
برایم لاجانی
ئەوەی ساڵانێکی زۆر وەک هەڕەشە و مەترسی باسی دەکرا، ئێستا وەڕاست گەڕاوەتەوە. ئێران جارێکی دیکە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنە بەرەوڕوو بووەتەوە. قەیرانێک کە ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئایدیۆلۆژیک و ئاژاوەگێڕانە و نابەرپرسانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودایە.
لە مانگی ژووئەنی ساڵی ٢٠٢٥دا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ناوەندەکانی دیکەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئەسفەهان کەوتنە بەر پەلاماری سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل. پاش ئەوە ئێران بۆ ماوەیەک بە ڕواڵەت ئارامییەکی بەخۆیەوە گرت. ئارامییەک کە بەر لەوەی نیشانەی سەقامگیری بێت، وەک ناوبڕێک لە نێوان دوو جەنگدا دەهاتە بەرچاو. دواتر لە بیست و هەشتەمی فێبریوەریی ٢٠٢٦دا سەرلەنوێ شەڕێکی تازە هەڵگیرسایەوە. شەڕێک کە ئەوەتا ئێستا ئەوە چەند ڕۆژە بەهۆی ئاگربەستێکی لەرزۆک و کاتی و ناپایەدار، بە شێوەیەکی کاتی ڕاوەستاوە. ئاگربەستی ڕۆژی ٨ی نیسان، کە بە هۆی ناوبژیکردنی پاکستانەوە هاتە دی، نە کۆتایی شەڕ و نە سەرەتای ئاشتییە. بەڵکوو ڕاوەستانی کاتیی ئەو شەڕ و توندوتیژییەیە کە سێبەری بەسەر ئێراندا کێشاوە و ئیمکانی ئەوەی هەیە دیسان دەست پێ بکاتەوە.
ئەو ئاگربەستە، وەک دێتە بەرچاو، پێش ئەوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی بێت، بە جۆرێک لە پاشەکشەی ناچاری دادەنرێت. هەروەک چۆن خومەینی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا، قبووڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی وەک وەبەرچاوگرتنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی ئیسلام و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دا، ئێستاش ڕێژیم هەوڵ دەدات ئەو ئاگربەستە بە سەرکەوتن ناو ببات. بەڵام ڕاستییەکە زۆر لەوە تاڵترە کە بکرێت بە پڕوپاگەندە و فڕوفیشاڵ بشاردرێتەوە. کاربەدەستانی ئەمڕۆی ڕێژیم هەر وەک خومەینی ناچار بوون جامی ژەهرەکە بخۆنەوە. بەو جیاوازییەوە کە ئەمجارە جامی ژەهرەکە تاڵتر و کوشندەترە.
ئاخر ئەمجارە مەسەلە هەر ڕاوەستانی شەڕێکی کلاسیک نییە، مەسەلەکە بریتییە لە لەنێوچوونی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران، وێرانبوونی توانا سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، لاوازبوونی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئێران و تەریککەوتنەوەی، واتە لاوازبوونی ڕێژیمێک، کە ساڵانێکی زۆر خۆی بە زلهێزی ناوچەکە دەزانی. ڕێژیم بۆ ماوەی چوار دەیە هەموو ئیمکانات و سەروەت و سامانی ئێرانی خستبووە خزمەت پەرەپێدانی ئەو سیاسەتەی کە بۆ خۆی ناوی نابوو پڕۆژەی قووڵایی ستراتیژیک و توانای ناوچەیی بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان. کەچی هەموو ئەو سەرمایە نەتەوەییەی ئێران کە لەو ڕێگایەدا خەرج کرا، نە ئەمنییەت و خۆشگوزەرانیی بەدواوە بوو نە توانی پێگەیەکی سیاسی و دیپلۆماتیک بۆ ڕێژیم دەستەبەر بکات.
ئێستا هەر ئەو دەسەڵاتەی کە ئێرانی تووشی شەڕ کرد، دەیەوێ ئەو ئاگربەستە کاتییە بە سەرکەوتن هەژمار بکات. ئەو قسانە نەک هەر ڕاست نین بەڵکوو زۆرتر مەسرەفی نێوخۆییان بۆ ڕێژیم هەیە. ڕێژیم لەو ڕێگایەوە دەیەوێ شکست و لاوازییەکانی خۆی بشارێتەوە.
ئێران لەو شەڕەدا نە سەرکەوتووە و نە سوڵح و ئاشتیش لە ئارادایە. ئێران لە قەیرانێکی قووڵی هەمەلایەنەدایە، ئابڵۆقەی ئابووری و بازرگانی لەسەرە، بەدەیان جۆر سزای سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئورووپا و ئەمریکاوە خراونەتە سەر ئێران. کۆمەڵگەی ئێران سەرکوت کراوە، ژینگە بەرەو وێرانی دەچێت، هەژاری و نەداری و گرانی و ئاوسان وەک دێوەزمە دەستیان خستووەتە بینەقاقەی خەڵک. بێکارییەکی بەربڵاو و ملیۆنی خەریکە هەموو ئێران دەگرێتەوە، ئازادی نییە و خەڵک لە تاریکیی دیجیتاڵیدا بەسەر دەبات. ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناوی ناوە مقاوەمەت و بەرگری، بۆ خەڵک شتێک نییە جیا لە هەژاری و نەداری و مەینەتبەری، نائەمنی و بێداهاتوویی.
ئەو ئاگربەستە هیچ کام لە کێشەکانی چارەسەر نەکردووە. مەسەلەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، توانای مووشەکیی ڕێژیم، ڕۆڵی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، حزووری دارودەستە نیابەتییەکانی ڕێژیم، ئاسایشی کەنداو، تەنگەی هورمز، بایکۆتەکان، ئابڵۆقە ئابوورییەکان، پوڵ و داراییەکانی ئێران کە لە دەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، پرسی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، هەروا لەسەر مێزی وتوێژن. کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێژیم زۆر لە یەک دوورن. دونیا دەیەوێ دەستی کۆماری ئیسلامی بە وزەی ئەتۆمی ڕانەگات، دەیەوێ توانای مووشەکیی ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێت، دارودەستە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا چەک بکرێن. لەولاشەوە ڕێژیم داوا دەکات هەموو بایکۆتەکانی لەسەر لابچن، داراییەکانی ئێران لە دەرەوە ئازاد بکرێن، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بڕۆنە دەر و حەقی پیتاندنی یۆرانیۆمی بدرێتێ.
ڕێژیم هەزینە و تێچوونی ئەو قەیرانەی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. لاوان دەرفەتی ژیان و پێشکەوتنیان لەدەست چووە. کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینەکان، چین و توێژە هەژار و مەینەتبەشەکان، لە ژێر فشاری گرانی و بێکاری و ئاوساندا پشتیان چەماوەتەوە. ژنانی ئێران لە ژێر سەرکوت و زەبروزەنگدان. نەتەوەکانی ژێرستەمی ئێران هەروا لە ئازادی و دێموکراسی و مافە ڕەواکانیان بێبەشن. جیاکاری و هەڵاواردنی مەزهەبی و ئایینی بە توندی بەڕێوە دەچێت، ڕۆژنامەنووس و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەگیرێن و ڕەوانەی زیندانەکان و سەرداری سێدارە دەکرێن.
لە وەزعێکی ئاوادا هێزە نیشتمانی و دێموکراتیکەکان دەبێت ببنە خاوەنی دەنگێکی سەربەخۆ و زوڵاڵ. ئەوان دەبێت دەنگی کۆمەڵانی خەڵک بن نەک ڕێژیمی ئاخوندی. ئەوان دەبێت ڕێگای سێیەم هەڵبژێرن.
ڕێگای سێیەم تەنیا ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی ئێرانە. واتە نە شەڕ و نە ئیستبداد و سەرەڕۆیی. واتە تێپەڕین بۆ ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک و سێکۆلار. ئێرانێک کە لەگەڵ دونیا و دراوسێکانی لە ئاشتی و سوڵحدا بێت. ڕێگای سێیەم دەبێت لەسەر چەند ئەسڵ دابمەزرێت. حەقی حاکمییەتی خەڵک، جودایی دین و دەوڵەت، دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەرانبەریی ژن و پیاو، لابردنی جیاکاری و هەڵاواردنی سیاسی، مەزهەبی و نەتەوەیی لەسەر نەتەوەکانی ئێران، ئازادیی زیندانیانی سیاسی، سەربەخۆیی دەزگای قەزایی، هەڵبژاردنی ئازاد، سیاسەتێکی دەرەوەیی لەسەر بناخەی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران.
ئەو وەزعە، لە زۆر ڕووەوە، هاوینی ساڵی ١٣٦٧مان وەبیر دێنێتەوە. ئەودەمیش ڕێژیم پاش ساڵانێک دروشم دان، لەپڕ پاشەکشەی کرد. بەڵام دیتمان پاشەکشەی سەربازی و ئاگربەست، ئازادیی سیاسیی بەدواوە نەهات. ڕاست بە پێچەوانەوە، ڕێژیم دەستی کرد بە سەرکوتی خەڵک و هێزە ئازادیخواز و حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و پیشەییەکان. کۆمەڵکوژی لە زیندانەکاندا وەڕێ خست. شکستی خۆی لە دەرەوە، بە سەرکوتی خەڵک قەرەبوو کردەوە.
ئەمڕۆ ئەو مەترسییە لە ئارادایە. هەرکات کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە شکستی خواردووە، ماشێنی سەرکوت و گرتن و ڕاونان و سێدارەی لە نێوخۆ وەگەڕ خستووە. بۆیە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران دەبێت وشیار بێت. ئاگربەست ڕەنگە ئەمجارەش ببێتە هۆی وەڕێخستنی کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە نێوخۆ لەلایەن ڕێژیمەوە. ئەو هەموو لەسێدارەدانانەی ئەم ڕۆژانە هەواڵەکانیان بڵاو دەبێتەوە، دەکرێت بە نیشانەی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە زیندانەکاندا هەژمار بکرێت.
بۆیە ئەرکی هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان ئەوەیە ئەو وەزعە بگۆڕین بۆ دەرفەتێک بۆ خۆڕێکخستن، بۆ پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤی ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە ئامادەیە هەموو توانا و لێوەشاوەییەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت و دەستی هاوکاری و هاوخەباتی بۆ هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران درێژ دەکات. ئەگەر هێزە نیشتمانی و ئازادیخوازەکان، هێزە کۆماریخواز و چەپ و دێموکرات و لیبڕاڵەکان، ئەگەر حیزب و ڕێکخراوەکانی سەربە نەتەوە زوڵملێکراوەکان، ئەگەر ژنان و لاوان و کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکاران و ڕێکخراوە پێشەییەکانیان، هەموو بتوانین لەسەر لانی کەمی داخوازییە هاوبەشەکان پێک بگەین، ئەوە دەتوانین ئومێدەوار بین قەیرانی ڕێژیم بکەینە دەرفەت بۆ تێپەڕین لە سەرەڕۆیی مەزهەبی بەرەو ئێرانێکی دێموکراتیک.
دەبێت بزانین کە کۆتایی ئیستبداد بۆ خۆی نابێتە گەیشتن بە ئازادی. ئازادی و دێموکراسی پێویستی بە کار و خەبات و خۆڕێکخستن و هاوکاری و بەرنامەی ڕوون هەیە. ڕەوتێکی لەو جۆرە پێویستی بە بەرەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک هەیە، پێویستی بە فەرهەنگی دێموکراتیک و سنگفراوانی و بەرپرسیارێتی هەیە. ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی نابێت ببێتە مەیدانی تۆڵە و ڕق و توندوتیژی. ئێرانی داهاتوو دەبێت لەسەر بناخەی دادپەروەریی سەردەمی تێپەڕین، مافی شارۆمەندی و بەرانبەر بۆ هەموو هاووڵاتیان، ئاشتیی نەتەوەیی، وەڵامدەربوونی تاوانباران، دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و مافی هەموو پێهکاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان دابمەزرێت.
ئاگربەستی ئەمڕۆ هەرچەند لەرزۆک و ناپایەدارە، بەڵام ڕاستییەک دەردەخات. کۆماری ئیسلامی ئیدی ناتوانێت بە دروشم و شوعارە کۆنەکانی قەیرانەکانی خۆی چارەسەر و ئیدارە بکات. مەشڕوعییەتی ئایدیۆلۆژیکی خۆی لەدەست داوە، توانای ئابوورییەکەی تواوەتەوە، سیاسەتە ناوچەییەکانی تێکشکاون و بێ ئاکام بوونەتەوە. خەڵکی ئێران ئیدی ئامادە نین هەزینە و تێچوونی مانەوەی ئەو ڕێژیمە بدەن.
کاتی ئەوەیە هەموو هێزە ئازادیخواز و دێموکراتیکەکان یەکدەنگ هاوار بکەن: ئێران دەبێت دەورانی سەرکوت و زەبروزەنگی نێوخۆیی و ئاژاوەگێڕیی دەرەکی بەجێ بێڵێت. ئەوەش تەنیا کاتێک ئیمکانی هەیە کە ئەو ڕێژیمە بڕوخێت و ڕێژیمێکی دێموکراتیک بێتە سەر کار.
ئاگربەست ئەگەر نەبێتە ئاشتی و گۆڕانکاریی سیاسی و سیستماتیک، تەنیا دەبێتە سەرەتای شەڕێکی دیکە. بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکانی ئێران بتوانن ئەو وەزعە بکەنە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورەی سیاسی، ڕەنگە ئەو ئاگربەستە لەرزۆکە ببێتە سەرەتای کۆتایی ئەو چەرخەی کە ئەوە پتر لە چوار دەیەیە سەرکوت و زەبروزەنگ و سەرەڕۆیی و شەڕ و مەینەتبەریی بەسەر ئێراندا سەپاندووە.