کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادپەروەری و سەرکەوتن لە جەنگدا

16:47 - 11 جۆزەردان 2726

ئیسرائیل حەیوم – داوید و. واینبەرگ

کەماڵ حەسەن‌پوور کردوویەتی بە کوردی

جەنگ دژی ئێران هۆکارێکی پتەوی هەبوو و لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە سەرکەوتوو بوو. حاشاکردن لەم ڕاستییە ناپاکییە.

ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی و شێری خرۆشاو ئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانیان دەستەبەر کرد: ڕاگرتنی گەشەی ئێران بەرەو توانایی دروستکردنی چەکی ناوکی و لاوازکردنی بەرچاوی بەرنامەی هاژەکی بالیستیکییەکەی، کە هەر دووکیان هەڕەشەی گەورە بوون بۆ سەر ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا. حاشاکردن لەمە ناپاکییە. ئەم ئیدیعایە کە جەنگەکە بێجگە لە گێچەڵێکی بێ‌باکانە شتێکی دیکە نەبوو و شکستێکی بە تەواو مانا بوو، تەنیا ئیرەیی سیاسییە.

بڕوانە هەڕەشەی ڕوون و ئاشکرای ئێران، پێش جەنگەکە و هەروەها لە ئێستادا. ئەو نزیکەی پێنج‌سەد کیلۆ (٤٤٠ کیلۆگرام) ئۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی هەبوو، کە تا نزیکەی ئاستی پێویست بۆ چەکی ناوکی پیتێنرابوو و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی گوتبووی: ئێرانییەکان بە یەک حەفتە دەتوانن سووتەمەنیی پێویست بۆ ٩ بۆمبی ناوکییان هەبێت. ئەمە، پێشێلکاریی سەرجەم سنوورەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە بوو کە ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا واژۆی کردبوو. بە هەمان شێوە ئێران مانگانە ١٠٠ هاژەکی دروست دەکردن و بەرەو دۆخێک دەچوو کە لەوێدا یەدەگی هاژەک و دڕۆنەکانی ئێران دەیتوانی بەرگریی ئیسرائیل و سەرجەم بنکە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا نۆقم بکات. ئێران هەروەها ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ناوکی و هاژەکییەکانی دەگواستەوە بۆ قووڵایی ژێر زەوی تا لە هێرشی کاریگەر دژی ئەوان بیانپارێزێت.

لە هەوڵێکی هاوبەشی مێژووییدا کە ١٥ هەزار هێرشی ئاسمانی لە ماوەی شەش حەفتەدا کران، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان خاپوور کرد، هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەم وڵاتەیان تەفروتوونا کرد، هاژەک‌هاوێژەکانیان، جبەخانە و ناوەندەکانی بەرهەم‌هێنانی چەک‌وچۆڵەیان لەنێو بردن و وێستگەی کارەبا و وزەیان تێک‌ ڕووخاندن کە وزەی پێویستیان بۆ پیشەسازییەکانی ناوکی و هاژەکی بالیستیکی دابین دەکرد، زانا و پسپۆڕە سەرەکییەکانیان کە دەوری یەکلاکەرەوەیان لە پیشەسازییەکانی ناوکی و هاژەکیدا دەگێڕا کوشت، هەزاران فەرماندە و ڕێبەرانی هێزەکانی سەرکوتی نێوخۆیی و دەیان ڕێبەری توندڕەوی ڕێژیمی مەلایانیان کوشت، کە ڕەواییان بە گەشەکردنی هێژەمۆنیخوازانە و کۆمەڵکوژانەی ئێران دەدا.

تەنانەت بەبێ دەستبەسەرداگرتنی ئۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران (کە بەگوێرەی ڕاپۆرت لە ژێر داروپەردووی بنکەیەکی ئەسفەهاندا پاش هێرشی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو لە ساڵی ڕابردوودا چاڵ کراوە)، وێدەچێ ئێران هیچ تواناییەکی بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێکی ناوکی لە ئێستادا نەبێت، چونکە سەرجەم زنجیرەی بەرهەمهێنانی پێویست بۆ چوونی ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ناوکی لە بۆمبارانەکاندا پێکراوە.

جەنگەکە بە هەمان شێوە ئەم چاڵە ئابوورییەی قووڵتر کرد کە ئێران تێیدا نۆقم بووە. وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل گەلێک ژێرخانیان بۆمباران کردن کە بێجگە لە کارایی مەدەنی هەروەها کارایی سەربازییشیان هەبوو، لە نێویاندا ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی پێترۆشیمی و پۆڵا کە بەسەر یەکەوە ٪١٥ی بەرهەمی نێوخۆیی گشتیی ئێران و ٪٦٠ی بەرهەمی پیشەسازیی نانەوتی پێک‌ دێنن.

گەمارۆی هەنووکەیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە گەرووی هۆرمۆز ئەگەری پچڕاندنی دوایین شادەماری ئابووریی ئێرانی هەیە، واتە داهاتی نەوت، کە ٪٥٠ی بودجەی دەوڵەت لەم داهاتە دابین دەبێت. بەگشتی، ئێران سامانی ستراتیژی، سەربازی، ژێرخانی و ئابووری لەکیس چوون. پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو تێکڕما، چونکە بە زیاتر لە ٦٠٠٠ هاژەک و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان هێرشی کردە سەریان و بووە هۆی تەریککەوتوویی ناوچەیی پێشتر نەبینراو.

جێگای ئاماژەیە، ئێران هەوڵی دا بەرپەرچێکی سەربازیی واتادار بەرانبەر بە هێزەکانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بداتەوە، جا بە تواناییەکانی خۆی بووبێت یان بە هی بەکرێگیراوەکانی. ئاشکرا بوو کە ڕایەڵەکانی بەرگریی ئێران و دامودەزگا هەواڵگرییەکانی کە گوایە فرە لێهاتوون، بەپێچەوانە گەلێک هەنۆکەن (قۆڕن). ئێرانییەکان بە چاوی خۆیان زەلیلکرانی ڕێژیمیان دیت.

ئەمە ڕووداوێکی گرنگ بوو هۆیەکەی ئەمە بوو کە کەلێنی نێوان فڕوفیشاڵی ئیسلامی توندڕەوی ئاشکرا کرد، چونکە ئەم پڕوپاگاندایە ئێرانی وەک زلهێزێکی گەشەسەندووی وێنا کردبوو کە خەریکی داڕشتنەوەی ناوچەی دەوروبەری خۆیەتی. جەنگەکە بە هەمان شێوە ڕەوایی نێوخۆیی ڕێژیمیشی لێک‌ هەڵتەکاند. دەوڵەتێک کە دەسەڵاتەکەی پشت‌ ئەستوور بە پشتگیریی ڕاستەقینە بێت، پێویست ناکات بۆ چۆڵکردنی شەقامەکان لە ناڕەزایەتی پەنا بۆ کۆمەڵکوژی ببات.

بێگومان، هەڵسوکەوتی ئێران لە کاتی جەنگەکەدا پێویستیی ڕوودانی ئەم جەنگەی پشتڕاست کردەوە. کۆماری ئیسلامی هێرشی بێ‌بەزەییانەی هاژەک و دڕۆنانی ئاراستەی دراوسێ عەرەبەکانی کرد، بۆمبی هێشوویی دژی خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل بەکار هێنا، گەمارۆی خستە سەر گەرووی هۆرمۆز و، بە توانایی هاژەکیی کە تا ئەو کاتە شاراوە بوو، هێرشی کردە سەر چەند خاڵێک کە فرە لە ناوچەکە دوورتر بوون. کردەوەکانی ئێران بە ڕوون و ئاشکرا پیشانی دا کە بۆ متمانەپێکردن نابێت، پیشانی دا کە هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی و، دەبێ پێشی پێ بگیرێت تا نەتوانێت چەکی ناوکی بەرهەم بێنێ و بیهاوێژێت. بەکورتی، جەنگە شەش حەفتەیەکە بەهۆ و ئامانجی یەکپارچە بەڕێوە چوو. ئەم جەنگە هەوڵێکی ڕەوشتی و پێویست بوو، جەنگەکە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بوو و، دۆخە ستراتیژییەکەی باشتر کرد. هەڕەشە دەستبەجێیەکانی ئێرانی بێ‌کەڵک کرد، تواناییە ستراتیژییەکانی ئێران تووشی زەرەری بەرچاو بوون (ئەگەرچی دەکرێ پێچەوانە بکرێنەوە) و، سەقامگیریی ڕێژیم تووشی هەژانی بەرچاو بووە، ئەگەرچی بتوانێ بۆ ماوەیەک درێژە بە ژیان بدات.

ئەمریکا و ئیسرائیل ئێستا کە لە جەنگدا سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە، دەبێ براوەی گوتارەکە لەمەڕ جەنگەکە بن، پێداگر بن لە سەر ڕەوشتی‌بوونی هەڵمەتەکە و جەخت بکەنەوە کە سنوورە دژوارەکانی سەپێنراو بەسەر ئێراندا دادپەروەرانەن. پارێزگاری‌ کردن لە دەستکەوتەکانی جەنگ پێشگرتن بە خۆگرتنەوەی ئێران دەخوازێت، تا ئەم کاتەی ئێران واز لە بەرنامە سەربازییە هەڕەشەئامێزەکانی و هەڵوێستە شەڕەنگێژییەکەی لە ناوچەکەدا بێنێت. تەنیا ڕێگای خۆگرتنەوەی ئێران، قبووڵکردنی هێورکردنەوە بەگوێرەی مەرجەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانە.

بۆ ئەم مەبەستە، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ چنگ لە قوڕگی ئێران بەرنەدات (هیچ سووککردنێکی بەرچاوی گەمارۆکان لە ئارادا نەبێت)؛ تەریکخستنەوەی ئێران (پێش بە نزیکبوونەوەی وڵاتانی ئورووپی و عەرەبی کەنداو لە ئێران بگیرێت)؛ گوشاری سەربازی لە سەر ئێران بپارێزێت (هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان نابێ بەمزووانە لە ناوچەکە پاشەکشە بکەن)؛ بە چڕی چاودێریی ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بکات (و دیسان هێرش بکرێتە سەر هەر بنکەیەکی گەشەکردنی ناوکیی دیسان چالاک کراو) و؛ پشتگیری لە سەرهەڵدانی جووڵانەوەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکرێت (چەکوچۆڵیان بۆ دابین بکرێت).

تا ئەو جێیەی پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەیە، ئیسرائیل دەبێ وانەی گرنگی لەمەڕ بەردەوامی و دەستپێشخەریی دۆخی بەرگریی خۆی لە نێویاندا باڵادەستیی ستراتیژی دژی مەزنترین و دوورترین دوژمنەکانی وەرگرتبێت. بە پلاندانانی سەربازی، جێبەجێکردنێکی فرە نایابەوە و، بە هاوپەیمانیی لێبڕاوانە لەگەڵ زلهێزێک، ئیسرائیل بەسەر ئێراندا سەرکەوت و دەتوانێ دیسان سەرکەوێت.

ئەگەرچی ئێران دە هێندەی ئیسرائیل گەورەیە و هەزاران کیلۆمەتر لێی دوورە و، پشتگیریی لە چوار سپای بەکرێگیراو لە سنوورەکانی ئیسرائیلدا دەکرد کە دەیان هەزار هێزی چەکدار و سەدان هەزار تۆپ، هاژەک و دڕۆنیان هەبوون، بەڵام ئیسرائیل بەسەریاندا سەرکەوت.

بەهەمان شێوە دانبەخۆداگرتنی ئیسرائیلییەکانیش فرە گرنگە، کە پیشانیان دا ئەوان قارەمانانە لە بەرانبەر جەنگی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران، کە بەکردەوە دوو جەنگ لە ماوەی ساڵێکدا بوون، خۆڕاگری دەکەن.

تەنانەت لە دژوارترین ڕۆژەکانی جەنگەکەدا، کە جەنگ بە چڕی لە ئارادابوو، ئابووریی وڵات درێژەی بە کاری خۆی دا. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەو ڕێگایانەی بەهۆی بەرکەوتنی هاژەکی دوژمن تووشی زەرەر ببوون، خاوێن کرانەوە، نۆژەن کرانەوە و بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاوەڵا کرانەوە. دیسیپلینی ڕەچاوکردنی ڕێنوێنییەکانی پەیوەندیدار بە بەرگریی نیشتمانییەوە فرە سەرنجڕاکێش بوو. بنەماڵەکان جەژنەکانی پوریم و پاکیان بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماڵەکانیان بەڕێوە برد. ئیسرائیلییەکان خۆڕاگرن.

دژوارییەکان بایەخی ئەزموونکردنیان هەبوو. هەر چۆنێک بێت، ئەم شەڕە لەدژی سەرهەڵدانی ئێرانێکی تەیار بە چەکی ناوکی و هەزاران هاژەکی بالیستیک بوو و مانەوەی دۆخی پێشوو لەڕادەبەدەر خراپتر لەو دژوارییانە دەبوو کە ئیسرائیلییەکان ناچار بوون خۆی لە بەرانبەردا ڕابگرن و لەو شەڕەدا تێچووی بۆ بدەن.