کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان، داهاتووی ئێران و هاوکێشەکانی دەسەڵات

09:33 - 1 پووشپەڕ 2726

هەوراز کاویان

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئێران و ناوچەکە، جارێکیتر پرسیارێکی کۆن و مێژوویی هێناوەتەوە ناوەندی گەنگەشە و باسەکان؛ ئایا گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا، بەبێ بوونی هێزێکی کۆمەڵایەتیی ڕێک‌خراو لە نێوخۆ و بەبێ دەوری جیددیی هێزەکانی پەراوێز، سەرکەوتوو دەبێت؟ وڵامەکە هاسان نییە؛ بەڵام یەک خاڵ ڕوونە؛ گوشاری دەرەکی، هێرشی ئاسمانی، گەمارۆ، ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری یان شەڕی دەروونی دەتوانن حکوومەتێک لاواز بکات بەڵام بە تەنیا ناتوانن سیستەمێکی سیاسیی نوێ بونیاد بنێن. گۆڕانکاریی بەردەوام و سەقامگیر کاتێک ڕوو دەدات کە فشاری دەرەکی لەگەڵ درزی نێوخۆیی، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی سیاسی، شەرعییەتی کۆمەڵگە و بەدیلێکی جێی متمانەدا گرێ دەدرێتەوە. ڕێک لەم خاڵەوەیە کە گرنگیی کوردستان دەردەکەوێت.

کورد لە ئێراندا نە دیاردەیەکی کاتییە، نە هێزێکی پەراوێزخراوە و نە کەرەستەیەکیشە بۆ قەیرانێکی ژیئۆپۆلیتیکی. پرسی کوردستان ڕەگی لە مێژوویەکی دوورودرێژی نکۆڵیکردنی کولتووری، سەرکوتی سیاسی و سێدارە، جیاکاریی و هەڵاواردنی زمانی، بە ئەمنیکردنی جوگرافیا و بێبەشکردنی ئابووریدا هەیە. خەباتی گەلی کورد لەپێناو مافە سیاسی، زمانی، کولتووری، بەڕێوەبردنی نەتەوەیی و ناوچەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی مرۆیی، داواکارییەکی کاتی و قۆناغی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە یادەوەریی مێژوویی ئەو نەتەوەیە. لە کۆماری کوردستانەوە هەتا خەباتی مەدەنی، چەکداری، کولتووری و کۆمەڵایەتیی دەیەکانی دواتر، کوردستانی وەک یەکێک لە مکوڕترین و جێگیرترین چەقەکانی بەرگریکردن لە دژی ناوەندگەرایی داپڵۆسێنەری حکومەتەکان لە جوگرافیای ئێراندا پێناسە کردووە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەتەکان و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا بەردەوام ئەوە بووە کە پرسی نەتەوەیی کورد تەنیا لە چەمکی "جیاخوازی"دا کورت بکەنەوە. ئەم کورتکردنەوەیە، لە یەک کاتدا هەم ناڕەوشتییە و هەمژی نازانستی.

زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کورد، لە ئەساسنامە و هەڵوێستە فەرمییەکانیاندا، باسیان لە دیموکراسی، عەلمانییەت (سێکۆلاریزم)، فیدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، مافە نەتەوەییەکان و ئێرانێکی فرەنەتەوە کردووەتەوە. تەنانەت لەو شوێنانەشدا کە باسی مافی دیاریکردنی چارەنووس کراوە، ئەم مافە مەرج نییە تەنیا بە واتای جیابوونەوەی دەستبەجێ یان پڕۆژەی سەربەخۆیی لکێنرابێت، بەڵکوو پێش هەر شتێک بە واتای ڕەتکردنەوەی باڵادەستی و نکۆڵیکردن و مافی گەلە بۆ بەشداریکردن لە دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی خۆی. کەواتە، هەر شیکردنەوەیەک کە داواکاریی کورد تەنیا بۆ "مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاک" دابەزێنێت، لە ڕاستیدا یان لە تێگەیشتنی پرسەکە دەستەوستانە یان بە ئەنقەست و لەڕووی غەرزەوە ئەو لێکدانەوەیە دەکات.

پرسیارێکی گرنگی تر ئەوەیە کە، ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن بەبێ هێزی زەمینی لە نێوخۆی ئێران، حکومەت ناچار بەخۆبەدەستەوەدان یان گۆڕانکاری بکەن؟ لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، هێزی ئاسمانی و فشاری دەرەکی دەتوانن ژێرخانی نیزامی، فەرماندەیی، ئابووری و ورەی حکومەتێک دابڕزێنن؛ بەڵام گۆڕینی ڕێژێم، تەنیا بە ئۆپەراسیۆنێکی نیزامییەوە بەند نییە. حکومەتەکان ئەوکاتە دەڕوخێن کە توانای سەرکوتکردن، کۆنترۆڵکردنی شەقام، شەرعییەتی ئایدۆلۆژی و ترسی گشتی لە یەک کاتدا لەدەست بدەن؛ ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران و لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا خەریکە دەردەکەوێت. لە دۆخێکی وەهادا، هێزی زەمینی بە واتای نەریتییەکەی تەنیا سپایەکی دەرەکی نییە، بەڵکوو کۆمەڵگەی ڕێکخراو، ئەو ناوچانەی خاوەنی تۆڕی سیاسین، هێزە مەدەنییەکان، مانگرتنەکان، ئەنجومەنە خۆجێییەکان و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی نێوخۆی وڵاتیش، بە جۆرێک لە جۆرەکان بە زەمینەیەکی سیاسی و گونجاو دادەنرێن. بەبێ ئەم زەمینە سیاسییە، شەڕ لە ئاسمانەوە ڕەنگە حکومەت بریندار بکات، بەڵام مەرج نییە بیگۆڕێت یان تێکی بشکێنێت.

لەنێو ئەم هاوکێشەیەدا، کوردستان بەهۆی پاشخانی سیاسی و مێژوویی خۆیەوە گرنگییەکی دوو هێندەی هەیە. کوردستان هەم جوگرافیایەکی سنووریی هەیە، هەم یادەوەریی بەرگریکردن، هەم کۆمەڵگەیەکی سیاسیی زیندوو و فرەڕەنگ، هەم ئەزموونی ڕێکخراوەیی و لە هەمان کاتدا پەیوەندیی بەربڵاوی بەدەر لە سنوورەکانیش هەیە. هەر لەبەر ئەمەیە کە لە قەیرانە گەورەکانی ئێراندا، ناوی کورد و بزووتنەوەکەی دووبارە و چەندبارە دەبیسترێ و حیسابی لەسەر دەکرێت. هەر هێزێکی ژیر کە بیر لە داهاتووی ئێران بکاتەوە دەزانێت بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هیچ دیموکراسییەکی بەردەوام لە ئێراندا نایەتە کایەوە. ئێرانی داهاتوو یان دەبێ فرەیی نەتەوەیی، زمانی، کولتووری و ناوچەیی خۆی قبووڵ بکات، یان جارێکی تر دەکەوێتەوە ناو خولی بەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی، سەرکوت، سێدارە، کۆمەڵکوژی و قەیرانەوە. بەڵام ئەم گرنگییە، مەترسییەکی گەورەشی لەپشتە، کە ئەویش مەترسیی بەکارهێنان وەک کەرەستە و سەردێڕە، مێژووی کورد لە ناوچەکە و، لە سەد ساڵی ڕابردوودا پڕە لە بەڵێنی گەورە و پەیمانشکێنی و خیانەت. زلهێزە دەرەکییەکان بە گشتی هەتا ئەو کاتە پێویستیان بە کوردە کە کوردستان بەشێک بێت لە هاوکێشەی فشار خستنە سەر دوژمنەکانیان. کاتێک ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە یان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وزە و ئەمنییەت بێتە ئاراوە، ئەوە ڕەنگە کوردەکان دووبارە بە تەنیا جێ بهێڵرێن. بۆیە، هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ هێزە دەرەکییەکاندا دەبێت شەفاف، مەرجدار، سیاسی و لەسەر بنەمای گەرەنتی بێت، نەک لەسەر بنەمای سۆزداری، بەڵێنی زارەکی یان هاندانی کاتیی سیاسییەکان.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گەنگەشە لەسەر وەرگرتن یان وەرنەگرتنی چەک لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە هاتووەتە ئاراوە. بابەتێکی لەم شێوەیە ئەگەر بەبێ بەڵگەی ڕوون بگوترێت، زیاتر خزمەت بە شەڕی دەروونی دەکات نەک ڕاستییەکان. ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە گرنگترە ئەوەیە کە نابێت کورد ڕێگە بدات کەسانی تر گێڕانەوە لەسەر ڕۆڵی ئەوان دروست بکەن. ئەگەر چەک وەرنەگیراوە، دەبێت بە ڕوونی هەڵوێست هەبێ و بگوترێت. ئەگەر پێشنیارێکیش کراوە، دەبێت ڕوون بکرێتەوە کە لە بەرامبەر چ گەرەنتییەکی سیاسی، چ جۆرە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی، چ پلانێک بۆ پاراستنی خەڵک، و چ ئاسۆیەکی گەش بۆ داهاتووی ئێران بووە؟ بۆ هەموو عەقڵێکی سەلیم پێویستە بزانێت کە کوردستان نابێتە ڕێڕەوی گواستنەوەی چەک بۆ کەسانی تر، یان نابێتە مەیدانی تاقیکردنەوەی پڕۆژە دەرەکییەکان. خەباتێک کە پشتگیریی سیاسی، کۆدەنگیی گەلی و ئاسۆیەکی ڕوونی نەبێت، دەتوانێت تێچوویەکی قورس بەسەر خەڵکی سڤیلدا لە جوگرافیای کوردستاندا بسەپێنێت.

له لایەکی ترەوە، لەم قۆناغەدا پێویستە ئۆپۆزسیۆنی غەیرە کوردیش بخرێتە ژێر ڕەخنە و پرسیاری جیددییەوە؛ ئەو پرسیارەی کە هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان لێی ڕاکردووە یان لە کاتی گونجاودا سەرکوتی کردووە. بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا لە کاتە هەستیارەکاندا لەبری قبووڵکردنی پرسی نەتەوەکان و مافی یەکسان، لە وێژمانی سیاسی حکومەتی ناوەندی نزیک بووەتەوە و داواکارییەکانی کورد، بەلوچ، عەرەب، تورک، تورکمان و نەتەوە و پێکهاتەکانی تری ئێرانی بە دەستەواژەی وەک "دابەشبوون"، "مەترسی" یان "نائارامی" وەسف کردووە. ئەم تاقمانە ئەگەرچی خۆیان بە دژبەری ڕێژیم دەناسینن، بەڵام لە کردەوەدا پارێزەر و هەڵگری هەمان ئەو لۆژیکە سیاسییەن کە کۆماری ئیسلامیش لە نیو سەدەی ڕابردوودا پشتی پێ بەستووە و سوودی لێ بینیوە؛ واتە چڕکردنەوەی دەسەڵات، نکۆڵیکردن لە فرەیی و ترس لە دیموکراسیی ناوچەیی. ڕوخاندنی ڕێژێم تەنیا گۆڕینی ناوی دەسەڵاتداران نییە، بەڵکوو ڕوخاندنی ڕاستەقینە واتە تێپەڕین لە پێکهاتەی سەرکوت، جیاکاری و ناوەندگەراییە. بۆیە پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا بە جۆرێک لە جۆرەکان "ئەستوونی پێنجەم" یان هاوبیروڕای حکومەتی ناوەندییە یان نا، بەڵکوو پرسیارە جەوهەری و وردترەکە ئەوەیە کە کام بەش لە ئۆپۆزیسیۆن لە ڕاستیدا ئامادەیە دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورددا بنێ؟ کام هێز ئامادەیە بەرگری لە فیدراڵیزم، نامەرکەزییەت، خوێندن بە زمانی دایک، بەڕێوەبردنی نەتەوەیی و ناوچەیی، دادپەروەریی ئابووری و گەرەنتی دەستووری بۆ هەموو پێکهاتە و ڕەوتەکانی ناو ئێران بکات؟ لە بەرامبەردا کام هێز تەنیا و تەنیا خوازیاری گۆڕینی ئاڵا و ڕوخساری دەسەڵاتە، بەبێ ئەوەی پێکهاتەی باڵادەستی بگۆڕێت؟ سنووری نێوان ڕوخێنەری ڕاستەقینە و بەرهەمهێنەرەوەی سیستمی پێشوو، ڕێک لە وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا ڕوون دەبێتەوە.

لەو ساتەوەختە هەستیارەدا، پێویستە کورد لە یەک کاتدا چەند بنەمایەک بپارێزێت:

یەکەم: یەکڕیزیی سیاسیی پێویستییەکی حەتمییە. جیاوازیی حیزبی شتێکی سروشتییە، بەڵام لە کاتی قەیرانە مێژووییەکاندا، پەرتەوازە بوون دەبێتە کارەسات.

دووەم: داواکاریی کورد پێویستە بە زمانێکی یاسایی، سیاسی و نێودەوڵەتی دەربڕدرێت؛ وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس، فیدراڵیزم، گەرەنتیی زمان و کولتوور، بەشداریی یەکسان، ئاسایشی خەڵکی سڤیل و دادپەروەریی ناوچەیی.

سێیەم: پێویستە کورد لەگەڵ هێزە دیموکراتەکانی تر، نەتەوەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا هاوپەیمانی بکات، بەڵام لە هیچ هاوپەیمانییەکیاندا نابێت داواکارییەکانی خۆی بسڕێتەوە یان کاڵی بکاتەوە.

چوارەم: هەر جۆرە چوونە نێو هاوکێشە ئەمنییەتییە دەرەکییەکانەوە دەبێت تەنیا بە گەرەنتییەکی ڕوون، پاڵپشتیی سیاسیی ئاشکرا، ڕێوشوێنی پاراستنی خەڵک و کۆدەنگیی نێوخۆیی ئەنجام بدرێت.

لە بەرامبەردا، نابێت کورد بکەوێتە داوی چەند هەڵەیەکەوە؛ نابێت ببێتە هێزی بریکار (نیابەتی) هیچ هێز و زلهێزێک. نابێت بەبێ ئاسۆیەکی سیاسیی ڕوون بچێتە شەڕێکەوە کە کۆتاییەکەی لە دەستی خۆیدا نییە. نابێت ڕێگە بدات پرسی کوردستان بۆ پرسی چەک و سنوور کورت بکرێتەوە. نابێت متمانە بە ئۆپۆزسیۆنێک بکات کە لە زماندا دیموکراتە بەڵام لە پرسی نەتەوەکاندا هەمان لۆژیکی حکومەتی ناوەندی بەرهەم دەهێنێتەوە. هەروەها نابێت ئەوەش لەبیر بکات کە شەرعییەتی خەباتی کوردستان لە خەڵک، مێژوو، دادپەروەری و ڕەوایی داواکارییەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە ڕەزامەندیی کاتیی هێزە دەرەکییەکان. ئەمڕۆ ئەگە کورد لە ناوەندی باسەکاندایە، لەبەر ئەوەیە کە داهاتووی ئێران بەبێ کوردستان وێنا ناکرێت. نە گەلانی ئێران دەتوانن بگەنە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە ئەگەر پرسی کورد و نەتەوەکانی تر پشتگوێ بخەن، نە هێزە دەرەکییەکانیش دەتوانن لەسەر خاکی ئێران هاوکێشەیەکی بەردەوام دروست بکەن ئەگەر کۆمەڵگە ڕێکخراو و ڕەسەنەکان تەنیا وەک کەرەستەیەک بۆ فشار سەیر بکەن.

کوردستان چیتر پەراوێزی ئێران نییە، بەڵکوو یەکێکە لە تاقیکردنەوە سەرەکییەکانی داهاتووی ئێران. هەر هێزێک نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کورد بکات، تەنانەت ئەگەر ناوی خۆشی بنێت ئازادیخواز، هێشتا لە لۆژیکی ستەمکاری تێنەپەڕیوە و پاشماوەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لە کۆتاییدا، ئەگەر بڕیار بێت ئێرانی داهاتوو دیموکرات، دادپەروەر و بەردەوام بێت، دەبێت لەم خاڵەوە و لەمڕۆوە دەست پێبکات؛ واتە بە فەرمی ناسینی کەرامەت، زمان، مێژوو، مافی سیاسی و ئیرادەی گەلی کوردستان. بەبێ قبووڵکردنی ئەم بنەما ڕوون و ئاشکرایانە، هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە جوگرافیای ئێران، تەنیا جێگۆڕکێی دەسەڵات دەبێت و کورد کە ئەمڕۆ خۆی کلیلدار و پێشەنگی بەرگرییە، بێ گومان لە داهاتووشدا هەر کوردستان دەبێتە ناونیشان و ڕووگەی ئازادی و کەرامەتی مرۆیی و هەتا بەدیهاتنی ئازادیش بەرگری بەردەوام دەبێت و بەردخودان دەبێتە مانای ژیان.