
د. ئازاد محەممەدیانی
ئەگەر بڕوانینە بەستێنە مێژووییەکەی پێکهاتنی هاوپەیمانەتیی شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی و ئەو ئەرکەی چاوەڕوانی کۆمەڵگەیە لەو هاوپەیمانەتییە، ئیدی نابێ تەنیا وەک ڕووداوێکی سیاسیی ئاسایی یا وەک سازان و هاوپەیمانەتیی شەش حیزبی سیاسی خوێندوەی بۆ بکرێ و لێی بڕواندرێ. پێشتریش باسم کردووە کە ئەم هاوپەیمانەتییە چەندە دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێ بۆ سازبوونی "گوتاری هاوبەشی کوردی"، بەڵام ئەوەی دەمهەوێ لەم بابەتەدا باسی بکەم، گشتییەتێک لە ئەرکی ئەو هاوپەیمانەتییە و شێوەی هەڵسوکەوتی بکەری کوردی واتە؛ تاک، نوخبە، کادری حیزبی و بە گشتی حیزبەکانن بە نیسبەت ئەم هاوپەیمانەتییە، وەک تاک و لایەنێکی بەرپرسیار هەمبەر بە نەتەوە و کۆمەڵگەکەیان.
پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەرکی ئەو هاوپەیمانەتییە بۆ ئێستای کورد چییە و چۆن دەتوانێ لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورددا بێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لام وایە هاوپەیمانەتی دوو ئەرکی زۆر گرینگی هەیە، یەکەم ئەوەی نێو ماڵی کورد ڕێکدەخا و پێش هەرجۆرە پرش و بڵاویی هەڵوێست لە ئیستا و داهاتوودا بۆ بەڕێوەبەریی کوردستان دەگرێ، کە لە ڕاستیدا بە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان نییە و هیچ هاوپەیمانەتییەک لە هیچ شوێنێکی دنیا و مێژوودا بەو ئامانجە واتە سڕینەوەی جیاوازییەکان پێک نایات. ئەزقەزا گرینگیی هاوپەیمانەتی لەوەدایە کە وێڕای جیاوازی، کۆمەڵێک لایەن لە سەر هێندێک شت ڕێک دەکەون بۆ بەهێزتر بوون و باشتر بردنە پیشی ئەو ئەرکەی ئەو یەکگرتووییەی لەسەر ساز بووە. ئەرکی دیکەی هاوپەیمانەتی یەک هەڵوێست بوون و هێزی زیاتر و کاریگەرترە لە بەرامبەر هەرجۆرە ئەویتریەکدا، چ ئەو ئەویترییە ئەویتری "ڕکەبەر" بێ چ ئەویتری "دژبەر"، واتە ڕۆڵی ئێستای هاوپەیمانەتی لە بەرامبەر دوژمنانی کورد و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا بە هێزتر دەرکەوتن و هێنانە بەرباسی داواکاریە نەتەوەییەکانی کوردە بە شێوەیەکی دیاریکراووهاوشێوە. کە ئەو دوو ئەرکە لە کۆتاییدا و لە درێژی یەک ڕەوتی مێژووییدا دەتوانێ بەرهەمهێنی "گوتاری هاوبەشی کوردی" بێت. گوتارێک کە یەک لە گرینگترین کۆڵەکەکانی پێکهاتنی نەتەوە و کیانێکی تایبەتە. دیارە هاوپەیمانەتی لە یەکەم هەنگاودا لە سەر کاغەز و بەپێی بڕیاری شەش حیزب فەرمی بووە بەلام بۆ ئەوەیکە وەها بڕیارێک ئەرکەکانی پێ جێبەجێ بکرێ و لە ئاکامدا ئەو گوتارە هاوبەشەی کە باسم کرد بەرهەم بێ پێویستە وەک زەروورەتێک لە زەین، زمان و کرداری هەموو بکەرانی ئەو مەیدانەدا جێگیر بێ. ئەوەش کاتێک دەتوانێ دەستەبەر بێ کە وەک بەرپرسیارەتێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی چاوی لێ بکرێ.
کەواتە ئەو شتەیکە دەتوانێ ئەو هاوپەیمانەتییە لە سازانێکی کاتییەوە بەرەو پڕۆژەیەکی درێژماوەی جێگیر بەرێت، دەروونیبوونی پاراستنی ئەو پێکهاتەیەیە وەک بەرپرسیارەتییەکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی حیزبەکانەوە تا کادر و نوخبەی ئەو حیزبانە.
حیزبەکان پێویستە لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا خوێندنەوە بۆ ئەو هاوپەیمانەتییە بکەن. واتە هێزە سیاسییەکان دەبێ لە لۆژیکی تەواو حیزبی دوور بکەونەوە. مێژووی سیاسیی کورد نیشانی داوە کە کێبڕکێی حیزبی لە نێوان حیزبەکاندا توانایی ئەوەی هەیە ببێتە دوژمنایەتی و هەموو هەوڵێکی لێکنزیکبوونەوە و کاری درێژ ماوە تێک بدات. لەم دۆخەدا، هەر حیزبێک لە بەردەم دوو هەلبژاردن دایە: هاوپەیمانی وەک ئامرازێکی تاکتیکی بۆ بەهێزکردنی خۆی ببینێت، یان وەک بەشێک لە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتر بەرامبەر بە کۆمەڵگەی کوردی.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو ڕوانگەیە، جیاوازیی نێوان هاوپەیمانییەکی لاواز و پرۆژەیەکی بەردەوام و نەتەوەییە، لێرەدایە دەبێ حیزبی کوردی جیاوازی نێوان کارکردن لە چوارچێوەیەکدا و سڕینەوەی جیاوازیەکان بزانێ و بۆ ئەوەی بیر لە هێژمۆن بوونی خۆی نەکاتەوە پێویستە لە یەکەم هەنگاودا ئەو جیاوازیانە بە فەرمی بناسێ. دوو ئەوەیکە گفتوگۆ بکاتە هەوێنی هەر باسێک و سێهەم ئەوەیکە بەرژەوەندیە گشتیەکان لە دەلاقەی ڕوانگەیەکی جەماوەریەوە ببینێ نە ڕوانگەی حیزبی خۆیەوە. لە ڕاستیدا حیزبی کوردی دەبێ فێری ئەو بنەمایە بێت کە ساز بوونی شتی گەورەتر و کاریگەرتر بەهای دەوێ، ئەو بەهایەش دەست هەڵگرتنە لە هێندێک بەرژەوەندی کە ڕەنگە ئەگەر وەک خۆی بەشێک نەبایە لەو هاوپەیمانەتیە لە کورت ماوەدا قازانجی حیزبی زیاتری بایە. بەڵام کاتێک باس لەو بەرپرسیارەتیە کۆمەڵایەتییە دەکەی ئیتر تۆ وەک حیزبی بەرپرسیار لە بەرامبەر نەتەوەکەتدا دەست لەم بەرژەوەندییە کاتییە حیزبییەی خۆت هەڵدەگری. ئەوە ئەو کاتەیە کە هاوپەیمانەتی دەتوانێ بەرێتە دۆخێکی جیاوازەوە کە لە کۆتاییدا بەرهەمهێنی ویستە گشتییە نەتەوەییەکەیە.
بەڵام جاری وایە ڕێبەرایەتیی حیزبەکان وەک بڕیاردەری کۆتایی کۆکن لە سەر بابەتەکان و حەولیان داوە بە هەرجۆرێکە کیشەکان کەم بکەنەوە و لێکنزیک بنەوە، بەڵام زمان، ڕەفتار و کردەوەی کادری ئەو حیزبانە بە جۆرێک بووە کە دۆخەکەی لێڵ کردووە و بێ لەبەرچاو گرتنی بایەخەکانی ئەو پێکهاتەیە مەترسی گەورە بۆ درێژەدار بوونی ساز دەکەن. دیارە ئەمە بەشێکی پێوەندی هەیە بە پەروەردەی تاکی کورد و قەبووڵنەکردنی هەڵپەساردنی بەرژەوەندییە تاکی و حیزبیەکان و بەشێکیشی پێوەندی هەیە بە دەمارگرژیی حیزبییەوە، بە جۆرێک کە پێیان وایە ڕاستەقینەی ڕەها لە لای حیزبەکەی خۆیانە و بەدەر لە ڕوانگەی حیزبی خۆیان هەرچی هەیە ناڕاستە و تەنانەت جاری وایە پێیان خەیانەتە. شتێک کە لە دۆخێکی تەندروستدا ڕیگەپێدراو نییە و وەک ژەهری پێکەوە هەڵکردن دێتە ئەژمار. بۆیە پێویستە کادری حیزبەکانیش ئەو پێداویستیە کۆمەلایەتیە دەرک بکەن و لە چوارچێوەی بەرپرسیارەتی نەتەوەییدا ئیزن بدەن ڕێبەرایەتیی حیزبەکەیان لە کەش و هەوایەکی ئارام و دۆستانەدا هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ پێکهاتەکانی هاوپەیمانەتی. لە ڕاستیدا لە ڕوانگەی هێندێک کادری ئەو حیزبانەوە سنووری خەیانەت و جیاوازی تێک دەچێ و هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە کە هەرجۆرە کردەوەیەکی ناهاوشێوەی ڕوانگەی ئەوان وەک خەیانەت لێکدانەوەی بۆ بکرێ، کە ئەزقەزا بە ساز بوونی گوتاری هاوبەش وەک ئاکامی کۆتایی ئەو هاوپەیمانەتەیە سنووری خیانەت دەکێشرێتەوە و هاووڵاتی کورد دەزانێ چی خەیانەتە و چی جیاوازی دێتە ژمار و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە کوێی ئەو سنوورەدایە.
لێرەدایە کە پێویستە باسی توێژێکی دیکە لە نێو حیزبە سیاسیەکاندا بکەم کە ڕۆڵی گرینگ و تایبەت دەگێڕن سەبارەت بەو هاوپەیمانەتییە و ئەرکەکانی. تویژێک کە لە نێوان ڕێبەریی حیزبەکان کە بڕیاردەرانی ئەو حیزبانەن و کادر و بەدەنەی حیزبەکاندا دەتوانن وەک ئاڵقەی پێوەندی و هاوسەنگی و هاوکات زانیاریبەخش ڕۆڵی تایبەتی خۆیان لە چوارچێوەی بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی هەمبەر بەو هاوپەیمانەتیە بگیڕن. نوخبە و خوێندەوارانی نێو حیزبە سیاسییەکان ئەو توێژە گرینگەن کە هەم ئیمکانی ئەوەیان هەیە ببنە لەمپەڕی بەر ئەرکە بنەماییەکانی هاوپەیمانەتی و هەمیش دەتوانن ڕێخۆشکەر و هاندەری ڕێبەرایەتی و ئەندامان بن بۆ لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی گەلی کورد لە بەرامبەر بەرژەوەندی تاک و حیزبیدا. نوخبەی حیزبی وێڕای ئەوەیکە پێویستە بیر لەو دەرفەتە بکاتەوە کە هاوپەیمانەتی بە نەتەوە و کۆمەڵگەکەی دەبەخشێ ئەوەش بزانێ کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتوو هاوچەشنی وڵاتە گەشە سەندووەکانی دونیا نییە و لە هەر چرکەیەکدا ئیمکانی ئەوە هەیە بە هەر هۆکار و بیانوویەک ئەو هاوپەیمانەتیە هەڵبوەشێتەوە یا لاواز و ناچالاک بێ، کەواتە ئەو ئەرکە دەبێ وە ئەستۆ بگرێ کە پارێزگاری لێ بکات و چاو لەو بەرژەوەندییانە دابخات کە مومکین بوو بەدەر لەو هاوپەیمانەتی و لە چوارچێوەی حیزبەکەیدا هەیبایە.
نوخبەی حیزبی دەبێ دەرک بەوە بکات ئەوەی ئەو قەرارە سیاسەتی لەگەڵ بکات وەک خۆی لە کۆمەڵگەیەکی پاتریمۆنیال یا باوکسالارەوە هاتووە کە بە درێژی تەمەنی، باوک قسەی هەوەڵ و ئاخری کردووە. دواتر هەر وەک خۆی چووەتە قوتابخانەیەک کە یەک قسە، قسەی ڕاستیی موتڵەق بووە و ئەوی دیکە مەترسی و نادروست ئەویش قسەی نێو کتێبەکانی ئەو نیزامە پەروەردە سەقەتە و مامۆستاکانی بوون کە بۆخۆشیان لە هەمان سەرچاوەی سەقەت گۆچیان گرتووە. نوخبەی کورد دەبێ ئەوە بزانێ ئەو کەسانەی بەردەنگی ئەون ڕێک وەک خۆی لە کۆمەڵگەیەکدا پێگەیشتوون کە هەر کەس حەولی داوە نوسخەی خۆی بۆ هەمووشتێک و هەموو کەسی وەک هاوڕێ و هاوکار و جیران و هاوشاری و هاووڵاتیەکەی بپێچێتەوە و هیچ شتێک بە ناوی گفتوگۆی دوو لایەنە بوونی نەبووە. لە ئاکامدا نوخبەی نێو حیزبەکان دەبێ ئەوە بزانن ئێمە هەموومان لەژێر حوکمی دەسەڵاتێکدا باڵامان کردووە کە زمانمان تەنیا بۆ سەلماندنی ڕەوایی ئەوان ئیزنی بووە بێتە گۆ. کەواتە نوخبەی حیزبی دەبێ وێڕای ئەو دەرکەی کە دەبێ لە کۆمەڵگە و زەینی ئینسانی کورد هەیەتی بە هەموو تواناکانیەوە پارێزگاری لە چرکە بە چرکەی ئەو هاوەپەیمانەتیە بکات کە خەریکە فێری گفتوگۆمان دەکات، فێری پێکەوە سازان وێڕای جیاوازیەکانمان دەکات و ڕامان دێنێ بەرژەوەندی ئێمە لەو دەستکەوتە دایە کە کورد وەدەستی دێنێ لە ئاکامی ئەو تەنازوولەی ئێمە ئێستا لە هێندێک ویست و بەرژەوەندیی تاکی و حیزبی دەیکەن. نوخبەی نێو حیزبەکان نابێ بۆ یەک چرکەش تەنانەت بۆ یەک چرکەش بیر لەوە بکەنەوە هەنگاوێک هەڵبێننەوە کە مەترسیەک لە سەر ئەو هاوپەیمانەتیە ساز بکات. شتێک کە دەتوانێ و دەبێ خولیای کوردانەمانی تێدا هاوبەش بکەین و خەونی نەتەوەکەمانی پێ بێنینە دی.
دیارە ئەوەیکە بگوترێ ئەو هاوپەیمانەتییە دەتوانێ هەموو خەونی کوردانەمان بێنێتە دی بە دڵنیاییەوە ئیدیعایەکی دوور لە ڕاستییە بەڵام هەموو قسەی من ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکانەی لە هاوپەیمانەتی دەتوانین هەمانبێ و ئەو داوا گشتییەی کوردی ڕۆژهەڵات لە حیزبە کوردییەکان بە بەردەوامی بۆ سازکردنی بەرەیەکی کوردستانی بوویەتی و دۆخی هەستیاری ئێستامان لە ئێراندا ئەوەمان پێ دەڵی کە ئێمە مەحکووم بەو یەکگرتوویەیین و دەبێ ئەو دەرفەتە بەو هاوپەیمانەتیە بدەین بەرەو ئەو مەسیرە بڕوات کە قازانجی گشتیی نەتەوەکەمانی تێدایە. ئەوەش لام وایە مومکین نابێ بێ ئەوەیکە پاراستن و پارێزگاریکردن لەو هاوپەیمانەتییە وەک بەرپرسیارەتییەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی چاو لێ بکەین و هەر هەنگاوێک لە مەیدانی سیاسەتدا هەڵدێنینەوە بەو ڕوانگەیەوە بێت کە ئێمە بەرپرسین لە بەرامبەر کۆمەڵگە و نەتەوەکەماندا و ئەو بەرپرسیارەتییە کاتێک دەتوانێ قازانجی نەتەوەکەمانی لێ بکەوێتەوە کە چاو لە قازانجە تاکی و حیزبیەکانمان دابخەین.
کاتێک دەتوانین ئیمان بێنین بە سنوورە ڕاستییەکانی خەیانەت و وەفاداری کە پێکەوە لە دۆخێکی ئارامدا و لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ڕاوێژ خاڵەکانی بەرژەوەندی نەتەوەییمان دیاری کردووە. ئەوەیکە دەڵێم دەرفەت بدەین بە هاوپەیمانی مەبەستم ئەوەیە لە ئاکامی ئەو دەرفەتەدا ئێمە وەک کورد نە تەنیا کۆمەڵگەی کوردیمان بە شیوەیەکی واقعییانەتر نوێنەرایەتی کردووە و لە بەرامبەر دوژمن و بەردەنگە غەیرە کوردەکانماندا بەهێزتر دەرکەوتووین بەڵکوو وێنەیەکی بەهێز و باشیش دەبین بۆ کۆمەڵگەیەک کە دەستەویەخەی دەیان کێشەی کولتووریە و هەموو جۆرە جیاوازییەکی تێدایە، واتە کولتووری دیالۆگ، هەڵکردن و لێک تێگەیشتن و کاری گشتیمان فێر کردوون. ئێمە دوای ئەوەی کوردستانیش ڕزگار بێت پێویستیمان بە کۆمەڵگەیەکی تەندروست، ئازاد و ئارامە ئەوەش دەستەبەر نابێ مەگەر بە پڕۆڤەی بنەماکانی دێموکراسی کە هەڵکردن و مەدارا لە ڕێی گفتوگۆ و بەفەرمیناسینی جیاوازییەکانەوە دەستەبەر دەبێ لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەو دێموکراسیەن، کە هاوپەیمانەتی ئێستا دەتوانێ هەلی ئەو پرۆڤەیەمان بۆ بڕەخسێنێ.