کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخشەی نوێی ژیۆپۆلیتیکی و بووژانەوەی ئابووریی جیهان؛ شەڕی ئێران و پرسی کورد

17:15 - 7 بانەمەڕ 2726

شاڕوخ حەسەن‌زادە

لە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ژیۆپۆلیتیک و ئابووریی سیاسیدا، قەیرانە گەورەکان زۆرجار وەک خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەکان پێناسە دەکرێن؛ ئەو خاڵانەی توانای تێکشکاندنی نەزمە کۆن و داڕزیوەکانیان هەیە و بەستێن بۆ جێگیرکردنی سیستمگەلێکی سەقامگیرتر خۆش دەکەن. ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرەوڕووبوونەوەی ستراتیژیدا دەگەڵ ناوەندی دەستەڵات لە ئێران دەبینرێت، هەر گۆڕینی ڕێژێم نییە کە بە ئاشکرا باسی ناکرێ، بەڵکوو بەشێکە لە ڕێسایەکی گەورە بۆ دووبارە نووسینەوەی یاساکانی کایەی سیاسی لە سەدەی بیست ویەکەمدا. ستراتیژیی ناسراو بە "داتەپین لە نێوەوە و لێدان لە سەر"، کە بە ئیفلیجکردنی سیستەمی دەمار و سڕینەوەی فیزیکیی مۆرە سەرەکییەکان دەستی پێکرد، لە ڕاستیدا جێبەجێکردنی دۆکتۆرینی سڕینەوەی فەرماندەیی بوو، تاوەکو هەرجۆرە کاردانەوەیەکی سیستماتیک لە هێزە نیابەتییەکان زەوت بکرێت یان هەر نەبێ فرە کەم بکرێتەوە. ئەم پرۆسەیە کە دەگەڵ دۆخی سەکتەی ئابووری و گۆشەگیریی دیپلۆماسی و گەمارۆکان هاوتەریب بوو، پێکهاتەی دەستەڵاتی خستووەتە نێو قۆناغی "ئەنتڕۆپیی سیاسی"؛ دۆخێک کە تێیدا سیستەم نەک هەر توانای بەرهەمهێنانەوەی نەزمی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو لە بەرامبەر گورزە دەرەکییەکاندا تووشی داڕمانی زنجیرەیی دەبێت.

هێرشە گورچوبڕ و بەربڵاوەکان بۆ سەر ناوەندە نیزامی، ئەمنییەتی و بنەڕەتییەکانی دەستەڵات و ئەو شەڕانەی بەدوایدا هاتن و بوونە هۆی سڕینەوەی چینەکانی یەکەم و دووەمی حاکمییەت (لە سەرووی هەمووان کوشتنی خامنەیی)، نیشاندەری پەڕینەوە لە قۆناغی بەرپەرچدانەوە بۆ قۆناغی وێرانکاریی داهێنەرانەیە. لەم نێوەدا، ئاگربەستە کورتخایەنەکان بە نێوبژیوانیی هێزە ناوچەییەکان، لە ئەدەبیاتی ستراتیژیدا وەک ئاشتییەکی بەردەوام نابینرێن، بەڵکوو وەک پشوویەکی تاکتیکی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی لۆجستیی هاوپەیمانەکانی دادەنرێن. ڕاستی و دروستیی ئەم شیکارییە لە هەڵکشان داکشان یان بە شێوەیەکی تر هەڵسووکەوتی ژیرانەی بازاڕەکاندا دەردەکەوێت؛ ئەو شوێنەی کە دابەزینی کاتیی نرخی نەوت بەهۆی هەواڵی ئاگربەست، بە بەرزبوونەوەیەکی هێرشبەرانەی نرخی زێڕ پووچەڵ دەکرێتەوە! ئەم دژوازی و پارادۆکسە ڕەفتارییە نیشان دەدات کە وەبەرهێنەرە دامەزراوەییەکان، ئارامیی ئێستا بە تەڵەکە دەزانن و خەریکی نرخاندنی شەڕێکی هەمەلایەنەن کە ئامانجی کۆتاییەکەی ڕووخانی تەواوەتیی پێکهاتەی ئێستا و کۆتاییهاتنی سەردەمێکە کە تێدا وڵاتانی هاوشێوەی ئێران بڕە دەستەڵاتێکیان هەبوو و دژ بە بنەماکانی نەزمی نوێی جیهانی ڕۆژئاوا دەوەستانەوە.

لە ڕوانگەیەکی گشتگیرەوە، هەرەسهێنانی ئەم ناوەندە سەرەکییەی گرژییەکان، وەک کاتالیزۆرێک بۆ چارەسەرکردنی زنجیرەیی قەیرانەکانی دیکەی جیهان کار دەکات. بەپێی تیۆرییەکانی ڕیالیزمی پێکهاتەیی، بە چوونەدەروەی ئەکتەرێکی تێکدەر لە هاوکێشەکە، هێزە جیهانی و ناوچەییەکانی دیکە وەک ڕووسیە، چین، تورکیە و پاکستان ناچار دەبن چاو بە دۆکتۆرینە ئەمنییەکانی خۆیاندا بخشێننەوە. ئەم جوڵەیە دەتوانێت گرێکوێرە ستراتیژییەکانی وەک قەیرانی ئۆکراین، کێشەی تایوان و گرژییە مێژووییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان بەرەو چارەسەرێکی زۆرەملێ ببات. لە ڕاستیدا، جیهان لە لێواری دووبارە نووسینەوەیەکی سەد ساڵە بۆ نەزمی نێودەوڵەتی وەستاوە (وەک دوای هەموو شەڕێکی گەورەی جیهانی). لەم نێوەندەدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شایەتی پێناسەکردنەوەی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە دەبێت. یەکێک لە بگۆڕە هەرە گرنگەکان لەم بوژانەوە ژیۆپۆلیتیکییەدا، پرسی کوردە. بە لاوازبوونی پێکهاتە نەریتییەکانی دەوڵەت-نەتەوەی فارس، تورک و عەرەب، کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی لە هەر چوار بەشەکەی و بەتایبەتی‌تر لە ئێران، بەهۆی هاوتەریبیی ستراتیژی و نەبوونی دژایەتیی بەرژەوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئیسرائیل، وەک هاوپەیمانێکی سروشتی و لەنگەرگای سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەردەکەوێ. بۆ نوخبە سیاسییەکانی کورد، ئەم گواستنەوە مێژووییە بە دەرفەتی سەدە دادەنرێت تاوەکوو مافەکانی خۆیان لە نەخشە نوێیەکەدا جێگیر بکەن؛ چونکە لەو نەزمەی لەدایک دەبێت، ئاسایشی ڕێڕەوەکانی وزە و سەقامگیریی ناوچەیی لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی نوێ پێناسە دەکرێت.

بەڵام گەیشتن بەم سەقامگیرییە پێویستی بە تێپەڕین لە مەزن قەیرانێکی سیاسی، نیزامی و ئابوورییە. دەگەڵ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی هەرەسهێنان و پێکدادانە ئەگەرییەکان لە گەرووی هورمز، بەردەوامی شەڕی ئێران دوای پشوویەکی چەند مانگە/حەوتوو (بەناوی ئاگربەست و دانوستان لە پاکستان)، تێوەگلانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و هاتنی هێزی "ناتۆ"، نائارامییەکان لە کەنداو دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بگاتە ٢٠٠ دۆلار و تەنانەت شیمانە دەکرێ بەرزتریش بێتەوە. ئەم شۆکە نرخەییە بە خێرایی دەبێتە هۆی هەڵاوسان و دابەزینی ئابووریی جیهانی کە لە زانستی ئابووریدا بە ستەگفلیەشێن (Stagflation) ناسراوە و زەرەرمەندی یەکەم وڵاتانی پیشەسازی دەبن. بەڵام بەپێی میناکە مێژووییەکان، ئەم قەیرانە ئابوورییە، کاتییە و پێشمەرجی پرۆسەی چاکسازییە گەورەکەیە. پێشبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٤٠٦ی هەتاوی، بە دامەزراندنی پێکهاتەیەکی نوێ و نائایدیۆلۆژی لە ئێران، چاکسازی لە وڵاتانی دژبەر، یەدەکی زەبەلاحی وزە لەژێر ستانداردە شەفافە نێودەوڵەتییەکاندا بڕژێتە بازاڕەوە. ئەم هێرشی خستنەڕووە، لەپاڵ لادانی باجی مەترسیی ژیۆپۆلیتیکی لەسەر نرخەکان، نەک هەر دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، بەڵکو ئاوەدانکردنەوەی ئێرانی پاش قەیران وەک پڕۆژەیەکی مارشاڵی نوێ، دەبێتە بزوێنەرێکی نوێ بۆ گەشەی ئابووریی جیهان و بازرگانیی ئازاد.

لە ئەنجام‌دا، جیهان سەیری کۆتایی سەردەمێک دەکات کە تێیدا ئاسایشی وزە بارمتەی ئایدیۆلۆژی بوو. نائارامییەکانی ئێستا و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ڕاست‌وێژترین بەڵگەن لەسەر ئەو ڕاستییەی کە نەزمی کۆن لە سەرەمەرگدایە و نەزمێکی نوێ لە حاڵی لەدایکبوون‌دایە. لەم کایە گەورە جیهانییەدا، ئەو ئەکتەرانەی بتوانن خۆیان دەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە پێکهاتەییەدا بگونجێنن، پێگەی خۆیان بۆ سەدەی داهاتوو مسۆگەر دەکەن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، ناوچەیەک دەبێت کە تێیدا چیتر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاسایشی وزە ناکرێنە قوربانیی خەونە فراوانخوازییە ئایدیۆلۆژییەکان و ئێرانی نوێ دەبێتە ترپەی دڵی ئەم سەقامگیرییە ئابووری و سیاسییە نوێیە.