زۆر دەبێت، ئەوەی دادەڕمێت تەنیا دەوڵەتێک نییە، بەڵکوو سیستەمی داناییەکە کە چیتر توانای لێکدانەوەی جیهانی خۆی نییە.
بێگومان، پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی نموونەیەکە لە «خۆ وێرانکاریی دانایی». ئێپیستێمەیەک کە یەکیەتیی سەپێنراو بە بنەڕەت دەزانێت، لە ڕێگەی لۆژیکی ڕەتکردنەوە، بنبەست و قەیرانی دووبارە نواندنەوە، فرەیی دەگەڕێنێتەوە و ڕەوایی و عەقڵانییەتی سیاسی لەنێو دەبات. تێپەڕین لە ئێپیستێمەی یەکیەتیتەوەر و جووڵە بەرەو سیاسەتی هاووڵاتیتەوەر و بازنوێنەرەوەی فرەییەکان، نە تەنیا پێویستییەکی ئەخلاقی، بەڵکوو مەرجی مانەوە و عەقڵانییەتی سیاسییە. ئەم ڕێگەیە، بە سوژە نەتەوەییەکان دەرفەت دەدات کە ئامادەبوونی ڕاستەقینەی خۆیان ئەزموون بکەن و دەوڵەت ڕەوایی خۆی لە ڕێگەی تێگەیشتن و بەشداریکردنی کۆمەڵگەوە زیندوو بکاتەوە.