کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆشایی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا

13:40 - 11 بەفرانبار 2725

شاڕوخ حەسەن‌زادە

 

لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، سیستەمی نێودەوڵەتی کەوتە ژێر کاریگەریی دوو هێزی پێکهاتەیی سەرەکی: کۆتایی‌هاتنی شەڕی سارد و بەرفراوانبوونی دیاردەی جیهانی‌سازی. ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە لایەکەوە سەرکەوتنێکی سیاسی، سەربازی و ئابووریی بۆ ڕۆژئاوا دەستەبەر کرد و لە لایەکی دیکەشەوە شەپۆلێکی گەورەی گەشبینیی بۆ سەروەریی بازاڕی ئازاد دروست کرد. ئەم سەرکەوتنە، ئاڵنگارییەکی بنەڕەتی بۆ ڕەوتە سۆسیال دێموکراتەکان لە ئورووپا هێنایە ئاراوە کە نەریتی تێڕوانینیان لەسەر خاوەندارێتیی دەوڵەت، باجی قورسی پێشکەوتوو و دەوڵەتی خۆشبژێویی گشتگیر دامەزرابوو. لە هەمان کاتدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داڕمانی مۆدێلەکانی سۆسیالیستیی دەوڵەتی-سەربازی، وەک لیبی، عێراق و سووریە، یان مۆدێلەکانی ئابووریی ڕانتیی پاڵپشت بە تاک‌بەرهەمی لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، دەرکەوتن. بەڵام ئەو شێوە لیبرالیزمەی کە جێگەی گرتەوە نەک بازاڕێکی ئازادی ڕکەبەری و ڕوون، بەڵکوو جۆرێک لە لیبرالیزمی ڕانتی بوو کە لەسەر بنەمای داهاتەکانی نەوت و قۆرخکاریی دەوڵەتی پێک هات و بە خێرایی گەندەڵی و نایەکسانی گەیاندە چڵەپۆپە! لەو ساتە مێژووییەدا، هەردوو پارادایمی نەریتی دۆڕاو و ناسەرکەوتوو دەردەکەون؛ سۆسیالیزمی نەریتی بەهۆی ناکارایی ئابووری و خاوبوونەوە لە ڕکابەریی جیهانی، ڕەت کرایەوە و لیبرالیزمی کلاسیک یان نێئۆلیبرالیزم بەهۆی پەرەدان بە نایەکسانی، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی گەندەڵیی سیستماتیک کەوتە بەر لۆمە و ڕەخنە. لەم دۆخەدا، سەنتێزێکی فیکریی نوێ کە بتوانێت کارایی ئابووریی بازاڕی ئازاد لەگەڵ پابەندبوونی بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ تێکەڵکێش بکات، زیاتر لە جاران هەستی پێ دەکرا. ئەم تێکەڵەیە خۆی لە "لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی" و لە چوارچێوەی بیرۆکەکانی وەک "ڕێگەی سێهەم" لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا وێنا کرد.

ئەم بابەتە بەم گریمانەیە دەچێتە پێش کە لە بەرانبەر ئاڵنگارییەکانی سەردەمی نوێ، بەتایبەت لە ناوچە قەیراناوییەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پێویستییان بە سەقامگیریی ئابووری و لە هەمان کاتدا چاکسازیی کۆمەڵایەتی هەیە، بەتایبەت لە بواری مافە تاکەکەسییەکان و ژنان لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی دەتوانێت تاکە چوارچێوەیەکی فیکریی ڕاستەقینە و کردەیی بێت کە دەتوانێت بناغەی گەشەپێدانێکی بەردەوام و دێموکراتیک دابمەزرێنێت.

 لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بەدرێژایی مێژوو، وڵامێکی هزری بۆ کەموکوڕی و شکستەکانی دوو ڕێبازی سەرەکیی سەردەمی مۆدێڕن، واتە لیبرالیزمی کلاسیک و سۆسیالیزم بوو. لیبرالیزمی کلاسیک کە لەسەر بنەما فەلسەفییەکانی بیرمەندانی وەک "جۆن لۆک" و "ئادەم سمیت" دامەزرابوو، چەمکی "ئازادیی نەرێنی"یان بە پیرۆز دەزانی، بەو مانایەی کە ئازادی، ڕزگاربوونی تاکە لە دەستێوەردان و زۆرداریی دەوڵەتی یان کەسانی دیکە. لەم شێوازەدا، دەوڵەت وەک "پاسەوانی شەو" تەنیا ئەرکی پاراستنی خاوەندارێتیی تایبەت و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی بوو و هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە بازاڕ وەک پێشێلکردنی ئازادیی تاک سەیر دەکرا. بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەمدا وێڕای گەشەی خێرای پیشەسازی، سەرنەکەوتنەکانی لیبرالیزمی کلاسیک لە وڵامدانەوە بۆ هەژاری، نایەکسانی و بارودۆخی نالەباری کرێکاران ئاشکرا بوو. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە بیرمەندانی وەک "تۆماس هیل گرین" و "لیۆنارد هۆبهاوس" لە بەریتانیا، پێویستیی پێناسەکردنەوەی چەمکی ئازادییان هێنایە ئاراوە. ئەوان چەمکی "ئازادیی ئەرێنی"یان داهێنا. لە ڕوانگەی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتییەوە، ئازادی تەنیا لە نەبوونی دەستێوەردانی دەوڵەتدا پێناسە ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە دابینکردنی ئەو مەرجە بنەڕەتییانە هەیە بۆ ئەوەی تاک بتوانێت تواناکانی خۆی بەکردەیی بکات. بە وتەی هۆبهاوس، تاک کاتێک ئازادە کە لە کۆیلایەتیی هەژاری، نەزانی و نەخۆشی ڕزگار بووبێت. ئەم گۆڕانکارییە فیکرییە، بناغەی تیۆریی بۆ قبووڵکردنی ڕۆڵی چالاکانەی دەوڵەت لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا دامەزراند. ئەگەرچی هۆبهاوس بە دامەزرێنەری فەلسەفیی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی ناسراوە، بەڵام ئەم مۆدێلە لە بواری سیاسەتی ئابووری بە بیرۆکەکانی "جۆن مینارد کینز" گەیشتە لوتکە. کینز، دوای قەیرانی مەزنی دەیەی ١٩٣٠، بە تیۆرییە ئابوورییەکانی خۆی، بناغەی دەوڵەتی خۆشبژێویی نوێی دامەزراند.

کینز، کە قەت سۆسیالیست نەبووە، باسی لەوە کرد؛ بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری و ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی، دەوڵەت دەبێت لە کاتی قەیرانی بازاڕ و کەمبوونەوەی خواستدا، بە زیادکردنی خەرجییە گشتییەکان و دروستکردنی کورتهێنانی بودجە دەستێوەردان لە بازاڕدا بکات هەتا هەلی کار و داواکاری بژێنێتەوە. ئەم بیرۆکەیە، دەستێوەردانی دەوڵەتی لە ئابووریدا، نەک وەک خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (ئامانجی سۆسیالیزم)، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستن و سەقامگیرکردنی سیستەمی بازاڕی ئازاد پاساو بۆ هێنایەوە و بەم شێوەیە چوارچێوەی ئابووریی پێویستی بۆ دەوڵەتی خۆشبژێوی، کە درێژەدەری لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بوو، دابین کرد. دوای کینز، "جۆن ڕاڵز" بە داڕشتنی چەمکی "دادپەروەری وەک ئینساف"، بنەما فەلسەفییەکانی ئەم ڕەوتەی لە سەردەمی نوێدا پتەوتر کرد. ڕاڵز لە کتێبەکەیدا «تیۆریی دادپەروەری»، بە داڕشتنی بنەمای جیاوازی، پێداگری لە دەروەستبوونی لیبرالیزم بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دووپات کردەوە.

بەپێی ئەم بنەمایە، نایەکسانییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان تەنیا کاتێک ڕێگەپێدراون کە زۆرترین قازانج بۆ کەمبەشترین ئەندامانی کۆمەڵگە هەبێت و هەروەها، پێگە و پلە و پۆستەکان لەژێر مەرجەکانی یەکسانیی دادپەروەرانەی دەرفەتەکان بۆ هەموو لایەک کراوە بن. بەم شێوەیە، لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی پابەندە کە کارایی و داهێنانەکانی بازاڕ، پابەندبوونی لیبرالیستی بە ئازادیی ئابووری پەسەند بکات، بەڵام ئاکامەکانی لە ڕێی میکانیزمەکانی دەوڵەتی خۆشبژێوی و یاسا – پابەندبوونی دادپەروەرانە  بە قازانجی دابەشکردنێکی پڕ لە ئینسافی دەرفەتەکان ڕێک بخات. تێگەیشتن لە لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی پێویستی بە جیاکردنەوەیەکی وردی لە سۆسیال دێموکراسیی نەریتی هەیە؛ جیاوازییەک کە لە سەردەمی "ڕێگەی سێهەم"دا گەیشتە ترۆپک کە ئەنتۆنی گیدێنز کاری لەسەر کرد. ڕەچەڵەکی سۆسیال دێموکراسی بۆ سۆسیالیزم دەگەڕایەوە و ئامانجەکەی، کەمکردنەوەی جدیی نایەکسانیی چینایەتی و یەکسانی لە ڕێگەی خاوەندارێتیی گشتی و چاودێریی دەوڵەتی بوو. لە بەرانبەردا لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژ بە خاوەندارێتیی دەوڵەت بەسەر پیشەسازییەکانەوەیە و ئامانجی خۆی بە یەکسانیی دەرفەت پێناسە دەکات. لەم مۆدێلەدا، دەوڵەتی تواناساز، لەبری ئەوەی ببێتە کوێخای بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ڕاستەوخۆ  وەک مۆدێلی سۆسیالیستی ڕۆڵی سەرمایەگوزار لە سامانی مرۆییدا دەگێڕێت. دەوڵەت سەرمایەگوزارییەکی بەهێز لە پەروەردە، تەندروستی و تەکنۆلۆژیا دەکات بە مەبەستی ئامادەکردنی هاونیشتمانی بۆ ڕکەبەری لە بازاڕی ئازاد و تۆڕێکی پارێزەری بۆ پاراستنیان لە بەرانبەر شکستەکانی بازاڕ دابین دەکات. ئەم گۆڕانە لە "کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمهێنان" بۆ "بەڕێوەبردنی دەرفەت"، نێوەڕۆک و چەقی سەرەکیی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتییە. بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیەی کە لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی تەنیا تیۆرییەکی نووسراوە نیە و دەتوانێت شێوە بەڕێوەبردنێکی لۆژیکیی حوکمڕانی لە بواری ئابوورییەوە بێت، دەبێت سەیری ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان و ئامرازە کردەییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە بکەین.

ئەم مۆدێلە لە ڕاستیدا بە دوو شێوازی سەرەکی جێبەجێ کراوە: مۆدێلی خۆشبژێویی گشتگیری نۆردیک و مۆدێلی کردەیی "ڕێگەی سێهەم". وڵاتانی نۆردیک – سۆئێد، دانمارک، فینلاند و نۆروێژ – نموونەی کلاسیک و سەرکەوتووی تێکەڵکێشکردنی کارامەیی بازاڕی ئازاد لەگەڵ پابەندبوونە سۆسیال دێموکراتییەکانن کە لە دەیەکانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی نزیک بوونەتەوە. لەم وڵاتانەدا سەرەڕای یاسا توندوتۆڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی سامان، ڕکابەری بە فەرمی ناسراوە. نۆردیکەکان بە بەکارهێنانی باجی پێشکەوتووی زۆر لەسەر داهاتی تاک و هێزی کار، بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی دەوڵەتێکی خۆشبژێویی گشتگیر دابین دەکەن. خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خوێندن، تەندروستی و چاودێریی منداڵان، نەک وەکوو هەڤیازییەک، بەڵکوو وەک مافی بنەڕەتیی هاونیشتمانی کە ڕاستەوخۆ پشتگیری لە بنەمای یەکسانیی دەرفەتی ڕاڵز دەکەن، پێناسە کراوە. ئەم ڕێبازە دواتر و لە کۆتاییەکانی دەیەی ٩٠، لە لایەن ئەنتۆنی گیدێنز تیۆریزە کرا و لەلایەن تۆنی بلێر (ئینگلتەرا) و گێرارد شرۆدەر (ئەڵمانیا) جێبەجێ کرا کە ئەمە پڕاگماتیزمی سیاسیی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی لە ئورووپای نێوەڕاست پیشان دەدات. لە ڕاستیدا ڕێگەی سێهەم، دانپێدانانێکی ئاشکرای سۆسیال دێموکراسی بوو بۆ نەبوونی توانستی مۆدێلەکانی کۆنی خۆی لە ڕکەبەری لەگەڵ جیهانگیریی نێئۆلیبرالیدا. ئەم ڕێبازە واتە:

١. قبووڵکردنی تەواوەتیی ئابووریی بازاڕ و جیهانی‌سازی: ئیتر ئامانج، ڕووخاندنی سەرمایەداری نەبوو، بەڵکوو دەستەمۆکردن و مرۆڤاندنی بوو.

٢. چاکسازیی دەوڵەتی خۆشبژێوی: سەرنجی دەوڵەت لە دابەشکردنی پارە و قازانجی نەختینەییەوە گواسترایەوە بۆ سەرمایەگوزاری لە سەرمایەی مرۆیی و دروستکردنی لێهاتوویی.

هەردوو شێوازی نۆردیک و ڕێگەی سێهەم، بە جۆرێک پابەندی بنەما لیبرال کۆمەڵایەتییەکان مانەوە؛ یاسا، ئازادییە مەدەنییەکان و خاوەندارێتیی تایبەتیان پەسەند کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا لەگەڵ میکانیزمەکانی دەوڵەتی - چ بەشێوەی دابەشکردنەوەی قورسی نۆردیک و چ بە شێوەی تواناسازییەکانی ڕێگەی سێهەم - بەدوای وێناکردنی دادپەروەرانەی بەستێنی کێبڕکێ و گەرەنتیی لانیکەمەکانی ژیان بوون. لە ئاکامدا سەرکەوتنی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بەهۆی سەرچەشنەکانی گەشەی مرۆڤایەتی و شەفافییەتی ئابووری دەنرخێندرێت. ئەو وڵاتانەی کە ئەم شێوازەیان بە پلەی جیاواز وەرگرتووە بەگشتی لە پلەبەندیی سەرەوەی جیهانی لە بوارگەلی چۆنیەتیی ژیان، هیوا بە ژیان، ئاستی بەرزی پەروەردە و دەرکی گەندەڵی دان. ئەم مۆدێلە توانیوەتی ئەو دژوازییە سۆسیالیستییەی کە دەڵێت؛ ناکرێت هاوکات بازاڕی ئازاد و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وەدی بێت، بە شێوەیەکی کردەیی سڕییەوە. سەقامگیربوونی ئابووری و تواناسازیی تاک – بە جێگای خۆهەڵواسینیان بە حکوومەت – ئەم سیستەمەی وەک بەهێزترین جۆر بۆ ئەو کۆمەڵگەیانە لێ کردوە کە خوازیاری گەشەی هەمەلایەنە و بەردەوامن.

گواستنەوەی چوارچێوەی تیۆریی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگە و وڵاتانی لە حاڵی تێپەڕدا، پێویستییەکی بنچینەییە کە ڕەگی لە دۆڕانە پەیتاپەیتاکانی پارادایمی نەریتی داکوتا بوو. لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا، مۆدێلی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی ئەو چوارچێوەیەیە کە دەتوانێت هاوکات وڵامی قەیرانە سێلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بداتەوە. گەورەترین پەتای ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بێ‌هێزی لە بەرهەمهێنانی سامان‌دا نیە، بەڵکوو بڵاوبوونەوەی دیاردەی "سەرمایەداریی هاوڕێیەتی" و پشتبەستن بە داهاتی ڕانتییە. لەم پێکهاتانەدا، سیاسییەکان و حیزبە سیاسییەکان کۆنتڕۆڵی ئابووری لە دەست خۆیان دەگرن و دابەشکردنی قازانجی ئابووری لەسەر بنەمای نزیکایەتی لە دەسەڵاتە، نەک ڕکابەری، شایستەیی یان داهێنان. ئەمە ئەو خاڵەیە کە لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی وەک هێزێکی چاکساز دێتە مەیدان. لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بە جەختکردنەوە لەسەر بنەماکانی لیبرالیزمی کلاسیک، واتە سەروەریی ڕەهای یاسا، داوای جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی ئابووری دەکات. تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوەی سەربەخۆ و شەفافەوەیە دەکرێت بازاڕی ئازاد لەژێر چنگی قۆرخکارییە سیاسی و ڕانتییەکان ڕزگار بکرێت. قبووڵکردنی بازاڕی ئازادی ڕکابەرییانە لەگەڵ پابەندبوون بە لێپرسینەوە و ڕوونکاری، تاکە ڕێگەیە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە نەوت. لە نەبوونی چوارچێوەیەکی لیبرال کۆمەڵایەتی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ کەرتی تایبەت یان چاکسازیی ئابووری هەمیسان گواستنەوەی ڕانت لە حکوومەتەوە بۆ ڕەوتە سیاسییەکانی نزیک حکوومەت دەگرێتەوە. هەنووکە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەهۆی زیادبوونی ئاستی خوێندەواری، دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیا و پەیوەندی بە جیهانەوە، بەتایبەت نەوەی نوێ، بەرەوڕووی داخوازی و خواستی نوێترن کە لە نان و ئاو تێپەڕیوە و لەسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافە مەدەنییەکان چڕ بوونەتەوە.

- پرسی ژنان و مافە تاکەکەسییەکان: ئەم داواکارییانە ڕەگ و ڕیشەیان لە ئازادییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتیدایە. لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی تەنیا مۆدێلێکە کە دەتوانێت، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر یەکسانیی دەرفەتی ئابووری، ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکانیش مسۆگەر بکات. مۆدێلە ئایدیۆلۆژیکەکان، بەگشتی بە پاساوی "دوژمنی دەرەکی" یان "بەرژەوەندیی گشتی" ماف و ئازادییەکانی تاک و داخوازیی ژنان سەرکوت دەکەن.

- تەکنۆلۆژیا و ژینگە: لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بە تەرکیزکردن لەسەر "دەوڵەتی تواناساز"، دەتوانێت چارەسەری ئاڵنگارییە نوێیەکان وەک قەیرانی ئاو و ژینگە بکات. دەوڵەت دەبێت بەهۆی سەرمایەگوزاریی گشتی لە توێژینەوە و گەشە و ژێرخانی سەوز، بە لایەنی بازاڕ و کەرتی گشتی بگەنە ڕێگەچارەیەکی بەردەوام و پایەدار. یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی نایەکسانیی چڕی ئابووری لە ناوچەکەدا، ناسەقامگیری و سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم یان توندڕەوییە. کاتێک لاوان هیچ ئاسۆیەک بۆ بەشداری لە ئابووری و سیاسەتدا بەدی ناکەن، بەرەو ئایدیۆلۆژیای ڕادیکاڵ – چ ئایینی و چ چەپی توندڕەو – ئاراستە دەکرێن. لێرەدا پابەندبوونە سۆسیالیستییەکانی لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی – دابینکردنی پەروەردە و تەندروستیی گشتی و بێ بەرانبەر – زۆر گرنگ دەبێت. ئەم خزمەتگوزارییانە، وەک تۆڕێکی پارێزەری، دڵنیایی بە هاونیشتمانیان دەدەن کە ئەگەر لە بازاڕدا بدۆڕێن و مایەپووچ بن، ژیانیان ناشێوێت. لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بە پێشکەشکردنی پلاتفۆڕمێکی کرداری و نەرم کە نە دژی بازاڕە و نە دژی خەڵک، کۆمەڵگە لەناو سوڕی وێرانکەری تۆتالیتاریزمی ڕاست و توندئاژۆی چەپ ڕزگار دەکات و سەقامگیریی سیاسی دەهێنێتە دی. تەتەڵەی گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژیکەکان و پێکهاتەی دەیەکانی دوایی، لە کۆتاییدا بەرەو ئاکامگیرییەکمان دەبات؛ لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی چیتر هەڵبژاردەیەکی ئایدیۆلۆژیکی لەپاڵ سۆسیالیزم یان لیبرالیزمی کلاسیکدا نیە، بەڵکوو بووەتە تێکەڵەی کۆتایی و پارادایمی باڵادەستی حوکمڕانیی سەرکەوتوو لە جیهانی ئەمڕۆدا. ئەم مۆدێلە لە کردەدا، تیۆریی دووبەرەکیی نێوان کارایی ئابووری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پووچەڵ کردوەتەوە و سەلماندوویەتی کە ئەم دووانە، نەک دژ بە یەک، بەڵکوو لەم پەیوەندییەدا بە یەکەوە بەرەو گەشەی بەردەوام دەچن. لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی بە وەرگرتنی وانە لە ڕووخانە مێژووییەکان، پشتی لە دوو شێوەی ڕادیکاڵی سەرەکی کردووە:

 ١. نکۆڵیکردن لە دیکتاتۆریەتیی دەوڵەتی: بە پەسەندکردنی خاوەندارێتیی تایبەت و سەروەریی یاسا، لە دروستکردنی بیرۆکراسیی ناکارامە و سەرکوتکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان کە زۆرجار لە مۆدێلە ئایدیۆلۆژیکییەکاندا دەبینران، دوور دەکەوێتەوە.

٢. ڕەتکردنەوەی بێ‌بەزەیی و نادادپەروەریی لیبرالیزمی لێسێ فێر: بە پابەندبوون بە دابینکردنی تۆڕی پارێزەریی خۆشبژێوی، سەرمایەگوزاری لە سامانی مرۆیی و بنەمای جیاوازیی ڕاڵز، ڕێگە لە نادادپەروەری و نایەکسانیی توندی ئابووری کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، دەگرێت.

لە کۆتاییدا، ئەم مۆدێلە لە کۆمەڵگەی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستییان بە سەقامگیری، شەفافییەت و ئازادییە مەدەنییەکان هەیە، چوارچێوەیەک دابین دەکات کە تێیدا ڕکابەریی ئابووری ڕێگە بە بەرهەمهێنانی سامان دەدات و پابەندبوونی کۆمەڵایەتی دڵنیایی دەدات کە ئەو سامانە بۆ دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی دەرفەتەکان بەکار بهێنرێت. ئەم تێپەڕینە لە ئایدیۆلۆژییە چەقبەستووەکان بە مانای وازهێنان لە ئامانجە مرۆییەکانی بەرەی چەپ نیە، بەڵکوو بە مانای دۆزینەوەی ئامرازەکانی پێشکەوتوو هەروەها بەڕۆژکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستە بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لە بەستێنی جیهانی بازاڕتەوەردا دەبینرێت. سەرکەوتنی ئەم سەنتێزە لە ئورووپا، مۆرکێکە بۆ ئەم بانگەشەیە کە میانەڕەوی لیبراڵ کۆمەڵایەتی، پارادایمی زاڵی گەشەی سەدەی بیست و یەکەمە.