
سەربەست ئورمیە
پێشەکی
چەمکی "پێشمەرگە" لە زمانی کوردیدا بە واتای ئەو کەسە دێت کە بەرەوڕووی مەرگ دەڕوات. پێناسەیەک کە لە دەرەوەی ناونیشانی هێزێکی چەکدار، هەڵگری ڕەهەندێکی قووڵی فەلسەفی، ئەخلاقی و بوونگەراییە. پێشمەرگەی کوردستان تەنیا لە هێمای خەباتی نەتەوەیەک بۆ مانەوە، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتیدا قەتیس ناکرێت، بەڵکوو لە چوارچێوەی پێشهات و گریمانە جیهانییەکاندا بووەتە مژارێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی. ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بە کورتی و بە کەلکوەرگرتن لە تیۆری و فەلسەفە جیهانییەکان، پێگەی پێشمەرگە لە دیاردەیەکی نێوخۆییەوە بۆ چەمکێکی گشتگیر بەرز بکاتەوە.
پێشمەرگە و فەلسەفەی بوونگەرایی (ئیگزیستانسیالیزم): هەڵبژاردنی ئاگایانەی مەرگ لە ڕێی ئازادیدا
لە فەلسەفەی بوونگەرایی ئیگزیستانسیالیزمدا و بەتایبەت لە ڕوانگەی ژان پۆڵ سارتەرەوە، مرۆڤ "مەحکوومە بە ئازادی"؛ واتە بەرپرسیارە لە بەرانبەر هەموو هەڵبژاردنەکانی، تەنانەت لە بارودۆخی سەرکوتکاری و توندوتیژیدا. پێشمەرگە نموونەیەکی ڕوونی ئەم بیرۆکەیە: نەک لە ڕووی ناچاری، بەڵکوو ئاگایانە و ئاوەزمەندانە ڕێگای خەبات هەڵدەبژێرێت. بە گیانکڕینی مەترسیی مردن لە ڕێگای ئازادیدا، پێشمەرگە دەکاتە سوبجێکتێکی وجوودی کە مانای نەک لە هەرمانیدا، بەڵکوو لە پابەندبوونی ئەخلاقی بە ئازادیی بەکۆمەڵدا دەدۆزرێتەوە.
پێشمەرگە لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ئەخلاقیدا
پێناسەی ئیمانوێل کانت لە کەرامەتی مرۆڤ، ئامانجی کۆتایی و نەگۆڕی مرۆڤە و هەر جۆرە بەئامرازکردنی مرۆڤ ڕەت دەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە پێشمەرگە خاوەنی مەشرووعییەتی ئەخلاقییە، لەبەر ئەوەی کە خەبات بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرگری لە خەڵکی سڤیل دەکات و بەرەنگاری هەر جۆرە چەوسانەوەی سیستەماتیک دەبێت. پێشمەرگەی کوردستان سەرووتر لەوەی کە هێزێکی هێرشبەر بێت، لە پێناسەی مێژوویی خۆیدا، هێزێکی بەرگریکار و ئەخلاقتەوەرە. ئەم ئەسڵە باڵکێشەش لە بیروڕای گشتی جیهانیدا، پێشمەرگە نە بە هێزێکی میلیشیا، بەڵکوو وەکوو هێزێکی بەرگریکار لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ وێنا دەکات.
پێشمەرگە و تیۆریی بەرخۆدان و دەسەڵات
چەمکی دەسەڵات لە ڕوانگەی ئەنتۆنیۆ گرامشییەوە تەنیا دەسەڵاتی سەربازی نیە، بە باوەڕی ئەو، کولتوور و گوتاریش دەگرێتەوە. پێشمەرگە تەنیا بە چەک شەڕی نەکردوە و ناکات؛ بەڵکوو بە پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و گوتاری کوردی، لە دژی دەسەڵاتی دەوڵەتدار کە نکۆڵی لە نەتەوەبوونی دەکات شەڕ دەکات. لەم ڕوانگەیەوە پێشمەرگە کەسایەتییەکی کولتووری-سیاسییە کە بەرخۆدانەکەی دەبێتە ڕەمز و سیمبولی نەتەوەیەک.
پێشمەرگە و تیۆری دەوڵەت - نەتەوە لە هزری مۆدێڕندا
لە تیۆرییە کلاسیکییەکان لەمەڕ دەوڵەت - نەتەوەدا، ماکس ڤێبەر و تۆماس هابز، دەوڵەت بە تاکە دامەزراوەیەک دەناسێنن کە مەشرووعییەتی بەکارهێنانی زەبری یاساییان هەیە. بەڵام ئەزموونی کوردستان ئەوەی سەلماند کە لە نەبوونی دەوڵەت بە نوێنەرایەتی نەتەوە (دەوڵەت - نەتەوە)دا، بەرخۆدانی چەکداری دەتوانێت مەشرووعییەتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هەبێت. لێرەدایە کە گرنگیی خەباتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی تیۆرییە نوێیەکانی مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەردەکەوێت و لە دیاردەیەکی ناوچەییەوە بۆ کردەوەیەکی ڕەوای نێودەوڵەتی بەرز دەکرێتەوە.
بەجیهانیبوونی سیمای پێشمەرگە: لە شار و شاخەکانی کوردستانەوە بۆ مێدیا جیهانییەکان
لە مێژووی هاوچەرخی خەبات و بەتایبەت لە دوای شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعشدا، وێنە و سیمای پێشمەرگە وەکوو پارێزەری ماف و کەرامەتی مرۆڤ لە گوتار و شرۆڤە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکانی جیهانیدا ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخی پێ درا و مێدیایی کرا. ئەمەش سیمای ڕاستەقینەی پێشمەرگەی وەدەرخست و وەکوو سیمبولێکی جیهانی بۆ بەرخۆدان لە بەرانبەر توندئاژوویی و سڕینەوەی کولتوور و ناسنامەدا سەرلەنوێ پێناسە کرد. لێرەدا دەتوانین لە تیۆریی "دەسەڵاتی سیمبولیک"ی پیێر بۆردیۆ کەڵک وەربگرین و بڵێین کە پێشمەرگە بەرهەمهێنەری سەرمایەیەکی سیمبولیکە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانیش هەمان واتای بە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە دەبەخشێت کە گەلی کوردستان شانازی پێوە دەکات.
ئەنجام
پێشمەرگەی کوردستان تەنیا هێزێکی لەشکری نیە؛ چەمکێکی فەلسەفی، ئەخلاقی و سیاسییە. هەڵبژاردنی ئاگایانەی ئازادی و مردن لە ڕێی ئازادیدایە. پارێزەری ناسنامە و کەرامەتی مرۆڤە و بە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتە سەرەڕۆکان، ویست و داواخوازیی نەتەوەکان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەرجەستە دەکات. هەربۆیە “پێشمەرگە” هەرچەندە هێزێکی کوردییە، بەڵام هەڵگری واتایەکی گشتگیری جیهانییە؛ واتایەک کە شانبەشانی هێما نەتەوەیی و مێژووییەکانی دیکەی بەرخۆدان و ئازادی لە هزری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ڕیشەی داکوتاوە.