کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی یان دژبەری یەکتری؟

09:57 - 17 بانەمەڕ 2726

عەلی بداغی

یەک لە پرسە گرینگەکانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لە دوای ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە پرسی ڕووخانی ڕێژیمە، بەڵام یەک لەو فاکتەرانەی هەتا ئێستاش نەک پاڵنەر بۆ ئەو مەبەستە، بەڵکوو هۆکاری دواکەوتن و دەربازبوونی کۆماری ئیسلامی بووە؛ ئۆپۆزیسیۆنی پڕشوبڵاو و نایەکگرتووی ڕێژیمە.

مێژووی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵێک دووفاقێتی دایە، وەک حکوومەتی ناوەندگەرا یان دابەشکردنی دەسەڵات؛ ئیسلامی سیاسی یان سێکۆلاریزم، حکوومەتی توتالیتێر یان کۆمەڵگەی پلۆرال. بوونی ئەو کۆمەڵە دووفاقییە بەتایبەت لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەویدا هۆکاری سەرەکی دابڕان و دووبەرەکیی نێوان هێزەکانی چەپ، نەتەوەیی و ئیسلامییەکان لەگەڵ یەکتری بوو. لە مانگەکانی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧یشدا یەکگریی ئۆپۆزیسیۆن نەک لەپێناو پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ چێ‌کردنی ئێرانێکی دی، بەڵکوو تەنیا لە دژی دەسەڵاتی پەهلەوی بوو. هەربۆیە لەگەڵ باڵادەستیی خومەینیزم و پاوانکرانی دەسەڵات لە لایەن ئیسلامیستەکان بەسەر ڕەوتە سیاسییەکانی وڵاتدا هێزە دێموکرات، نەتەوەیی و سێکۆلارەکان یەک لە دوای یەک قەڵتوبڕ کران.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا ئەوەندەی پێی کرا لە ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی تێرۆر کرد و هەتا توانیی ناکۆکیی خستە نێویان. بەمجۆرە هەم ئۆپۆزیسیۆنی لە ڕووی سیاسییەوە لاواز کرد و هەم بێ‌متمانەیی هێزە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم بە یەکتری و پرشوبڵاویی ئەوانی لە بەرژەوەندیی خۆیدا قۆستەوە. دۆخی ئێستای ئۆپۆزیسیۆن بەمجۆرەیە: هەرلایەنێک پێی وایە بەهێزبوونی ئەویدی تێداچوونی خۆی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە هەوڵەکان بۆ یەکگری زۆر لاوازە. لەگەڵ ئەوەدا ڕوانگەکان لەسەر ستراتیژیی خەبات (ڕووخاندن، چاکسازی یان گوشاری دەرەکی) دابڕانی لایەنە سیاسییەکانی لەگەڵ یەکتری زیاتر کردووە. هەروەها ئەگەرچی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات بەتایبەت لە دە ساڵی ڕابردوودا گەیشتنە ئەوپەڕی خۆی، بەڵام تەشەنابوونەوەی کۆنەبرینەکان و دابڕانە مێژووییەکان لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا ئەوانی هەتاش ئێستا لە قۆستنەوەی ئەو هەل و دەرفەتانە دەستەوەستان کردووە.

پرسی نەتەوەکان و کەلێنی نێوان ناوەند-پەراوێز و ناکۆکی لەسەر چەندی‌وچۆنی دابەشکردنی دەسەڵات لە ئێرانی داهاتوو چەقی ململانێی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ یەکترییە. هێزە ناوەندگەراکانی ئۆپۆزیسیۆن لەوپەڕی بێدەسەڵاتیی ئێستاشیاندا پێ لەسەر چڕبوونەوەی دەسەڵات لە تاران دادەگرن و بە بڵاوکردنەوەی فۆبیای هەڵوەشانی ئێران هیچ مافێکی یەکسان بۆ نەتەوەکان بەڕەوا نابینن. لە بەرانبەردا نەتەوەکان بەتایبەت کوردەکان خەباتی خۆیان لەسەر نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردنی بنگەیی و بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان چڕ کردووەتەوە.

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامییش لە شەڕی نەرمی خۆی دژی ئۆپۆزیسیۆن لە بڵاوکردنەوەی ئەم دووبەرەکی، دژایەتیی و نادڵنیاییەدا کاریگەریی زۆر زیانباری بووە. ئەوەش لە حاڵێکدا کە هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ دروستکردنی قەوارە و چوارچێوەیەکی هاوبەش لەپێناو قسەکردن لەگەڵ یەکتری، لێک‌تێگەیشتن، سازان و کۆنترۆڵکردنی ناکۆکییەکان کەم و بێ کاریگەر بوون.

ڕوون و ئاشکرایە کە یەکگریی تەواو و یەکبوونی ڕەها لەنێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا نە دەبێ، نە دەکرێ و نە پێویستیشە. بۆیە ئەم دۆخە کاتێک دەگۆڕدرێ کە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەوانیدی و یەکدەستکردن جێگەی خۆی بە داننان و بەفەرمیناسینی فرەیی شوناسەکان (سیاسی-نەتەوەیی)، ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکانی ڕکەبەریی سیاسی، و سازان و ساغبوونەوە لەسەر ڕێکارەکانی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و داڕشتنەوەی دێموکراتیکی ئێرانی داهاتوو بدەن.

ئۆپۆزیسیۆن هەتا ئەوکاتەی بیهەوێ لە بری سازان لەسەر لانیکەمی هاوبەشەکان پێ لەسەر لانی‌زۆری هەموو داخوازییەکانی دابگرێ و زێدەخوازییەکانی خۆی لە دیاریکردنی فۆڕمی دەسەڵاتی داهاتووی وڵات پێش مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئیرادەی گشتیی خەڵک بخا؛ سروشتییە ناتوانی خۆی لەو قەپێلکەی ئێستای ڕزگار بکا. ئۆپۆزیسیۆن دەبێ هێڵی سووری بۆ هەندێ بابەتی وەک سڕینەوەی یەکتری هەبێ، دەبێ دوژمنایەتیی سیاسی لەگەڵ لایەنەکان وەلا بنێ و ڕێگە بۆ ڕکەبەریی سیاسی خۆش بکا، دەبێ داخوازییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە و ئاراستە سیاسییەکانی نێوخۆ بکاتە بنەمای تێکۆشان و هەڵسووڕانی و لە دوگماتیزمی ڕێکخراوەیی خۆی دوور بکەوێتەوە.

بەدامەزراوەکردنی خەباتی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە دەرخستنی ڕێبەریی تاکەکەسی فاکتەرێکی دیکەی پێشخستنی ئۆپۆزیسیۆنە. لە دامەزراوەی سیاسیدا بڕیار و ڕێوشوێنەکان ڕوون و شەففافن، لایەنەکان دەروەست و وەڵامدەر دەبن، ناکۆکی و ململانێیەکان لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی دامەزراوەدا بە لایەکدا دەخرێن، متمانەی سیاسی لە ڕێگەی پڕۆژەی هاوبەش و هاوکاریی مەیدانییەوە دروست دەبن.

کورد لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا چەند هەنگاوێک لەپێشترە. هەم ئەزموونی ڕێکخستنی سیاسی، جەماوەری و حیزبایەتیی زۆری هەیە و هەم حیزبە سیاسییە دیار و شوێندانەرەکانی لە ئێستادا لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بەرەوپیلی ڕووداوەکان دەچن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کەلێنەکانی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دیکەی کۆماری ئیسلامیدا پڕ نەبوونەتەوە؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کورد وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی ماف‌تەوەر پێویستیی بە گەرەنتیی دەستەبەربوونی مافەکانی هەیە و هەموو پرسەکەی بۆ دوای قۆناغی گوزار هەڵناگرێت. بزووتنەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی پێداگرن کە بەبێ دابینبوونی دێموکراسیی فرەیی و دەستەبەربوونی مافی نەتەوەکان هیچ گوزارێکی سیاسیی دێموکراتیک و سەقامگیر ڕوو نادات. حاشاکردن لە فرەنەتەوەبوونی ئێران و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەم پێکهاتە جوغرافییە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆڕی، سەرەڕۆیی و هەڵاواردنە و کوردەکان بە هیچ جۆرێک مل بۆ ئەوە ڕاناکێشن.

ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنەوەی کورد پێداگرن کە بەرابەری هەر بە مانای مافی یەکسانی تاکەکان نییە، بەڵکوو پێویستیی بە لەبن‌هێنانی ڕەگ و ڕیشەی ستەم و هەڵاواردنە پێکهاتەییەکان دژی نەتەوە نافارسەکانە و هەر پڕۆژەیەکی سیاسی بیهەوێ خۆ لەو ڕاستییانە لا بدات، نەزۆک و شکست‌خواردوو یان هەر نەبێ خاوەنی هیچ شەرعییەت و ڕەواییەک نابێت. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی کورد لای وایە لە دەرەوەی وادە و بەڵێنە لێل و ناڕوونەکان پێویستە دەسەڵات هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی قۆناغی گوزارەوە دابەش ببێت و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسییەکانی وڵات هاوکات لەگەڵ ئیدارەکردنی ناوچەکانی خۆیان، هاوبەشی بەڕێوەبردنی ئەرک و بڕیاردان لەنێو دامەزراوە سیاسی و بەڕێوەبەرییەکانی وڵاتدا بن.

کوردەکان خوازیاری کۆتاییهێنان بە سووڕێکی باتڵی مێژوویین کە لەم وڵاتەدا شۆڕش و گۆڕانکارییە سیاسییەکان دیسان ئیستبداد و حکوومەتی سەرکوتگەری بەرهەم هێناوەتەوە و ڕێگە نادەن جارێکی دی لەژێر ناوی یەکگرتندا ستەم و هەڵاواردنەکان جێ بخرێنەوە. بۆیە بەبێ دابینبوونی مافی نەتەوەکان نە هیچ متمانەیەک بە هاوپەیمانییەکان شکڵ دەکرێ و نە هیچ هاوپەیمانییەکی سیاسی لە ئاستی ئێراندا بەردەوام دەمێنێت و نە هیچ داهاتوویەکی جیاواز لەم وڵاتەدا چێ دەبێت. بۆیە یەکەم هەنگاو لەوەڕا دەست پێ دەکات ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دژبەرایەتیی یەکترەوە سەنگەرێکی هاوبەش بۆ خەبات دژی ڕێژیم و لێک‌تێگەیشتن لە مێژوو و داننان بە مافەکانی یەکتری بنیات بنێن و شەقاوەکانی دیکە بۆ بڕینی ئەم ڕێگەیە باوێژن.