
ناسر باباخانی
ئێران وەک یەکێک لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکانی جیهان باوەشی بۆ نەتەوەگەلێک کردۆتەوە کە خاوەنی مێژوو، زمان، کولتوور و ناسنامەی جیاوازن. کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب، تورکمان و زۆری دیکە، لەپاڵ نەتەوەی فارسدا، دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ وەرچەرخانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. ئەم هەمەجۆرییە نەک هەر میراتێکی مێژووییە، بەڵکوو ماتەوزەیەکە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خۆڕاگر لە بەرانبەر ئالەنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا، مێژووی هاوچەرخی ئێران پڕە لە ڕێبازی سەرکوتکارانەی ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان. لە فاشیزمی ناسیۆنالیستیی پەهلەوی بە دروشمی «یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک شا»وە بگرە هەتا کۆنەپەرستیی ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی کە فرەیی و هەمەجۆرییەک لە سۆنگەی ویلایەتی فەقێدا نابیندرێ؛ هەردووکیان هەمەجۆریی نەتەوەیییان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەژموونیی ناوەند بینیوە و سەرکوتیان کردووە. ئەنجامی ئەم سیاسەتانە، قووڵبوونەوەی درزەکان، پەراوێزخستنی نەتەوەکان، زیادبوونی گرژییە نەتەوەیییەکان و دروستکردنی کۆسپ و تەگەرەی جیددی لە بەردەم ڕێگەی گەشەپێدانی دێموکراسیدا بووە.
بەهۆی ئەو هۆکارانەی باس کران، وا دیارە دروستکردنی گوتارێکی هاوبەش لە نێوان سەرجەم نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەم جوگرافیا سیاسییەدا پێویستییەکی ژیانەکی بێت. ئەم گوتارە دەبێ جگە لە تەواوی نەتەوەکانی ئاماژەپێکراو، نەتەوەی فارس و گرووپە دێموکراسیخوازەکان لە ڕەوت و لایەنە سێکۆلارەکانەوە هەتا چالاکانی مافی مرۆڤ و بزووتنەوە مەدەنییەکان لەخۆ بگرێت و لەسەر بنەماکانی ئازادی، دێموکراسی، پلۆرالیزم و مافی دیاریکردنی چارەنووس دابمەزرێت. گوتارێکی لەم شێوەیە تەنیا ئاڵتێرناتیڤی ڕاستەقینەیە لە بەرانبەر کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامی و فاشیزمی پەهلەویدا؛ چونکە سەرکوت بە لێکتێگەیشتن، درز بە هاوکاری و ترس بە متمانە دەگۆڕێتەوە.
با ئاوڕێک لەو بنەمایانە بدەینەوە:
- ئازادی وەک بنەمای ڕزگاری بانتر لە مافێکی تاکەکەسییە و پاراستنی شوناسە بەکۆمەڵەکانیش دەگرێتەوە. لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکاندا، ئازادی و مافی زمانی و کولتووری، مەرجی سەرەکیی هەر دیالۆگێکی ڕاستەقینەیە. بەبێ هەڵوەشاندنەوەی یاسا سەرکوتکەرەکان (وەک قەدەغەی خوێندن بە زمانی دایک)، ترس لە سەرکوت ڕێگە بە دروستبوونی متمانە نادات. ئەزموونی سوئیس لە ئازادیی زمانیی کانتۆنەکاندا نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە.
- دێموکراسی بەولاوەتر لە هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی بەشداریپێکردنە کە هاوبەشیی هەموو نەتەوەکان لە بڕیارداندا مسۆگەر دەکات. «هانا ئارێنت» بە کارێکی بەکۆمەڵ و «یۆرگن هابەرماس» بە گفتوگۆی عەقڵانی ناوی دەبەن. لە ئێراندا، دێموکراسیی ڕاستەقینە دەکرێ لە ڕێگەی پێکهاتە فیدڕاڵییەکان یان خۆبەڕێوەبەریی ناوچەییەوە بەدی بێت؛ شوێنێک کە نەتەوەکان لە کاروباری ناوچەی خۆیاندا بڕیار بدەن و لە پرسە گشتییە سەرانسەرییەکانیشدا هاوبەشی ئەرک و بڕیار بن.
- پلۆرالیزم بە مانای داننان بە قبووڵکردنی فرەیی وەک سەرچاوەی هێز و دەسەڵات بنەمایەکی دیکەیە. وەک چۆن «ئایزایا بەرلین» دەڵێت؛ پلۆرالیزم نەک هەر دەستەبەری دادپەروەرییە، بەڵکوو داهێنانی کۆمەڵایەتییش زیاد دەکات. لە ئێراندا، بە ڕەسمیناسینی جەژن و بۆنەکان، میدیای فرەزمان و پەروەردەی فرەکولتووری دەتوانێت هەمەجۆری لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت بگۆڕێت.
- مافی دیاریکردنی چارەنووس بەتایبەت جۆرە نێوخۆییەکەی، میکانیزمێکە بۆ فیدڕاڵیزمی دێموکراتیک. ئەزموونی وڵاتانی وەک هیندستان، کانەدا و سوئیس سەلماندوویانە خۆبەڕێوەبەریی بەربڵاو لە چوارچێوەی وڵاتێکی یەکگرتوودا، لەسەر بنەمای ڕەزامەندییە یەکیەتی مسۆگەر دەکات، نەک بە زۆرەملێ و بە زەبری سەرکوت.
لە ڕاستیدا هاوگرتنی و هاوئاراستەیی گوتاریی نەتەوەکان بە چەمکگەلێکی وەک "نەرمیواندن و زنجیرەی هاوتاکردن" نیشانی دەدات کە چۆن داواکارنی کورد، تورک، بەلووچ و عەرەب پێکەوە گرێ دەدرێن و لە دژی دوژمنێکی هاوبەش (ڕێژیمی سەرکوتکەر) هاوپەیمانی پێک دەهێنن. بە واتایەکی دیکە، ئەم هاوگرتنە گوتارییە دەبێتە میکانیزمێکی کردەیی کە لە کاتی پاراستنی ناسنامە و شوناسەکاندا، داواکارییەکان یەک دەخات و ڕێک لێرەدایە بناغەکانی هاوپەیمانییەکی بەردەوام دادەنرێت.
نموونە مێژووییەکان سەبارەت بە هاوگرتنی گوتاری کەم نین؛ تازەترینیان بزووتنەوەی ژینا بوو کە چەخماغەکەی لە کوردستان لێدرا و بە بڵاوبوونەوەی بۆ تەورێز، زاهیدان و ئەهواز، نیشانی دا دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» چۆن دەتوانێ ببێتە بنەما و بنچینەی گوتارێکی هاوبەش.
لەم نێوەدا کوردەکان بەهۆی مێژووی ڕێکخراوەییی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەوری پێشەنگیان لە بزووتنەوەکانی ئەم دواییانەدا، دەتوانن دەستپێشخەر و داینەمۆی سروشتیی ئەم گوتارە بن. بەتایبەت کە ڕوانگەکانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سەبارەت بە ئەولەوییەتەکانی هاوپێوەندیی نەتەوەکانی ئێران و مافی دیاریکردنی چارەنووسیان، دەبێتە پشتێنەیەکی مێژوویی و چەمکێ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. گومانی تێدا نییە ئەم گوتارە هاوبەشە دەتوانێت لۆبییەکی بەهێز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروست بکات، هاوشێوەی مۆدێلە سەرکەوتووەکانی AIPAC، لۆبیی ئەرمەنی، لۆبیی کوبایی و لۆبیی هیندی. ئەم لۆبییە دەتوانێت مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران و سزای ئامانجدار دژی ڕێژیم بەرەو پێش ببات. بەپێچەوانەی فاشیزمی پەهلەوی و کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامی کە پشت بە ترس و سەرکوت دەبەستن، ئەم گوتارە لەسەر متمانە و بەشداری بنیات نراوە و دەتوانێت گواستنەوەیەکی ئاشتییانە ئاسان بکات.
دروستکردنی گوتارێکی هاوبەش لەسەر بنەمای ئازادی، دێموکراسی، پلۆرالیزم و مافی دیاریکردنی چارەنووس، تەنیا ڕێگەی زاڵبوونە بەسەر سەرکوت و بنیاتنانی ئێرانێکی پلۆراڵ و دێموکراتیک. بە سەرنجدان بەو پەرتەوازەیی و لاوازییەی لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەریدا هەیە و نەبوونی ئیرادەی سیاسیی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ڕێژیم، نەتەوەکانی نیشتەجێی جوگرافیای سیاسیی ئێران دەتوانن فرەیی و هەمەجۆری بگۆڕن بۆ هێز، و بێگومان پێشەنگایەتیی کوردەکانیش فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت.