ڕۆژی هەینی ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بەشی سۆشیاڵ میدیای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە زەنجیرە بەرنامەكانی سپەیی خۆیدا، سپەیسێکی بۆ بەڕێزان كاک عەلیئەشرەف مورادی چالاكی سیاسی و خاتوو كەنێرە مێهفەر كارناس بواری یاسا بەڕێوە برد.
بەرنامەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بە ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.
پاشان بەڕێوبەرانی بەرنامە خاتوو شەیدا ویجدانی و خاتوو سروە زەند بە بەخێرهاتنكردنی میوانان و بەشداربووان سپەیسەكەیان دەست پێكرد.
لە بڕگەی یەكەمی بەرنامەكەدا كاک عەلیئەشرەف مورادی بابەتێكی گرینگی سەبارەت بە سزای سێدارە باس كرد.
ناوبراو قسەکانی بە سەرەخوشی لە بنەماڵەی وەیسی، کومەڵگەی یارسان و کوردستان بەگشتی دەست پێکرد و ئاماژەی دا کە شەهید موجتەبا و شەهید مەیسەم، هەڵگری پەیامی شوڕش و دونی ڕۆحی شاتەیموور و شەهیدانی داڵاهۆ، شەهید خەلیل خەلەبان، کاکی حەسەن و هەموو شەهیدەکانی کوردستانن.
بەڕێز موردای ڕایگەیاند کە سێدارەدان تەنها بابەتێکی یاسایی و دادوەری نییە؛ ئەم دیاردەیە پەیوەندی قووڵی بە مێژوو، کۆمەڵگە، سیاسەت و ناسنامەی نەتەوەکانەوە هەیە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە سەردەمی ئێمپراتۆرییە کۆنەکانەوە تا سەردەمی نوێ، سێدارە وەک ئامرازێک بۆ سزادان، تۆڵەسەندنەوە و سەرکوت بەکار هاتووە. لە ئێرانیش، لە سەردەمی هەخامنشی و ساسانییەکانەوە تا حکوومەتەکانی دواتر، شێوازی جۆراوجۆری سزادان بوونی هەبووە. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا، کاتێک زۆربەی وڵاتانی جیهان (١٠٠وڵات) ئەم سزایەیان هەڵوەشاندووەتەوە و بە پێچەوانەی مافی مرۆڤی دەزانن، هێشتا لە ئێران سێدارەدان بەردەوامە و بە تایبەتی لە ناوچەکانی کوردستان و ئەم سزایە ڕەهەندێکی سیاسی و نەتەوەیی وەرگرتووە. بۆیە لە کوردستان، باسکردن لە سێدارە تەنها باسکردن لە سزایەکی یاسایی نییە، بەڵکوو باسکردنە لە ئەزموونێکی تاڵی مێژوویی، لە بیرەوەرییەکی هاوبەشی گەلێک، و لە سیاسەتی سەرکوتێک کە شوێنەواری خۆی لە هۆشی کۆمەڵایەتیی خەڵکدا جێهێشتووە.
ناوبراو وتیشی لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ و بە تایبەتی دوای فەرمانی جیهاد دژی کوردستان لە هاوینی ١٣٥٨، شەپۆلێکی فراوانی سەرکوت، کوشتن و سێدارە دەستی پێکرد کە کاریگەرییەکانی تا ئێستاش لە یادگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا ماونەتەوە. هەر بۆیە، هەر بابەتێک لەسەر لەسێدارەدان لە کوردستان، پێویستە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ، دادپەروەری، مێژوو و مافە نەتەوەییەکاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
پاشان خاتوو كەنێرە مێهفەر باسەکەی ی خۆی بەم شێوەیە پێشکەش کرد:
سەرەتای باسە کە بە پێناسەیەک لەسەر سزای لەسێدارەدان و ڕوانگه ی یاسایی وڵاتان لەهەمبەر جێبەجێکردن و هەڵگرتنی ئەم سزایە بوو، کە سزای له سێدارەدان قورسترین سزایە وبەواتای لێ ئەستاندنەوه ی مافی ژیانە لە کەسێک، بۆیە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای هەوڵێکی زۆر لە سالی ٢٠٠٣دا ڕۆژی ۱۰ ئۆکتۆبری بە ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای لەسێدارەدان ناوزەد کردووە.
بەشێکی تری باسەکە ئاماژە بە ڕێژەی بەرزی سزای لەسێدارەدانەکان لە وڵاتی ئێران و ئەو قۆناغانەی کە زیاترین شەپۆڵی ئیعدامەکانی لەخۆ دەگرت و چەندین هۆکار وەک ترس و تۆقاندنی خەڵک، چاترسێنکردنی زیندانیانی تر، بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەسەر گەمارۆکان و کێشە ناوخۆییەکان و ئاماژەیەک بە زۆربوونی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی وعەقیدەتی کە پشکی زۆری بەر نەتەوەی کورد و بەلووچ دەکەوێ، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە هەموو کات دژ بە یاساکانی پڕ لە هەڵاواردن و سیاسەتی دژەمرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی دەنگی ئازادیخوازی و ناڕەزایەتی هەڵدەبڕن.
بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی ڕەهەندێکی ئەمنییەتییە و بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی و دەسەڵاتی نامەشرووعی خۆی دەزانێ و بۆیە ڕووبەرووی توندترین شێوە سزایان دەکاتەوە. ئەمانەش هەمووی نیشاندەری سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی قەزایی و نەبوونیی یاسایەکی دادپەرورە و نیشانەیە بۆ پێشێلکاریی بەرزی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا باسی لە ڕۆڵی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کرد و پرسی کەفاڵەتی سیاسیی بەندکراوانی سیاسیی لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە خستە بەر باس کە توانیویەتی تا ڕادەیەک کاریگەر بێ و بتوانێ حوکمی لەسێدارەدانی هێندێک لە بەندکراوانی سیاسی لە ئیعدامەوە بۆ سزای بەندکردن بگۆێ و هەروەها باسی لە جیاوازیی ئیعدامی قەزایی و غەیرقەزایی کرد لە ڕوانگەی یاسایی، کە ئێستاش بەهۆی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارێتی کاربەدەستانی زیندان و دەسەڵاتی قەزایی، خەریکە بەشێک لە بەندکراوانی سیاسی تووشی ئیعدامی غەیرقەزایی دەبن و گیانیان لەدەست دەدەن یا کەمئەندام دەبن. لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوە دا کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی هیچ حاڵەتێکی پشتیوانی و ئەمنییەتی تێدا نییە کە تاک خۆی تێدا پارێزراو ببینێ و لە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانی هانا بۆ یاسا ببات. یاساکان پڕن لە هەڵاواردن و توندوتیژی چەوسانەوە و ستەمی نەتەوەیی.