کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناساندنی دوو بەرهەمی: "لە نێوان ڕاستی و چەواشەکاری‌دا (١٩٤٨-١٩٤٧)" و "دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتیدا (ساڵانی ١٩٤٧ – ١٩٦٠)

15:06 - 29 سەرماوەز 2725

د. کامڕان ئەمین‌ئاوە

دوو کتێبی بەڵگەنامەیی لە نووسین و وەرگێڕانی د.کامران ئەمین ئاوە بە ناوی   "لە نێوان ڕاستی و چەواشەکاری‌دا (١٩٤٨-١٩٤٧)" (بەسەرهاتی کوردانی کۆچبەری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە ئازەربایجانی سۆڤیەتی) و "دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتیدا (ساڵانی ١٩٤٧ – ١٩٦٠)"، لە ساڵی ٢٠٢٥ لە چاپخانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەولێر، چاپ بوون و لە لایەن ماڵی وەفایی بڵاو بوونەتەوە. ئەم دوو کتێبە ٢٩ بەڵگەی مێژوویی لە خۆ دەگرن و بە گشتی تیشک دەخەن سەر ژیان و بە سەرهاتی دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ هەتا ١٩٦٠ لە یەکیەتیی سۆڤیەتی، هەروەها بەشێک لە هەوڵی لاوە شۆڕشگێرە دێموکراتەکانی کوردستان پاش ڕووخاندنی کۆماری کوردستان بۆ بووژاندنەوەی چالاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باوەڕ و هیوای ئەوان بە یارمەتی برایانەی یەکیەتی سۆڤییەتی، "ژێنێرالیسم ستالین" و "میر جەعفەر باقرۆڤ".

کتێبی "لە نێوان ڕاستی و چەواشەکاری‌دا (١٩٤٨-١٩٤٧)" بە پێی بەڵگەنامەکانی ئارشیوی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤییەتی و چەند کتێبی مێژوویی و بەڵگەنامەیی مێژووناسان و کەسایەتییەکانی یەکیەتی سۆڤییەتی پێشوو تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە لایەنە شاراوەکانی ژیانی سیاسیی کوردەکانی پەنابەر لە یەکیەتی سۆڤییەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ و ١٩٤٨ واته لە کاتی هاتنی بارزانییەکان بۆ ئازەربایجان هەتا ناردنیان بۆ ئوزبەکستان‌. لەم کتێبەدا هەوڵ دراوە بەپێی ئەم بەڵگانە، هەروەها کرۆنۆلۆژیی ڕووداوەکان باسی شێوەی وەرگیران و چۆنیەتیی بەرێوەچوونی کاروبار و ژیانی پەنابەری سیاسیی لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو، بەرێوەچوونی کۆنفرانسی حیزبی دێموکراتی کوردستان به بەشداریی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە باکۆ و هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبەری و کارو چالاکی کۆمیتەی کورد لە ئازەربایجانی سۆڤییەتی، سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی لە پێوەندی لەگەڵ کورد و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هۆی ناردنی بارزانییەکان بۆ ئۆزبەکستان بکرێ، هەروەها وڵامی بەشێک لەو بوختان، تۆمەت و تاوانانەی بدرێتەوە کە به شێوەیەکی ناڕەوا و بێ بوونی بەڵگەیەکی جێ متمانه تەنیا به هۆی ناتەبایی سیاسی، ململانێی فیکری و ڕێکخراوەیی، هەروەها کێشەی شەخسی و هتد وەپاڵ بەشێک لە دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئازەربایجان سۆڤییەتی دراون. لە سەرەتایی کتێبەکەدا لەم پێوەندییەدا نووسراوە:"  مێژوو ئەو به سەرهاتەیە کە دوور لە ویست، ئاوات، بۆچون و لێکدانەوەی ئێمە ڕووی داوە و بۆ کەسانی بەرپرس ڕەوا نییه به مەیلی خۆیان چەواشەی بکەن و شتێکی نوێ و دوور لە ڕاستیی لێ داتاشن.

 یەک لە هەرە خاڵه گرینکەکانی مێژوونووسین، ئاماژە کردن به ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هتد به پێی بەڵگه و سەلماندنی لۆژیکی ڕاستییەکانه. مخابن، زۆر جار ناکۆکیی یان بەرژوەندیی تاکی و حیزبی، زاڵبوونی قین یان خۆشەویستی، تەنانەت نەدیتن یان ئاگادار نەبوون له هەموو ڕەهەند و بوارەکانی ڕووداوێک، کاریگەریی هەیه له نووسین، ئاکام‌بەندی و داوەریکردنی نووسەر."

نووسەر لە کۆتایی کۆبەندیی کتێبەکەدا ئاماژە دەکات:

"... ئەرکی ڕووناکبیر، ڕێکخراو‌‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی پێشکه‌وتنخوازانە، هه‌وڵدانه بۆ ناساندن و په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگ و شێوازی ڕه‌خنه‌گرتنی بنیاتنه‌ر، نەک بۆ دوژمنایه‌تی و سووک و چرووک ‌نیشاندانی ڕه‌خنه ‌لێگیراو.

 بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌م مه‌به‌سته‌، پێویسته‌ بۆ ناسین و چاره‌سه‌رکردنی ناته‌باییه‌کان له‌ ئامڕازی ڕه‌خنه،‌ هەر وه‌کوو مارکس به‌ دروستی وه‌ک "چه‌کی ڕه‌خنه‌" ناوی ده‌با، که‌ڵک‌ وه‌ربگیری. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی که‌ به ‌سوود نه‌بێ له‌ گه‌وهه‌ری خۆیدا ده‌توانێ ڕووخێنه‌ر و زیانبار بێ. له وڵاتێکدا که‌ فه‌رهه‌نگی ڕه‌خنه‌‌گرتن باو نه‌بێ و مرۆڤ نه‌توانێ ژیربێژانه و ڕاسته‌وخۆ بیروڕای خۆی ده‌رببڕێ، ناتوانێ له‌ ڕه‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگەدا ڕێگای خۆی به‌ره‌و ژیانێکی هێمنانه‌ و ئەمڕۆیی بدۆزێته‌وه‌."

کتێبی"دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتیدا"(ساڵانی ١٩٤٧ – ١٩٦٠)" بە پێی شوێن و زەمەنی ڕووداوەکان کراوەتە دوو بەش. بەشی یەکی بەڵگەکان برگەیەکی بەرچاو لە مێژووی گەلی کورد پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و هەوڵی لاوە شۆڕشگێر و چەپە بێ‌ئەزموونەکانی کوردستان لە بواری کاروباری ڕێکخراوەیی و بە تایبەتی هەوڵەکانی نەمر ڕەحیم سوڵتانیان بە ناوی حیزبی نهێنی دێموکراتی کوردستان "حیزبی ژیانی کورد"، "حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان و کوردستان" بۆ پێوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی یەکیەتی سۆڤیەتی بۆ بووژاندنەوە‌ی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتە خۆ.

بەشی دووی بەڵگەنامەکان بڕگەیەکی دیکە له ژیان و چالاکیی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خۆ دەگرێ کە پاش هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان به ناچار لە یەکیەتی سۆڤیەتی مانەوە و هەوڵیان دا لە تاراوگه، به ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قازانجی بزوووتنەوەی کورد چالاکی بکەن. لەم بەشەدا بەڵگەنامەی پێوەندییدار به "هەوڵەکانی یەکیەتی سۆڤییەتی و حیزبی تودەی ئێران بۆ پێکهێنانی حیزبی یەکگرتووی مارکسیستی کرێکاری لە ئێران و ئەو کێشە و پرسانەی که دەستەی نووسەرانی"ڕۆژنامەی کوردستان" لە باکۆش لە خۆ دەگرتەوە، بەشێک لە کێشەکانی نێو فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان کە کوردەئەندامەکانی ڕێبەریی ئەم ڕێکخراوەیەی دەگرتەوە، هەوڵی نەمر ئەحمەد تۆفیق بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەتی لە ڕێگای د. ڕەحیمی قازییەوە و هتد دەبیندرێ کە دەتوانێ لە باری مێژووییەوە گەلێک سەرنجراکێش بن.

بە گشتی ئەم بەڵگانە نیشان دەدەن کە "کوردەکانی دانیشتووی یەکیەتی سۆڤیەتی بە هیوا بوون بەڵکوو بتوانن لەم وڵاتە وەک یەکێک لە زلهێزەکانی سەرەکی جیهان کە شوێنی هیوای گەلە چەوساوەکانی جیهان بوو، بۆ قازانجی گەلی کورد کەڵک وەربگرن. هەموو هەوڵ و چالاکی ئەوان لە پێناوی پێکهێنانی دەرفەتێک بۆ به ڕۆژەڤ کردنی پرسی کورد لە ئاستێکی بەرفراوان و به قازانجی گەلی کورد بوو."