
د. ئاسۆ حەسەن زادە
لە بارودۆخێکدا کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران ڕاگیراوه، لایەنە کوردییەکانی ئێران کە بنکە و باره‌گایان لە کوردستانی عێراقە، هه‌روا ئامانجی هێرشەکانی ئێرانن. لە هەمان کاتدا به‌هۆی نەبوونی پشتیوانیی کۆنکرێتی ده‌ره‌کی، ئەوان لەو ڕۆڵە بێبەش بوون کە هەندێک سیناریۆ لە سەرەتای شه‌ڕدا بۆی دیاری کردبوون. لەم دۆخه نادیارەدا، ئه‌و حیزبانه هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی چالاکیی دیپلۆماسییه‌وه سه‌رنجی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خۆیان بپارێزن و بەهێزتری بکەن. ئه‌گه‌رچی هێندێك له ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواییانه مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرێ مه‌یدانی مانۆڕی ئه‌و حیزبانه سه‌رله‌نوێ به‌رته‌سک بکه‌نه‌وه، بەڵام دیاربوونی ئەوان له کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا تا ڕاده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه.
له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی شه‌ڕ، فاکته‌ری کوردی ئێران که‌وته به‌ر سه‌رنجی نێونه‌ته‌وه‌یی. ئەمەش له‌پێشدا به‌رهه‌می گریمانەیەک بوو له‌لای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی هێرشیان کرده سه‌ر ئێران. گریمانه‌که‌ش بریتی بوو له‌وه که مادام کۆماری ئیسلامی هەر بەته‌نیا بە گورزی سه‌ربازی ناڕووخێ، هێزە نێوخۆییە ڕێک‌خراوەکان دەتوانن له‌و پێوه‌ندییه‌دا لەسەر زەوی ڕۆڵ بگێڕن. لێره‌شدا کوردەکانی ئێران وەک ئەکتەری هه‌ره لێهاتوو بۆ وه‌دیهێنانی گریمانه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه وه‌ده‌ر که‌وتن. ئەزمونی دوور و درێژی خەبات و ئاستی ڕێکخراوی و بوونی حیزبەکانیان لە کوردستانی عێراق به هێزی پێشمەرگە و توانای جوڵاندنی جه‌ماوه‌ر له نێوخۆی ئێرانه‌وه، ئه‌و گریمانه‌یه‌ی به‌هێز ده‌کرد.
بەڵام ئه‌و گریمانه‌یه تا ئێستا نه‌چۆته بواری وه‌دیهێنانی به‌کرده‌وه. ئەو سیگناڵانەی لەلایەن ئەمریکاوە نێردران ناڕوون بوون، یا لانیکه‌م ده‌ره‌نجامی کۆنکرێتیان نه‌بووه. لەوەش خراپتر، حیزبە کوردییەکان ناڕاستەوخۆ و بەناهه‌ق بە قۆرغکردنی ئه‌و چه‌کانه تۆمه‌تبار کران که ده‌گوترێ ئه‌مریکا بۆ خۆپێشانده‌رانی ئێرانی ناردبوو، تۆمەتێک کە ئەوان ڕەتیان کردەوە و ڕوون بۆوه که بێ‌بنه‌مایه. لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانیان لە کوردستانی عێراق ته‌نانه‌ت له دوای ئاگربه‌سیش هه‌ر بەردەوام بوون که کوژرانی ١٠ که‌س و وێرانبوونی که‌مپه چۆلکراوه‌كانیانی لێ که‌وته‌وه. لە بەرامبەر ئەم دوو ئاسته‌نگه‌دا واته نەبوونی پشتیوانیی کۆنکرێتی ده‌ره‌كی و فشاری زیادبووی ئێران، حیزبە کوردییەکان پارا دیپلۆماسیی خۆیان بە تایبەت ڕوو به ئەوروپییەکان چالاک کردووەتەوە.
خاڵی وەرچەرخانی ئه‌و ڕه‌وته‌ش کاتێك بوو که دوو لە ڕێبەرە سەرەکییەکانیان، مستەفا هیجری لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵڵا موهتەدی لە کۆمەڵە، بە فەرمی بانگهێشتی پەرلەمانی ئەورووپا کران، بانگهێشتنێك که لەم ئاستەدا پێشتر نه‌دیترابوو. ئه‌وان ڕۆژی ١٥ی ئاوریل لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا لە بروکسێل به‌شدار بوون. یەکەمیان کە لەلایەن سۆسیالیست و سۆسیال-دێموکراته‌کانی په‌رله‌مانی ئورووپاوه ڕێک خرابوو، هەروەها نوێنەرانی بەلووچ و عەرەبی ئێرانیشی کۆ کردەوە. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئەو دوو ڕێبەرەی کورد وتاره‌کانیان بە زمانی کوردی پێشكه‌ش کرد. ئەم هەڵبژاردنە مانایه‌كی ڕه‌مزیی بەهێزی هەبوو. هیجری وەبیری هێنایەوە کە ئه‌و زمانه‌ی ئه‌و وتاره‌که‌ی پێ پێشکه‌ش ده‌كا، بۆ ماوەی سەدەیەک لە کایەی گشتی و لە پەروەردە و فێرکردن لە ئێران قه‌ده‌غه بووه. دوو حه‌وتوو پێشتر و بە هەمان ڕووح لە کۆنگرەی ئازادی ئێران‌دا کە لە لەندەن به‌سترا، شاندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە کردنەوەی وتارەکەی بە زمانی کوردی لەبەردەم ئامادەبووانی فارس‌زمان ڕێبازێکی هاوشێوەی گرتبووەبەر. ئامانجیش ئەوە بوو کە خەڵکی فارس‌زمان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بۆ تاوێکیش بێ بزانن سڕینه‌وه‌ی زمانی دایک و که‌وتنه په‌راوێزی زمانی چ هه‌ستێکی هه‌یه. لە ئێران‌دا زمان تەنیا ئامرازی پێوەندی نییە. هەروەها ئامرازێکە بۆ خۆسه‌پاندن یان بە پێچەوانەوە بۆ خۆده‌رخستنی سیاسی.
دووەم کۆبوونەوە لە پەرلەمانی ئەورووپا له‌وه‌ی یه‌که‌میش گرینگتر بوو چونکە ئه‌مه‌یان لەلایەن لیژنەی کاروباری دەرەوە‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپاوه ڕێک خرابوو. لە هەمان پانێڵدا چالاکێکی ئێرانی به‌ناوی سەعید به‌شیرتاش-یش به‌شدار بوو کە ده‌گوترێ له بازنه پاشاییخوازه‌کانه‌وه نزیکه. سەرەتا باسی بەشداریی ڕەزا پەهلەوی-یش له‌و دانیشتنه‌دا له ئارادا بوو، بەڵام دواجار ئه‌و که ناڕازی بوو له‌وه‌ی تاکە کەسایەتیی بانگهێشتکراو نییه، خۆی له به‌شداری له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوارد. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی نه‌یارانه‌ی پەهلەوی بەرامبەر بە داواکارییەکانی کورد، وێ ناچێ سه‌رکرده کورده‌کان به‌شدارنه‌بوونی ناوبراویان پێ ناخۆش بووبێ.
جگە لەم دانیشتنانە و چەندین دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپی، چەند ڕۆژێک دواتر هیجری له بارسلۆنا بەشداری کۆبوونەوەیەک بوو کە لەلایەن هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازی جیهانییەوە ڕێک‌خرابوو، پلاتفۆرمێک کە پارتە سۆسیالیست و سۆسیال-دێموکراتەکانی سەرانسەری جیهان کۆ دەکاتەوە و زۆربەیان دژی شەڕن. ئەم بەشدارییە لە‌لایه‌ن هێندێک که‌س و لایه‌نه‌وه ڕه‌خنه‌ی لێ گیرا و گوترا ئه‌وه که کوردی ڕۆژهه‌ڵات هه‌م چاوه‌ڕوان بێ له شه‌ڕی دژی ئێران‌دا ڕۆڵ بگێڕێ و هه‌م له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی دژی شه‌ڕ هه‌ستێ و دانیشێ، شتێکی نالۆژیک و هاودژه.
ئه‌م ڕه‌خنه‌یه بنه‌مایه‌کی به‌هێزی نییه. لە لایەک کوردەکانی ئێران خۆیان وەک لایەنێک لەم شەڕەدا نابینن. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەیان ساڵە خەباتی خۆیان لە دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەبەن، بەڵام گرژییەکانی ئێستا وەک دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی ڕێژیم ده‌بینن، ده‌رفه‌تێک که له‌ودا ئه‌وان دەتوانن سەبارەت بە دەرئەنجامی شەڕ و دیزاینی سیاسیی داهاتووی ئێران ڕۆڵێکی سەربەخۆ بگێڕن. لە لایەکی ترەوە، ڕێبه‌رانی کورد له کاتی به‌شدارییان له کۆبوونه‌وه‌کانی بروکسێل و بارسلۆن، نه‌که‌وتنه حاڵه‌تێکه‌وه که له به‌رامبه‌ر پرسی شه‌ڕدا هه‌ڵوێست بگرن. ئەوان زۆرتر چه‌ند داوای کۆنکرێتیان خستەڕوو: پاراستنی ئەندامەکانیان و کەمپە مەدەنییەکانی سەر بە‌وان لە کوردستانی عێراق، مه‌حکومکردنی سەرکوتی کورد لە ئێران، و خستنه‌ڕوو و داکۆکی له پڕۆژەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ. ئه‌وان هەروەها داوایان له ئه‌وروپییه‌کان کرد ڕێکاره‌کانی ته‌ریککردنه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی بگرنه به‌ر و واز له‌و شته بێنن که مستەفا هیجری به "دیپلۆماسیی بێدەنگ"ی پێناسه کرد. لە هه‌مووشی گرینگتر، ئه‌وان جەختیان لە سەر پێویستیی ناسینی ئۆپۆزیسیۆنی کورد وه‌ک به‌رده‌نگی سیاسی کرد.
ئەم خاڵە‌ی دوایی کلیلی تێگەیشتن لە ستراتژیی دیپڵۆماسیی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانە. ئەگەر ئەوان هەم لەگەڵ ده‌وڵه‌تانی چالاک بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران بەتایبەتی ئەمریکا و هەم لەگەڵ ئەکتەرە ئەوروپییەکان کە زۆرجار دژایەتیی شەڕ دەکەن له په‌یوه‌ندیدان، لەبەر ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بۆخۆی سیاسه‌تێكی ڕوون و یه‌کده‌ستی ڕوو به کۆماری ئیسلامی نییه. سیاسه‌تێک که به‌ئاسانی له پەرەسەندنی سەربازییەوە بۆ هەوڵی کەمکردنەوەی گرژی ده‌گۆڕێ و بابه‌تی جێگای مشومڕیش له‌و سیاسه‌ته‌دا ته‌نیا پرسە ئەمنییەتی و ئابوورییەکانن که له ئێستادا بریتییه له کرانه‌وه‌ی گەرووی هورمز، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بایه‌خێک بۆ مافی گەلانی ئێران و داهاتووی سیاسیی ئه‌و وڵاته دابنرێ.
سه‌ره‌نجام گرنگە واقیعێکی تاڵمان له‌به‌رچاو بێ، ئەویش ئەوە کە کوردەکانی ئێران هه‌رگیز به فه‌رمی لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە پێشوازییان لێ نەکراوە. ئه‌وان هه‌میشه پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه سیاسییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه هەبووە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ئه‌و پێوه‌ندییه زۆرتر لەسەر ئاستی پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانەکاندا بووه. ئەو کەسایەتییە دەگمەنە ئێرانییانەش کە بە فەرمی له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌كانه‌وه پێشوازییان لێ کراوه، زۆرتر چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران بوون نەک لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن. هۆکاری ئه‌و بابه‌ته‌ش زۆر جار هه‌لپه‌رستیی سیاسی بووه. بۆ نموونه، ساڵی ٢٠١٨‌دا، کاتێک سیاسەتی "ته‌وژمی لانی زۆر"ی ئەمریکا لە لوتکەدا بوو، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له واشنگتۆن ژماره‌یه‌ك دیدار و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی کۆنگرێس و به‌رپرسانی وەزارەتی دەرەوە‌ی ئه‌مریکا هه‌بوو. بەڵام ڕاست له‌و کاته‌دا سه‌رۆکی ئه‌مریکا بۆ ئەوەی شانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه، بڕیاری دابوو که هیچ نوێنه‌رێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له کۆشکی سپی پێشوازیی لێ نه‌كرێ. ئه‌وه له حاڵێکدا بوو که لە ساڵانی ٩٠ی زایینی و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بیل کلینتۆندا کە به که‌سێكی توندڕه‌و بەرامبەر به ڕێژیمی ئێران نه‌ده‌ناسرا، ڕێبه‌رانی کوردی وه‌ك عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده و مسته‌فا هیجری له کۆشکی سپی له‌لایه‌ن ڕاوێژکارانی سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه پێشوازییان لێ ده‌کرا. شتێک که له‌وکاته‌وه ڕووی نه‌داوه‌ته‌وه، بە سەردەمی شەڕی ئێستاشەوە.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و پارامێترانه‌یه که ده‌بێ تێ‌بگه‌ین پارادیپلۆماسیی کوردانی ئێران له ئێستادا پێڕه‌وی له لۆژیکێکی فرەلایەنە ده‌کا. ئه‌وان لە نه‌بوونی هاوپەیمانێکی قورس و قایمدا ناچارن لە یەک کاتدا لە چەندین گۆڕەپانی سیاسی‌دا وەبەرهێنان بکه‌ن، ئه‌و گۆڕه‌پانانه‌ی هەندێک جار ده‌توانن نالێکیش بن. ئەم یارییه فره‌پانتاییه‌ی کوردی ئێران له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می ناچارییه‌كه له به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگه‌ی ئه‌وان له‌و بواره‌دا له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕوون، ئه‌وه‌نده ڕەنگدانەوەی ئاقارێک نیه که ئه‌وان به دڵی خۆیان هه‌ڵیان بژاردبێ. ئه‌و جۆره له سیاسه‌تکردن نیشانده‌ری هه‌وڵی خۆگونجاندن لەگه‌ڵ ژینگەیەکی ناسه‌قامگیره که له‌ودا ئاله‌نگاری ته‌نیا هه‌وڵی شوێن‌دانان له‌سه‌ر دینامیزمه‌كانی هه‌نووکه نیه، به‌ڵکوو به‌رگرتن له‌وه‌شه که له‌و پێڤاژۆ سیاسییانه‌دا که به‌ڕێوه‌ن، به‌ته‌واوی پشتگوێ بخرێن.
***
سه‌رچاوه: theamargi.org
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: ڕۆژنامه‌ی "کوردستان"