کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئەمریکا و ئێران بەرەو کوێ دەچێت؟

23:44 - 15 خەرمانان 2726

عومەر باڵەکی

٤٧ ساڵ لەمەوبەر کاتێک ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێراندا داڕما، دەوڵەتی ئەوکاتی ئەمریکا لە ڕیزی یەکەم وڵاتاندا بوو کە دەوڵەتی نوێی ئێرانی بەفەرمی ناسی؛ بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان زۆری نەخایاند کە دەوڵەتی نوێی ئێران بە ڕێبەریی خومەینی، وای کرد شەڕێک دژ بە ئەمریکا لە ئێراندا سەرهەڵبدات کە هەتا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و باجەکەشی نەتەوەکانی ئێران دەیدەن.

لە ١٤ی خەزڵوەری ١٣٥٨دا لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆوە کە دوایی بە «خوێندکارانی پێڕەوی خەتی ئیمام» ناودێر کران، هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا؛ بەو بیانووەی گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتی ئەوکاتی ئەمریکا تا شای هەڵاتوو ڕادەستی دەوڵەتی شۆڕشگێڕ (ئینقلابی)! بکاتەوە. خومەینی نەک هەر هێزی سەربازی نەنارد بۆ ئەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بپارێزن، بەڵکوو داگیرکردنی باڵوێزخانە و بە بارمتەگرتنی دیپلۆمات و کارمەندانی ئەو باڵوێزخانەیەی بە «ئینقیلابی دووهەم» ناودێر کرد. ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ دروستبوونی شەڕێکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان ئێران و ئەمریکادا. لە ڕاستیدا دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، هەموو هەڵسوکەوتێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهاندا بخەنە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە.

بەڵام دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، ڕەوتی خێرای ڕووداوەکان وای کرد سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئەمریکا بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت؛ واتە لە شەڕێکی شاراوەوە بێتە دەرێ و ببێتە شەڕێکی ئاشکرا و ڕووبەڕوو؛ بەو مانایەی ئەگەر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەمریکا و ئەورووپییەکان بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵی ئەوەیان دەدا ڕەفتاری ڕێژیمی ئێران بگۆڕن، ئێستا هەر ئەو وڵاتانە کۆماری ئیسلامییان خستووەتە سەر دووڕێیانێک: یان گۆڕینی ڕەفتار، یان نەمانی ئەو ڕێژیمە.

بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە، دەبینین ئەمریکییەکان لە شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا لە «شەڕی تێکەڵاو» کەڵک وەردەگرن. بەو مانایەی هەموو کەرەستەکانی گوشار بۆ بەچۆکداهێنانی دەسەڵاتدارانی ئێستای تاران بەکار دەهێنن: لە لایەک بە هێزی سەربازی و لە ئاسمانەوە بە ئاگری قورسی بۆمب و مووشەک، لە لایەکی دیکەوە بە ئابڵۆقەی دەریایی، و لە هەمان کاتدا هێنانی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ سەر مێزی وتووێژ کە لە هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا حاشایان لە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا کردووە. ئەوانە هەمووی تاکتیکن بۆ ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیانەوە کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە دۆخی ئێستادا دەبینین کە دەوڵەتی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ پاراستنی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە و سەر سنوورە ئاوییەکانی ئێراندا، گەڵاڵەیەکی بەربڵاوی ئابڵۆقەی ئابووریی خستووەتە سەر ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە زۆر جیاوازترە لە گەمارۆ ئابوورییەکانی پێشتر. زۆرجار دەبیستین و دەخوێنینەوە کە لەو شەڕەدا ئێران یان ئەمریکا دەستی باڵای هەبووە، و لێکدانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەو باڵادەستییە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بڵاو دەکرێنەوە و شیکاریی بۆ دەکرێت؛ بەڵام دوای چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک، مەیدانی شەڕ و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی تەواو پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانەن؛ چونکە لەو شەڕەدا پێوەرەکانی شەڕ گۆڕاون و بەپێی پێوەرەکانی شەڕ لە ڕابردوودا ناتوانین هەڵسەنگاندن بۆ ئەم شەڕە بکەین.

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بەرەبەیانی ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٤ دەستی پێکرد و لەو ڕێکەوتەوە شەش مانگ تێپەڕیوە و هەتا ئێستا ئاکامی ئەو شەڕە ڕوون نەبووەتەوە. ڕەنگە لەو شەڕەدا کە لایەنەکان تەنیا پشتیان بە هێزی ئاسمانی، مووشەک و درۆن بەستووە و لەسەر زەوی هێزی پیادەیان بۆ داگیرکردنی زەوی بەکار نەهێناوە - شەش مانگ ماوەیەکی کەم بێت بۆ ئەوەی ئاکامی شەڕەکە بە قازانجی لایەنێک دەربکەوێت؛ چونکە لەو جۆرە شەڕەدا، ئەوەی قسەی کۆتایی دەکات ئەو لایەنەیە کە توانای دابینکردنی ئیمکاناتی ئەو شێوە شەڕەی هەبێت؛ کە تەنیا لە ئاسمانەوە و بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای مووشەکی و درۆن شەڕ بکات. بەپێی ئەم بەڵگەیە، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا نە لە بواری سیاسی و نە لە بواری ئابوورییەوە، نە لە نێوخۆ و نە لە دەرەوەدا سەقامگیر نەبووە؛ بۆیە لە درێژخایەندا ناتوانێت درێژە بەم شێوە شەڕە بدات.

دەبینین بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەموکوڕییە، دەسەڵاتدارانی تاران پەنایان بردووە بۆ کەرەستەی دیکە؛ وەک هێرش بۆ سەر دەوروبەری خۆی بەو بیانووەی کە پێگەی سەربازی و بەرژەوەندیی ئابووریی ئەمریکای لێیە، یاخود داخستنی گەرووی هورمز. ئەو کارە ئەگەر لە سەرەتای شەڕەکەوە لە کورتماوەدا تا ڕادەیەک توانی لە بواری گوشارخستنە سەر ئابووریی جیهان سەرکەوتن بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەدەست بێنێت، بەڵام لە درێژماوەدا بە زیانی خۆی شکاوەتەوە؛ چونکە لە لایەک ئێران ناتوانێت گەرووی هورمز بەسەر وڵاتانی دراوسێی خۆی و جیهاندا دابخات و تەنیا خۆی کەڵکی لێ وەربگرێت، و لە لایەکی دیکەشەوە ئابڵۆقەی دەریاییی ئەمریکا بۆ سەر هاتوچۆی کەشتیوانیی ئێران لە دەریای عوماندا وای کردووە داخستنی گەرووی هورمز ببێتە شمشێری دووسەر. ئەگەر داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەوە بووبێت زیان بە بەرژەوەندیی وڵاتان بگەیەنێت و ئەو زیانە ببێتە کەرەستەی گوشار بۆ سەر دەوڵەتی ئەمریکا، لە لایەکی دیکەوە دوو ئەوەندە زیانی بە هەناردەکردنی نەوتی ئێرانیش گەیاندووە کە فرۆشتنی نەوت کۆڵەکەی سەرەکیی ئابووریی ئێرانە.

هەروەک پێشتر باس کرا، ئەم شەڕە لە بواری تاکتیکەوە بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ شەڕەکانی پێش خۆی. ئەو شێوە شەڕەی ئێستا کە دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیکات، چەندین پەردەی هەیە کە هەموویان زنجیرەوار پێکەوە پێوەستن و یارمەتیی یەکتر دەدەن بۆ لاوازکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی؛ تا ئەو کاتەی یان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەسلیم دەبێت، یاخود دەڕووخێت.

ئێستا درێژەکێشانی ئەم سیناریۆیە بەستراوەتەوە بە توانای خۆڕاگریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوە کەوتوونەتە بەر گوشاری سەربازی، سیاسی و ئابوورییەوە. بەو واتایەی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەر پێشتر بە دروستکردنی گرووپە نیابەتییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا کێشەی ئاسایش و تەنانەت سەروەریی بۆ وڵاتانی دەوروبەری خۆی دروست کردبوو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕاستەوخۆ بە کردەوە سەروەریی ئەو وڵاتانەی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە. کردەوەکانی ڕێژیمی تاران ئاسایش و تەناهیی ئەو وڵاتانەی تێک داوە، بۆیە ئەو وڵاتانە زیاتر بەدوای نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندەن تا مانەوەی؛ لە ئەگەری مانەوەی ئەو ڕێژیمەش لە تاران، زۆری پێدەچێت تا ئەو وڵاتانە بتوانن متمانە بە کۆماری ئیسلامی بکەنەوە.

لە نێوخۆی ئێرانیشدا باری دەسەڵاتدارانی ئێستای تاران چ لە بواری پێگەی جەماوەری و چ لە بواری ئابوورییەوە ئەوەندە باش نییە بتوانن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن؛ چونکە بارودۆخی شەڕ ئەوانی خستووەتە سەر دووڕێیانێک: ئایا درێژە بە سیاسەتی پێشوویان دەدەن و تۆڵەی خوێنی ڕێبەر و دارودەستەکەی دەکەنەوە؟ یاخود بۆ ڕزگارکردنی ڕێژیم، مل بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا ڕادەکێشن؟

دەبینین دەرئەنجامی هەردوو ڕێگاکە نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ چونکە بەپێی هەموو یاساکان شەڕ بە ئابووری و توانای دارایی بەهێز دەکرێت، لە کاتێکدا لە سەردەمی ئێستادا خەزێنەی کۆماری ئیسلامی بەپێی هەموو پێوەرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەتاڵتر دەبێت و خەڵک لە نێوخۆی ئێراندا هەژارتر و هەژارتر دەبن. ئەگەر وایە، دەسەڵاتدارانی تاران ناتوانن لەگەڵ ئەمریکادا درێژە بەم شەڕە بدەن؛ بۆیە ئەگەری زۆرە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ پاراستنی نیزام واتە مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەسلیمی داواکارییەکانی ئەمریکا ببن. لەو حاڵەتەشدا ئەگەری زۆری ئەوە هەیە لەناو دەزگای دەسەڵاتداردا تووشی کێشە و ململانێی توند ببن، و لەو شەڕە نێوخۆییەدا کام لا سەر دەکەوێت دەبێت چاوەڕوانی داهاتوو بین.

جگە لە هۆکارەکانی شەڕ کە بنەماکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان خستووەتە لەرزین، ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران لە نێوخۆدا پەرە دەستێنێت و دەزگای دەسەڵاتداری ئێرانیش بەم بارودۆخەی کە خۆی خولقێنەری بووە، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی نیاز و پێداویستییەکانی خەڵکی ئێران بێت. بۆیە لە کۆتاییدا، ئەگەر بەم شەڕەش نیزامی کۆماری ئیسلامی نەڕووخێت، خەڵکی ناڕازی لە ئێران، درەنگ یان زوو کارنامەی پڕ لە کوشتار، سەرکوت، هەژاری و نەهامەتیی کۆماری ئیسلامی تێک دەپێچن و بە مێژووی دەسپێرن.