کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتی ئابووری

10:36 - 20 بانەمەڕ 2726

ئاسۆ مینبەری

پچڕانی ئینتێرنێت تەنیا پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نەپساندووە، بەڵکوو نانی زۆر کەسی بڕیوە. بۆ هەزاران ژن لە ئێراندا، ئینتێرنێت شوێنی کار و تەنیا ڕێگەی چوونە نێو قووڵایی ئابووری بوو کە دەرگاکانی لە جیهانی ڕاستەقینەدا بۆ ئەوان داخراوە.

پچڕانی درێژماوەی ئینتێرنێت لە ئێران بەشێک لە ئەکتەرانی ئابووریی کۆمەڵگەی کردە ئامانج کە زیاتر لە هەر گرووپێکی دیکە بەستراوەی بوون؛ ژنان. ژن‌گەلێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا، لە نەبوونی دەرفەتی یەکسان لە بازاڕی فەرمیی کاردا، پەنایان بردبووە بەر دنیای مەجازی و لە فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵەوە بگرە هەتا فێرکاریی ئانلاین کەڵكیان لێ وەردەگرت. بۆ زۆرەی ئەم ژنانە، ئینتێرنێت نەک تەنیا کەرەستەی کارکردن، بەڵکوو دەرفەتی بینران، سەربەخۆیی ئابووری و تەنانەت پێناسەکردنەوەی شوناسیان بوو. لە ڕاستیدا داخرانی ئینتێرنێت بە جۆرێک لە سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لە باری ئابوورییەوە دادەنرێت. بەسترانی ئەم ڕێگایە، شتێک زیاتر لە لەدەستدانی پلاتفۆرمێک بوو، لێرەدا ڕێڕەوی ژیان ڕاوەستا.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕ لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە، کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی دیکە لە پچڕاندنی ئینتێرنێت و سنووردارکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوەی دەست پێ کرد. لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە زیاتر لە ٦٥ ڕۆژی بەسەردا تێدەپەڕێ، خەڵكانی ئێران لە دنیای ئینتێرنێت دابڕاون و بە بارمتە گیراون.

لەم ڕاستایەدا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان کە کار و کاسبییان لە ڕێگەی ئانلاینەوە بەڕێوە دەچوو، بە تەواوی دەستیان بەسترا و تووشی قەیرانی قووڵی ئابووری بوون.

هۆکاری ئەم قەیرانە ئابوورییە لە نایەکسانیی بازاڕی کاردایە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئابوورییەکەی زیاتر لە دەستی پیاواندایە و دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دەرفەتی یەکسان، بەردەوام سنووردارە، زۆربەیان ناچارن بە دوای کەشێکی جێگرەوەدا بگەڕێن و ئینتێرنێت باشترین بژاردەیە.

بە هۆکارگەلی وەک فەرهەنگ، کولتووری بنەماڵە و تەنانەت هەڵاواردن لە دامەزران و حەقدەست و بەرزبوونەوەی پلە لە کاردا، فەزای دیجیتاڵی دەرفەتێک بۆ پەیداکردنی بژێو بە بێ تێپەڕاندنی لەمپەرە قورسەکانی دیکە بۆ ژنانە. لەلایەکی تریشەوە، کاروباری ئانلاین لە قەبارەی بچووک و بە سەرمایەی کەم و بە بێ پاڵپشتیی بەهێزی دارایی یان یاسایی فۆرم دەگرن و نەبوونی ئینتێرنێت زیاتر خەساریان لێ دەدات.

جیا لەوەی کە فەزای ئینتێرنێت، دۆخی گونجاو بۆ بووژانەوەی ئابووریی ژنان دروست دەکات، دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کە ژنان متمانە بەخۆبوونیان بەهێز بێت و لە ئاستێکی گەورەتردا ببینرێن. کەوایە نەمانی ئینتێرنێت بە مانای نەمانی دەنگوڕەنگی ئەوان بە ئەژمار دێت.

ئینتێرنێت لەم ساڵانەی دواییدا، تەنیا کەرەستەیەکی پێوەندی نەبووە. بۆ زۆربەی کەسەکان بەتایبەت ژنان بەشێک لە ژێرخانی ژیانی ڕۆژانەیان بەئەژمار هاتووە وەک شوێنی کار، بەستێنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فەزایەک بۆ بەشداری لە بواری گشتی؛ لەم دۆخەدا پچڕاندنی ئینتێرنێت تەنیا سنووردارکردنەوەی تێکنۆلۆژییەک نییە، بەڵکوو سنووردارکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە کۆمەڵێک دەرفەتە. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێ باس لە چەمکێک بکەین کە لە زانستی کۆمەڵایەتی و میدیادا پێی دەگوترێت سەرکوتی دیجیتاڵ. سنووردارکردنەوەی دەستڕاگەیشتن، بینران و ئەگەری ئەکتیڤبوون لە فەزای ئانلاین، بە جۆرێک کە ئاسەوارەکانی زیاتر لە جیهانی مەجازی درێژە دەکێشن.

خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەم جۆرە سنووردارکردنە، بێدەنگ و ناڕاستەوخۆیە. نە بە سڕینەوەی فیزیکی بەڵکوو بە لەناوبردنی دەستڕاگەیشتن! نە بە شێوەی بەرەوڕووبوونەوەی ئاشکرا بەڵکوو بە بێدەنگکردنی وردەوردەی فەزایەکی دیاریکراو. کاتێک ئەم سنووردارکردنە بە شێوەی نایەکسانە، ئاسەوارەکانیشی نایەکسان دەبن. هەندێک کەس یان گرووپ کە بەستراوەییان زیاترە یان بژاردەکانی بەردەمیان کەمترە، زیاتر خەساریان بەر دەکەوێ، لەم نێوانەدا ئەزموونی ژنان لە پچڕانی ئینتێرنێت دەکرێ وەکوو مۆدێڵیکی نایەکسان چاوی لێ بکرێت. کەوایە پرسەکە تەنیا پچڕاندن یان گەڕاندنەوەی تۆڕێکی پێوەندی نییە، پرسەکە شێوەی دابەشکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتەکانە و ئەوەی کە چ کەسانێک لە کاتی پچڕانی ئینتێرنێتدا زیاتر لە دەرفەتەکان بێبەری دەبن.

ئینتێرنێت لە دنیای ئەمڕۆدا تەنیا ڕێگای پێوەندی نییە، بەڵکوو ڕێگای بەدەستهێنانی داهات و شوێنی کارە. لەم ڕوانگەیەوە، پچراندنی ئینتێرنێت نەک ئاکارێکی ئاسایی نییە بەڵکوو بە مانای تێکدانی ڕەوتی ژیانە. بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ئابووریان بەم بابەتەوە بەستراوەتەوە. بۆ ژنێک کە لە دنیای مەجازیدا کار دەکات، ئینتێرنێت نەک یەک دانە بژاردە بەڵکوو ژێرخانی کارەکەیە کە سڕینەوەی بە مانای سڕینەوەی کارەکەیە. بەڵام پرسەکە تەنیا ئابووری نییە. ئینتێرنێت بۆ زۆربەی ژنان ڕێگایەک بۆ بەشداریکردن لە گۆڕەپانێکە کە لە دنیای واقیعدا بۆ ئەوان سنووردار بووە و ئەم پچڕانە، هاوکات پچڕانی پێوەندیی کۆمەڵایەتیشە.  کەوایە بە پچڕانی ئینتێرنێت، سەرکوتێکی ئابووریی سیستماتیک ڕوو دەدات و ڕەوتی ژیانێک ڕادەوەستێت کە تێێدا کار، پێوەندی و شوناس گرێدراوی یەکترن.

بۆ بەشێک لە کۆمەڵگە، پچڕانی ئینتێرنێت، دوورکەوتنەوەیە لە کۆمەڵگە و ڕاستییەکانی. ئینتێرنێت چیدیکە تەنیا "ئینتێرنێت" نییە. ئینتێرنێت بۆ زۆر کەس نانە!