کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ لە بنبەستی پێکهاتەییەوە بەرەو قۆناغی یەکلاکردنەوە

11:52 - 10 بەفرانبار 2725

ڕەحمان سەلیمی

 

لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسیی سیاسیدا، قۆناغێک هەیە کە تێیدا قەیرانە کەڵەکەبووە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگەنە خاڵێک کە حکوومەت، بەکردەوە توانای وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵگە لەدەست دەدات؛ نەک تەنیا لەبەر نەویستن، بەڵکو زیاتر بەهۆی ناتوانیی پێکهاتەییەوە. ئەم قۆناغە، وەک جۆرێک لە داخران و چوونە نێو بڕگەی یەکلاکردنەوەی مێژوویی وەسف دەکرێت. لە دۆخێکی وەهادا، لە خوارەوەی کۆمەڵگەوە، داواکارییەکان بەردەوام و بێ‌وەچان سەرهەڵدەدەن و لە سەرەوەش، پێکهاتەی دەسەڵات لە تۆڕێک لە بنبەستە دەستکردەکانی خۆیدا گیر دەخوات.

ئێرانی ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر لە دۆخێکی وادایە. داواکارییە کەڵەکەبووەکانی خەڵک لە بوارەکانی بژێوی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی دەسەڵات لە وەڵامدانەوەیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، گەیشتووەتە خاڵێک کە هەر شۆکێکی ئابووری دەتوانێت ببێتە پریشکی ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی.

نیشانەی ئەم دۆخە دەبێت زیاتر لە هەموو شتێک لەو دانپێدانان و هۆشدارییانەدا بگەڕێین کە لە نێو خودی دەسەڵاتەوە دەبیسترێن؛ ئەو دانپێدانانەی کە بە ڕاشکاوی باس لە سنوورداریی سیستەمی بڕیاردان و دژواریی دۆزینەوەی چارەسەر دەکەن. لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە: چۆن دەسەڵاتێک کە پشت بە قەبارەیەکی گەورە لە سەرچاوە سروشتی، ئابووری و داراییەکان دەبەستێت، دەگاتە قۆناغێک کە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەرچوون لە قەیران لە بەردەم خۆیدا نابینێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران، ساڵانێکە ڕوون بووەتەوە و چەندین جار لە چوارچێوەی دروشمە شەقامییەکاندا دەربڕدراوە؛ ئەو دروشمانەی کە سەرچاوەی قەیرانەکە زیاتر لە نێو پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەبیننەوە تا ئەوەی لە دەرەوە بێت. ئەم دروشمانە دەبێت وەک شتێک زیاتر لە پەرچەکردارێکی کاتی سەیر بکرێن؛ ئەوانە دەربڕینێکی چڕی ئەزموونێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتین.

ناڕەزایەتی بەرانبەر بە مۆدێلێک لە حوکمڕانی کە بە پشتبەستن بە دوژمنسازیی دەرەکی و پەردەپۆشیی ئایدۆلۆژیک، ناکارامەیی، گەندەڵی و چەوساندنەوەی نێوخۆیی شاردووەتەوە. کاتێک سەرچاوەکانی وڵاتێک نەک لە ڕێڕەوی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی گشتیدا، بەڵکو تەنیا بۆ پاراستنی پێکهاتەی دەسەڵات خەرج دەکرێت، ئەنجامەکەی دەبێتە کەڵەکەبوونی قەیرانە چارەسەرنەکراوەکان. لە بوارێکی وەهادا، دانپێدانانە نێوخۆییەکانی دەسەڵات واتای ڕاستەقینەی خۆیان وەدەست دەهێنن.

قسەکانی هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، کە باسیان لە «حوکمڕانیی پڕ لە هەڵە» و کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرد، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەم بنبەستە پێکهاتەییە. ئەوەش نیشانی دەدات کە مەسەلەکە هەڵەیەکی کاتی نییە، بەڵکو دەرەنجامی مۆدێلێکی ناکۆکە لە حوکمڕانی. هاوکات، پێوەرە فەرمییە ئابوورییەکانیش وێنەیەکی ڕوون لە قووڵایی قەیرانەکە دەخەنە ڕوو. تێپەڕینی ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە سنووری ٥٢ لەسەد، تەنیا ژمارەیەکی ئاماری نییە؛ بەڵکو نیشانەی لێکترازانی نەزمی ئابووری و دژواربوونی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەیە لە لایەن پێکهاتەی دەسەڵاتەوە. بازدانی یەک لە دوای یەکی نرخی دراو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کردووە بە مەیدانێکی داخورانی بەردەوام و کۆمەڵگەی لە دۆخێکی چاوەڕوانیی پڕ لە دڵەڕاوکێدا هێشتووەتەوە.

ئەم دۆخە سەرەنجام لە حەوتی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا، خۆی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی بازاڕیانی تاراندا نیشان دا. جووڵەیەک کە لە پاساژی عەلائەدینەوە دەستی پێ کرد و بۆ شەقامەکانی دەوروبەر پەرەی سەند، تەنیا پەرچەکردارێک نەبوو بەرانبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار؛ بەڵکو نیشانەیەک بوو لە گرێدرانەوەی قەیرانی بژێوی بە چالاکیی سیاسییەوە. ئەو دروشمانەی کە جەختیان لەسەر هاوپشتی و شکاندنی ترس دەکردەوە، دەربڕی تێپەڕینی ناڕەزایەتی بوون لە پەرتەوازەییەوە بۆ چالاکییەکی بەکۆمەڵ و هۆشیارانە. بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار و بازدانی بێ‌وێنەی نرخی سکە، کە تەنانەت لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانیشەوە پشتڕاست کرایەوە، نیشانی دەدات قەیرانی ئابووری گەیشتووەتە خاڵێک کە ڕەنگە بە ئامرازە باوەکان بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت.

ئەم دۆخە، ڕەنگدانەوەی نەبوونی بەرنامە، ئاسۆ و ئیرادەی پێویستە بۆ گۆڕینی ئەو ڕێڕەوە. لە کۆتاییدا، پەیوەندیی قەیرانی ئابووری و قەیرانی سیاسی بە ڕوونی دەردەکەوێت. ناڕەزایەتیگەلێک کە لە بژێوییەوە دەست پێ دەکرێن، بەخێرایی دەگەنە پرسیارکردن لە تەواوی پێکهاتەی دەسەڵات. واتای ئەم دۆخە، هەنگاونانی کۆمەڵگەیە بەرەو قۆناغی یەکلاکردنەوە؛ قۆناغێک کە تێیدا، گۆڕانکاری نەک لە نێو دامەزراوە داڕزاوەکانی دەسەڵاتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی چالاکیی هۆشیارانە، ڕێکخراو و بەکۆمەڵی گەلانی ئێرانەوە دێتە دی.