
د. ئاسۆ حەسەنزادە
لە شۆڕشی ژینادا، ئاگری ڕقی خەڵک بۆ سووتاندنی تەلارى دیکتاتۆری بە پەڕپەڕبوونی گوڵی تەمەنی کچەکوردێک لە تاران و بە پێشەنگایەتیی کوردستان وەڕێ کەوت و بە خێرایی سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. لە شۆڕشی ژینادا بابەتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، واتە مافی ژیان و ئازادیی ژن و بە گشتی بێزاریی خەڵک لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوونە هەوێنی کۆدەنگیی کۆمەڵگە بۆ بەرزکردنەوەی داوای بنەڕەتیی سیاسی بۆ گۆڕینی ڕژێم. ئەمجارە بەپێچەوانەوە هەڵچوونی خەڵک لە تاران و دەڤەرە ناوەندییەکانی ئێرانەوە سەری هەڵدایەوە و سەرزەمینە پەراوێزخراوەکان بەتایبەتی بەشی خوارووی کوردستان و لۆڕستان دواتر پەیوەستی بوون. ئەمجارەش دۆخی تاقەتپڕووکێنی ژیان چەخماخەی جووڵەی جەماوەریی لێ دا، بەڵام لە خولەکی یەکەمى ڕاسانی خەڵکەوە ئەوەی دەبیسترێ، ویستی ڕەوای سیاسی بۆ پێچانەوەی تۆماری سەرەڕۆیی لە کۆی خۆیدایە.
لە شۆڕشی ژینادا سەرەڕای هاوسۆزی و هاوپێوەندیی بێوێنەی کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ کوردستان و سەرەڕای ڕێژەیی نەبوونی ژمارەی قوربانییەکانی کوردستان و بەلووچستان لەگەڵ کۆی دانیشتووانی ئێران، بەشی زۆری ئێلیتى سیاسی لەو وڵاتە بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە هێشتا حازر نەبوو دان بە جێگە و پێگە و مافە ڕەواکانی کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی ئێراندا بنێ. بگرە ئەوانەی بێ ئەوەی پێیەکیان لەسەر مەیدانی خەباتی نێوخۆ هەبێ لەو بەری ئاوەکانەوە و بە پارەی دزراوی خەڵک گەرووی کۆمەڵگە دەڕفێنن و لۆبی بۆ گەڕانەوە سەر تاج و تەختی کلۆری بەدەست خەڵک تووڕ هەڵدراو دەکڕن، لە جارانیش شێلگیرانەتر و ڕووهەڵماڵاوانەتر بە دژی کورد و فرەنەتەوایەتی لە ئێران هاتنەوە گۆ.
لەولاشەوە، وەک هەمیشە پەلهپیتکەی هێزی سەرکوتکەری ئێران لە ئیلام و کرماشان و سنە و ورمێ هەزار قات شلتر بوو تا لە تاران و ئەسفەهان و شیراز و مەشهەد. لە وهها دۆخێکدا کوردی ڕۆژهەڵات چاک دەکا کە ئەمجارە بێ تێبینی و بێ سێ و دوو، پەیوەست و پاشکۆی ڕەوتی سەرتاسەری نەبێ. کوردی ڕۆژهەڵات هەقیەتی ڕۆڵەکانی خۆی بەبێ ئەژماردن لەسەر مێحرابی دیموکراسیی ئێران نەکاتە قوربانی.
بەڵام مادام خەباتی کورد پێش هەموو شتێک و دوای هەموو شتێک بۆ جێگە و پێگە و ئایندەی خۆی و بۆ ڕوحی شەهیدەکان و ئایندەی نەوەکانییەتی؛ مادام چارەنووسی کوردستان بە دۆخی گشتیی ئێران و ناوچەشەوە بەستراوەتەوە؛ مادام کوردستان چاوی لەسەرە و چاوەڕوانیی لێ دەکرێ، بێدەنگی و تەماشاچێتی لە کولتووری سیاسی و خەباتگێڕیی کورددا نییە. چما دەکرا –بە گوتەی جوامێری شاعیر– گوێچکەی دڵی ڕۆژهەڵات سینگی بۆ گولـلەی پاسدار داکا و پاشماوەی جەستەشی بەدەم سەیری شاشەکانەوە ڕامێنێ؟ چما دەکرا مەلەکشایی خەڵتانی خوێن بێ و مەهاباد خەمسارد دانیشێ؟ دەکرا ماژین لەبەر ڕمبەی پۆستاڵەکان خەوی لێ نەکەوێ و مەریوان بێخەم بنوێ؟ نا، نەدەکرا. هەروەک نەدەکرا ڕۆڵەکانی وڵات لە شار و لە چیا و لە هەندەران یەکدەنگ و هاوپشت بن و دایکی نیشتمان بە نوێژی نەتەوەیی خەڵاتیان نەکا!