
ئازاد مستۆفی
ئەوەی ئەمڕۆ لە خەڵکی ئێراندا دەبینرێت، تەنیا خەمساردی نییە، بەڵکوو پووکانەوە و داڕمانی مێژوویی توانای کرداری بەکۆمەڵە. کۆمەڵگەیەک وا بە بەردەوامی هەواڵی کوشتنی کۆڵبەری کورد و "سووتەمەنیبەری" بەلووچ دەبیستێت و وردە وردە بەرامبەری بەنج دەبێت، ئێستاش لە بەرامبەر سێدارەدانی ناڕازییانی سیاسیدا تووشی جۆرێک لە "ئیفلیجی کۆمەڵایەتی" بووە.
ئەم دۆخە تەنیا بە چەمکە ئەخلاقییەکانی وەک نامرۆیی یان ترس ڕوون ناکرێتەوە، دیاردەیەکی قووڵی کۆمەڵناسی و سیاسییە. دیاردەی کۆڵبەری و "سووتەمەنیبەری" بەرهەمی گەشەی ناهاوسەنگ و پەراوێزخستنی نەتەوەیی و ئابووری - ئەمنییەتی لە ئێراندا بووە و هەیە. کۆڵبەری دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی "کۆلۆنیالیزمی نێوخۆ" و سیاسەتەکانی گەشەنەکردنە لە کوردستاندا، کە دەوڵەت نەک وەک بەشێک لە نەتەوەیەکی یەکسان، بەڵکوو وەک "پەراوێزی تەناهیی" ئەو هەرێمە بەڕێوەی دەبات کە هەمیشە دەبێت تووشی چەوسانەوەی فرەڕەهەند و هەمەلایەنە بێت.
بە هەمان شێوە لە دۆخی بەلووچستاندا "سووتەمەنیبەری" بەرهەمی هەژاریی پێکهاتەیی، لەناوبردنی بەئەنقەستی ئابووری، نەبوونی ژێرخانی گەشەپێدراو و ئیمتیازاتی تایبەتی تاران بۆ بیانییەکانە، بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە بۆچی مردنی ئەو کەسە بێتاوانانە لە شارەکانی ناوەندی ئێراندا بووەتە شتێکی ئاسایی؟
حکوومەتی تۆتالیتەر بۆ مانەوە تەنیا پشت بە سەرکوتکردنی جەستەیی نابەستێت، هەروەها دەبێت هەستیاریی ئەخلاقی کۆمەڵگە لەنێو ببات، واتە کۆمەڵگە بگەیەننە ئاستێک کە مردن چیتر شۆک نەبێت. کاتێک ڕۆژانە هەواڵی تەقە و کوشتنی کۆڵبەرێک لە بەفردا یان سووتانی "سوختبەر"ێک لە ئاگردا بڵاو دەبێتەوە و هیچ گۆڕانێکی سیاسی ڕوو نادات، وردە وردە هزری گشتی لەلایەن حکوومەتی تارانەوە بەو ئاراستەیە بەلاڕێدا دەڕوات کە "ئێمە توانای هیچ گۆڕانێکمان نییە".
ئەمە ئەو پڕۆسەیەیە کە حکوومەتی پاوانخواز خوازیاریەتی و دەکرێت ناوی بنێین ئاساییکردنەوەی جینایەت و توندوتیژی، لەو حاڵەتەدا توندوتیژی نەک تەنیا قوربانییەکە دەکوژێت، بەڵکوو بینەریش لە دەروونەوە لەنێو دەبات.
کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت لە شارەکانی نێوەڕاست، لە بەناو ڕووناکبیرانەوە بگرە هەتا ئەوانەی دەستیان لە میدیای دەوڵەتی و نیمچە دەوڵەتیدا ئاوەڵەیە، ساڵانێکە پڕۆڤەی دیتنی مردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان دەکات. کۆڵبەر و "سوختبەر" هەمیشە لە خەیاڵی ناوەندچییەکاندا "ئەوانی تر"ن، نەک خۆیی. ئەم مەودای کۆمەڵایەتییە بووەتە هۆی ئەوەی مردنیان هەل بۆ قەیرانێکی قووڵتر و بەربڵاوتر ئامادە بکات.
دەسەڵاتیش ڕێک سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەم بۆشاییە کردووە: ناوەند / پەراوێز، فارس / غەیرە فارس، چینی مامناوەند / هەژار؛ چونکە پاوانخوازی کاتێک بەردەوام دەبێت کە ئازارەکان نەبنە گشتی و کاتێک هەر ناوچە و ئایین و نەتەوە و چینێک خۆی بە هاوسۆزی کەسێکی تر نەزانێت. کاتێک بڕینی دارێک لە شەقامی وەلی عەسری تاراندا زیاتر لە کوشتنی مرۆڤێک لە کوردستان یان بەلووچستاندا سەرنجی زیاتر وەردەگرێت، یاخود داکەوتنی مێزەری ئاخوندێکی شیعە لە تاران و مەشهەددا، لە زیندانیکردن و لەسێدارەدانی مەلایەک، فەقێیەک یا چالاکێکی مەزهەبیی سوننە پتر "علمدار"ەکان بۆ "سینەزنی" هان دەدات، لێرەدایە کە مەسەلەکە تەنیا سەرکوتی حکوومەتی نییە، بەڵکوو قەیرانی ئەخلاقی لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆشدا دەورووژێنرێت و دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
کۆمەڵگەیەک کە لە پەراوێزدا بە مەرگی "ئەوی دی" ڕابێت، درهەنگ یا زوو بە مردنی "خۆیی" لە ناوەندیشدا ڕادێت.
ئەمڕۆ کە هەواڵی لەسێدارەدانی ناڕازییەکی سیاسی بڵاو دەبێتەوە و هیچ کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو لە گەورەشارەکانی نێوەڕاستدا نییە، نابێت مرۆڤ وا بیر بکاتەوە ئەمە لەناکاو و لە شەوێکدا ڕووی داوە. ئەمەش بەرهەمی پڕۆسەیەکی درێژخایەنی بێهەستیاریی سیاسییە. ئەو حکوومەتەی کە توانی کوشتنی کۆڵبەر بکاتە هەواڵی ڕۆژانە و دواتر "سوختبەر"یشی پێ زیاد کرد، ئێستا توانیویەتی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران بخاتە نێو ڕیزبەندیی هەواڵە ئاساییەکانەوە.
لە زانستی سیاسیدا دەتوانرێت ئەم دۆخە بە جۆرێک لە "ئەتۆمکردنی کۆمەڵگە" هەژمار بکرێت، واتە "داڕمانی پەیوەندیی هاودەنگیی". تاکەکان چیتر خۆیان وەک بەشێک لە چارەنووسێکی هاوبەش نابینن. هەموو کەسێک تەنیا تا سنووری مانەوەی تاکەکەسیی خۆی پاشەکشە دەکات. پاوانخوازی وردە وردە لەمەوە هێز وەردەگرێت، لە کۆمەڵگەیەکەوە کە چیتر "ئێمە"ی نییە.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا تەنانەت دەربڕینی ناڕەزایەتیش دەبێتە کردەوەیەکی تاکەکەسی؛ تووڕەیی هەیە، بەڵام ڕێکخراو نییە؛ ماتەمینی هەیە، بەڵام نابێتە کردەوەیەکی سیاسی. کۆمەڵگە لە نێوان تووڕەیی و بێدەسەڵاتیدا هەڵواسراو دەمێنێتەوە.
خاڵی تراژیدیتر ئەوەیە کە بەشێک لە چینی مامناوەندی ئێران، هەتا ئەو کاتەی توندوتیژییەکان ئاراستەی شارەکانی پەراوێز و دوورەدەستی ئێران بووبێت، ئەو بابەتەیان بە کێشەی خۆیان نەزانیوە و بەدڵنیاییەوە پێیان وا نەبووە کە دەسەڵاتی سیاسی هەرگیز بەوەوە ناوەستێت. واتە ئەو جینایەت و توندوتیژیانەی لە سنوورەکاندا دەکرا پڕۆڤەیەک بوو و ئێستا لە شار و گەڕەکەکانی ناوەندی ئێراندا درێژەی هەیە. هەمان فیشەک کە سەرەتا بەر کۆڵبەر دەکەوت، پاشان خۆپێشاندەری سەر شەقامی کردە ئامانج.
لەم ڕوانگەیەوە، کۆڵبەرەکان و "سوختبەر"ەکان تەنیا قوربانیی هەژاری نەبوون، ئەوان تاقیگەی سیاسیی "ئاساییکردنەوەی مەرگ" بوون لە ئێراندا. ڕەنگە تاڵترین بەش لە چیرۆکەکەدا ئەوە بێت کە کۆمەڵگە، پێش ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە شکست بهێنێت، لە ڕووی عاتفییەوە پڕتووکاوە. کەسانێک کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی شەپۆلی هەواڵی سەرکوتکردن، لەسێدارەدان، هەژاری و زەلیلبوون دەبنەوە، وردە وردە تووشی جۆرێک لە "ماندوێتیی ئەخلاقی" دەبن.
لەم دۆخەدا بۆ پاراستنی ڕۆح و دەروون، مرۆڤ ناچارە خۆی دوور بخاتەوە یاخود بێهەست بێت و وا بنوێنێت هیچی نەدیتووە. ئەمە تەنیا ترس نییە، جۆرێکە لە میکانیزمی مانەوە؛ و ئەم میکانیزمەی مانەوە، لە ئاستێکی گشتیدا دەبێتە هۆی مەرگی سیاسەت؛ چونکە سیاسەت لەوەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ ئازاری کەسێکی دیکە بە ئازاری خۆی دەزانێت.
کاتێک کۆمەڵگە ناتوانێت پەیوەندییەک لە نێوان مردنی کۆڵبەرێک، لەسێدارەدانی ناڕازییەکی دەسەڵات، هەژاریی کرێکارێک و سەرکوتکردنی ژنێکی مافخوازدا دروست بکات، ڕێژیمی تۆتالیتەر نەک تەنیا لە شەقام، بەڵکوو لە مێشکدا بە ئامانجی خۆی گەیشتووە. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە کێشەی سەرەکی لە ئێرانی ئەمڕۆدا تەنیا سەرکوتی حکوومەتی نییە، قەیرانی داڕمانی هاوپشتیی کۆمەڵایەتییە؛ و هەتا ئەو کاتەی کە "ئەوی دی دوورەدەست" جارێکی تر ببێتە "بەشێک لە ئێمە"، کۆمەڵگە لە دۆخی پاسیڤییەت و تەماشاکردندا دەمێنێتەوە.
بێگومان جێی خۆیەتی ڕۆڵی نەرێنیی میدیای دەوڵەتی یان ئەوانەی هاوتەریبن لەگەڵ سیاسەتی ڕاستڕەودا لە دروستکردنی ئەم پاسیڤییەت و نەبوونی ڕۆڵی جەماوەردا، بەوردی بۆی بڕوانرێت و لەبەرچاو بگیرێت.