کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی، هاوپەیمانی و ئەرکەکانی حیزب لە هەلومەرجی تازەی خەباتدا

16:43 - 15 بانەمەڕ 2726

ئیبراهیم لاجانی

ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە وتەکانی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزب لە سیمیناری سیاسی و تەشکیلاتیی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣ی مانگی مای ٢٠٢٦ی زایینی لە ئۆسلۆ.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣ی مانگی مای ٢٠٢٦ی زایینی، کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سیمینارێکی سیاسیی تەشکیلاتیدا کە لەلایەن کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بۆ بەڕێزیان پێکهاتبوو، بەشداریی کرد و لەسەر پرس و بابەتە سیاسی، حیزبی و تەشکیلاتییە هەنووکەییەکان بەدرێژی قسەی کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا، وێڕای ئەوەی کە ڕووناکایی خستە سەر هەلومەرجی ئێستای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، هێڵە گشتییەکانی کار و تێکۆشانی حیزبیشی بۆ ئەو قۆناغە نوێیە دەستنیشان کردن کە خەباتی حیزب و گەلەکەمان بە نێویدا تێدەپەڕێت. باسەکانی بەڕێزیان لە گەلێک بارەوە بایەخ و گرنگیی سیاسی و تەشکیلاتی و ستراتیژیکییان هەیە.

وتارەکەی کاک مستەفا، بەتەنیا هەر ڕاپۆرتێک سەبارەت بە وەزعی ئێستای حیزب یا لێکدانەوەی هەلومەرجی ئێستا نەبوو، بەڵکوو لە ڕاستیدا بریتی بوو لە وێناکردنی نەخشەڕێگای تێکۆشان لەو قۆناغە هەستیارەدا کە خەباتی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی سەرانسەریی ئێرانی تێدایە. لە هەلومەرجێکدا کە ئێران بە یەکێک لە ئاڵۆزترین و پڕقەیرانترین دەورانە سیاسییەکانی خۆیدا تێدەپەڕێ، هەر وتەیەکی بەرپرسانە، هەر لێکدانەوەیەکی واقیعبینانە، هەر خۆئاڕاستەکردنێکی بەوەخت و بەجێی تەشکیلاتی، دەتوانێ لە دیاریکردنی پێگە و مەوقعییەتی هێزە سیاسییەکاندا، ڕۆڵێکی چارەنووسساز بگێڕێ. بۆیە پێویستە وتەکانی کاک مستەفا لە چوارچێوەی بەرپرسایەتیی مێژوویی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێگەی جووڵانەوەی میللی-دێموکراتیی کوردستان و پێویستیی پێکهێنانی بەرەیەکی بەرینی سەرتاسەری بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، هەڵسەنگێنین.

هەوەڵین تەوەرەی گرنگی قسەکانی کاک مستەفا بریتی بوو لە پێداگرتنەوە لەسەر پێگەی جەماوەری و بەرینی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی حیزب، بە یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرنگەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستانی ئێران دەژمێردرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبێکە کە ڕیشەی لە مێژووی خەبات و بەربەرەکانیی خەڵکی کوردستاندایە و سەرەڕای دەیان ساڵ سەرکوت و زەبروزەنگ، ڕاونان و گرتن و تیرۆر و هەڵاواردن، شەڕ و فشار و پیلانی ئەمنییەتی و گیروگرفتی نێوخۆیی، هێشتاش بە یەکێک لە سەرەکیترین هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەقەڵەم دەدرێ. ڕوونە کە هەرچەشنە دووبەرەکییەکی نێوخۆیی، تەنانەت ئەگەر لە جیاوازی و ناکۆکییە سیاسی، تەشکیلاتی و فکرییەکانیشەوە سەرچاوە بگرێ، لە کۆتاییدا دەتوانێ لە هێز و توانای سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبێکی مێژوویی وەک حیزبی دێموکرات کەم کاتەوە. هەر بۆیە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب بەتەنیا هەر ڕووداوێکی حیزبی و ڕێکخراوەیی نەبوو، بەڵکوو بریتی بوو لە پەیامێکی سیاسیی ڕوون بۆ خەڵکی کوردستان، هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی ئێران و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانیش. ئەو پەیامە ئەوە بوو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەتوانێ لە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەرس وەربگرێ، بەسەر گیروگرفتە نێوخۆییەکانیدا زاڵ بێت و خۆی بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی گەورەتر لە داهاتوودا ئامادە بکات.

سکرتێری گشتیی حیزب بە دروستی پێی لەسەر ئەو ڕاستییە داگرت کە پاش یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب، پێگەی حیزبەکەمان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو چووەتە سەرێ. ئەوەش بایەخ و گرنگییەکی زۆری هەیە. چونکە ئیعتیبار و پڕێستیژی سیاسی نەک هەر بەتەنیا بە دروشم‌دان و بەرزکردنەوەی دروشم، بەڵکوو لە ڕێگای کاری سیاسیی بەردەوام، عەقڵانییەت، یەکگرتوویی سیاسی و تەشکیلاتی، قبووڵکردنی بەرپرسایەتی و توانای کاری بەکۆمەڵ و دەستەجەمعییەوە دابین و دەستەبەر دەبێت. ئاخر حیزبێک کە بۆ خۆی تووشی دووبەرەکی و ئاژاوەی نێوخۆیی بووبێت، ناتوانێت بانگەشەی ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەیەکی میللی و دێموکراتیکی بەرین و جەماوەریی گەورە بکات. بەڵام حیزبێک کە بتوانێ یەکیەتیی ڕیزەکانی خۆی دابین بکات، دەتوانێ بە بڕوابەخۆبوونێکی زۆرترەوە بچێتە مەیدانی تێکۆشانی سیاسی و لە هەڵسوکەوت لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەدا، قورسایی و ئیعتیبارێکی زۆرتر وەدەست بێنێ.

بۆیە پاراستنی ئەو دەستکەوتە گەورە حیزبی و تەشکیلاتییە، واتە یەکگرتنەوەی حیزب، ئەرکێکی تەشکیلاتی، ئەخلاقی و مێژووییە. کادر و ئەندام و بەرپرسانی حیزب دەبێت چاک بزانن کە یەکگرتنەوە بەتەنیا هەر بە ئیمزا و دەرکردنی بەیاننامە وەدەست نایەت. پاراستن و بردنەپێشی ئەو یەکگرتنەوەیە، پێویستی بە فەرهەنگ و کولتووری سیاسی، سنگفراوانی، تۆلێڕانس، دیسیپلین و وەبەرچاوگرتنی ئەسڵ و پرەنسیپە تەشکیلاتییەکان هەیە. لەوەش زیاتر پێویستی بەوەیە کە فێربین قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەرژەوەندییە شەخسی و گرووپییەکانمان، بخەینە ڕیزی پێشەوە.

تەوەرەی دووهەمی وتەکانی کاک مستەفا، بریتی بوو لە پرسی پێکهاتنی هاوپەیمانیی کوردستانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا. پێکهاتنی هاوپەیمانیی کوردستانی لە نێوان هێزەکانی کوردستاندا، بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی بزووتنەوەی کوردستان لەو ساڵانەی دواییدا دادەنرێ. پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە نیشانی دا کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان، سەرەڕای هەبوونی جیاوازیی فکری، سیاسی و بەرنامەیی لە نێوانیاندا، دەتوانن لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ یەکتر ڕێک بکەون و هاوکاری بکەن. ئاخر لە بزووتنەوەیەکی میللی و دێموکراتیک و جەماوەریدا، جیاوازیی فکری و نەزەری، شتێکی تەواو سروشتییە. هیچ جووڵانەوەیەکی زیندووی گەلی و دێموکراتیک و میللی نییە کە بۆچوون و جیاوازیی فکری و نەزەری تێدا نەبێت. لێرەدا پرسە ئەسڵییەکە ئەوەیە کە ئایا هێزە سیاسییەکان دەتوانن ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان خۆیان ئیدارە بکەن یان نا؟ ئایا دەتوانن ململانێی نێوانیان لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵک لێک جیا کەنەوە؟ ئایا دەتوانن بەرامبەر دوژمنی هاوبەش واتە سەرەڕۆیی، دیکتاتۆری، تەبعیز و هەڵاواردن، ناوەندگەرایی و کۆبوونەوەی دەسەڵات، نادیدەگرتن و ئینکاریی ماف و ئازادییەکانی گەلانی ژێرچەپۆکە، ئاستێک لە هاوکاری و هاودەنگیی بەرپرسانە لە نێوان خۆیاندا پێک بێنن؟

وەڵامی کاک مستەفا بەو پرسیارانە ڕوون بوو: ئەو گوتی دەبێت فێربین کە سەرەڕای جیاوازییە فکری و ئایدیۆلۆژییەکانی نێوانمان، بۆ دابین و دەستەبەرکردنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و دامەزراندنی دێموکراسی لە ئێراندا، لەگەڵ یەکتر هاوکاری بکەین. ئەو قسەیە لە ڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین پەیامە سیاسییەکانی ناوبراو بوو لەو کۆبوونەوەیەدا. لە سیاسەتی مۆدێرندا، بلوغی سیاسی بەمانای لەناوبردن و سەرکوتکردن و حەزفکردنی جیاوازیی بۆچوون و جیاوازییە فکری و نەزەرییەکان نییە، بەڵکوو بەمانای ئیدارە و بەڕێوەبەریی عەقڵانی و هۆشمەندانەی ئەو جیاوازیانەیە. ئەو هێز و لایەنانەی کە پێیان وایە یەکیەتی و یەکگرتوویی تەنیا لە ڕێگای وەک یەک لێکردنی تەواوی ڕوانگەکانەوە دابین دەبێت، لە ڕاستیدا سیاسەتیان لەگەڵ قۆرخکاری و مۆنۆپۆلیسم لێ تێکەڵ بووە. بە پێچەوانەوە هێز و لایەنە بە ئەزموون و پوختەکان، چاک دەزانن کە هاوکاریی سیاسی دەکرێ لەسەر بناغەی ئەسڵ و پرەنسیپە هاوبەشەکانەوە شکڵ بگرێ. ئەسڵە بنەڕەتییەکانی وەک: مافی دیاریکردنی چارەنووس، دێموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری، لەناوبردنی تەبعیز و هەڵاواردن و ئاپارتاید، بەرانبەریی شارۆمەندی و فرەنەتەوەیی و فرەفەرهەنگی و فرەدینی و فرەزمانی و هتد.

لەو ڕوانگەیەوە هاوپەیمانیی کوردستانی بەتەنیا هەر هاوپەیمانییەکی سیاسیی کاتی و تاکتیکی نییە، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە زەمینەی پێکهاتن و گەشەی فەرهەنگێکی نوێی سیاسی لە کوردستان. فەرهەنگێک کە لەوێدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبری لێدان و ڕەشکردن و تێکدانی یەکتر، بیر لە بەهێزکردن و بەرەپێشبردنی پێگە و مەوقعییەتی بزووتنەوەی کوردستان دەکەنەوە. لەجیاتی تەعەسوب و وشکەبیریی ئایدیۆلۆژیک، بیر لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد دەکەنەوە و لەجیاتی ململانێی نابەجێ و خۆخۆری، هاوکاریی ستراتیژیک دەخەنە دەستووری کاری خۆیانەوە. ئەوە ڕاست ئەو شتانە بوون کە سکرتێری حیزب لە ئەندامان و ڕێکخراوەکانی حیزبی ویستن. واتە هەست بە بەرپرسایەتیی زۆرتر، تۆلێرانس و هەوڵ و تێکۆشان و مایەلەخۆدانێکی زۆرتر بۆ بەهێزترکردنی ئەو هاوپەیمانییە و بەرەوپێشبردنی.

تەوەرەی سێیەمی باسەکەی کاک مستەفا هیجری بریتی بوو لە مەوقعییەت و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو هێزە دێموکرات و ئازادیخواز و نیشتمانییەکانی سەرانسەری ئێراندا. ئەوە زۆر گرنگە کە بزانین ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی سەرتاسەری، ئەو چاوەڕوانییەیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە سەبارەت بەوەی کە بۆ پێکهێنان و دامەزراندنی بەرەیەکی سەرتاسەری لە هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکانی ئێران ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ. ئەو چاوەڕوانییەش لە خۆڕا نییە. ئاخر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مێژوویەکی درێژ و پڕ لە شانازی لە خەبات بە دژی ستەم و سەرەڕۆییدا بۆ خۆی تۆمار کردووە. ئەو حیزبە هەمیشە تێکۆشاوە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی دێموکراسی لە ئێراندا بێنێتە گۆڕێ. بە پێچەوانەوە پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی کە تێکۆشاوە بزووتنەوەی کوردستان وەک جیاوازیخواز، بەستراوە، یا پرسێکی ئەمنییەتی بناسێنێ، ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە بزووتنەوەی کوردستان یەکێک لە پایەدارترین و ڕیشەدارترین بەشەکانی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی لە سەرتاسەری ئێراندا بە حیساب دێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە پرسی کوردستان هەر پرسێکی ناوچەیی یا ئیتنیکی نییە، بەڵکوو یەکێک لە سەرەکیترین ئەزموون و پێوانەکانی دێموکراسییە لە ئێراندا. هەر هێزێکی سیاسی کە باس لە دێموکراسی دەکا لە ئێراندا، دەبێت هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە مافەکانی خەڵکی کوردستان، مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، دیسانتڕالیزاسیۆن، دادپەروەریی زمانی و فەرهەنگی، بەشداریی وەک یەک لە پێکهاتەی هەیکەل و قەوارەی دەسەڵاتدا ڕوون بکاتەوە. هەر بەو جۆرە کە مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەبێ دامەزرانی سیستەمێکی دێموکراتیک و سیکۆلار و دیسانتڕالیزە لە ئێراندا، بە شێوەیەکی بەردەوام و پایەدار دەستەبەر ناکرێن، دێموکراسیش بەبێ چارەسەری پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، ناتەواو و ناسەقامگیر دەبێت. کەواتە پێوەندیی نێوان بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی سەرانسەری لە ئێراندا پێویستییەکی حەتمی و ستراتیژیکە، نەک بژاردەیەکی تاکتیکی.

سکرتێری گشتیی حیزب بە دروستی پێی لەسەر ئەو ڕاستییە داگرت کە مافەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا لە ڕێگای دامەزران و سەقامگیریی دێموکراسی لە ئێراندا دابین و دەستەبەر دەبێت. ئەو وتەیە لە ڕووی سیاسی و تیۆرییەوە زۆر گرنگ و پڕبایەخە. چونکە ئەوە دەردەخات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەک خەباتی خەڵکی کوردستان لە خەباتی سەرانسەری و گشتیی خەڵکی وڵاتەکەمان بۆ ئازادی و دێموکراسی جودا ناکاتەوە و، لەلایەکی دیکەشەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە دێموکراسی ڕاستەقینە لە ئێراندا، بەبێ بەڕەسمی ناسینی مافەکانی خەڵکی کوردستان ئیمکانی نییە. لێرەدا لەگەڵ پێوەندییەکی زیندووی دیالێکتیکی ڕووبەڕووین. کوردستان پێویستی بە سەقامگیربوونی دێموکراسی هەیە لە ئێراندا و دێموکراسیش بۆ جێگیربوون و گەشە و هەڵدانی خۆی پێویستی بە کوردستانە. کوردستانێک کە ستەم و چەوسانەوەی سیاسی و میللی و کۆمەڵایەتی لەسەر نەمابێ و کەوتبێتە سەر جادەی پەرەسەندن و پێشکەوتنی هەموو لایەنە.

تەوەرەی چوارەمی باسەکەی سکرتێری حیزب بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیکی سەرانسەری. کۆماری ئیسلامی هەر بەتەنیا ڕێژیمێکی تۆتالیتار نییە؛ ئەو ڕێژیمە ماهییەتێکی ئایدیۆلۆژیک، دواکەوتوو، دژەدێموکراتیک و دژی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤی هەیە. بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو هەموو جۆرەکانی ئازادیی سیاسی، ئازادیی بەیان، ئازادیی پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، مافەکانی ژنان، مافەکانی کرێکاران، مافەکانی گەلان، کۆمەڵگەی مەدەنی و هتد بە شێوەیەکی سیستەماتیک سەرکوت کردوون. لە بەرانبەر ڕێژیمێکی لەو چەشنەدا، خەباتی پەرشوبڵاو و ناهاوئاهەنگ کارایی نییە. بۆیە هێزە دێموکراسیخوازەکانی ئێران، وەک کورد و بەلووچ، عەرەب، تورکمان و فارس و هتد پێویستییان بە چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەش هەیە؛ چوارچێوەیەک کە هەم تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی ڕێبەری بکات و هەم ئاسۆیەکی ڕوونیش بۆ ئێرانی پاش ڕووخانی ڕێژیم وێنا بکات.

ئەو بەرە دێموکراتیکە دەبێ لەسەر بناغەی چەند ئەسڵی سەرەکی شکڵ بگرێت: تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک، جوداییی دین لە دەوڵەت، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ، بەرانبەریی ژن و پیاو، قبووڵکردنی واقیعییەتی فرەنەتەوەیی و فرەفەرهەنگی لە ئێران، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی هەموو خەڵکی ئێران. ئەگەر بەرەیەکی لەو چەشنە، نەک هەر بەتەنیا لەسەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لەسەر بناغەی ئوسووڵی پۆزەتیڤ و ڕوون دامەزرێ، دەتوانێ لە داهاتووی ئێراندا ببێتە هێزێکی کارا و جێگای متمانەی گەلانی ئێران. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە وەبەرچاوگرتنی ئەو پێشینە مێژووییەی کە هەیەتی، ئەو ئیعتیبارە سیاسی و ئەزموونە تەشکیلاتییەی کە هەیەتی، دەتوانێ یەکێک لە ماتۆڕە بەهێزەکانی ڕەوتی بردنەپێشی ئەو پڕۆژە سەرانسەرییە بێت.

بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی لەو چەشنە، تەشکیلاتی حیزب دەبێت خۆی ئامادە بکات. ئەوە یەکێکی دیکە لە پەیامەکانی کاک مستەفا هیجری بوو ڕوو بە سەرانسەری ئۆرگانیزمی حیزبی. هەلومەرجی ئێستا هەم دەرفەتی گەورە و هەم هەڕەشە و مەترسیی لەگەڵ خۆی بۆ هێناوینەتە پێشەوە. وەک ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێستا لەگەڵ قەیرانی شەرعییەت دەستەویەخەیە، بەدەست قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە گیرۆدەیە، لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا لەگەڵ شەڕ و ململانێ و فشاری سیاسی و دیپلۆماسی بەرەوڕوویە. دەریایەک خوێن و فرمێسک کەوتووەتە نێوان خەڵک و ڕێژیم. ئیدی کۆمەڵگەی ئێران وەک ڕابردوو بۆ ڕێژیم کۆنتڕۆڵ ناکرێت. نەسلێک پێی ناوەتە مەیدانی کار و ژیان کە لە دەستی سەرەڕۆیی، هەژاری، هەڵاواردن، گەندەڵی و سەرکوت و زەبروزەنگ و مەینەتبەشی وەزاڵە هاتووە. ژنان، لاوان، خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان، گەلانی ژێر ستەم، هەرکامیان بە جۆرێک دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان بە دژی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بەرز دەکەنەوە. بۆیە ئەو هەلومەرجە دەتوانێ ببێتە زەمینەی گۆڕانکاریی گەورە و چارەنووسساز.

بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە هەڕەشە و مەترسییەکانیش کەم نین. ڕێژیم هەوڵ دەدات بزووتنەوە ڕەسەنە جەماوەرییەکان وەک پرسێکی ئەمنییەتی پێناسە بکات، دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێوان هێزە خەباتگێڕەکاندا ساز بکات، پرسی کوردستان بە کێشە و ململانێ ناوچەیی و دەرەکییەکانەوە گرێ بدات و لە ڕێگای تەبلیغاتی ژەهراوییەوە پرسی کوردستان بەرێتە ژێر پرسیار. لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا، هوشیاریی سیاسی، ئینزیباتی تەشکیلاتی و پاراستنی یەکیەتیی ڕیزەکانی نێوان هێزە خەباتگێڕەکان گرنگییەکی حەیاتییان هەیە. حیزب دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت کە نە تووشی کردەوەی هەڵنەسەنگێنراو و ئاوانتۆریزم بێت و نە گرفتاری پاسیفیزم و دەستەپاچەییش بێت. نابێت نە دەرفەتەکان لەدەست بدەین و نە هەڕەشە و مەترسییەکانیش بە کەم بگرین. سیاسەتی بەرپرسانە ئەوەیە کە هاوکات هەم دەرفەتەکان و هەم هەڕەشەکان ببینین.

لە ڕووی تەشکیلاتییەوە، وتەکانی سکرتێری گشتی بانگەوازێکی ڕوون و ئاشکرا بوون. ئەندامان و کادرەکانی حیزب دەبێ لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا، چالاکتر، ڕێک‌وپێکتر، بەدیسپلینتر و بەرپرسانەتر هەڵسووڕێن. پێوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ حیزب و لایەن و کەسایەتییە خەباتگێڕە سەرانسەرییەکان دەبێت زیندووتر و گەرمتر و بەهێزتر بکرێن. نیگەرانی و خراپ تێگەیشتنی هەندێک کەس و لایەن لە پرسی کورد، دەبێت بە زمانێکی سیاسی و مەنتیقی و دێموکراتیک و لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا وەڵام بدرێنەوە. دەبێت ڕوونی کەینەوە کە جووڵانەوەی کوردستان نەک هەر لەسەر ئازادیی ئێران هەڕەشە نییە، بەڵکوو یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی ئازادی و دێموکراسییە لە وڵاتەکەماندا. دەبێت ئەوە ڕوون کەینەوە کە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان هیچ ناتەباییەکیان لەگەڵ مافەکانی خەڵکی ئێران نییە. مافخوازیی خەڵکی کوردستان ڕووی لە ئیستبداد و سەرەڕۆیی و ناوەندگەرایی و ئەو سەرکوت و مەینەتبەشییەیە کە حکوومەتی ناوەندی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوویەتی. لە کۆتاییدا دەبێت نیشانی بدەین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەتوانێ هەم بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بکات و هەم لە بنیاتنان و دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک بۆ هەموو خەڵکی ئێران ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێ.

لەو قۆناغەدا ڕێتۆریک یان گوتاری سیاسیی حیزب گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمە دەبێت هەم شێلگیر بێت و هەم بەرپرسانەش بێت؛ هەم پێ لەسەر حەقانییەتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان داگرێ و هەم ئاسۆیەکی هاوکاری و هاوپێوەندی لەگەڵ سەرانسەریی ئێرانی لە چاوان ون نەبێت؛ هەم سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسیی ڕێژیم لەسەر کوردستان لەقاو بدات و هەم داهاتووی هاوبەش و دێموکراتیکی نەتەوەی ئێمە لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران وێنا بکات. ئێمە هەر لەو کاتەدا کە بە هیچ جۆر نابێت لە مەوقعییەتێکی لاوازەوە قسە بکەین، بەڵام نابێت تووشی غرووری سیاسیش بین. نفووز و ئیعتیباری سیاسی ئەو کاتە دەوامی دەبێت کە شانبەشانی واقیعبینی، ئەخلاقی سیاسی و بەرپرسایەتیی تەشکیلاتی بڕواتە پێش.

لە کۆتاییدا دەتوانین سەرجەمی قسەوباسەکانی کاک مستەفا هیجری لەو سیمینارەدا وەک پەیامێکی ستراتیژیک ببینین. ئەو پەیامە لەسەر بنەمای چەند ئەسڵ ڕاوەستاوە: پاراستنی یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزب، پشتیوانی لە هاوپەیمانیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی هاوکاری و هاوپێوەندی لەگەڵ هێزە ئازادیخواز و دێموکراسیخوازە سەرانسەرییەکان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرین و دێموکراتیک، ناساندن و بردنەپێشی دروستی پرسی کورد لە ناو کۆمەڵگەی ئێران و دنیادا و ئامادەکردنی تەشکیلاتی حیزب بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کارا و پێشڕەو لە مانگ و وەرزەکانی داهاتوودا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ لە بەرانبەر بەرپرسایەتییەکی مێژووییدا ڕاوەستاوە. ئەو بەرپرسایەتییە هەر بەتەنیا بەرگری‌کردن لە ڕابردووی پڕ لە شانازیی حیزب نییە، بەڵکوو بەرپرسایەتییە بەرانبەر بنیاتنان و دروستکردنی ئایندەیەک کە لەوێدا خەڵکی کوردستان و خەڵکی هەموو ئێران بتوانن لە ئازادی و بەرابەری و کەرامەت و دادپەروەریدا پێکەوە بژین. ئەگەر یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزب بپارێزین، ئەگەر هاوپەیمانیی کوردستانی بەهێزتر بکەین، ئەگەر ئاستی هاوکارییمان لەگەڵ هێزە دێموکراسیخوازە سەرانسەرییەکان بەرینە سەرتر و ئەگەر تەشکیلاتی حیزب بە وریایی و هوشیاریی زۆرترەوە کار و تێکۆشانی خۆی درێژە بدات، کوردستان دەتوانێت لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا دەورێکی کارا و چارەنووسساز و گەورە ببینێ. ئەوەش هەمان ئەو پێگەیەیە کە مێژوو و خەڵک و هەلومەرجی ئێستای خەبات لە ئێمەی دەخوازن.