کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی دیپلۆماسی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران لە ژێر ڕۆشنایی ئایدیۆلۆژیی یاسای بنەڕەتیدا

10:08 - 10 بانەمەڕ 2726

د. ئارەزوو نستانی

کێشەی ئێران و ئەمریکا یان بە واتایەکی دروستتر کێشەی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەزمی جیهانیی ئاراییدا، کە بەرهەمی ناکارایی ئەنجومەنی ئاسایشە وەک گرینگترین دامەزراوەی بڕیاردەری نێودەوڵەتی، لانیکەم دوو دەیەیە لە ڕێگەی دیپلۆماسی هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێ. دەسپێکی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی چر و ئاشکرا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٨٣ کە هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەشێوەی ناڕوون ئاشکرا بوو. سەرنەکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ملنەدانی ئێران بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئەو پرسە و سەرەنجام سزادانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاشەکشەپێکردنی لە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی چ لە ڕێگەی ئابڵۆقەی ئابووری و تەنانەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز، نەک نەیتوانی ببێتە هۆی گۆڕینی هەڵسوکەوتی ئەو ڕێژێمە و پابەندکردنی بە جێبەجێکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە نەزمی ئارایی جیهانی، بەڵکوو ڕێژیمی ئێرانی بەرەو گرتنەبەری کۆمەڵێک پێشێلکاریی دیکەی وەک پەرەپێدان بە بەرنامە موشەکییەکانی و ڕێکخستن و پڕچەککردنی گروپە نیابەتییەکانی و لە ئێستاشدا مەترسی خستنە سەر ئازادیی بازرگانیی جیهانی لە گەرووی هۆرمز هان دا.

ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە ئایا چەندە بنەما باوەڕییەکانی کۆماری ئیسلامی، کە چوارچێوەی ڕوانین و سیاسەتی دەرەوەی ئێران دیاری دەکەن و تەنها وەک تێزی 'ویلایەتی فەقیه' لە ئاستی تیۆریدا سنووردار نەماونەتەوە و کراونەتە بەشێکی سەرەکی لەنێو دەقەکانی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هاوئاهەنگن لەگەڵ بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی. تا چەند ئەو بنەمایانە کە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، جێبەجێکردنیان بواری سەرکەوتنی چارەسەری ململانێیەکان بە ڕێگای دیپلۆماسی دەستەبەر دەکەن جێگیر کراون؟ ئایا ڕێژیمی ئێران لە بوونی  ئەو دوانە ناتەبایانەدا چۆن دەتوانی هاوئاهەنگی دروست بکا لەنێوان ئەم بنەما دەستورییانە کە هەڵقوڵاوی بنەما باوەڕییەکانی ویلایەتی فەقیهن، لەگەڵ بنەماکانی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی، تا بتوانێ مل بدا بە دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کۆی پرسە ‌هەڵواسراوەکانی و وەلانانی شەڕەنگێزییەکانی؟

  پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ڕێکخستنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان دەوڵەتان دادەنرێن کە مەبەست لێی پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی و هەروەها بەهێزکردنی چوارچێوەکانی هاوکاریکردنی نێودەوڵەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە لە سەردەمی نوێدا. ئەم پەیوەندییانە گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە بەهۆی گۆڕانکارییە خێرا سیاسی، ئابووری و تەکنەلۆژییەکان کە سیستەمی نێودەوڵەتی پێیاندا تێدەپەڕێت. لەم چوارچێوەیەدا، وەدیهێنانی شایستەیی لە کارکردی دیپلۆماسیدا، پێویستی بە کۆمەڵێک لێهاتوویی پێشکەوتوو هەیە کە پێویستی بە زانیاریی قووڵ لەسەر یاساکانی نێودەوڵەتی و توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هەروەها لێهاتوویی لە سەرکردایەتی کردنی گفتوگۆ و وتووێژە ئاڵۆزەکان هەیە. دیپلۆماسی و یاسای نێودەوڵەتی پەیوەندییەکی تەواو دوولایەنە و تەواوکەریان پێکەوە هەیە، چونکە یاسا چوارچێوەی هەڵسوکەوتی دیپلۆماسی دیاری دەکا و دیپلۆماسیش ئامرازە بۆ جێبەجێکردنی بنەما یاساییەکان. بەم پێیە، دەتوانین بڵێین کە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی نەک تەنها چوارچێوەی یاسایی دیپلۆماسی پێکدەهێنن، بەڵکو ڕۆڵێکی ستراتیژی دەگێڕن لە ڕێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دەوڵەتان، کەمکردنەوەی ململانێیەکان، و دامەزراندنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا و ئاشتیخوازی.

    ئاستی سەرکەوتنی دیپلۆماسی دەتوانرێ وەک پێوەرێکی ڕاستەقینە و بابەتی بەکار بهێنرێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی سەرکەوتن یان شکستی سیاسەتی دەرەوەی هەر دەوڵەتێک، چونکە دیپلۆماسی وەک ئاوێنەیەکی ڕەنگدانەوە کار دەکا و ئاراستە و ناوەڕۆکی سیاسەتی دەرەوە لە چوارچێوەی ژینگەی گشتیی نێودەوڵەتیدا نیشان دەدا. بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسی، پێویستە سیاسەتێکی دەرەوەی ڕوون و دیاریکراو لە ڕووی تایبەتمەندی و ئامانجەکانەوە پەیڕەو بکرێ کە لە هەر جۆرە دژبەیەکبوون و ناهاوسەنگییەک بەدوور بێ.

ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جیهانی دەرەوە، ڕەگی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ داکوتاوە، کە بووە بە بنچینەی سەرەکیی دروستبوونی تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران. ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا پشتی بە تێکەڵکردنی ئایدیۆلۆژیای مەزهەبی (شیعی) و بنەمای شۆڕشگێڕانە و هاوکات هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردنی ڕەهەندی پراگماتیکی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەستووە، کە ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی جەدەل و ناکۆکی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا.

لە چوارچێوەی فراوانکردنی هەژمۆنیی دەرەکی، ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە هاوپەیمانیی نوێ لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی سیاسی - ئایدیۆلۆژیی فراوانخوازانە پێک‌بێنێ، کە ئامانجی دیاریکردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیەتی. لەنێو ئەم چوارچێوەیەدا، میکانیزمی پەیوەستکردنی شیعەکانی جیهان بە ئێران و هەناردەکردنی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی و بڵاوکردنەوەی شیعیەت وەک بەشێک لە ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی، بە شێوەیەکی دیار لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەدی دەکرێ.

ئەم بیروباوەڕە مەزهەبی و شۆڕشگێڕییە و قەتیس مانەوە لە سنووری بیرکردنەوەی پیاوانی ئایینی کە دەستیان بەسەر دەسەڵات لە ئێراندا گرتووە، ئاراستەی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دیاری دەکا. بەجۆرێک کە ئەم بنەما و بیرۆکانە کراونەتە بەشێکی سەرەکی لەنێو دەقە سەرەکییەکانی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (1979) بۆتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ دیاریکردنی ئاراستەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران؛ لەوانەش: ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم و زاڵبوون، پشتگیری لە "مستەضعفان" لە جیهاندا، ڕەتکردنەوەی وابەستەبوون بە هێزە گەورەکان، بەرگری لە کێشەکانی ئوممەتی ئیسلامی.

ئەم چوارچێوە بنەڕەتییە ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونێک لە نێوان ڕەهەندی ئایدیۆلۆژی کە لە شۆڕشەوە سەرچاوە دەگرێت و هەرەها ئامانجە ڕاستەوخۆ و واقیعییەکانی سیاسەتی دەرەوە. ئەم ئاوێتەییە لە نێوان بنەما ئایدیۆلۆژییەکان و پابەندییە نێودەوڵەتییە کۆنەکان ئالەنگارییەک درووست دەکا لەنێوان هاوسەنگیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ یاساکانی گشتیی نێودەوڵەتی؛ چونکە لە پێشەکیی یاسای بنەڕەتیدا جەخت کراوەتەوە کە شۆڕشی ئێران بزووتنەوەیەکە بۆ پشتگیری لە هەموو "مستەضعفان" (هەژار و چەوساوەکان)ی جیهان دژی ستەمکاران و زەمینە دەڕەخسێنێ بۆ پەرەپێدانی هاوپشتی لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ئیسلامی و فراوانکردنی بازنەی ئوممەتی یەکگرتوو بە مەبەستی بەردەوامبوونی شۆڕش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات،.

ئەم ئاراستەیە تایبەتمەندیی ئایدیۆلۆژیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەردەخا، چونکە ڕێژیمی ئێران بەزۆری شەرعییەتی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی لە بیرۆکەی "هەناردەکردنی شۆڕش" و بەرەنگاربوونەوەی "ئیستکباری جیهانی" وەردەگرێ، نەک لە بنەما کلاسیکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی. ئەم تێکەڵبوونە لە نێوان سەرچاوە دینی-شۆڕشگێڕییەکان و یاسای بنەڕەتی، بۆتە هۆی ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران تایبەتمەندییەکی سەرووسنووری (فرامرزی) هەبێت لە داڕشتنی بەرژەوەندییەکان، کە ئەمەش دەتوانێ ببێتە هۆی درووستبوونی دۆخی ئاڵۆزی بەردەوام لەگەڵ بنەماکانی سەروەری و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی دەوڵەتان.

لە گرینگترین ئەو بنەمایانەی یاسای بنەڕەتیی ئێران کە ناتەبان لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی:

١ - بنەمای پاراستنی "مستەضعفان" و بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتان

ئەم بنەمایە یەکێکە لە سەرچاوە بڕوایی و سیاسییە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دوای شۆڕشی 1979. ئەم بنەمایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕوا دینی و فکرییانەی کە دواجار لە یاسای بنەڕەتیشدا جێکراوەتەوە و بنچینەکەی بریتییە لە پشتگیری کردن لەو گەلانەی کە لە ژێر داگیرکاری یان دەسەڵاتداریی نادادپەروەر دان، وەک درێژکراوەی بیری «یارمەتیدانی زوڵملێکراو» کە ڕەگی دینی هەیە لە فکری شیعیدا.

لە ماددەی ١٥٤ی یاسای بنەڕەتی دا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیری لە خەباتی ڕەوای "مستضعفان" دژی زۆرداران لە هەر شوێنێکی جیهاندا دەکا و لە هەمان کاتدا خۆی لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی گەلانی تر دەپارێزێ."

ئەم بنەمایە ناتەبایە لەگەڵ بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتانی تر وەک بنەمایەکی جێگیر و بەهێزی عورفی. لە ماددەی (2/7) لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت کراوەتەوە، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە هیچ دەوڵەتێک مافی دەستێوەردانی نییە کە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتانی‌تر.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری (2131/خولی 20، ساڵی 1965) لە ڕاگەیاندنی قەدەغەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتان و پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی دەوڵەتان، ئەم بنەمایەی پشتڕاست کردۆتەوە.

لە داڕشتنی ماددەی (154) لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هەوڵ دراوە بۆ گونجاندنی پابەندبوونی ئێران بەبنەمای دەستوەرنەدان، بەڵام پڕاکتیکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران وێنایەکی تەواو جیاوازمان دەداتێ. بۆ نموونە ئێران دانی ناوە بەوەی کە یارمەتیی تەکنەلۆژی بۆ یەمەنییەکان دابین کردووە، کە ئەم کردارە دەتوانێ ئێران بخاتە دۆخی پێشێلکاری بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش. هەروەها، تیمی پسپۆڕانی تایبەت بە یەمەن لە نامەیەک بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، ئاماژەی بە بوونی بەڵگەگەلێک داوە کە پیشان دەدا تاکەکان یان دامەزراوەکان لە ناو ئێران، چەک و کەلوپەلی سەربازی دەنێرن بۆ حوسییەکان، کە پێشێلکاریی بڕیاری (2216) ساڵی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایشە.Bottom of Form

کەواتە بنەمای پاراستنی "مستەضعفان" لە دەقی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا، هەوڵ دەدا پابەندبوون بە پشتگیریی 'مستەضعفان' و خۆپاراستن لە پێشێل نەکردنی بنەمای دەستوەرنەدان بەیەکەوە کۆ بکاتەوە، بەڵام پڕاکتیکی ڕاستەقینە ئەم بنەمایە دەخاتە ناو بازنەیەک کە تێیدا لەگەڵ بنەمای دەستوەرنەدان و قەدەغەی بەکارهێنانی هێز دژایەتی دروست دەکا.

٢- بنەمای هەناردەکردنی شۆڕش و بنەمای سەروەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا

یاسای بنەڕەتیی ئێران بنەمای هەناردەکردنی شۆڕش وەک پابەندییەک بەرامبەر بە ئوممەتی ئیسلامی پێناسە دەکا، بۆ نموونە لە ماددەی (١٥٤)دا لە بوارى دروستکردن و ئامادەکردنی هێزە چەکدارەکانی وڵات، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی باوەڕ و عەقیدە ببنە بنچینە و بنەمای سەرەکی، و ئەم هێزانە تەنها بە پاراستن و چاودێری سنوورەکان پابەند نین، بەڵکوو پەیامی خودایی خۆیان هەڵدەگرن، کە بریتییە لە جیهاد لە پێناوی خودا و خەبات بۆ بڵاوبوونەوەی حوکمی یاسای خودایی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم بابەتە دژایەتیی ئاشکرای هەیە لەگەڵ بنەمای سەروەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا؛ چونکە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماددەی (2/1)دا جەخت دەکاتەوە کە هەموو دەوڵەتان لە سەروەریدا یەکسانن و مافی تەواویان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیان. هەروەها، کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاری نێوان دەوڵەتان (1970)، پشتڕاستی کردۆتەوە کە "هەر دەوڵەتێک مافی هەیە سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووریی خۆی هەڵبژێرێت و پەرە پێبدا بە بێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی." هەرچەندە ئێران وا دەبینێت کە هەناردەکردنی شۆڕش بە واتای دەستوەردانی سەربازی نییە، بەڵکو پشتگیری لە گەلە لاوازەکانە، بەڵام بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی هەر چالاکییەک کە لە سنووری بانگەوازێکی فکری دەرچێ و بگاتە چەکدارکردن، ڕاهێنان یان دابینکردنی دارایی و چەک بۆ گرووپەکان کە لە ناو دەوڵەتێکی ترن، بە پێشێلکردنی سەروەری دادەنرێ و بە بەکارهێنانی هێز ئەژمار دەکرێ کە دژایەتی هەیە لەگەڵ ماددەی (2/4) میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا قەدەغە دەکا.

٣- بنەمای ویلایەتی فەقیه و بنەمای یەکسانی لە سەروەری لە نێوان دەوڵەتاندا

لە ئێران باوەڕ بە ویلایەتی فەقیه یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ماددەی ١١٠ ی دەستووری ئێران دەسەڵاتی فراوان بە ویلایەتی فەقیه دەدا کە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوە و داڕشتنی بڕیارە ستراتیژییەکانی وڵاتیش دەگرێتەوە.

کاتێک سیستەمی سیاسیدا مەرجەعییەتی دینی ببێتە ئاراستەدەر و ڕێنمای سیاسەتی دەرەوە، ئەمە دەبێتە هۆی پشتبەستن بە پێوەرە مەزهەبییەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. لە کاتێکدا یاسای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یەکسانیی سەروەریی نێوان دەوڵەتان دامەزراوە لە دەرەوەی هەر جۆرە مەرجەعییەتێکی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی، بۆیە هێنانە ناوەوەی ئامرازە دینییەکان وەک پێوەری سەرەکی بۆ سیاسەتی دەرەوە، دەتوانێ دژایەتی دروست بکا لەگەڵ یاساکانی نێودەوڵەتی، کە لەسەر بێلایەنی و یەکسانیی یاسایی نێوان دەوڵەتان دامەزراون.

بنەمای ویلایەتی فەقیه ئەگەر وەک سیستەمێکی ناوخۆیی، شێوازی حکومڕانی لە ئێراندا دیاری بکا، لە بنەڕەتدا دژایەتی نییە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی،. بەڵام لە ڕووی یاسای بنەڕەتییەوە، تیۆریی ویلایەتی فەقیه تەعبیر کردنە لە پڕۆژەیەکی شیعیی جیهانی لە ژێر ڕێبەری وەلی فەقیه‌دا و ئەو بنەمایە وەک مەرجەعێکی سنووربەزێن یان وەک هۆکارێک بۆ دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەتانی‌تر کاری پێ دەکرێ.

یاسای بنەڕەتیی ئێران هیچ دەقێکی ڕوونی تێدا نییە کە ویلایەتی فەقیه یان حکومەت پابەند بکا بە ڕێزگرتن لە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، و هەروەها هیچ ئاماژەیەکی ڕوونی نییە بۆ ڕێزگرتن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پابەندبوون بە پەیماننامەی ئەو ڕێکخراوە کە لە یاسای بنەڕەتیی زۆربەی دەوڵەتانی‌تر ئاماژەی پێدراوە.

٤- بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری جیهانی و بنەمای قەدەغەی بەکارهێنانی هێز

فەسڵی دەیەم لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە دەکا و جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی زاڵبوونی هێزە گەورە و دەسەڵاتدارەکان دەکاتەوە. بنەمای ڕوبەڕوبوونەوەی "ستەمکاریی جیهانی" یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی ڕوانینی سیاسیی ئێران دوای شۆڕشی 1979. ئەم بنەمایە تەنها وەک شێوازێکی سیاسی نەماوە، بەڵکوو بۆتە چوارچێوەیەکی ستراتیژی کە ئاراستەی سیاسەتەکانی بەرگری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران دیاری دەکا و هەروەها وەک هۆکارێک بەکاردێ بۆ ڕەواییەت دانی دروستکردنی توانای سەربازی پێشکەوتوو، لەوانە پەرەپێدانی پرۆگرامە موشەکییە بالیستیکییەکان و پشتگیری لە هەندێک گرووپی چەکدار لە ناوچەکەدا. ئەم ئاراستەیە دژایەتی لەگەڵ بنەمای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز دەکات کە لە ماددەی (2/4) لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە. کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێناسەی تاوانی دەستدرێژی دەکا، لە ماددەی یەکەمی بڕیاری (3314) ساڵی 1974، هاتوە کە "بەکارهێنانی هێزی چەکدار لەلایەن دەوڵەتێکەوە دژی سەروەری، تەواویەتی خاک یان سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەتێکی تر، یان بە هەر شێوەیەکی تر کە دژایەتیی  پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکا".

بنەمای ڕوبەڕوبوونەوەی "ستەمکاریی جیهانی" دەتوانرێ لە چوارچێوەی خەباتی سیاسی، ئابووری و فکریدا لە ناوخۆی وڵاتێکدا وەک پابەندییەکی سیاسی-ئەخلاقی کاری پێ بکرێ، بەڵام ئەگەر بگۆڕدرێ بۆ پشتگیریی چەکداری یان کرداری سەربازی بە وەکالەت، ئەوا ڕاستەوخۆ دژایەتی لەگەڵ بنەمای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز دەکا. سەرکەوتنی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ئاریشەی ئێران پێویستی بە  نیشاندانی نیەت پاکییە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەک بنەمایەکی گشتیی یاسایی، بەو پێیەی پێویستە دەوڵەتان پەیماننامە و ڕێککەوتننامەکان بە ڕاستی و بێ فێڵ جێبەجێ بکەن و پابەند بن پێیانەوە. ئەم بنەمایە بنچینەی بەردەوامی و متمانە لە سیستەمی دیپلۆماسیدا پێکدێنێ. لەلایەکی دیکەوە بنەمای باڵایی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر یاسا بنەڕەتییەکان و یاسا نێوخۆییەکان، زەمینە دەڕخسێنێ تا دەوڵەت بتوانی پابەندییەکانی جێبەجێ بکا بە پێشخستنی بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی بەسەر یاسای بنەڕەتیدا و ڕیگا بۆ پشتبەستن بە دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان هەموار بکا، لە کاتێکدا لە سیستەمێکی ئایدۆلۆژیدا ئەستەمە دەوڵەت پابەند بکرێ بەو بنەمایانەوە. لە ئێستادا کە ئاماژەی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بەدی دەکرێ، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە دەزگای بڕوایی و پڕاگماتیکیی دیپلۆماسیی ئێران توانای بەردەوام بوونی ڕێککەوتننامەیەکی لەو چەشنە ناگرێ و زوو یان درەنگ دۆخەکە ڕوو لە گرژیی زیاتر دەکا.