داڕمانی ئابووری و هەڵکشانی هەڵاوسان لە ئێراندا، بژێویی کرێکارانی گەیاندووەتە ئەوپەڕی مەترسی و نوێنەرانی کرێکاران ئاشکرای دەکەن کە لانیکەمی مووچەی مانگانە، تەنیا بەشی بژێویی ٨ ڕۆژی بنەماڵەکان دەکات.
فرامەرز تۆفیقی، چالاکی کرێکاری، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر دۆخی تاڵی ژیانی کرێکاران و ڕایگەیاند پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراکی پێویست، خوێندن، دەرمان و خۆشگوزەرانی، بە تەواوی لە سەبەتەی بژێویی بنەماڵەی کرێکاراندا سڕدراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ٤٠٠ تا ۵۰٠ لەسەد گرانبوونی دەرمان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هاتوچۆ، پشتی کرێکارانی چەماندووەتەوە.
سەبارەت بە ئاستەنگی نیشتەجێبوون، ئەم چالاکە ئاشکرای کرد کە تێکڕای نرخی خانوو لە تاران لە ٢٤٠ میلیۆن تمەن بۆ هەر میترێک تێپەڕیوە؛ دۆخێک کە کڕین یان بەکرێگرتنی خانووی بۆ کرێکاران کردووەتە خەونێکی مەحاڵ.
هاوکات جیاکاریی زەق لە نێوان مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و کرێکاراندا، ئاستی ناڕەزایەتییەکانی بەرز کردووەتەوە و شەپۆلێکی مەترسیداری کۆچی هێزی کاری بۆ وڵاتانی دراوسێ لێکەوتووەتەوە.