کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

23:39 - 16 جۆزەردان 2726

بەڕێزان!

ئەندامانی کۆبوونەوەی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان!

نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان!

میوانانی هێژا!

 

لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سوپاسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتەی ڕەخساندوویەتی هەتا لێرە لە دەوری یەک کۆ ببینەوە و بتوانین لە داهاتوو و چارەنووسی گەلەکەمان بدوێین. ئەم کۆبوونەوەیە دەتوانێ هەوڵێک بێت بۆ یارمەتیدان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان و دۆزینەوەی ڕێگایەکی هاوبەش بۆ یەکخستنی گوتار و بەهێزکردنی هەڵوێستی نەتەوەیی.

بەرێزان!

هەتا ئێستاش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی کورد لە هەموو بەشەکان و لە هەموو ئاستەکاندا ئەوە بووە زۆرجار لە ئاستی دروشم و هەڵچووندا ماوەتەوە و نەیتوانیوە ببێتە گوتارێکی ستراتیژی و دامەزراوەیی. بەڵام لە قۆناغی هەستیار و ئاڵۆزی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە هاوکێشە سیاسی و ژێئوپۆلیتیکییەکان بەخێرایی دەگۆڕدرێن؛ قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران، گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و گرژی و تێکهەڵچوونەکانی ناوچە هەموویان بارودۆخێکی نوێیان خوڵقاندووە کە دەتوانێت هەم دەرفەت بۆ پرسی کورد بڕەخسێنی و هەم هەڕەشە و مەترسییشی بخاتە سەر. بێگومان ئەم قۆناغە بۆ ئێمە چارەنووسساز و قۆناغی پێناسەکردنەوەی ئاراستەی داهاتووی خەباتی نەتەوەییی کوردە. بۆیە، هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە یەکگرتوویی کورد و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی هاوبەش، دەبێت لە ئاستی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەییدا ببینرێت، نەک لە چوارچێوەی ملمڵانێ و بەرژەووەندیی حیزبیدا.

لە ناوچەیەکدا کە هێشتا حاشا لە شوناس و مافە نەتەوەییەکانی کورد دەکرێ، دۆزی کورد ئیدی هەر بابەتێکی نێوخۆیی نەبووە و نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە هاوکێشەی گەورەی ناسنامە، دەوڵەت و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. هاوکات گەورەترین کێشەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و هۆکارێکی بنەڕەتیی بەئاکام نەگەیشتنی پرسی کورد -سەرەڕای دەیان ساڵ خەبات و خۆڕاگریی کەموێنەی ڕۆڵە خەباتکارەکانی- نەبوونی ئیرادەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بووە؛ ئیرادەیەک کە بتوانێت بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەرچی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستاندا خاوەنی هێزی مرۆیی، سیاسی و سەربازییە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەو زەرفییەتە بگوازێتەوە بۆ ئاستی نوێنەرایەتیی نەتەوەیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هۆکارەکەش ئەمە بووە هەتا ئێستا هیچ چوارچێوەیەکی هاوبەشی بڕیار و ستراتیژیی نەتەوەیی دروست نەکراوە کە بتوانێت بە ناوی تەواوەتیی "کورد"ەوە گفتوگۆ بکات و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزێت.

ئاستەنگەکانی بەردەم یەکدەنگی

لە مێژووی سیاسیی کورددا، کەم بیرۆکە هەبوون وەک بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەندە هیوای نەتەوەیی و هەستی چارەنوسی هاوبەشی دروست کردبێت. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێک بوو بۆ یەکخستنی دەنگ و ئیرادەی سیاسیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵام هێشتا لەنێوان ئارەزووی نەتەوەکەمان و ئاستەنگیی واقیعدا ماوەتەوە. پرسیارێکی گرنگ کە هێشتا وەڵامی تەواوی نەدۆزیوەتەوە، ئەوەیە بۆچی کۆنگرە نەیتوانیوە ببێتە چوارچێوەیەکی کاریگەر بۆ نوێنەرایەتیی هاوبەشی دۆزی کورد؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە کۆنگرە لە زۆر قۆناغدا لەنێوان دوو ئاراستەدا هەڵواسراوە: لەلایەک بانگەشەی نەتەوەیی کردووە، و لە لایەکی دیکەوە نەیتوانیوە خۆی لەژێر سێبەری هێژمۆنیی حیزبی و بەرژەوەندیی تەسکی سیاسی ڕزگار بکات. کێشەکەش تەنها جیاوازی و ناکۆکیی سیاسی نییە، چونکە فرەچەشنیی سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوودا سرووشتییە. بەڵکوو کێشەی سەرەکی ئەوەیە بیرکردنەوەی دامەزراوەیی هێشتا لە سیاسەتی کوردیدا جێی خۆی نەگرتووە. زۆربەی هێزەکان هێشتا بە مۆدێلی "هاوپەیمانیی کاتی" بیر دەکەنەوە، نەک بە مۆدێلی دامەزراندنی ئیرادەیەکی بەردەوامی نەتەوەیی.

لەبەر ئەوە، کۆنگرە زۆرجار بووەتە شوێنی کۆبوونەوە، نەک ناوەندیی بڕیاردان؛ بووەتە تریبوونی ڕاگەیاندن، نەک ناوەندی داڕشتنی نەخشەڕێ و ستراتیژی بۆ شوێندانان لەسەر سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

بەداخەوە، بەشێکی زۆر لە مێژووی سیاسیی کورد بەهۆی نەبوونی متمانەی هاوبەش، بووەتە مەیدانی ململانێ و تۆمەتبارکردنی نێوخۆیی. ئەم دۆخە زۆرجار بواری بۆ دەستێوەردانی دەرەکییش خۆش کردووە. بۆیە، ئەگەر ئێستا بانگەشەی یەکگرتوویی دەکەینەوە، ئەوا لەجێدا دەبێ لە پێگە و تریبوونی کوردەوە دەست پێ بکەینەوە؛ بە زمانێکی ئارام، بە شەففافسازی، بە متمانەکردن بە یەک، بە ڕێزگرتن لە یەکتر، بە دوورکەوتنەوە لە زمان و هەڵسوکەوتی دابڕان، بە قبووڵکردنی فرەچەشنیی سیاسی و هاوبەشکردنی بەرپرسیارەتی.

ڕێگاچارە بۆ داهاتوو

لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەشدا، ئامانج و بیرۆکەی کۆنگرە هێشتا دوورەدەست نییە. هەر قەیرانێکی سیاسی یان هەڕەشەیەکی دەرەکی دژی کورد، دووبارە بانگەوازی یەکگرتوویی بەهێز دەکاتەوە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە هەستی نەتەوەیی، سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکان، هێشتا هێزێکی کاریگەرە.

ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بیەوێت ببێتە دامەزراوەیەکی کاریگەر و متمانەپێکراو، پێویستە لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕێزگرتنی یەکسان و قبووڵکردنی فرەچەشنی سیاسی بنیاد بنرێت. هیچ پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ناتوانێ سەرکەوتوو بێت ئەگەر ڕێز لە جیاوازی و سەربەخۆیی سیاسیی هێزەکان نەگرێت یان لەژێر کاریگەریی هێژمۆنیی لایەنێکی دیاریکراودا هەنگاو بنێت. هاوکاری و یەکگرتوویی لەسەر بنەڕەتی سڕینەوەی ناسنامە و شوناسی سیاسیی حیزبەکان چێ نابێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئیرادەی هاوبەشی سیاسی شکڵ دەگرێت.

داهاتووی کۆنگرەش لە بنەڕەتدا، بەندە بە ئاستی پێگەیشتنی ئیلیتی سیاسیی کورد. ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی، ئەوا ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت ببێتە بناغەی قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی کوردی. ئەگەر کۆنگرە بیەوێت لە قۆناغی ڕەمزییەوە بگاتە قۆناغی کاریگەری، پێویستە سێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەر خۆیدا بهێنێت:

یەکەم/  کۆکردنەوەی حیزبەکان ولایەنەکان بۆ دامەزراندنی ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش بۆ  دروستکردنی میکانیزمێکی بڕیاردان کە هەمووان خۆیان تێدا ببیننەوە.

دووەم/ دەبێت خۆی لەژێر هەر هێژمۆنیی حیزبی و ناوچەیی ڕزگار بکات. ئەو کۆنگرەیەی ئاراستە و تەعبیری لایەنگری لە لایەنێکی سیاسیی لێ بەدی بکرێت، هەرگیز ناتوانێ ببێتە ماڵی سیاسیی هەموو کوردان.

سێیەم/ کۆنگرە دەبێت لە دەربڕین و هەڵوێستی زارەکییەوە بگوازرێتەوە بۆ زمانی ستراتیژی. واتە بتوانێت وەک ناوەندێکی دیپلۆماسیی نەتەوەیی کار بکات، پەیوەندی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بگرێت و پرسی کورد لە چوارچێوەی مافی نەتەوەکان و دێموکراسیی ناوچەییدا بخاتە بەردەم جیهان. لە جیهانی ئێستادا، هیچ دۆزێک تەنیا بە هێزی عاتیفی سەرناکەوێت. ئەوەی کاریگەرە، توانای دروستکردنی دامەزراوە، بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی پێگەیشتوو و بەدەستهێنانی هاوپەیمان لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دایە.

ئەرک و ڕۆلی نەتەوەیی ئێمە

حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات، لە قۆناغێک‌دان کە کۆمەڵگەی کوردی چاوەڕوانییەکی زۆری لێیان هەیە. ئەم چاوەڕوانییە تەنیا بەرهەمهێنانی هەڵوێست نییە؛ بەڵکوو دروستکردنی زمانێکی نوێی سیاسییە کە بتوانێت متمانەسازی بکات، دابەشبوون کەم بکاتەوە و چەمکی هاوبەشیی نەتەوەیی لە دروشمەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی کردار. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەتوانێ دەستپێکێکی باش بێت و چاوەڕوانی بە کردەیی لە داهاتوودا لێ دەکرێ.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو باوەڕەداین ئەم قۆناغە، قۆناغی تاقیکردنەوەی وشیاریی سیاسیی کورد و ئامادەین بۆ هەر هاوکارییەک  و دیالۆگێک لە گەل کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە راستای  خزمەت بە یەکگرتوویی کورد و دۆزی کورد ، هاوکات پێ لەسەر ئەوەش دادەگرینەوە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت لەسەر بنەمای متمانە، هاوبەشی، بڕیاری پێکەوەیی و ڕێزگرتنی هاوبەش بڕوات. هەر لەجێدا ئەگەر ئێمە خۆمان متمانە بە یەکتر نەکەین، چۆن چاوەڕوانی ئەوە بکەین جیهان متمانەمان پێ بکات؟ ئەگەر ئێمە بۆخۆمان یەکتری قبووڵ نەکەین، چۆن داوای قبووڵکردنی مافەکانمان لە جیهان بکەین؟

هیوامان ئەوەیە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە تێیدا کورد بە یەکتر نزیک دەبێتەوە و بە هێزی یەکگرتوویی شوێنی شیاوی خۆی لە ناوچە و جیهاندا بەدەست دەهێنێت.

با پێکەوە یارمەتیدەر بین تا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە خەونێکی مێژوویی بگوازرێتەوە بۆ پێویستییەکی ستراتیژی.

سوپاس بۆ گوێگرتنتان.

سەرکەوتوو و یەکگرتوو بن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی ژوئەنی ٢٠٢٦