ئاماژە: د. خالید خەیاتی، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردکاناڵ شرۆڤەی دوایین بارودۆخی سیاسی و ئەمنییەتیی ئێران دوای شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلی کردووە. کوردستان و پرسی کورد لەژێر باندۆڕی ئەو ئاڵوگۆڕانەوە و ئەو ئەرکە هەنووکەییانەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ ڕایپەڕێنن، چەند بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەو وتووێژە بوون. "کوردستان" تەوەرە گرینگ و سەرەکییەکانی ئەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.
هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان دەرفەت و مەترسییەکانی دۆخی نوێی ئێراندا
ئەگەر لە مەترسی ڕا دەست پێ بکەین، ئێران وڵاتێکی بریندارە. بەهۆی ئەوەی یەکەم هێندە لە مێژ نییە و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا چەقی سەرهەڵدانی جەماوەری بووە، خەڵک خۆپێشاندانیان کردووە، بەتایبەت لەو سێ چوار مانگەی ڕابردوودا ئەو خۆپێشاندانانەی لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە گەیشتووەتە لووتکەی خۆی، و بەرپەرچدانەوە و کاردانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر ئەو خۆپێشاندانەدا یەکجار توندوتیژ بوو؛ دەگوترێ لە بەفرانباری پارەکەدا ٤٠ هەزار کەسیان کوشتووە. لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆکاری ئەوەی کە لە چل و چەند ساڵی ڕابردوودا ئێران سیاسەتێکی هێرشبەری لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بووە و ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژاوای کردووەتە ئامانجی خۆی، ئیتر ئەو دۆخە گەیشتووەتە قۆناغێک چیتر ناتوانێ بە شێوەیەک کە هەیە بەردەوام بێ، و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتاییدا ناچار بن کە کێشەی خۆیان کە بە شێوەی چەقبەستوو ماوەتەوە لە ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی سەربازی چارەسەر بکەن، ئەویش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە هێرشێکی یەکجار زۆر بەربڵاو لەو ماوەیەدا لە دوو قۆناغدا بۆ سەر ئێران کراوە، کە هەم لە ئاستی کەسایەتی و کاربەدەستی گرنگی ئەو وڵاتەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەناوچوون و کوژراون، هەم لە ڕووی ژێرخانی ئابووری و بەتایبەت ژێرخانی سەربازی و نیزامی ئەو وڵاتە زەبرێکی زۆری وێکەوتووە، بۆیە ئەو وڵاتە بریندارە، و برینداربوونیشی بە دوو هۆکار: یەک ئەوەیە کە شێوازی قەیرانەکە بگۆڕێ بەو ئاراستەیەدا بەرێ کە بۆ خۆی پێویستی پێیەتی، و لە گۆڕان لەو ئاراستەیەشدا و لەو هەنگاوەشدا دەست لە هێزە کوردییەکان ناپارێزێ و لە چەند مانگی ڕابردوودا، یانی لەو ماوە کەمەدا، لانی کەم زیاتر لە ٨٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر باشووری کوردستان، کە بەشێک لەو هێرشانە ڕاستەوخۆ ڕووی لە هێزەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە بووە و بەو پێیەش ژمارەیەک لە پێشمەرگە و ئەندام و بەڵکوو خەڵکی ئاسایی شەهید بوون. ئەوە مەترسییە، یانی مەترسی ڕۆژانەیە لەسەر ئێمە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر چاو لە دەرفەت و ئیمکان بکەین دەتوانین بڵێین ئەو شتەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا لەئارادایە، شتێکی وەک جاران نییە، بەڵکوو دۆخێکی زۆر تایبەتییە کە خودی ئەو دۆخە تایبەتییە لە حاڵەتێکدایە گەڕانەوەی بۆ قۆناغی پێشوو نییە؛ واتە ئەو دۆخە دەبێ بە لایەکدا بکەوێتەوە. بەلاکەوتنەکەش بەو مانایەیەی یان ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێ شکست بخۆن لەو تێکەڵچوونەدا، یان ئێران دەبێ شکست بخوا و ملکەچی ویست و داخوازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێ. ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە زەمینەی سیاسەتکردن و جۆری سیاسەت کردن بۆ کورد و هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات جیاواز بێ لەگەڵ جاران.
دۆخی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوکێشەکانی ئێستای ئێران و ناوچەدا
ئەوە کە هاوپەیمانییەک لە نێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دروست کراوە شتێکی پۆزەتیڤە، ئەوەش کە هەندێک پێوەندیی دیپلۆماسی چ لەگەڵ ئەمریکا و چ لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی دروست کراون ئەوەش هەنگاوی زۆر باشن؛ بەڵام بە بۆچوونی من شتێکی لەوە زیاتر نەکراوە؛ لە حاڵێکدا خەڵکی کوردستان چاوەڕێی هەندێک کردارن. خەڵک دۆخەکە دەبینن و ناتوانن هەتاکوو کۆتایی هەر چاوەڕێ بن. مەبەست ئەوەش نییە حیزبەکان ڕاستەوخۆ هێزی پێشمەرگە بنێرنەوە وڵات و دەرگیر بن و شەڕ بێتە ئاراوە، بەڵام لە نێوان شەڕ و هیچ نەکردندا ژمارەیەک کاری گرنگی دیکە هەیە. بۆ نموونە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش، دروستکردنی هێزێک یا بڵێین ڕێکخراوێکی دیپلۆماسیی هاوبەش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان ئەوەی پێوەندییەکی چڕ و پڕتر لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی وڵات دروست بێ، کۆکردنەوەی یارمەتی، دروستکردنی میدیایەکی یەکدەنگ و زۆر کار دەکرێ. هەروەها لێکدانەوەی کتوپڕی ڕووداوەکان و هەروەها زیاتر پێوەندیی بەرپرسانی حیزبی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دینامیک و ڕۆژانە لەگەڵ هاونیشتمانییانی خۆیان. ئەوانە دەکرێ بکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەوانە نەکراون و پێموایە ئەوەش کۆمەڵێک دەرفەت بوو کە بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەستی دا بەڵام ئێستاش درەنگ نییە.
پێوەندییە دینامیکییەکانی نێوان خەباتی مەدەنی و خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەهێزە. نموونە زۆرن، واتە لەو ماوەیەدا کە شەڕ نەبووە بە تایبەت لە دۆخی ئاساییدا بۆ نموونە هەر کاتێک حیزبەکانی ئێمە بانگەوازێکیان ڕوو لە خەڵک کردووە یان داوایان لە خەڵک کردووە کە لە بەرنامەیەکدا بەشدار بن یان لە خۆپێشاندانێک یان مانگرتنێک بووە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگیانەوە هاتوون و ئەوە نیشانەیەک لە بەهێزبوونی خەڵکە، نیشانەیەک لە تێگەیشتوویی بەرزی ئەو خەڵکەیە کە بەو شێوەیە جواب دەدەنەوە. ئەگەر ڕووداوێکی سروشتی بۆ نموونە بوومەلەرزەیەک لە شوێنێکی کوردستان ڕووی دابێ، ئەو خەڵکە بە شێوازێکی گشتی و عام بەرەو پیر یان بە هانای خەڵکی لێقەوماوی هاونیشتمانیی خۆیەوە چووە. ئەگەر مەسەڵەن نموونەیەکی بڵێین جیاواز وەک نەورۆز بووە، شێوازی بەرپاکردنی نەورۆز و بەڕێوەبردنی مەراسیمەکانی نەورۆز لە پانتایی کوردەواریدا بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە نموونەیەکە لە نواندنی نەتەوایەتی و سیاسی و کولتووری کە لە نێوان کەم نەتەوەدا ئەوانە بەدی دەکرێ، ئەوە بە شێوەیەکی گشتی. بەڵام بە شێوازێکی زۆر تایبەتی تریش ئێمە ژمارەیەکی بەرچاو ڕێکخراوی مەدەنییمان هەیە. لەو ڕووەوە من دەتوانم بڵێم ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونێکی باشی لە خەباتی مەدەنی هەیە، بەڵام یەک شتمان دەبێ لەبیر نەچێت، لە قۆناغی شەڕدا و ئێستا کە قۆناغی شەڕە و بە تایبەت قۆناغی نێوان دوو شەڕدا کە لە حاڵی حازردا دەوڵەتی ئێران ئاستی سەرکوتی لە جاران زیاتر کردووە، خەڵک دەگرێ لە سێدارەدانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنن و زیاد دەکەن، ئەمە لەو قۆناغەدا ناتوانین و لە ڕووی زانستییەوە نەکراوە چاوەڕوانیمان لەوە بێ کە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە شێوەی ئاشکرا چالاکییان هەبێت، بەڵام دەتوانن ئەو چالاکییانەیان هەبێت. بەڵام شتێکی دیکەش زۆر گرنگە لێرە باسی بکەین، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە نین مەسەلەن هێندێک دەستکەوتی بچووک بە ڕێگای خەباتی مەدەنی بەدەست بهێنن، بەڵکوو چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەن، یان بەو مانایە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن دوای ١٠٠ ساڵ لە چەوسانەوە، دوای ١٠٠ ساڵ لە ماڵوێرانی، لە خەبات و لە چەرمەسەری، دوای ئەو هەمووە شەهیددان و ئەو هەمووە بەڵایەی بەسەری هاتووە، کاتی ئەوە هاتووە جۆرێک لە سەروەری و جۆرێک لە دەسەڵاتی سیاسی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. بۆیە من پێم وایە لاوانی کوردستان بە هەر ئاراستەیەکی حیزبیدا کە هەن، ئامادەی ئەوەن ئەگەر بێتوو بۆشاییەک لە ئاستی دەسەڵاتدا دروست بوو ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە هەتا ئەو کاتەی هێزە نیشتمانی یان حیزبییەکان دەگەڕێنەوە و بە شێوازێکی پێکەوەیی و گشتگیر، مۆدێلی بەڕێوەبردنی وڵات جێدەخەن.
بایەخی هەوڵە دیپڵۆماسییەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات
تۆ لە دەرەوەی وڵات، لە هەر پلاتفۆرمێک، هەر بۆنەیەک، هەر کۆنفرانسێک کە مەجالێک بە هێزە کوردییەکان دەدات کە تێیدا بەشدار بن، دەبێ خۆت ببینیتەوە؛ بە تایبەت بەو مەرجەی پرسی کورد بخرێتە بەرباس، نەک ئەوەی کە هەر باسی دێموکراسی بۆ ئێران و ئەو شتانە باس بکرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە نوێنەری پرسی خۆمانین، ناتوانین نوێنەری پرسێکی دیکە بین. پاشان هرچی کردمان دواتر دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین: باشە، قۆناغی دوای ئەوە چییە؟ خوێندنەوەمان بۆ هێزەکانی دنیا چییە؟ ئێمە کێشەمان لەگەڵ وڵاتێکە بە ناوی ئێران. گەلی کورد لەوێدا بێ مافە و دەبێ ببێتە خاوەن شێوازێک لە دەسەڵاتی سیاسی و سەروەریی سیاسی. ئەوە ئامانجی ئێمەیە. لە ڕووی ئەوەوە، خوێندنەوەی ئێمە لە جیۆپۆلیتیکی دنیادا چییە؟ ئایا ئەوانەی فاکتەرن، ئەو دەوڵەتانە یان ئەو زلهێزانەی فاکتەری گۆڕانکارین لە ناوچەکەدا کێن؟ بەتایبەت کە ئێستا نەک ئورووپا، بەڵکوو ئەمریکا و ئیسرائیل فاکتەری گۆڕانکارین، چ پێمان خۆش بێت چ پێمان خۆش نەبێت. لە تەنیشت ئەوان وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کە لەژێر زەبروزەنگی ئێراندان و زیانێکی یەکجار زۆریان پێگەیشتووە؛ ئەوانیش دەروازەیەکی زۆر باشن بۆ ئێمە کە بمانەوێت جۆرێکی دیکە دیپلۆماسی پەیڕەو بکەین. بەڵام بۆ ئەوە نەک تاکە حیزب یان تاکە بەرپرسی حیزبی لێرە و لەوێ دەربکەوین، بەڵکوو پێویستە وەک هاوپەیمانیی سیاسیی کوردی دیپلۆماسییەکی ڕوو بە پێشەوەمان هەبێت.