
برایم چووکەڵی
دەبێ تۆماری کەم خەنجەر، دەبێ بیهۆنمەوە زامم
لە ڕۆژنامەی سبەینێدا من ئەو مێژووە بریندارەم
شک لەوەدا نیە هەر کاتێک باس لە بزووتنەوەی کوردستان یان خەباتی خەڵکی کوردستان بێتە گۆڕێ، ناوی پێشمەرگەش وەک ڕۆڵە فیداکارەکانی گەلەکەمان کە لەو خەباتەدا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەیە، دێتە گۆڕێ. کەم کەس هەیە نەزانێ خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان لە ڕەوتی بەرەوپێشبردن و گەشەداربوونی خۆیدا هەتا چ ڕادەیەک قەرزباری خۆڕاگری و فیداکاریی پێشمەرگەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و لە قۆناغی ئێستادا ڕێژیم ڕێگایەکی ئەوتۆی نەهێشتۆتەوە کە خەڵکی کوردستان بتوانن بە شێوەیەکی هێمنانە ویست و داخوازییەکانیان بێننە گۆڕێ و لەم ڕێگایەوە ویستەکانیان بێننە دی. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لە ڕێگای نیزامی و ڕێگای زەبروزەنگ وڵامی ئەو داوایەی دایەوە. خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو داوا ڕەوایەی خۆیان، پێداگر بوون، بە ناچاری پەنایان بردە بەر دیفاعی چەکدارانە بۆ ئەوەی خۆیان لەنێوچوون و خاشەبڕکردن بپارێزن. هەر بۆیەش بە هەزاران لاوی کورد هاتنە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە و لە سەنگەری دیفاع لە بوونی گەلەکەیاندا شەهید بوون کە عەبدولڕەحمان ڕەزایی لە ناوچەی هەوشار یەک لەوانە.
شەهید عەبدولڕەحمان ڕەزایی لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە ئاوایی قۆجە سەر بە ناوچەی هەوشار چاوی بە دونیای ڕوون کردەوە. بەرەبەرە کە گەورە بوو چاوی بە دونیای پڕ لە ناعەداڵەتی کەوت کە تا ئێستاش گەلەکەی بۆ لابردنی زوڵم و ستەم خەباتی بۆ دەکا. ساڵ هاتن و چوون عەبدولڕەحمان ڕەزایی بوو بە لاوێکی بە شان و باهۆ، ئێش و ئازاری ژیان چڕ و قایمی بار هێنابوو و ئیرادەیەکی پتەوی تێدا پێکهاتبوو، و شانی لەبەر زۆر ئەرک و ئازاری قورسدا ڕادەگرت. قوتابخانەی ژیانیش چەوسێنەرانیان بە ئەو ناساندبوو. لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەشداریی چالاکانەی کرد و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا. پاش ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە لێوردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی وردبینانە، ڕیزەکانی حیزبی هەڵبژارد و ساڵی ١٣٥٨ بۆ درێژەدان بە خەبات و خۆڕاگری لە هێزی شەهیدانی هەوشاردا ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕێوە دەبرد.
شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو دەرفەتەی بۆ عەبدولڕەحمان ڕەزایی ڕەخساند کە بەکردەوە بێتە مەیدانی خەباتەوە و بە ئاشکرا بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی خۆشی دەویستن خەبات بکا، چەکی شەرەف و دیفاع لە نامووس و کەرامەتی گەلەکەی دەست دایە و قۆڵی لە داگیرکەرانی کوردستان هەڵماڵی. ناوبراو زوو توانی ببێتە خۆشەویستی خەڵکی ناوچە و هاوسەنگەرانی چونکە لە هەموو وجوودی ئیمان و بیروباوەڕی پتەوی بە خەباتی نەتەوەکەی، لە ئاکار و کردەوەیدا شۆڕشگێڕ بوون و دڵسۆزی و لێبڕاوی و شێلگیربوون لەسەر درێژەپێدانی ئامانج و ڕێبازیدا بەدی دەکرا. لە ماوەیەکی کورتدا بەکردەوە نیشانی دا شیاوی بەرپرسایەتییە. بە لێوەشاوەیی نواندن، ڕەچاوکردنی دیسیپلین، هەڵسووڕان و فیداکاری لە شەڕی سێ مانگەدا، سەرنجی بەرپرسان و هاوسەنگەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ڕابردووی خەباتگێڕانە، تێگەیشتوویی لە مەسائیلی سیاسی و هەوڵدان بۆ فێربوون و ڕێکوپێکی و جێکردنەوە لە دڵی هاوسەنگەران، ورەبەرزی، ئیمانی پتەو بە حیزب و، شارەزایی لە گەڵاڵەداڕشتن و زەبروەشاندن لە دوژمن، چەند تایبەتمەندییەکی دیار بوون کە لە عەبدولڕەحمان ڕەزاییدا بەدی دەکران. بۆیە بەرپرسایەتی پێ سپێردرا و لەو مەیدانەش زۆر ئازایانە هاتە مەیدان.
عەبدولڕەحمان پاش چەند شەڕی قارەمانانە وەک فەرماندەری لک و فەرماندەری زەربەتی هێزی هەوشار دیاری کرا. ئەو کاتێک لە دوژمن سەنگەری دەگرت، کاتێک هێرشی بۆ سەر دوژمنانی کورد و کوردستان دەست پێ دەکرد کەس توانای خۆڕاگری لە ئاست نەعرەتەی شێرانەی و هەڵمەت و پەلاماری شۆڕشگێڕانەیدا نەبوو. زۆر ڕاست و سادقانە، بوو بە پێشمەرگەیەک کە حیزب دەیویست، ئازا و بەجەرگ و نەترس بوو. لە ڕاستیدا قارەمانێکی لێ دروست بوو، فەرماندەیەکی لێ دروست بوو کە هەلومەرجی ئەوکاتی پێشمەرگە پێویستی بوو، هەمیشە لە بەڕێوەبردنی بڕیاراتی حیزبی سەر لەپێناو بوو، سەوادی کلاسیکی زۆر نەبوو، بەڵام دەرک و پێزانینی لە زۆر کەسی سەواددار زیاتر بوو. ئەو تەنیا ناوی فەرماندەی لەسەر نەبوو، بەڵکوو فەرماندەیەک بوو ئازا، ئاگا، لێزان، مۆدیر و بەتاکتیک، لە هەمووی گرنگتر تەشکیلاتی و بەدیسیپلین بوو.
ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ لە شەڕێکی توند و نابەرابەر لەنێوان پێشمەرگەکان و هێزی داگیرکەر، لە هێرش بۆ سەر پایەگای کوچەتەڵای هەوشار دەستی پێ کرد. شەهید عەبدولڕەحمان ڕەزایی پێشەنگی هەڵمەتبەرانی ئەو شەڕە بەناوبانگەیە، لەم بەرەنگارییە ئازایانەیەدا، پەیمانی یا مردن یا سەرکەوتنی بردە سەر و بە خوێنی ئاڵی خۆی سەنەدی لەشکاننەهاتووی نەتەوەکەی ئیمزا کرد. بەم جۆرە ڕۆڵەیەکی دیکەی قارەمانی مەڵبەندی هەوشاری خوێناوی، پێشمەرگەیەکی فیداکار و لەخۆبردوو، فەرماندەیەکی لێهاتوو و بەتوانا بە سەربەرزی و گیانبازییەوە چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوەکەمان و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە هاوسەنگەران و نیشتمانەکەی کرد.