کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جووڵانەوەی میللی و دێموکراتیکی کوردستان (بزووتنەوەیەکی ڕەسەن، سەربەخۆ و سەرچاوەگرتوو لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان)

09:31 - 19 بانەمەڕ 2726

ئیبراهیم لاجانی

جووڵانەوەی میللی و دێموکراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بزووتنەوەیەکی ڕیشەدار، ڕەسەن، گەلی و مێژووییە. زادەی گۆڕانکارییە ناوچەیی و کاتییەکان و شەڕ و ململانێ و قەیرانە دەرەکییەکان نییە. هەر بۆیە مانەوە و چوونەپێشیشی بە ڕاوەستان و بەردەوامیی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامییەوە نەبەستراوەتەوە. ئەو بزووتنەوەیە پێش لەو قەیران و شەڕ و ململانێیانەش هەبووە و لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا سەری هەڵداوە. هێز و گوڕی مانەوە و پێشکەوتنی خۆی لە ڕەنج و ستەم و چەوسانەوە و داخوازییە نەتەوەییەکانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد وەرگرتووە. ئێستاش هەروا لەسەر ئەو ڕێگا و ڕێبازە ماوەتەوە و هێز و تواناکانی خۆی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی دوور لە ستەم و چەوسانەوە وەردەگرێ.

گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە درێژایی دەیان ساڵ لەگەڵ هەڵاواردنی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی بەرەوڕوو بووە. بێبەشی و مەینەتبەشیی ساختاری، سەرکوت و زەبروزەنگ، قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی دایک، سەرکوتی ئازادی و مافە دێموکراتیکەکان، سنووردارکردنی مەیدان بۆ بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا، بە چاوی ئەمنییەتی ڕوانینە کوردستان، میلیتاریزەکردنی ڕێگا و کێو و بەرزایی و بەندەنەکان، هەڵاواردن لە ڕووی پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ڕاگرتنی کوردستان لە دواکەوتووییدا، گرتن و ڕاونان و زیندان و ئێعدامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی، ئینکار و سەرکوتی ناسنامەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، هەموویان بە هۆکار و زەمینەی بنەڕەتیی سەرهەڵدان و چوونەپێشی ئەو بزووتنەوەیە لەقەڵەم دەدرێن. بۆیە بە هیچ جۆر ناکرێت لەژێر ڕووناکایی ڕووداوەکانی ئەو چەند مانگەی دوایی ئێران و ناوچەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو جووڵانەوەیە بکەین و وەک بەشێک لەو شەڕەی تەماشا کەین کە ئێستا لەگۆڕێدایە.

ئەو جووڵانەوەیە وەڵامدانەوەیە بە پرسێکی مێژوویی؛ پرسێک کە ڕیشەی لە نەبوونی دێموکراسیدایە لە ئێراندا، واتە ناوەندگەرایی، دیکتاتۆری و ئیستبدادی سیاسی، واتە نەبوونی ئازادی و پێشێلکرانی ئەسڵە سەرەتاییەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان و حاشاکردن لە فرەفەرهەنگی و فرەنەتەوە بوونی وڵاتی ئێران.

بزووتنەوەی کوردستان وەک بەرهەمی دەستێوەردانی دەرەکی و دەستکردی بێگانە، یا ئاکامی شەڕ و ململانێ ناوچەییەکان و پڕۆژە ئەمنییەتییەکانی زلهێزەکان و هێزە هەرێمییەکان لەقەڵەم دەدات. ئەو سیاسەتە هەر لە هەوەڵەوە بەشێک بووە لە ئەدەبیاتی حکوومەتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرییەکانی تاران لە پێوەندی لەگەڵ جووڵانەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستاندا. هەر کاتێک خەڵک، چ لە کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، داوای ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا کردووە، حکوومەتە سەرەڕۆیەکانی تاران ئەوانیان بە "دەستی دەرەکی" و "نۆکەری بێگانە" و "جیاوازیخواز" و "هەڕەشەی ئەمنییەتی" داناوە و هەر لەسەر ئەو بناخەیەش دەستیان کردووە بە سەرکوتکردنیان. ئامانج لەو ناووناتۆرەش هیچ شتێک نییە بێجگە لە بیانوو دۆزینەوە بۆ پەلاماری خەڵک و هێزە خەباتگێڕەکانی کوردستان و ئازادیخوازانی دیکەی وڵاتەکەمان.

بەڵام ڕاستی مەسەلەکە وەک ڕۆژی ڕوون دیارە. بزووتنەوەی کوردستان بزووتنەوەیەکی گەلی و جەماوەرییە، هێز و گوڕ و تینی خۆی لە خەڵکی کوردستانەوە وەردەگرێ و پشتی بە قەڵای لەگیران‌نەهاتووی گەلی کوردستان بەستووە. ئەو بزووتنەوەیە هێزی خۆی لەو باوک و دایکانە وەردەگرێ کە کوڕەکانیان لەسێدارە دەدرێن، کچ و کوڕەکانیان دەخرێنە زیندان، ڕۆڵەکانیان چەکی پێشمەرگایەتی دەکەنە شان و دەبنە پێشمەرگە. ئەو بزووتنەوەیە هێزی خۆی لە لاوانی کوردستان وەردەگرێ کە بۆ ئازادی و ژیانێکی ئاسوودە و پڕ خێروخۆشی بۆ خۆیان و گەلەکەیان خەبات دەکەن؛ گوڕ و تین لەو مامۆستا، نووسەر، ڕووناکبیر، بازاڕی و کرێکار و زەحمەتکێشانە وەردەگرێ کە داخوازییەکانی خۆیان لە بەرنامەی سیاسیی حیزبەکانی کوردستان و ئامانجە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی کوردستانیدا دەبیننەوە. لەوەش زیاتر، بزووتنەوەی کوردستان یەکێک لە ماتۆڕە سەرەکییەکانی بریتییە لە: بزووتنەوەی ژنانی کوردستان بۆ ئازادی و دێموکراسی و بەرابەری و نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی و ڕەگەزی. ئاخر ئەمڕۆ هەموو دەبینین کە ژنان لەو بزووتنەوەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.

بەگوێرەی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان، هیچ حکوومەتێک مافی ئەوەی نییە حاشا لە شوناس و ناسنامەی میللی و نەتەوەیی نەتەوەیەک بکات و پەنا بۆ سەرکوتی ببات. مافی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا، مافی ئازادیی بەیان، مافی ئازادیی ئایین و عەقیدە، مافی پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، مافی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە، مافی خوێندن بە زمانی زگماکی، مافی وەک یەک بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە ئیمکاناتی ئابووری و ڕەفاهیی وڵات، مافی پاراستن لە بەرانبەر هەڵاواردن و جیاکاریی سیاسی و مەزهەبی و میللی و... هتد، لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە حیساب دێن. بزووتنەوەی کوردستان لەسەر بناخەی ئەو ویست و داخوازی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییانەوە سەری هەڵداوە و ڕاوەستاوە. بزووتنەوەی کوردستان نە شەڕخوازە و نە توندوتیژی‌تەوەرە، بەڵکوو لە جەوهەری خۆیدا بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە و عەداڵەتخوازە. داوای دێموکراسی بۆ ئێران و بەفەرمی ناسینی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەکات.

دیارە شتێکی ڕوونە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، لە کاتێکدا کە تووشی قەیران و شەڕ و ململانێ لەگەڵ هێز و لایەنە جیهانی و ناوچەییەکانە، هەوڵ بدات کە هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و جەماوەری و گەلی بە پاشکۆی ئەو شەڕ و ململانییەی خۆی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان بناسێنێ. لەو ڕێگایەوە دەیەوێت سەرنجی بیروڕای گشتیی ئێران و ناوچە لەسەر پرس و کێشە و گیروگرفتەکانی نێوخۆی وڵات دوور بخاتەوە. لەوەش زیاتر، دەیەوێت بەو کارە پاکانە بۆ سەرکوتی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی و هێزە پێشڕەوەکانی بکات. بەڵام ئەو ڕیوایەتەش لە ڕووی مێژووییەوە ناڕاستە و هەم لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسیشەوە ناڕەوایە.

بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران زۆر لەو شەڕ و ململانێیانە پێشتر سەری هەڵداوە کە ئێستا هەن. ئەو بزووتنەوەیە لە ئەزموونی کۆماری کوردستان و تەنانەت زۆر پێشتریشەوە سەری هەڵداوە. میراتی سیاسیی ڕاپەڕینی سەرتاسەری ساڵی ١٣٥٧ی پێوە دیارە؛ میراتی شەڕ و خەبات و بەربەرەکانیی دەیەکانی دواتری بە دژی هێرش و پەلاماری ڕێژیم بۆ سەر کوردستان پێوە دیارە؛ ڕەنگی بزووتنەوەی بەرینی ژینا و ڕەنگی بزووتنەوەی سەوز و بزووتنەوە سەرتاسەرییەکانی دیکەی وڵاتەکەمانێ پێوە دیارە. بۆیە هێنانەخواری ئەو بزووتنەوەیە بۆ ئاستی ئەوەی کە بەشێکە لە شەڕی ئێستای ناوچەکە، چەواشەی مێژوو و شێواندنی ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانە. بزووتنەوەی کوردستان هەر لەو کاتەدا کە تایبەتمەندی و داخوازیی تایبەت بە خۆی هەن، بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و دێموکراسیخوازانەی سەرتاسەریی ئێرانە و هیچ کاتێک لێی جیا ناکرێتەوە. ئاخر بزووتنەوەی کوردستان هەم لەپێناو دێموکراسی بۆ ئێران و هەم بۆ مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان خەبات دەکات.

واقعییەت ئەوەیە پرسی کوردستان لە ڕێگای سەرکوت و زەبروزەنگەوە چارەسەر ناکرێ. مێژوو نیشانی داوە بە نکۆڵی لە شوناس و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بەئەمنییەتیکردنی مەسەلەی کوردستان، میلیتاریزەکردنی کوردستان، داخستن و خنکاندنی فەزای سیاسی، قەدەغەکردنی تێکۆشانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پرسی کورد نەک هەر لەنێو ناچێت، بەڵکوو مەسەلەکە قووڵتر و ئاڵۆزتریش دەکات. بۆیە ڕێگاچارەی پرسی کوردستان بریتییە لە: دیالۆگ و گفتوگۆی جیددی و بەرپرسانە. بریتییە لە: قبووڵکردنی ئەوەی ئێران وڵاتێکی فرەفەرهەنگ و فرەنەتەوەیە و دەبێت هەر ئاواش سەیر بکرێت. بریتییە لە: دابەشکردنی دەسەڵات و دیسانتڕالیزەکردنی حکوومەت و وەبەرچاوگرتنی داخوازییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی نەتەوەکانی ژێرچەپۆکەی ئەم وڵاتە.

لە ڕووی سیاسییەوە، پرسی کورد بەشێکە لە پڕۆسەی تێپەڕینی ئێران بەرەو دێموکراسی. هیچ داهاتوویەکی دێموکراتیک بەبێ چارەسەری پرسی کوردستان، ئیمکانی جێبەجێبوونی لەگۆڕێدا نییە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەزمان، فرەئایین و فرەفەرهەنگە؛ ئەگەر نیزامی سیاسیی داهاتووی ئێران بیەوێ دێموکراتیک و دادپەروەرانە و سەقامگیر بێت، پێویستە واقعییەتی فرەفەرهەنگی و فرەنەتەوەی بوونی ئێران قبووڵ بکات. دێموکراسی بەتەنیا هەر سندووقی دەنگدان نییە، دێموکراسی یانی دابەشکردنی دەسەڵات، ڕێزگرتن و قبووڵکردنی جیاوازییەکان، دابینکردنی مافەکانی کەمایەتییەکان، کۆتاییهێنان بە ئیستبداد و دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و فاشیزم و ڕاسیزم.

لەو ڕوانگەیەوە، جووڵانەوەی کوردستان نەک هەر هەڕەشە نییە لەسەر ئێران و دێموکراسی لە ئێران، بەڵکوو یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دێموکراسییە لە ئێراندا. ئەو جووڵانەوەیە بە هێنانەگۆڕی ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستان، خوازیاری ئێرانێکی ئازادتر، دێموکراتیکتر و ئینسانیترە.

لە ڕووی مافەکانی مرۆڤەوە، خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە حکوومەتی خۆیان بۆ ئیدارەی ناوچەکانی خۆیان هەبێت، حەقی ئەوەیان هەیە بە زمانی زگماکیی خۆیان بخوێنن و فەرهەنگ و کولتووری خۆیان گەشە پێ بدەن. مافخوازی تاوان نییە، بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی و ناسنامەی کولتووری تاوان نییە، خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و خودموختاری تاوان نییە، ئەوەی کە دەبێت مەحکووم بکرێت، سەرکوت و زەبروزەنگ و گرتن و ڕاونان و ئیعدامی ئازادیخوازانەیە.

بۆیە دەبێت بە ڕاشکاوی بگوترێت کە بزووتنەوەی کوردستان، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیە، جەماوەری و ڕەسەن و گەلی و مێژووییە. ئەو بزووتنەوەیە بە هیچ جۆر پاشکۆی شەڕی ڕێژیم و ئەمریکا نییە. سەر بە هێزە دەرەکییە ناوچەیی و جیهانییەکان نییە. هەر بۆیە نە سەرکوت دەکرێ و نە لە ناو دەچێ. ئاڵای ئەو بزووتنەوەیە بە دەست خەڵکی کوردستانەوەیە کە دەیان ساڵە لەپێناو ئازادی و مافەکانی خۆیاندا خەبات دەکەن و بە دەیان هەزار کەس لە ڕۆڵە هەرە بەوەجەکانی خۆیان لەو خەباتەدا کردووەتە قوربانی.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردستان بەشی هەرە زیندوو و وشیار و کارای جووڵانەوەی دێموکراسیخوازیی سەرتاسەریی ئێرانە. ئەو بزووتنەوەیە درێژەی دەبێت، چونکە ڕیشەی لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێراندایە. هەر بزووتنەوەیەک کە هێز و ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەرگرێ، لەبەین ناچێ. ڕەنگە هەزینەیەکی زۆریش بدات، بەڵام هەرگیز سەرکوت ناکرێ و ئاڵاکەی ناکەوێتە سەر ئەرز.

داهاتووی ئێران کاتێک ڕوون و پڕشنگدارە کە مافەکانی نەتەوەکانی ئێران دابین و دێموکراسی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەستەبەر کرابن. بۆیە بەبێ بەدیهاتنی مافەکانی کورد، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی لە ئێراندا ناڕواتە پێش و جێبەجێ نابێت.