کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژاوای کوردستان لەنێوان بەرداشی تورکیە و هاوکێشە نوێیەکانی سووریەدا

12:05 - 5 بەفرانبار 2725

عەزیز مەعرووفی

 

ئەم ڕۆژانە خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان ڕووبەڕووی چارەنووسێکی سەخت و شەڕپێفرۆشتنێکی دیکە بووەتەوە. تورکیە بە گشت ڕێگا و کەرەستەی بەردەستی هەوڵ دەدات هێزەکانی سووریەی دێموکرات مل بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریە بدات. سەرەتا پێویستە بزانین تورکیە بۆ بەربینگ بە کورد کە لە دراوسێیەتی وڵاتەکەیدان، دەگرێت؟ بیانووەکانی ئەو وڵاتە چین؟ هەر لەجێدا بۆ بوار بۆ تورکیە هەڵکەوتووە بێ سڵەمینەوە و بە ئاشکرا پیلان لە دوای پیلان لەدژی ڕۆژاوای کوردستان بگێڕێت؟ لەو پێوەندییەدا ناچارین هەندێک ڕاستی و وەبیرهێنانەوە بخەینە بەرچاوی خوێنەرانی ئەم وتارە.

ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ پەرەگرتنی شەپۆلی بەهاری عەرەبی، بەشار ئەسەد هەستی کرد وڵاتەکەی بەرەو شڵەژان دەچێت، هەوڵی دا لە کوردەکان نزیک بێتەوە. ئاپریلی هەمان ساڵ ڕەوتی بەهاری عەرەبی ئەو وڵاتەشی گرتەوە، خۆپێشاندانەکان لەو وڵاتە لە سەرەتای خۆیاندا بوون کە ڕاگەیاندنەکانی تورکیە نامەیەکی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بڵاو کردەوە، لەو نامەیەدا چەند خاڵی جێی لێ وردبوونەوە هەبوون؛ یەکەم، پەکەکە کاریگەریی بێ ئەملاولای لەسەر کوردەکانی سووریە هەیە و ئەوانیش چاویان لە خەت و ڕێبازی پەکەکەیە. دووەم، ئەگەر تورکیە بیەوێت هێرش و پەلامار بۆ سەر سووریە بەرێت ئەوا چارەنووسێکی وەک سەدام حوسێن چاوەڕێی دەکات. ئەو نامەیە لە کاتێکدا بە ناوی ئۆجەلان بڵاو کرایەوە کە تورکیە گەمارۆی خستبووە سەر ناوبراو، چوار ساڵ بوو نە بنەماڵە، نە پارێزەرەکانی و نە نوێنەری کوردەکان چاویان پێی نەکەوتبوو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو کات کە هێشتا سەرۆکوەزیرانی تورکیە بوو، پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریە بەستبوو، هاوینی ٢٠١٠ ئەردۆغان دەیگوت؛ لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەوەندە لێک نزیکین وەک بنەماڵەیەکمان لێ هاتووە. بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی خۆپێشاندانەکان دەسەڵاتی سووری کە بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی خەڵکی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتووی وڵاتەکەی بووەوە ئەردۆغان بە بەشار ئەسەدی دەگوت؛ "ئەوەی بە خوێن دەسەڵات بکات بە خوێنیش دەڕوات". بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان و گۆڕانی هەڵوێستی ئەردۆغان سەبارەت بە قاتڵەکەی ئەمڕۆ و دۆستەکەی دوێنێی، ڕاستەوخۆ بۆ دەخالەت و بە لاڕێدابردنی شۆڕش و دەستکەوتەکانی تەواوەتی سووریە و سێرەگرتن لە چارەنووسی کوردەکان بوو. حکوومەتی تورکیە و بەتایبەت خودی ئەردۆغان پێیان وابوو حکوومەتی بەشار زۆر بەرگە ناگرێت و تەنیا لە ماوەی چەند حەوتوو و مانگدا تووشی هەمان چارەنووسی حکوومەتەکانی میسر، لیبی، توونس... دەبێت، لە وەها دۆخێکدا وڵاتەکەی ئەو دەرفەتەی بۆی ڕەخساوە بە هەل دەزانێت و دەتوانێت بە بیانووی ناوچەی ژێر نفووز و دەسەڵاتی پەکەکە پەلاماری ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بەرێت.

دیتمان لە ساڵی ٢٠١٢ خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی سووریە بە چەشنێکی کەم‌وێنە تەقینەوە، حکوومەتی بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی نەڕووخێت پێویستی بە خۆکۆکردنەوە بوو، لە هاوینی هەمان ساڵدا، هێزەکانی لە هێندێک شار و ناوچەی ڕۆژاوای کوردستان کشاندنەوە و ئەو ناوچانەی ڕادەستی پارتی یەکێتیی دێموکرات (پەیەدە) کرد، بەم جۆرە ئیدارەیان کەوتە دەست کوردەکان. دیارە حکوومەتی سووریە بۆ تێپەڕاندنی مەترسیی ڕووخان، هەم پشتیوانیی ڕووسیەی لە پشت خۆی هەست پێ دەکرد هەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چ بە پێشکەشکردنی ملیاران دۆلار لە سەروەت و سامانی گەلانی ئێران، چ بە ڕەوانەکردنی هێزی سەرکوتکەر و چ بە داڕشتنی پیلان و سیناریۆ، لە حکوومەتە هاوەڵ دیکتاتۆرەکەی غافڵ نەبوو.

تورکیە و ئێران هەر کامەی بە مەبەستی خۆی دەیانویست ڕەوتی ڕووداوەکانی سووریە بە قازانجی خۆیان ببڕنەوە، تەنانەت ئەو کات دەیانگوت ڕاستە ئێمە وەک دوو وڵات بە خۆتێکەڵکردن لە ڕووداوەکانی سووریە بەرژەوەندیی خۆمان هەیە، بەڵام وا دەجووڵێینەوە لە بەرژەوەندیی یەکتر نەدەین!! ڕێژیمی ئێران، بە هەر نرخێک بوو دەیویست ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە ڕووخان ڕزگار بکات، دەوڵەتی تورکیەش دەیویست بە بیانووی ئایدیۆلۆژیای ئۆجەلان و ساغکردنەوەی شۆڕش و دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە ناوی پەکەکە، پەنا بۆ گشت پیلان، دەهۆ و فڕوفێڵ و شەڕپێفرۆشتنێک بە دژیان بەرێت.

پاش ئەوەی پەیەدە ئیدارەی ئەو ناوچانەی ڕۆژاوای کوردستانی گرتە دەست، تورکیە بەربڵاوتر لە پێشوو کەوتە بنکۆڵکردنی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان، ٢٠١٣ کە پرۆسەیەک بە ناوی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە هاتە گۆڕێ، لە کاتێکدا وەفدی کوردەکان بە نوێنەرایەتیی بەڕێز ساڵح موسلیم سەردانی تورکیەی کرد – دیارە هاوکات سەردانی ئێرانیشی کرد- لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیە لە سەرووی هەموویان ئەحمەد داوودئۆغڵوو، سەرۆکوەزیرانی تورکیە دانیشتن و باسی ئاشتی دەکرا، گەرای ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دادەنرا، زۆری نەکێشا لە سۆنگەی هاوکارییەکانی تورکیە داعش ئەوەندە بەهێز بوو بێگومان ئەگەر هاوکاریی هەمەجۆری هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەک و لە لایەکی دیکەش لەخۆبردوویی و گیانفیدایی ڕۆڵە قارەمانەکانی کورد نەبوایە، شکانی لە مەحاڵیش ئەستەمتر دەبوو. شەڕی داعش و تێکشکاندنی بەتایبەت لە کۆبانی، سەربەرزی و دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد لە هەردوو بەشی کوردستان بەتایبەت بۆ ڕۆژاوای کوردستان خوڵقاند، ڕوونە تورکیە بەوە زۆر قەڵس بوو چونکە هاوسێیەتی و دراوسێیەتی داعشی سەد قات لە کیان و خۆبەڕێوەبەریی کورد، نەتەوەی هەرە دێرینی ئەو ئاو و خاکەی لێی ژیاوە، پێ باشتر بوو. ئەردۆغان ئەو کات مزگێنی بە خەڵکی وڵاتەکەی دەدا کە "کۆبانی ڕووخاوە، دەڕووخێت". جیا لەوە، تورکیە ئەو کات زۆری ناڕەزایی دەربڕی کە هاوپەیمانان هاوکاریی کوردەکان دەکەن، تەنانەت لە زۆر بڕگەدا بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا جووڵایەوە و ڕووی لە ڕووسیە کرد. هەر لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە) دامەزراوە، تورکیە دەیەوێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەو گرینگی و بایەخەی بە هەسەدەی دەدەن، بە تورکیەی بدەن و شەڕی داعش بە تورکیە بسپێرن! شتێک هەرگیز لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە هەند وەرنەگیرا.

هەر لە سۆنگە و بیانووی دەسەڵاتی پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان، تورکیە لە ساڵی ٢٠١٧- ٢٠١٩ لەژێر ناوی جیاوازدا چوار ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ئەنجام دان، لە هەموویان بەرچاوتر داگیرکردنی عەفرین بوو، تورکیە دەیگوت هێڵێکمان بە نێو دەسەڵاتی هەسەدەدا کێشاوە و خاکەکەیمان لێک دابڕاندووە. کوردەکان سەرەڕای دەستکەوتی یەکجار زۆری مەعنەوی کە لە شەڕی داعش بەدەستیان هێنابوو لە بەرامبەر تورکیەی ئەندامی ناتۆ و هەر بەو پێیەش وڵاتێک کە دەسەڵاتی مەیلەوپەکەکە بە هەڕەشە بۆ سەر تەناهی و یەکێتیی! وڵاتەکەی لەقەڵەم دەدا، نەیانتوانی ڕۆژاوای کوردستان لە مەترسیی هێرشەکانی تورکیە بپارێزن.

حکوومەتی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد بە پشتیوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە توانی تا ساڵی ٢٠٢٤ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. کاتێک هێزەکانی تەحریر ئەلشام کە ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەرایەتی دەکرد، بە پشتیوانیی تورکیە و لەڕاستیدا بەپێی پیلانی لەپێشتر داڕێژراوی ئیسرائیل و ئەمریکا، بە شەڕێکی قورس لە ٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤ حکوومەتی بەشار ئەسەدی ڕووخاند.

لە ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ هەسەدە بە ڕێنوێنیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریە بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد ئەلشەرع مۆر کرد و وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەتا ٣١ی دێسەمبەری ئەمساڵ دیاری کراوە. دەزانین پەیامی ئۆجەلان سەبارەت بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە ٢٧ی فێبریوەری هەر ئەمساڵ دایە. ئەو کات و ئێستاش مشتومڕ زۆرن کە ئایا پەیامەکەی ئۆجەلان هەسەدەش دەگرێتەوە یان نا؟ ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەحمەد ئەلشەرع و مەزلووم عەبدی، چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستان و ئیدارەی خۆجێیەکەی و هێزە شەڕکەر و پۆشتە و پەرداخەکەی تێدا گونجێندراوە. دیارە هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتاوە کوردەکان هەوڵیان داوە خۆ لە ڕێککەوتنەکە بدزنەوە، چونکە بە پلەی یەکەم دەزانن نەدەبوو چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستان بە وتووێژەکانی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە ببەستنەوە و وا بە ئاسانی و لەژێر گوشاری تورکیە مل بەو ڕێککەوتنە بدەن و پاشان بە کردەوە بینراوە لەوەتەی ئەحمەد ئەلشەرع هاتووەتە سەر دەسەڵات، ماوە ماوە لە کەلێن و قوژبنی سووریە، هێزەکانی سووریە پەلاماری خەڵکی ناڕازی دەدەن، کوشتار لە خەڵک دەکەن، سووریە ناسەقامگیرە و بۆ کەس ڕوون نییە ئاڕاستە و ڕەوتی ڕووداوەکان بۆ کوێ دەچێت جیا لەوەش هێشتا مەبەست و خەونە ڕاستەقینەکانی ئەحمەد ئەلشەرع خۆیان نەنواندەوە، هەر تاقم و گرووپێک بۆ خۆی چەکدارە ئایا کوردی بێ چەک لەو هەموو ئاڵۆزییانەدا چی بەسەر دێت و مەسەلە ڕەواکەی بە کوێ دەگات؟ سووریەی ئاڵۆز، ناسەقامگیر و پەشێو هەڕەشە لە مان و مەوجوودییەتی تێکڕای پێکهاتە و گەلانی نێو سووریە لە ڕیزی پێشەوەیان لە کورد دەکات.

حکوومەتی کاتیی سووریە، لەو پێوەندییەدا لەمێژە تۆپی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیکی خستووەتە مەیدانی تورکیە، تورکیەش بۆ وەدیهاتنی ئەو مەبەستە، تۆپەکەی خستووەتە نێو چوار دیواری گرتووخانەی ئیمڕاڵی. تورکیە بۆ وەدیهاتنی ئەو خەونە شوومەی بەردەوام ڕووی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردووە و بۆ ئەو مەبەستە پرۆسەیەکی بە ناوی "تورکیەی بێ تیرۆر" لەگەڵ ناوبراو لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ وەڕێ خستووە. بۆیە لە ماوەی ئەو چواردە مانگەی ڕابردوودا، چەکدانان، خۆهەڵوەشاندنەوە، خۆتێکەڵکردنەوەی هەسەدە/پەیەدە/یەپەژە یان لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریە بە خاڵی هەرە سەرەکیی وتووێژەکان لەگەڵ ئیمڕاڵی دادەنێت. بۆیەش بە کردەوە دەبینین دەوڵەت باخچەلی نووکی هێرش و هەڕەشەکانی لەسەر کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستانە. باخچەلی بە دەیان جار دووپاتی کردووەتەوە کە ئۆجەلان بەڵێنی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی! پەکەکە بردە سەر و ئێستاش دەبێت بەڵێنی خۆی سەبارەت بە هەسەدە بباتە سەر. پاش چوونی وەفدی هەرە باڵای سێ حیزب (دەم پارتی، ئاک پارتی و پارتی نەتەوەپەرستی تورک) لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆ ئیمڕاڵی کە بۆ پرس و ڕاوێژ لەسەر ئەو مەبەستەی سەرەوە لانیکەم دوو ڕاپۆرتی تەواو جیاواز لەسەر ڕوانگەی ئۆجەلان لەسەر تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ حکوومەتی سووریە بۆ خەڵک ئاشکرا کراون، بەپێی ڕاپۆرتی دەم پارتی ئۆجەلان پێی باشە هەسەدە بە سێ هێزی پتەو و یەکگرتوو بچنە نێو هێزەکانی سووریە و هەروەها ئاسایشی نێوخۆی ڕۆژاوای کوردستان لە دەستی خودی کوردەکان دابێت. کەچی ڕاپۆرتی دوو حیزبی دەسەڵاتداری تورکیە، وا وێنای دەکەن کە کوردەکان دەبێت بەتەواوی خۆ بەدەستەوە بدەن. تێکڕای هەوڵ و تەقەلای تورکیە بۆ گەیشتن بەو مەبەستەیە بۆیە لە لایەک هانی حکوومەتی سووریە دەدات پەلامار بۆ سەر کوردەکان بەرێت، لە لایەکی دیکەش بۆ خۆی هەڕەشەی هێرش و پەلاماری ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەکات، دیارە ئەو هەڕەشەیە بۆ دۆخی ئێستای ئاڵۆزی سووریە و تورکیە و بۆ ناوچەش وەک ئەستەم دێتە بەرچاو، کەچی تورکیە لە هێنانە گۆڕێی ناپڕینگێتەوە.

بۆیە تورکیە لەو پێوەندییەدا گوشاری یەکجار زۆر لە هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک دەکات کە هێزەکەی بە شێوەی تاک بە تاک- نەک بە شێوەی هێزی ڕێکخراو و پتەو- تێکەڵ بە هێزەکانی سووریە بکات و هەروەها ئەگەر خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان خۆی هەڵوەشێنێتەوە ئەوا ئەو وڵاتە بە بڕگەی ئەسڵی و بنەڕەتی لە وتووێژەکانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتووە، بۆیە دەبینین لە قۆناغی ئێستادا چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی سیاسی و دێموکراسیی! تورکیە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵپەسێردراوە.

تورکیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات کە بەو خەونە شوومەی بگات، بۆیە چارەنووسی هەسەدە و خۆبەڕێوەبەرییەکەی، تا ڕادەیەکی زۆر ڕەوتی وتووێژەکانی دەوڵەت و ئۆجەلان دیاری دەکات.

دڵسۆزانی نەتەوەیی داوا لە کوردانی ڕۆژاوا دەکەن سیاسەت و ستراتیژێکی سەربەخۆ و تایبەت بە کوردانی سووریە پەیڕەو بکەن تا خۆیان لە فەوتان ڕزگار بکەن؛ هەم بیانوو نەدەنە دەست تورکیە و هەم لە ئەگەری داخوازیی ئۆجەلان بۆ تێکەڵبوونەوەی تاک بە تاکی هەسەدە لە هێزەکانی سووریەدا، بە قسەی نەکەن. پێویستە کورد لە سووریە وەک هێزێکی چەکدار بمێنێتەوە و ئیدارەی ناوچەکانی لە دەست خۆیدا بێت. کورد لە سووریە پێویستی بە خۆساغکردنەوەیە.