کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران؛ هەڕەشەی مانگرتن و بەشدارینەکردن لە کلاسەکانی وانەوتنەوە

15:23 - 17 خەرمانان 2726

کانوونی پیشەیی مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران هۆشداریی دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی خەرمانان یاسای چاکسازیی مووچەی دەستەی زانستی بە تەواوەتی جێبەجێ نەکرێت، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە تەواوی چالاکییە پەروەردەیی، توێژینەوەیی و ڕێنماییکارییەکان ڕادەگرن.

بەیاننامەی کانوونی پیشەیی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە ڕێکارە یاساییەکان و تێپەڕبوونی شەش مانگ لە ساڵی نوێ، ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە لە ڕێگەی ئاستەنگ دروستکردن ڕێگری لە جێبەجێکردنی تەواو و بێ‌مەرجی یاسای زیادکردنی مووچەی ئەندامانی دەستەی زانستی کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، کارن ئەبری‌نیا، بەرپرسی کانوونی پیشەیی مامۆستایان، ڕایگەیاندووە کە دانوستان و داواکارییە یاساییەکانیان بێ‌ئاکام بوون و جیاوازیی بەرچاو لە نێوان مووچەی پەسەندکراو و ئەو بڕەی دەگاتە دەستی مامۆستایان هەیە.

ئەم ناکۆکییانەی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، پرۆسەی پێدانی مووچەی مامۆستایانی تووشی دواکەوتن و ناڕوونی دارایی کردووە.

نوێنەرانی کانوونی پیشەیی هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی پشتگوێخستنی بژێویی مامۆستایان و جێبەجێنەکردنی بڕیاری زیاتربوونی ٧٥٪ی مووچەکان، دەبێتە هۆی داڕمانی توانای زانستی، چڕبوونەوەی دیاردەی کۆچکردنی بلیمەتەکان و پەککەوتنی سیستەمی خوێندنی باڵا لە وڵاتدا.