کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە ناڕەزایەتییەکان؛ جێگیرکردنی هێزی سەرکوتکەر لە شارەکانی ئێران دوای گرانبوونی بەنزین

15:27 - 17 خەرمانان 2726

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سێهەمی بەنزین لە ٥ هەزارەوە بۆ  ١٠ هەزار تمەن بۆ هەر لیترێک، هێزەکانی ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی دووبارەی خەڵک، شارەکانی ئێرانیان مێلیتاریزە کردووە و دەوروبەری وێستگەکانی سووتەمەنی و سەرەشەقامەکانیان بە هێزی چەکدار تەنیوە.

زانیارییەکان باسیان لە جێگیربوونی بەرفراوانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی تاران، ئابادان، ئێسفەهان، بیرجەند، تەورێز، تاران، خوڕەماوا، خومەین، شیراز، قێشم، کەرەج و مەشهەد کردووە.

هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە خابوونەوەی هێڵی ئێنتێرنێت دەکەن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ١٥ی خەرماناندا ڕایگەیاند کە نرخی سێهەمی بەنزین، واتە ئەو سووتەمەنییەی بە کارتی وێستگەکان دەدرێت، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە، نرخی لە ٥ هەزارەوە دەگاتە ١٠ هەزار تمەن.

شایانی باسە ترسی ڕێژیم لە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ـە کە بەدوای گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دەیان شاردا دەستی پێکرد و بە خێرایی بۆ ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی دژەحکوومەتی گۆڕدرا و بەخێرایی شەقام و شارەکانی ئێران لەدەست هێزەکانی ڕێژیم دەرهێندران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان هەتا لێواری ڕووخان برد.

ئەم ناڕەزایەتییانە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی هێزە ئەمنییەکان، کوژرانی ١٥٠٠ کەس، دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس و پچڕانی ئینتێرنێت لە سەرانسەری وڵات بوونەوە؛ ئەو ڕووداوانەی کە دواتر بە «خەزەڵوەری خوێناوی ٩٨» ناسران.