وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: لە کاتێکدا هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئێران بەرەو قۆناغێکی ناڕوون و پڕ لە گۆڕانکاری هەنگاو دەنێن، پرسی دیپلۆماسیی کوردی و پێگەی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوەندە بڕیاردەرەکانی ڕۆژاوادا پتر بایەخ پەیدا دەکات. حیسام دستپیش، شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "کوردستان" تیشک دەخاتە سەر گرینگیی سەردان و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییانەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە ئورووپا. ئەو بە شرۆڤەکردنی دەقئاوێزە سیاسییەکان، لە چەمکی پارادیپلۆماسی، کاریگەریی ڕاپەڕینی ژینا، و بەربەستەکانی بەردەم گۆڕینی ڕوانگەی وڵاتانی ئورووپایی دەدوێت؛ ڕوونکردنەوەی گرنگ لەسەر جیاوازیی نێوان "سیاسەتی پلاتفۆرمی" و بڕیاری ستراتیژی دەدات و پێگەی ڕاستەقینەی کورد لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەخاتە ڕوو.
کاک حیسام، لە سەفەری ئەمدواییانەی بەڕێز سکرتێری گشتی بۆ ئورووپا و چەند کۆبوونەوەیەک کە لە پاڕلمانی بلژیک و ئیسپانیا بووی، جەنابیشت هاوڕێیەتیی بەڕێز کاک مستەفا هیجریت کردبوو. هەر لەجێدا ڕەخنەی ئەوە لە حدکا گیرا کە بەشداری چەند کۆبوونەوەیەک بووە کە دژی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێرانن. ئایا ئەمە سیاسەتێکی دووفاقیی حیزبە یان جۆرێکی دیکە تەعبیری دەکەن؟
لە چالاکییەکانی ڕۆژی ١٥ی ئاپریل لە پەرلەمانی ئورووپاوە دەست پێ دەکەم، کە تەوەرەی سەرەکیمان بەشداریکردن بوو لە کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوە، بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتی ئێران بێن و ڕا و بۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو. لە پاڵ ئەمەشدا، کۆبوونەوەیەکمان بۆ نەتەوە بێدەسەڵات و بندەستەکان لە ئێران ڕێکخست بە مەبەستی خستنەڕووی دۆزی ئەوانیش، کە ئەم دوو ههنگاوە تەواوکەری یەکدی بوون. لە تەنیشت ئەمانەشدا دیدار لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان، بەتایبەت ڕاپۆرتێری کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوە پێکهات، و بەشی دووهمی چالاکییەکانیش تایبەت بوو بە سەردانی ئیسپانیا و پەرلەمانی بلژیک.
چوارچێوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان چالاکی و دیدارەکانی حیزبی دێموکرات زیاتر لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "سۆسیال دێموکراتەکان"ەوە بووە بۆ دیاریکردنی پێگەی خۆی و خستنەڕووی دۆزی ڕەوای کوردستان. بەشداریکردن لە پلاتفۆرمی ئیسپانیادا تەنیا ئامادەبوونێک بوو بۆ دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانەی هێشتا هاوسۆزییان بۆ ئێران هەیە، تا قەناعەتیان پێ بهێندرێت کە ئەم ڕێژیمە دژەمرۆییە و پێویستە بڕوات، نەک بەو مانایەی چووبینە نێو ئەجێندای بەڕێوەبەرانی ئەو پلاتفۆرمە. لە دیدارە دوو قۆڵییەکانیشدا، تەوەرەی سەرەکی تەنیا لەسەر پرسی کوردستان و داخوازییەکانی ئێمە بوو.
سەبارەت بە پرسی شەڕ، لە هیچ کام لە دیدارەکانمدا نەچوونە سەر ئەو بابەتەی کە ئایا ئەم شەڕە لە داهاتوودا خراپە یان نا، و هەڵوێستی فەرمی حیزب ڕوونە کە ئەم شەڕە لە کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم پلاتفۆرمانە شوێنی بڕیاردان لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتان نین، بەڵکوو تەنیا لە چوارچێوەی گفتوگۆ و گەیاندنی پەیام دایە؛ ئەو گرووپانەش کە لە ئیسپانیا ئامادە بوون، خاوەنی هەڵوێست و پێناسی جیاوازی خۆیان بوون بەرانبەر بە ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل.
دەمەوێ بڵێم کە ڕوانگەی ئێستای ئێمە دەبێت ڕوانگەیەکی پلاتفۆرمی بێت وەک سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا، و دەبێت دۆزی کوردستان لەم پلاتفۆرمانەدا ئامادەیی هەبێت. ئەگەر پلاتفۆرمی دیکەش بێتە ئاراوە، پێویستە بزووتنەوەی کوردستان سوودی لێ وەرگرێت، ئەمەش دەمێنێتەوە سەر ئەو دەرفەتانەی دێنە پێشەوە و ئاستی توانای ئێمە.
کاریگەریی پارادیپلۆماسیی حیزب بەتایبەت لەو ماوەیەدا پتر لە چیدا بەرجەستە دەبێت؟ دەسکەوتەکانی چ بوون؟
پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئێستادا ناچێتە خانەی «پارادیپلۆماسی»ی باوەوە، چونکە ئەو چەمکە پێویستی بە خاوەندارێتیی جوگرافی، دەسەڵاتێکی ڕەوا و شەرعیەتێکی یاسایی هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە فەرمییەکان، بەڵام حیزب لە قۆناغێکی ڕاگوزەریدایە و گوتار و ڕەفتارە سیاسییەکانی لە ئاستی تەنیا سەرنجڕاکێشانەوە چوونەتە قۆناغی نوێی پێناسەکردنی پێگەی خۆی لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراندا و تێکەڵبوون لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەم ئاراستەیەدا، حیزب وردە وردە وەک بەردەنگ و تەرەفێکی سەرەکی و کاریگەر سەیر دەکرێت، کە بەشداریکردنی لە کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوە و پێوەندی و ڕاوێژی جیددیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان لەگەڵیدا، نیشانەی بەرجەستەبوونی ئەم پێگەیەن. لە کۆتاییدا، ئەگەرچی هێشتا نەگەیشتووەتە دیپلۆماسیی فەرمی، بەڵام حیزب لە سەرەتای پڕۆسەیەکدایە کە ژینگە سیاسییەکە دەگۆڕێت و وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی ئێراندا ڕەنگ دەداتەوە، ئەمەش لە داهاتوودا پێگەکەی دەچەسپێنێت بۆ مامەڵەی تەواو فەرمی.
ڕوانگەی لایەنە ئورووپاییەکان بۆ پرسی کورد و پرسی نەتەوەکانی ئێران چییە؟ ئایا ئەمە وەک بابەتێکی ئابسراکت دەیبینن یان مافخوازیی نەتەوەکان بە بزووتنەوە سەرانسەرییەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامیی دەبەستنەوە؟
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای ئورووپاییەکان، یەک پرسی یەکگرتوو بۆ کوردستان بوونی نییە، بەڵکوو ئەوان بەهۆی نەبوونی نوێنەرایەتییەکی فەرمی و یەکگرتوو لەلایەن کوردەوە، بە چوار دیدی جیاواز و لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا سەیری هەر چوار بەشەکەی کوردستان دەکەن. ئەم تێڕوانینە سنووردارە بۆ پرسی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش وەک تورک، عەرەب، بەلووچ و تورکمان ڕاستە، چونکە ئەگەرچی ئورووپا ئاگاداری بوونی ئەم پێکهاتانەیە، بەڵام هێشتا تێڕوانینی سیاسییان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لە ڕوانگەی ئەم ناسنامە جیاوازانەوە سەیری داهاتووی ئێران بکەن.
ڕاستییەکەی، ئورووپا تەنیا لە چوارچێوەی بەرتەسکی مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکاندا دانی ناوە بە بوونی ئەم پێکهاتانەدا؛ کاتێکیش بابەتەکە دەگاتە سەر قەوارەی سیاسی و جوگرافیای دەوڵەتی ئێران، ئەوان ناخوازن بیر لە سیستەمێکی فیدڕاڵی بکەنەوە. تەنانەت تێگەیشتن و مۆدێلی ئەوان بۆ چەمکی لامەرکەزییەت، وەک ئەوەی لە ئەڵمانیا، فەڕانسە یان ئیسپانیا هەیە، لەگەڵ ئەو وێنا و مانا فیدڕاڵییەی لە زەینی ئێمەدا هەیە زۆر جیاوازە. لەم سۆنگەیەوە، ئەرکی سەرەکیی ئێمە ڕەخساندنی فەزایەکە بۆ گۆڕینی ئەم دیدگایەی ئورووپا تا پێیان بسەلمێنرێت کە ئێران وڵاتێکی تاکنەتەوە و تاکوڵات نییە، بەڵکوو خاوەن فرە زمان و فرە کولتوورە. لەم ڕووەوە، وتار پێشکەشکردنی کاک مستەفا بە زمانی کوردی لە کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەدا، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ئینکارکردنی زمان، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دانپیانانی فەرمی بە ناسنامەی نەتەوەیەکەوە هەیە.
بۆیە پێویستە دۆزی کورد لە کۆنتێکستی تەنیا مافی مرۆڤ و کەمینە دەربهێنرێت و بەرەو کۆنتێکستێکی سیاسی و هاوکێشەی دەسەڵات ببرێت، تا کورد وەک ئەکتەرێکی سەرەکی و کاریگەر لە بونیادنانەوەی داهاتووی ئێراندا پێناسە بکرێتەوە. گەیشتن بەم ئامانجەش بەستراوەتەوە بە واقیعی مەیدانی و فاکتەری هێز لەسەر عەرز، چونکە تەنیا دۆکیومێنت و قسەی ڕووت ناتوانێت هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بگۆڕێت. ئەگەرچی دۆزی کوردستان بەهۆی پاشخانی مێژوویی و توانای بەرگرییەوە پێگەیەکی جیاوازتر و گرنگتری لای ئورووپا هەیە و زەمینەکەش لەبارە، بەڵام ئەم فەزا ناسنامەییە هێشتا نەبووەتە ستراتیژێکی فکریی جێگیر لای ئەوان و دۆسیەکە هەر لە چوارچێوەی پرسی کەمینەکاندا هێڵدراوەتەوە.
سیاسەتی سازان و مەدارای ئورووپا لەگەڵ ئێران هەموو کاتێک یەک لە ڕەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بووە. بۆچی دیپلۆماسیی حیزب و ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەرییش نەیتوانیوە گۆڕانێکی ئەوتۆ لە سیاسەتەکانی ئورووپا لەهەمبەر ئێراندا پێکبێنێ؟
گۆڕینی ڕوانگەی یەکیەتیی ئەوروپا پڕۆسەیەکی یەکجار سەخت و کاتبەرە و هۆکاری یەکەمی بۆ سروشتی پێکهاتەی ئەم یەکیەتییە دەگەڕێتەوە کە لە ٢٧ وڵات پێکهاتووە و بڕیاردان تێیدا، بەپێچەوانەی وڵاتانی وەک ئەمریکا و ڕووسیە، ڕووبەڕووی بەربەستی کارگێڕی و پەیڕەویی گەورە دەبێتەوە. هۆکاری دووەم بریتییە لە: کێشەی نەبوونی بەدیلێکی سیاسی، چونکە ئوروپاییەکان پێویستیان بە بزووتنەوەیەکی هاوسەنگە کە متمانەی پێ بکەن و نوێنەرایەتیی گۆڕانکاری لە ئێراندا بکات، بەڵام هێشتا دەستیان بەستراوە چونکە هێزێکی وایان بەدی نەکردووە. هۆکاری سێیەمیش کێشەی ئیرادە و هێزی مەیدانییە، چونکە ئێستا هێزێکی سیاسیی کاریگەر نییە کە بە پێگەیەکی جەماوەریی بەردەوامەوە ململانێیەکان لەسەر زەوی ڕابگرێت و نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات کە پڕۆسەی گۆڕانکاری دەستی پێکردووە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەد لە سەد پێویستی بە ئامادەیی هێزێکی مەیدانی هەیە تا وەک نێوەندگیر و نوێنەر کار بکات بۆ دروستکردنی قەناعەتی سیاسی لای لایەنە دەرەکییەکان، چونکە گۆڕینی ئەم دۆخە شتێک نییە بە شەو و ڕۆژێک بکرێت و تەنیا جۆش و خرۆشی مەیدانی دەتوانێت پڕۆسەکان خێرا بکات، وەک چۆن لە دوای شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» و ڕاپەڕینەکانی مانگی بەفرانباردا بیندرا کە جووڵانەوەکان یارمەتیدەر بوون لە ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ بابەتێکی وەک خستنی سپای پاسداران بۆ ناو لیستی تێرۆر. واتە دەکرێت بڵێین تێڕوانینی ئورووپاییەکان دوو ئاراستەی باڵای دیپلۆماسی و ئاراستەیەکی مەیدانی هەیە، کە ئەمەی دواییان بە تەواوی گرێدراوی واقیعی نێوخۆی ئێران، توانای هێزەکان لەسەر زەوی، و بەردەوامبوونی خەباتی مەیدانییە بە شێوەیەکی ڕۆژانە بۆ فەراهەمکردنی فەزایەکی سیاسیی نوێ.
سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانەی ئورووپا لەهەمبەر ئێران دەرفەتی بەهێزبوونی بە کۆماری ئیسلامی دا، هاوکات سزا ئابوورییەکان و سزاکانی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش هیچ یارمەتییەکی خەڵکی ئێرانی نەداوە؛ بەڵکوو لە بەرژەوەندیی باڵی توندڕەوی ڕێژیم و هەژاریی زیاتری کۆمەڵگە و خەڵک شکاوەتەوە. ئەو سووڕی باتڵ و خولانەوەی ئورووپا لەو بازنە بێ کاریگەرەدا کەی تەواو دەبێ و بە چی دەبڕێتەوە؟
سیاسەتی ڕەخنەگرانە"ی ئورووپا بەرانبەر بە ئێران کۆتایی پێ هاتووە، کە نیشانەکانی لە سزادانی کۆماری ئیسلامی، خستنی سپای پاسدارانە لە نێو لیستی تێرۆر و هەڵوێستی توندی پەرلەمانی ئورووپادا ڕەنگیان داوەتەوە. لە ئێستادا بەهۆی زاڵبوونی دۆخی ناڕوونی، ئورووپا ستراتیژێکی ڕوونی نییە و تەنیا پەیڕەوی لە سیاسەتی "بەڕێوەبردنی قەیرانەکان" و کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە دەکات، کە ئەم دابەزینی ئاستی دیپلۆماسییەش بە مانای پچڕانی یەکجاری نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ سەرمایەگوزاریی سیاسی.
دروستبوونی هەر جۆرە بەرەیەکی هاوبەشی دژ بە ئێران، بەستراوەتەوە بە ڕوانگەی وڵاتانی بەهێزی وەک ئەڵمانیا و فەڕانسە و شیکردنەوەی واقیعی نێوخۆی ئێران، کە ئەمەش پێویستی بە کات و پڕۆسەیەکە. لە لایەکی ترەوە، ئورووپا بەهۆی ململانێ نێوخۆیی و دەرەکییەکانی، بەتایبەتی قەیرانی ئۆکراین کە ئەولەویەتی یەکەمیەتی، توانای دەستپێشخەریی نییە و نایەوێت پرسی ئێران بکاتە ئەولەویەتی خۆی؛ تەنانەت لە کاتی بوونی هۆکاریشدا، تێڕوانینی ئورووپا بۆ ئەم ململانێیە جیاوازییەکی جەوهەریی لەگەڵ ڕوانگەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە.
بزووتنەوەی ژینا و خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی سێ ساڵی ڕابردوو لە ئاستی سەرانسەری هیچ گۆڕانێکیان لە ڕوانگە و سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لەهەمبەر بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی بووە؟
بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرچەرخانێکی ستراتیژی و بنەڕەتیی لە وشیاریی جیهانیدا دروست کرد و ڕوانگەی نەرێنیی دەرەوەی (بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا) بۆ کۆمەڵگەی ئێران گۆڕی بۆ تێڕوانینێکی مرۆیی، مەدەنی و بەها - تەوەر کە بەتەواوی لەگەڵ پڕەنسیپە دێموکراتییەکانی ئەواندا یەک دەگرێتەوە.
بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا، بەهۆی ململانێ نێوخۆییەکان و دەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناڕێکخراو، بێ پڕەنسیپ و خاڵی لە بەهای سیاسی، ئەم دەستکەوتە مێژووییە پەراوێز خرا و نەتوانرا بڕیاردەرانی ڕۆژاوا ناچار بە گرتنەبەری هەنگاوی کرداری بکرێن. لەم نێوەندەدا، تەنیا بزووتنەوەی کوردستان، نەتەوەکانی تر و ئەو لایەنانەی باوەڕی ڕاستەقینەیان بە پلۆڕالیزم هەیە لە چوارچێوەی بەهاکاندا مانەوە؛ ئەگەرچی ئەوانیش هێشتا لە ئاستی میدیا و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نەبووبوونە خاوەنی ئەو قورساییەی کە ئاراستەی سیاسەتە گەورەکان بگۆڕن.
لە کۆتاییدا، لەدەستچوونی ئەم دەرفەتە مێژووییە کە دەکرا ببێتە پێشەکییەکی گونجاو بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندیی ئێران (چ لە بەرەی کۆماریخوازی و چ لە بەرەی پاشایەتیخوازی). ئەوان بەهۆی نەبوونی پێناسەیەکی ڕوون و واقیعی بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، نەیانتوانی جەوهەرە بەها تەوەرەکەی بزووتنەوەکە بپارێزن و خۆیان بوونە گەورەترین بەربەست لە بەردەم گۆڕانکاریدا.
حیزبی دێموکرات لە کوێی باس و ڕۆژەڤی ئورووپا پێوەندیدار بە کورد و داهاتووی ئێراندایە؟
ئەگەر بڵێین پێگەی حیزبی دێموکرات تووشی وەرچەرخانی بنەڕەتی بووە یان هیچ کاریگەرییەکی نەماوە، لە ڕاستی لادەدەین؛ لە واقیعدا لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە هاوکێشەی داهاتووی ئێراندا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی دەیبینن، بەڵام تێڕوانینی ئورووپاییەکان هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی میحوەرێتیی ڕەها. ئەگەر لە ڕابردوودا پارچەکانی تری کوردستان ببوونە ناوەندی سەرنج، هۆکارەکەی بۆ بوونی واقیعێکی عەینی لەسەر عەرز دەگەڕایەوە (وەک قەوارەی سیاسی لە باشوور، هێزی سەربازی لە ڕۆژاوا، و پێگەی پەرلەمانی لە باکوور)، کەچی لە ڕۆژهەڵاتدا هێشتا ئەو واقیعە مەیدانییە بەدی نەهاتووە و گۆڕینی ئەم دۆخەش پێویستی بە سەلماندنی هێزی عەینی هەیە.
سەرەڕای ئەمەش، حیزبی دێموکرات خاوەنی سیستماتیکترین تۆڕی پەیوەندیی دەرەکییە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵات کە وەک قۆناغێکی ڕاگواستن بەرەو قبووڵکردنی فەرمی لەلایەن ئورووپاییەکانەوە دێتە ئەژمار. لە لایەکی ترەوە، هەرچەندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت چاوپۆشی لە پێگەی کورد بکات، بەڵام پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیریی ئێران بۆ ئەوان لە پێشینەیە و وەک چۆن لەگەڵ واقیعی سووریە، ئەفغانستان و عێراق سازیان کرد، لێرەشدا دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ واقیعەکە بگونجێنن.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان هەمیشە پاشکۆی ئاستی کاریگەری و کارتی گوشاری سەر عەرزی واقیعمانیانن، نەک هۆکارێکی سەربەخۆ کە ئاڕاستەکان دیاری بکات. بۆیە لە ئێستادا چالاکییەکان سنووردارن بە سوودوەرگرتن لە پلاتفۆرمەکان و خستنەڕووی پڕۆژە و تێڕوانینەکان، و بەرزبوونەوەی حیزب بۆ ئاستی سەرەداوی سەرەکیی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و کارکردنی مەیدانییەوە.