لە درێژەی بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی بانە بە ناوی "ناسێح خودایی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردان، هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لە سنووری "سوورکێو"ی بانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کردووە.
لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژەدا، "ناسێح خودایی" تەمەن ٢٩ ساڵ، کە باوکی منداڵێکە، لاقی بە سەختی بریندار بووە.
ناوبراو دەستبەجێ لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و کۆڵبەرانی دیکەوە بە مەبەستی چارەسەری بەپەلەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەییووبیی بانە گوازراوەتەوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.