
هیوا بەهرامی
ئەو گۆڕانکارییانە کە بەسەر ناوچەکەدا هاتوون ڕێژیمی ئێرانی بۆ کورتمەودا و دوورمەودا لاواز کردووە و بۆ یەکەمجار لە ماوەی لانیکەم ٣٥ ساڵی ڕابردوودا کرانەوەیەکی ستراتیژیک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بووە. ئەم کرانەوەیە دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی و ستراتیژیی نەتەوەی کورد، نە تەنیا بە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیک، بەڵکوو بە وڵاتانی ناوچەش، کە بۆیان دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی چەندە مەترسییەکی گەورەیە لە سەر بەرژەوەندییەکانیان.
جێگای داخە وەک کوردانی ڕۆژهەڵات لە دۆخی ئێستادا هێشتا ئامادەیی ئەوەمان نییە کە دیپلۆماسییەکی یەکدەنگمان وەکوو نەتەوە هەبێ و ئەمە بەربەستێکی گەورەیە. دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانمان دەیان ساڵە لە چالاکی بەردەوامدایە بەڵام ئێستاش لە خوار ئەو ئاستەیە کە دۆزەکەمان پێویستییەتی. ئەمە کێشەی کەمتەرخەمی نییە. هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کەم یان زۆر پەیوەندییان لە گەڵ دونیای دەرەوە دروست کردووە، زانیارییان داوەتە وڵاتانی جیاواز، لە پەرلەمانەکاندا قسەیان کردووە و پەیوەندییان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان هەیە. کێشەکە ئەوەیە کە هەر یەکێک لەم تۆڕە دیپلۆماسییانە کە هەمانە گرێدراوی حیزبێکە، نەک نەتەوەکەمان. کاتێک بڕیاربەدەستێکی وڵاتێک دەپرسێت کێ بەناوی«کوردانی ئێرانەوە»ەوە قسە دەکات، هیچ وەڵامێکی یەکگرتوو نییە و نەبوونی ئەم وەڵامە گرفتێکی گەورەیە. بەڵام بنەمای چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بوونی هەیە. وەڵامەکە بریتییە لە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسیێلی بەهێزی دیاسپۆرای کوردی ڕۆژهەڵات.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بەستەرێکی گونجاو بۆ دیپلۆماسیی کوردی ڕۆژهەڵات لەبەردەستدایە کە تاکوو ئێستاش نەتوانراوە بەو جۆرەی پێویستە کەڵکی لێ وەربگیردرێت. سیاسەت و داخوازییەکانی زۆرینەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان وەک دێموکراسی، مافی چارەی خۆنووسین، پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دابەشکردنی دەسەڵات پرسگەلێکن کە لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوا تەبان و هەر بۆیەش ئامادەیی پشتگیریی ئەم پرسانە لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە بەدی دەکرێت. هاوپەیمانی ئامرازێکی سروشتییە بۆ ئەوەی بتوانین یەکدەنگییەکی دیپلۆماسی دروست بکەین. لە ڕێگای هاوپەیمانییەوە دەکرێ دیپلۆماسیی ڕۆژهەڵات بگەینینە ئەوەی ببێتە دیپلۆماسییەکی نەتەوەیی، نەک لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی بێکەموکوڕییە، یان هەموو ناکۆکییە نێوخۆییەکانی چارەسەر کردووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی تەنیا پێکهاتەیەکە کە لەبەردەستە و توانای ئەوەی هەیە دەنگێکی یەکگرتووی کورد بە وڵاتانی جیهان بگەیەنێ. هەر بۆیە پێویستە بە کردەوە کۆمیتەیەکی تایبەت بە دیپلۆماسی لەنێو هاوپەیمانیدا پێک بێ، نەک وەک لێژنەیەکی هەماهەنگی، بەڵکوو وەک دەستەیەکی کار کە ئەرکی دیاریکراوی هەبێت. دیپلۆماسیی هاوبەشی هاوپەیمانی دەتوانێت پێگەی ڕۆژهەڵات لە پایتەختەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە بگۆڕێت.
بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە کاری دیپلۆماسی پێویستە مانیفێستێک هەبێت کە داواکارییەکانی نەتەوەی کورد تێیدا بە ڕوونی شی کرابنەوە و هەروەها هەڵوێستی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە داهاتووی ئێران، دێموکراسی، مافی نەتەوەکان لە خۆ بگرێت و گرێ بدرێ بە بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچە و جیهان. بێجگە لەمە، پێویستە بەشی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی ئەرکدار بکرێ گرووپی کارکردن لەسەر داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، پەیوەندی لەگەڵ میدیا، کاروباری یاسایی و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی وڵاتانی جیاواز ڕاپەڕێنێ. ئامانجەکە نابێ سیاسەتی حیزبی بێ، بەڵکوو ڕێکخستنی وزە بۆ ئاڕاستەیەکی ستراتیژیی ڕوون. ئەمە دەبێتە ناونیشانێک بۆ پەیوەندیی دەوڵەتەکان، حیزبە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەتی وڵاتان کە دەیانەوێت لە هەڵوێست و سیاسەتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێبگەن. لە ئێستادا، هەر کەسێک بیەوێت بە جیدی لە دۆزی ئێمە بکۆڵێتەوە، ڕووبەڕووی نەخشەیەکی ئاڵۆز لە حیزبەکانمان دەبێتەوە. دیپلۆماسیی یەکگرتووی هاوپەیمانی جێگەی پەیوەندییە حیزبییەکان ناگرێتەوە؛ بەڵکوو بە دەنگێکی نەتەوەیی باوەڕپێکراو بەهێزتریان دەکات. پرسیاری ئەوە کە ئایا حیزبەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی، یا تەنانەت تاکی کورد کە سەر بە هیچ حیزبێک نین، دەتوانن بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکەن؟ ئەمە پرسێکی گرنگە و شایەنی گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەیە نەک خۆدزینەوەی تاکتیکی. پرەنسیپەکە دەبێت سادە بێت: هەر هێزێکی سیاسیی ڕۆژهەڵات کە ئامادە بێت لە چوارچێوەیەکی دێموکراسیی هاوبەش و دیسپلینێکی دیپلۆماسیی هاوبەشدا کار بکات، دەبێت جێگەی لەسەر مێزەکە هەبێت.
دیاسپۆرای کوردی
پۆتانسیێلێکی بەهێز کە دیپلۆماسیی کوردی ڕۆژهەڵات دەتوانێ کەڵکی لێ وەربگرێت، دیاسپۆرایە. ئەمڕۆ ڕادەیەکی زۆر کوردی ڕۆژهەڵات لە دیاسپۆرادا و بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین. ئەمە بۆ خۆی سەرمایەیەکی سیاسیی گەورە و بەنرخە بۆ ئەوەی دیپلۆماسیی کورد بتوانێت بۆ بردنە پێشی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات کەڵکی ئەرێنی لێ وەربگرێت. ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات ئەو سەرمایەیە کە هێشتا بەپێی پێویست وەگەڕمان نەخستووە. ئێستا سەدان هەزار کوردی ڕۆژهەڵات لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەژین. لە نێوانیاندا پزیشک، ئەندازیار، پارێزەر، ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و نەوەیەکی گەنج هەن کە لە ڕووی سیاسییەوە پێگەیشتوون گرنگە کە لە دەوری هاوپەیمانی کۆ بکرێنەوە. دیاسپۆرای کورد لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا ڕاهاتوون، شارەزای میدیان، لەنێو ژیانی گشتیی ڕۆژئاوادا تێکەڵ بوون و، لەوەش گرنگتر، کەمتر بە دابەشبوونە میراتگرییەکانی سیاسەتی حیزبییەوە بەستراونەتەوە. ئەمانە گرنگترین سەرچاوەی سیاسیین کە ڕۆژهەڵات تا ئێستا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەیەتی. ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە بە شێوەی پێویست ئەم سەرمایە بەهێزە مرۆییە وەگەڕ خەین. بەراوردکردن لەگەڵ نەتەوەی دیکە کە لە هەلومەرجی هاوشێوەی کورددان دەتوانێ وانەبەخش بێت. بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی دیکە بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕەوەندی ئورووپای خۆیان کۆ دەکەنەوە و لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوە کولتوورییەکان، پلاتفۆرمە میدیاییەکان و تۆڕەکانی لۆبیکردن لەژێر ئاراستەیەکی هەماهەنگدا توانیویانە کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتانی جیاواز دابنێن. هاوپەیمانی پێویستە کەڵک لەم سەرمایە وەربگرێ بۆ ئەوەی پرس و دۆزی کوردی ڕۆژهەڵات بکا بە پرسێکی هەمیشەیی لە ئەجێندای سیاسیی وڵاتانی جیهاندا.
حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان خۆیان ناگەنە ئەم هەڵوێستە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی گوشاری بەردەوام و ڕێکخراوی ڕەوەندی کوردییەوە دەکرێ ئەم گۆڕانە وەدی بێنین. ڕەوەندی ڕۆژهەڵات تایبەتمەندیی گرنگی زۆری هەیە، پڕۆفیشناڵن، زیاتر بڵاوەیان کردووە و کەمتر لە وڵاتانی دیاریکراوی ئورووپیدا چڕ بوونەتەوە، بەڵام تواناکەیان، ئەگەر زیاتر نەبێت، لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە. مەخابن لە ئێستادا هیچ چەشنە کۆردیناسیونێکمان نییە کە بتوانێ ئەمڕۆ سەدان ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات کە لە سەرانسەری ئورووپا و ئەمریکای باکووردا کار دەکەن، ڕێک بخات و لە ژێر چەترێکدا کۆیان بکاتەوە. هەر بۆیەش چالاکییەکانیان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە.
پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا قۆناغی ناساندنی بە دونیای دەرەوەی تێپەڕ کردووە. هەبوونی دەیان ساڵ چالاکی سیاسی، مەدەنی و بەرگریی پێشمەرگانە و گیانفیدایی هەزاران کچ و کوڕی ئەم نیشتمانە توانیویەتی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی باش بە دونیای دەرەوە بناسێنێت. بە تایبەت پاش شۆڕشی ژینا پرسی کورد کەوتووەتە قۆناغێکی نوێوە و بۆ ئەمەش دەبێ خوێندنەوەی نوێ و بەرنامە و پلانی گونجاو دابڕێژرێت. پەیامی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات، پەیامی ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و پێکهێنانی ژینگەیەک بەدەر لە هەر چەشنە ئایدیۆلۆژییەکی وێرانکەر و دواکەوتووانەیە و ئەو پەیامەش هاوتەریبە لەگەڵ بەهاکانی دونیای پێشکەوتوو. ئەگەر خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەمان بۆ ئەم قۆناغە هەبێت و بتوانین لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەرگرین، دەکرێ لە ئاستی نێونەتەوەییدا وەک پارتنەرێکی جیدی و کارا لە ئێرانی داهاتوودا حیسابمان بۆ بکرێت.
ئامانج دڵنیابوونەوەیە لەوەی کاتێک دانوستان لەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران دەکرێت، چ لە ساتێکی وەرچەرخانی کتوپڕدا بێت یان لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی هەنگاو بە هەنگاو، ڕۆژهەڵات وەک پارتنەر و هاوپەیمانی جیدی، ڕێکخراو و خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت. نەک وەک پاڕانەوەیەک، یان وەک پەراوێزێک لە پلانی گۆڕانکاریی لایەنێکی تردا. نابێ بڕیار لەسەر داهاتووی ئێران بدرێ و نەتەوەی کورد لە ژووری بڕیارداندا نەبێت. نابێ ئەم دەرفەتە ستراتیژییە لەدەست بدەین. دەبێ ژینگەی سیاسی لەچاو چەندین دەیەی ڕابردوو سالمتر و کاراتر بکەین. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا ئیرادەی سیاسییە لەنێو بزووتنەوەکەماندا، بۆ ئەوەی خۆمان لەو ئاستەدا ڕێکبخەین کە ئەم ساتەوەختە لێمان دەخوازێت. باجی شکستهێنان لەم کارەدا تەنیا لەدەستدانی پێگەکەمان نییە، بەڵکوو بەفیڕۆدانی دەرفەتێکە کە ڕەنگە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە.