هەڵکشانی بەرچاوی هەڵاوسان و داڕمانی بێوێنەی هێزی کڕین، گوزەرانی کرێکارانی لە ئێران گەیاندووەتە قۆناغی کارەساتی ئابووری؛ بە جۆرێک کە سەندیکا کرێکارییەکان جەخت دەکەنەوە هێڵی هەژاری لە ٧٠ میلیۆن تمەن تێپەڕیوە، بەڵام حەقدەستی بنەڕەتیی کرێکاران تەنانەت ناگاتە ٢٠ میلیۆن تمەنیش.
بڵاوبوونەوەی ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ لە گرووپی خۆراکیدا گەیشتووەتە ١٢٧.٥٪ و نرخی دراو لە بازاڕی ئازاددا سنوورەکانی بەزاندووە، کە ئەوەش تێچووی مانگانەی خێزانێکی کرێکاری بۆ نزیکەی ٩٠ میلیۆن تمەن بەرز کردووەتەوە.
ئەم کەلێنە قووڵە بووەتە هۆی سڕینەوەی بەردەوامی پێداویستییە گرنگەکانی وەک خۆراک، دەرمان و پەروەردە لە سەبەتەی بژێویی چەندین میلیۆن هاووڵاتی.
عەلیرەزا خوڕەمی، چالاکی کرێکاری، لە ڕەخنەیەکی تونددا لە ڕێکخستنی ئابووریی ڕێژیم و سیاسەتەکانی دەوڵەتی پزیشکیان ڕایگەیاند کرێکارانی ئێران پێویستییان بە سەدەقە، یارانه و کاڵابەرگی بێبایەخ نییە، بەڵکوو داوای حەقدەستێکی دادپەروەرانە و گونجاو لەگەڵ ئاستی ڕاستەقینەی گوزەران دەکەن.
ناوبراو زیادی کرد: "کاتێک هێڵی هەژاری لە ٧٠ میلیۆن تمەن تێپەڕیوە، بەڵام حەقدەستی کرێکار لەژێر ۲۰ میلیۆن تمەنەوەیە، بە ڕاستی دەبێت بپرسین کرێکارێک بەم داهاتە کەمەوە چۆن بژێویی ئەم ژیانە پڕتێچووە دابین بکات؟"
خوڕەمی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و خانوو، کرێکارانی ناچار بە فرەپیشەیی کردووە، بەڵام هێشتا داهاتیان بەشی ژیانێکی شەرەفمەندانە ناکات.