لە درێژەی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو چالاکی سیاسیی دیکەی بە ناوەکانی "یەعقووب کەریمپوور" و "ناسر بەکرزادە" بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوا لە سێدارە دا. ئەم تاوانانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە دەسەڵاتی تاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا تووشی شکستی سیاسی و ستراتیژی بووە و دەیەوێت لە ڕێگەی توندوتیژییەوە شکستی خۆی بشارێتەوە.
کۆماری ئیسلامی کە جەوهەرەکەی لەسەر بنەمای دیکتاتۆری و توندئاژۆیی ئیسلامی داڕێژراوە، لە کوردستان و بەرامبەر بە نەتەوە ژێردەستەکان وەک هێزێکی داگیرکەر ڕەفتار دەکات و بەرانبەر بە ئازادیخوازان و ژنان و هەموو مافخوازان دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر و دژە مرۆڤە. هەر بۆیە حکوومەتی ئێران هەر جۆرە دەنگێکی مافخوازیی نەتەوەیی، ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و هەر هاوارێک کە دژی سیستەمی دیکتاتۆری بێت، تەنیا بە گرتن، شکەنجە و پەتی سێدارە وەڵام دەداتەوە. ئەمە سیاسەتێکی هەمیشەیی و نەگۆڕی ئەم ڕێژیمە بووە لە کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە بازنەی ئەم سەرکوتکارییە بەرە بەرە گەورەتر بووەتەوە و هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی گرتووەتەوە، بە چەشنێک کە ئێستا هەموو جوگرافیای سیاسیی ئێران بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ئازادیخوازان.
ئێمە وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم کردەوە نامرۆییانە، پێداگری دەکەینەوە کە پەنابردن بۆ سێدارە نیشانەی لاوازیی ڕێژیمە نەک هێز، و ئەم خوێنە ڕژاوانە ئیرادەی نەتەوەکەمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری بەهێزتر دەکەن.
لە کۆتاییدا، داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتیی ئازادیخوازی جیهان دەکەین، بێدەنگی بشکێنن و بە گوشاری هەمەلایەنە بەر بە ئامێری کوشتاری کۆماری ئیسلامی بگرن. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگری لەم تاوانە سیستماتیکانە بکات کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن. ئێمە سوورین لەسەر تێکۆشان تا ڕووخانی یەکجاریی ئەم دیکتاتۆرییە و تێپەڕین لەم زیندانە گەورەیەی کە بۆ دانیشتوانی ئێرانیان دروست کردووە؛ دڵنیاین کە پەتی سێدارە ناتوانێت ڕێگری لە کاروانی تێکۆشان بۆ ڕزگاری و ئازادیی کوردستان و تێکۆشانی ڕەوای نەتەوەکەمان بکات.
نەمری بۆ گیانبەختکردووان و سەرکەوتن بۆ ڕێگای ئازادی.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥