
مستەفا مەعرووفی
لە دوای شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە دژی ئێران لە مانگی مارس و سەرەتای ئاوریلدا و دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانیان، دیسان بابەتی توندڕۆیی و نەرمڕۆیی لە نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا ژیاوەتەوە. ئەمریکا کە دەیەوێت بەبێ ڕووخانی ڕێژیم و هەر لە نێو ئەم ڕێژیمەدا کەسانێکی «نەرمڕۆ» بدۆزێتەوە کە لەگەڵیان بکەوێتە وتووێژەوە و لە داهاتوودا دەسەڵات بگرنە دەست، هەوڵ دەدات سیناریۆی ڤێنزوئێلا لە ئێراندا پیادە بکات. ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا بەر لە یەکەم دەوری وتووێژەکانی دوای شەڕی ٣٨ ڕۆژە ڕایگەیاند لەگەڵ «ڕێبەرانی نوێ» و «مەعقوول»ی کۆماری ئیسلامی وتووێژ دەکات و پێکدێن. لە ڕۆژی ٢٦ی ئاوریلیشدا ڕایگەیاند کە «لە ئێراندا لەگەڵ کەسانی مەنتیقی و نامەنتیقی بەرەوڕووین».
توندڕۆیی و نەرمڕۆیی لانیکەم لە کۆماری ئیسلامیدا بریتییە لە دوو ڕێگای توند و دەمارگرژانە لە لایەک و نەرم و لەسەرخۆتر لە لایەکی دیکە، لە چوارچێوەی یەک سیستمدا و بۆ خزمەت بە یەک ئامانج. لە هەموو سیستمێک و ڕێکخراوێکدا و لە هەموو جیهاندا دەکرێت ئەم بابەتە هەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکە ئیدیۆلۆژیک، بە گشتی توندڕەو و کێشەخوڵقێن، ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە و وەک بابەتێکی ئاسایی بەو جۆرەی کە لە هەموو جیهاندا هەیە سەیری ناکرێت. لەم چەند دێڕەدا هەوڵ دەدرێت چاو لە پێشینەی ئەم بابەتە لە کۆماری ئیسلامیدا، هەڵسوکەوتی لایەنە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و ڕووداو و لێکەوتە سیاسییەکانی ئەم بابەتە بکرێت، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کورددا.
لە سیستمێکی دێموکراتیکدا جیاوازی لە بۆچوون و میتۆددا نەک قەیرانخوڵقێن نییە، بەڵکوو مافە و لە چوارچێوەی ئەقڵی گشتی و بەرپرسایەتیی بەکۆمەڵدا پێناسە دەکرێت. بەڵام لە سیستمێکی ئیدیۆلۆژیک و ڕێژیمێکی مەزهەبیدا دەبێتە سەرچاوەی قەیران و تا سنووری گرژی و ئاڵۆزی و تەنانەت لێکترازان دەڕواتە پێش. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەو بنەما و بیروباوەڕەی ڕێژیمەکەی لەسەر دامەزراوە، بە پیرۆز دەزانرێن و هێڵی سوورن و بە چەقبەستوویی دەمێننەوە. لە کاتێکدا کۆمەڵگە بەرەوپێش دەچێت و گۆڕانە سیاسییەکان هەڵوێست و میتۆدی نوێ دەخوازن کە لە بنەما و هێڵە سوورە جێگیربووەکاندا پێشبینی نەکراون. بۆ وەڵامدانەوە بە دۆخی نوێ و گۆڕانە نوێیەکان، بۆچوونی جیاواز و میتۆدی جیاواز دێتە پێش کە ڕەنگە لەگەڵ بەرژەوەندی و بۆچوونی کەسانێکی نێو سیستم نەیەتەوە و دژکردەوەی بەدوادا بێت. لێرەدایە کە دژکردەوەکان لە بەستێنێکی توند و دەمارگرژانەدا دێنە گۆڕ و سیستمەکە لەگەڵ قەیرانی دووبەرەکی و چەندبەرەکی بەرەوڕوو دەکات. بۆیە مێژووی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی مەزهەبی و ئیدیۆلۆژیک بەردەوام تێکەڵ بە کێشە و قەیرانی دوو بەرەی توندڕۆ و نەرمڕۆیە.
پێشینەی توندڕۆیی و نەرمڕۆیی لە کۆماری ئیسلامیدا
لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئەمڕۆ، بە دەیان حیزب، ڕێکخراو و دامەزراوە هەن کە لە لایەن کەسان یان کەسێکی دەستڕۆیشتووی ئەم ڕێژیمەوە ئیدارە دەکرێن کە زۆربەی هەرە زۆریان ئاخوندن. ڕواڵەتی دیاردەکە فرەچەشنییەک نیشان دەدات، بەڵام فرەچەشنییەکی تەواو جیاواز لە سیستمێکی دێموکراتیک کە ئازادیی حیزبە سیاسییەکان بە بەرنامە و ڕێباز و ئیدئۆلۆژیی جیاوازەوە بگرێتە خۆ. هەندێک لە بەرپرسان و ڕێکخراوەکانی نێو کۆماری ئیسلامی، وێڕای پابەندبوونیان بە تەواوەتیی ڕێژیم و بنەما فکری و سیاسییەکانی، خۆیان بە پراگماتیست زانیوە و ڕێگای مانەوە و پەرەپێدانی ڕێژیمەکەیان بەوە زانیوە کە دەرگاکانیان بە ڕووی دنیای دەرەوەدا زیاتر بکەنەوە و ساتوسەودای باشتریان بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبێت. ئەمانە بە باڵی «نەرمڕۆ» دەناسرێن. ئەمانە هەوڵ دەدەن ڕوویەکی دیکە بە دەرەوە نیشان بدەن بۆ ئەوەی ڕێژیمەکەیان لە کۆمەڵگەی جیهانی تەریک نەبێتەوە، هەرچەند لە نێوخۆدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بەرەی «توندڕەو» نییە. بۆ نموونە ساڵانێکی زۆر عەلی ئەکبەری هاشمیی ڕەفسەنجانی بە دیارترین ڕوومای ئەو باڵە دەناسرا.
لە بەرامبەردا کەسانێک و کۆمەڵێک ڕێکخراو هەن و بە توندی بە بنەما ئیدئۆلۆژی و سیاسییەکانی ڕێژیمەوە نووساون و زیاتر چاویان لەسەر باوەڕ و ئیمانیانە، بێ ڕەچاوکردنی قازانج و بەرژەوەندییەکانیان و ئیعتیباری جیهانی و نێونەتەوەیی، و بابەتی «دەرەوە» بەتایبەتی «ڕۆژئاوا» بابەتێکە بۆ ئەوان هاوواتایە بە دوژمن. ئەمانە پێیان وایە هەر چەشنە نەرمینواندنێک دەبێتە سەرەتایەک بۆ بەلارێداچوون و دوورکەوتنەوە لە ئوسول و پرەنسیپەکانی ڕێژیم. ئەمانە هەمیشە لە لایەن نیهادی ڕێبەری کە دەسەڵاتی ڕەهای لە کۆماری ئیسلامیدا بەدەست بووە، چ لە سەردەمی خومەینی و چ لە سەردەمی خامنەیی باوکدا پشتیوانییان لێ کراوە. لەم ساڵانەی دواییدا کە بەتایبەتی دوای دوو ڕاپەڕینی جەماوەریی گەورە؛ ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» و ڕاپەڕینی بەفرانباری ڕابردوو، کە دەسەڵاتی ڕەهای خامنەیی گەیشتبووە لووتکە و سپای پاسداران ئیدارە و کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر وڵاتدا بەدەستەوە گرت، «نەرمڕۆیی» لە شانۆی سیاسیی کۆماری ئیسلامی سڕایەوە.
توندڕۆیی و نەرمڕۆیی لە نێوان شانۆسازی و ڕاستیدا
لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کێشە و ململانێی نێو باڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بەبێ خوێندنەوە و لێوردبوونەوە ئاسانە بگوترێت کێشەی توندڕۆیی و نەرمڕۆیی شانۆیە و گەمەیە. بەڵام کاتێک بە وردی چاو لە ڕووداوە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەی کە پڕە لە مەرگی گوماناوی، تێرۆر و پەراوێزخستنی یەکتر، دەبینی دووبەرەکی و چەندبەرەکی لە نێوخۆی ئەم ڕێژیمەدا هیچ وەک «گەمە» ناچێت. هەر لە سەردەمی خومەینییەوە، ئایەتوڵڵا مونتەزیری کە پێشتر جێگری ناوبراو بوو، بە بۆچوونە تا ڕادەیەک نەرمڕۆیەکانی لە چاو خومەینی، کەوتە بەر ڕق و قینی ناوبراو و دەستلەکارکێشانەوەی بەسەردا سەپا و ساڵانێکی زۆر هەتا کاتی مردنی، سەرئێشە و گیروگرفتێکی زۆری بۆ ڕێژیم دروست کرد. دەسبەسەرکران و دەرهاویشتنی میر حوسێنی مووسەوی سەرۆکوەزیرانی سەردەمی خومەینی و مەهدیی کەڕووبی سەرۆکی پێشووی مەجلیس و تەنانەت پەراوێزخستنی هاشمیی ڕەفسەنجانی کە لە سەردەمی خومەینیدا فەرماندەی هێزە نیزامییەکان و سەرۆکی مەجلیس بوو و لە سەردەمی خامنەییشدا سەرۆککۆمار و سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بوو، و مەرگە گوماناوییەکەی، دیارترین نموونەی ئەو ڕاستییەن. کوڕ و کچەکانی ڕەفسەنجانی پێیان وایە کە باوکیان بە تیشکی ڕادیۆئاکتیڤ لەنێو براوە و مردنەکەی تێرۆری سیاسییە. هەر ئێستا کە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا لە گۆڕێدایە، پاشماوەی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی کە لە شەڕی ٣٩ ڕۆژەدا بە سەلامەتی دەرباز بوون یان ئەوانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەر هۆیەک دەستی لێ پاراستن، لەسەر وتووێژەکە کێشە و دووبەرەکییان کەوتووەتە نێوانیان و دوای چەند ساڵ کە یەکدەستیی توندڕەوانی ڕێژیم زاڵ ببوو، دیسان بابەتی «توندڕۆیی» و «نەرمڕۆیی» هاتووەتە پێش. تەنانەت دەنگۆی دەسبەسەرکرانی قالیباف و عێراقچیش بڵاو ببووەوە.
کەوابوو بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی پڕ لە کێشە و تەلەفاتی نێوان باڵەکانی «توندڕۆ» و «نەرمڕۆ» و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستن و لەنێوبردنی یەکتر، ناتوانین بڵێین ئەمە شانۆیە، بەڵام دەتوانین بڵێین هەوڵێکی بێ ئاکامە. چونکە یەکەم، لە سەرەوەی هەردوو باڵ نیهادی وەلیی فەقیه هەیە کە سەرەنجام ئەو بڕیاری کۆتایی لەسەر هەموو شتێک دەدات کە هەمیشە بڕیارێک بووە بە قازانجی توندڕۆیی. دووەم، کێشەکان لە چوارچێوەی ڕێژیمدان و لە کێشەیەکی تاکتیکی و سەلیقەیی زیاتر تێناپەڕن و هەر دوو باڵ باوەڕیان بە دامەزراوە و بنەما سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ئەوەیە کە لە کاتێکدا «ڕێبەر» دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە و دەتوانێت بە بڕیارێک هەموو گۆڕانێک پێک بێنێت، بۆچی «توندڕۆ» و «نەرمڕۆ»یەکان لە بەرامبەر یەکدا ڕادەوەستن و توندڕەوەکان و لە سەرووی ئەوان ڕێبەر، وەک ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆیان لە سەرئێشەی «نەرمڕۆ»یەکان ڕزگار نەدەکرد؟
نەرمڕۆیی وەک ئامرازی دیپلۆماسی
باڵی نەرمڕۆ لە بەرچاوی توندڕۆیەکاندا کە دەسەڵاتی سەرەکییان بەدەستە و نیهادی ڕێبەرییان لە پشتە، زۆر ڕەزاسوووک نەبوون و بەردەوام لەژێر فشاردا بوون، بەو حاڵەش هەمیشە هەبوون و لە دەسەڵاتیشدا بەشدار بوون. ئەمەش لەبەر دوو هۆی سەرەکی: یەکەم، لە مەیدانی دیپلۆماسی و ساتوسەودای ئابووریدا، بەتایبەتی لەگەڵ دنیای پێشکەوتووی ڕۆژئاوادا، بۆ توندڕۆکان کارێکی ئاسان نەبووە. لە کاناڵی ئەم باڵەوە کۆماری ئیسلامی لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا حوزووری هەبووە و پێوەندیی ئابووری و بازرگانیی ئەم ڕێژیمە زیاتر لەسەر ئەرکی ئەم باڵە بووە. دووەم، لە کاتێکدا کە سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، سێدارە و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خەڵک، سەرکوت و کوشتاری ناڕازییان و لە هەمووی گرنگتر تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ئەم ڕێژیمە، بابەتگەلێکن کە لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی و بە گشتی دێموکرات و پێشکەوتوو ناکرێت ڕەچاو نەکرێن.
بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو بەتایبەتی ئورووپا، پێوەندیی دیپلۆماسی و ساتوسەودای ئابووری لەگەڵ ڕێژیمێکی ئەوتۆدا، لەبەر بیروڕای گشتیی خۆیان کارێکی ئاسان نەبووە. بوونی کەسانێک بە ناوی «نەرمڕۆ»، ڕێک ئەو دەرفەتە بۆ وڵاتانی ئورووپا پێکدەهێنێت کە بیانوویەکیان هەبێت دەستیان بە بازاڕی ئێران ڕابگات و ئاستی پێوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە بگەیەننە چەندین ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. ئەوان بەو بیانووەی کە لەگەڵ کەسانێکدا لە پێوەندیدان کە «جیاوازن»، درێژە بە پێوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەدەن.
کورد و باڵی نەرمڕۆ
دوو دەیەی تەواو «نەرمڕۆیی» لە پاوانی هاشمیی ڕەفسەنجانیدا بوو. ئەو کاتەی خومەینی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی لە «ڕۆژاوای ئێران» پێ سپاردبوو، هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی ئێران-عێراق. بەڵام ئەرکە سەرەکییەکەی لە ڕاستیدا پێوەندیی بە بزووتنەوەی کوردەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای ئەوەی تەواوی هەوڵی خۆی بەکار دەهێنا سانسۆری بخاتە سەر، زیاتر لە هەر شەڕ و کێشەیەکی دیکە بە شەڕی کوردستان تووڕە بوو و کێشەی کوردی لە چوارچێوەی شەڕ لەگەڵ عێراقدا پێناسە دەکرد.
پاش مردنی خومەینی و کۆتایی شەڕی ئێران–عێراق، هاشمیی ڕەفسەنجانی بوو بە سەرۆککۆمار. هەوڵی دا وەک پیاوێکی نەرمڕۆ و سیاسییەکی پراگماتیست کۆماری ئیسلامی لە تەریکمانەوە دەرباز بکات کە بەهۆی درێژەدان بە شەڕ لەگەڵ عێراق و کردەوە تێرۆریستییەکانی لە جیهاندا تووشی ببوو؛ توانی بە هەندێک مانۆڕ و کردەوەی دیماگۆژیانە تا ڕادەیەک دەرگای دیپلۆماسی و بازرگانی بە ڕووی دنیای دەرەوەدا بکاتەوە. ڕەفسەنجانی پاش ئاگربەست لەگەڵ عێراق، باسی لە ڕاکێشانی توانا ئێرانییەکان لە دەرەوە دەکرد کە بگەڕێنەوە بۆ خزمەت و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی دوای شەڕ. باسی لە پەرەپێدانی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەوە دەکرد. پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان پەرە پێدا و پێشنیاری وتووێژی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا کە لە ڕاستیدا تەنیا داوێک بوو بۆ تێرۆری د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە.
د. قاسملوو بەر لە یەک مانگ پێش تێرۆرکرانی لە وتووێژێکدا دەڵێت: «زۆربەی خەڵکی ئێران ئاشتییان دەوێت، ئازادی و دێموکراسییان دەوێت و ئەمنییەت و ئاسوودەییان دەوێت. ئەو کەسانەی بە ڕاستی بتوانن بەرنامەیەکی ئاوا لە پێش خەڵکی ئێران دابنێن و قەناعەت بە خەڵکی ئێران بهێنن کە ڕاستگۆن و دەتوانن بەرنامەیەکی ئەوتۆ بەڕێوە ببەن، من پێم وایە کە ئەو باڵە لە داهاتووی ئێراندا سەردەکەوێت». داوێک کە ڕەفسەنجانیی پراگماتیست بۆ دوکتور قاسملووی دانابووەوە، ڕێک لەو چەند ڕستەیەدا شاراوە بوو. لە کاتێکدا کە ڕەفسەنجانیی نەرمڕۆ! کە ناوبانگی «سەرداری بنیاتنانەوە»یان پێدابوو، لە کاتێکدا کە بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی دوای شەڕ و کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە بەدەستەوە بوو و لە کاتێکدا کە شەڕ لەگەڵ عێراق کۆتایی هاتبوو، کوردستانی لە هەر کاتێک زیاتر میلیتاریزە کرد. لە ماوەی سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانیدا دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەردووکیان لە وڵاتانی ئورووپایی، لەو جێگەیەی کە زۆر بە پراگماتیستی و «نەرمڕۆیی»ی ناوبراو دڵخۆش بوون، تێرۆر کران (د. قاسملوو لە ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ لە ڤیەن، پایتەختی ئوتریش و د. سادقی شەرەفکەندی لە بێرلین، پایتەختی ئەڵمان). سووڕی دەوران وای لێ هات چارەنووسی ڕەفسەنجانیی نەرمڕۆ لەبەردەستی توندڕۆکاندا جیاوازیی لەگەڵ چارەنووسی قوربانییەکانی نەبێت و پاش ئەوەی بە تەواوی لە لایەن خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمەوە تەریک کرابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی لە ٩ی ژانویەی ٢٠١٧دا لە ماڵی خۆیدا تێدا چوو.
ئاکام
هەوڵی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی «نەرمڕۆ»یەک و کەسانێکی «مەنتیقی» لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا، پڕۆژەیەکە بۆ داپۆشینی نەگەیشتنی تا ئێستای ئەمریکا بە ئامانجەکانی لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، کە بریتی بووە لە ڕووخان یان تەسلیمبوونی بێ ئەملاو ئەولای ئەم ڕێژیمە. لە لایەکی دیکە، ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە شکاندنی تابۆی وتووێژ و دامەزراندنەوەی پێوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری لەگەڵ ئەمریکا کە لە ٤ی نۆڤامبری ١٩٧٩وە بە داگیرکرانی سەفارەتی ئەم وڵاتە لە تاران کۆتایی پێ هاتووە.
سەرگرتنی ئەو پڕۆژەیە بەو مەرجەی سپای پاسداران ڕێگە بدات، دەرفەتێک بۆ نۆژەنبوونەوەی کۆماری ئیسلامی پێکدەهێنێت. دەرفەتێک بۆ ئەم ڕێژیمە پێکدەهێنێت کە بە مەترسییەکەی گەورەتر لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕابگات کە بریتییە لە خەڵکی ناڕازیی ئێران و شەقامی خوێناوی شارەکانی ئێران. لە ئەگەرێکی وادا مەترسیی سەرکوت و لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی خەڵک لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە گۆڕێدایە، کە بۆ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا گرنگییەکی زۆر کەمتر لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان هەیە و مەسەلەی مافی مرۆڤ وەک هەمیشە دەکەوێتە ژێر سێبەری پێوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانەوە.
مێژووی ٤٧ ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی هەر چەشنە شکست و پاشەکشەیەک لە بەرامبەر شەڕ و فشارە دەرەکییەکاندا کە تووشی بووە، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، فشار و هێرشەکانی بۆ سەر کورد زیاتر کردووە. ئەم ڕێژیمە هەوڵی داوە شکستە سەربازییەکانی لە کوردستاندا قەرەبوو بکاتەوە و ئەو وزە و توانایەی لە بەرامبەر دەرەوەدا بەکاری دەهێنا، بیگوازێتەوە سەر کوردستان کە یەکێک لە هەستیارترین کێشەکانی ئەم ڕێژیمەیە بەتایبەتی و بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی ئێران بە گشتی. کەوابوو لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە بیانووی کەسانی «نەرمڕۆ»، چاوەڕوانیی هەر چەشنە ڕێککەوتن و پاشەکشەیەکی نێوخۆییش، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ کورددا، دەبێتە دووبارەکردنەوەی ئەزموونە تاڵ و شکستخواردووەکانی ڕابردوو.