
عەلی لەیلاخ
کاتێک دەگوترێت کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێراندا سیاسیترە و لە خەباتی جەماوەریدا پێشەنگە، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، نموونەی زۆر لەبەر دەستدان؛ هەر لە کۆچی مێژوویی و مەدەنییانەی خەڵکی مەریوان و سنە لە ساڵی ١٣٥٨دا بۆ دژایەتیکردنی پەلاماری سەربازیی سوپای کۆماری ئیسلامی، تا دەیان شێوازی شیاو و داهێنەرانەی هاوپشتیی جەماوەری و خۆڕاگری لە هەمبەر زۆرداریی دەسەڵاتدا، کە دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین.
بەڵام ئەوەی هەشت ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧دا ڕووی دا، لە چەندین ڕەهەندی جیاواز و ستراتیژیکەوە شایەنی وردبوونەوە و ئاوڕلێدانەوەیە.
تەنیا چوار ڕۆژ پاش کارەساتی تیرۆریستیی ١٧ی خەرمانانی هەمان ساڵ، کۆمەڵگەی تاساو و خەمباری کوردستان بە دەم بانگەوازی «ناوەندی هاوکاری» و هەڵمەتی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە چوون و لە هەڵوێستێکی بێوێنەدا، حەماسەی ٢١ی خەرمانانیان خوڵقاند. بە واتایەکی دیکە، داخستنی سەرتاسەریی زۆرینەی دووکان و بازاڕەکان لە هەر چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا — کە تەنانەت شەپۆلی ئەو تووڕەیی کۆمەڵایەتییە هەندێک لە گوندەکانیشی گرتەوە — هەتا ئێستاش وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی جەماوەریی گەلی کورددا دێتە ئەژمار.
ئاوڕێک لە کارەساتی ١٧ی خەرمانان؛ هۆکار و لێکەوتەکانی
لە ساڵی ٢٠١٨دا، کۆماری ئیسلامی بەپێی نەریتی دێرین و هەمیشەیی خۆی، لە یەک ڕۆژدا دوو کردەوەی تاوانکارانەی ئەنجام دا و کۆمەڵگەی کوردستانی تووشی شۆک کرد: لە بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممەدا، بە پەتی سێدارەی ئازادیکوژیی خۆی، گیانی پاکی سێ لاوی تێکۆشەری کوردی ئەستاند و نزیکەی کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش، پەلامارێکی مووشەکیی دڕندانەی کردە سەر کۆبوونەوەی ڕێبەری و بنکەکانی حیزبی دێموکرات.
ئەم هاوکاتکردنەی دوو تاوان لە یەک ڕۆژدا، تۆڵەسەندنەوەیەکی ڕقئەستوورانە بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و هەوڵێکی بێبەزەییانە بوو بۆ سەرکوتی ئەو لایەنانەی کە دەسەڵات هەمیشە بوونیانی ڕەت دەکردەوە؛ هەمان ئەو لایەنانەی کە ساڵانە بە پڕوپاگەندە و شەڕی نەرم، دەیویست لە ڕێگەی ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنەوە، لە جەستەی کۆمەڵگەی کوردستانیان داببڕێت.
ڕاستە کارەساتی ١٧ی خەرمانان زەبرێکی یەکجار قورس بوو، بەتایبەت بۆ حیزبی دێموکرات کە ١٦ سەرکردەی بەئەزموون و کادر و پێشمەرگە فیداکارەکانی لە دەست دا؛ بێگومان، هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەری کە بە مانگ و ساڵ پلانی بۆ داڕێژرابوو، بە ئامانجی پەکخستنی یەکجارەکیی ئەو حیزبە ئەنجام درابوو؛ بەڵام هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە خوێناویە، لە حەساری قەڵای برینداری دێموکراتدا، دووبارە سروودی «ئەی ڕەقیب» بەرز و دلێر دەنگی دایەوە.
یەکێک لە مەبەستە سەرەکی و نەگریسەکانی ئەو دوو تاوانە دڵتەزێنە، دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر و ترس خستنە نێو دڵی خەڵک بوو، تا پێشان بدات کە گوایە هەم لە نێوخۆی وڵاتدا دەستی لەسێدارەدانی هەیە و هەم دەستی درێژی مووشەکیشی دەگاتە بنکە و بارەگای حیزبەکان.
پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر ئەو کارەساتەدا، بەپێی بانگەوازی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» کە تازە دامەزرابوو، ئێمە شاهیدی کردەیەکی بەکۆمەڵی سیاسی بووین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە لە یەک کاتدا هەم هیوابەخش بوو و هەم قورسایی ئەو ئازارە ناخهەژێنەی بەسەر گشت کوردستاندا دابەش کرد؛ چونکە بۆ یەکەمین جار بوو هاوئاهەنگییەکی وەها بێوێنە لە نێوان حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤدا بێتە ئاراوە و کارەساتەکە ببێتە هەوێنی شوناسێکی نەتەوەیی و گشتگیر.
بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری، هەر زوو لە لایەن سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستانەوە پێشوازیی گەرمی لێ کرا. لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرماناندا، کوردستان بۆ جارێکی دیکە باوەشی بۆ برینەکانی خۆی کردەوە و بە تەواوەتی پشتی لە «تارانی تاوان» کرد.
ئەم مانگرتنە، لە سەرەوە هەتا خوارووی کوردستان، پەیامێکی زۆر ڕوونی بۆ دەسەڵات و ناوەندە ئەمنییەکان پێ بوو؛ ئەویش ئەوە بوو کە حیزبەکانی کوردستان، سەرەڕای بوونی ڕەخنە و ناکۆکییەکان، لە هەناوی مێژووی خەباتی ئەم خاکەوە لەدایک بوون و گیانێکی سیاسی و خەباتکارانەن لە جەستەی ئەم نیشتمانەدا.
ئەوەی لە مانگرتنی ٢١ی خەرماناندا بەدی دەکرا، یەکڕیزی و یەکگرتوویی تەواو بوو؛ هیچ کەلێنێک لە نێوان خواستی شەقام و هێزە سیاسییەکاندا نەهێڵدرایەوە، بەڵکوو هەمووان لەو ڕۆژە مێژووییەدا لە سەنگەری یەکگرتوویی و شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیدا، هەنگاوی کرداری و بوێرانەیان هەڵگرت.
لە زانستی سیاسیدا، لێکەوتە دەروونییەکانی تیرۆر وەک هۆکاری چەقاندنی ترس و بێهیوایی لە نێو کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێن؛ بەڵام ئەگەر سەرنجی لێکەوتەکانی ١٧ی خەرمانان بدەین، لووتکەی خۆڕێکخستن و بڕوابەخۆبوون لە ٢١ی خەرماناندا دەبینین، کە بە پێچەوانەی ئەو تیۆرییە، ترس و خەمۆکی ساز نەکرد، بەڵکوو ئیرادەیەکی پۆڵایینی هاوبەشی خولقاند و نەخشاند.
ئاسان نییە لە ماوەی کەمتر لە چوار ڕۆژدا، بەبێ ئەوەی لەسەر خاکی خۆت بیت و بەبێ بوونی ئامرازی ئاشکرای ڕێکخستن لە نێوخۆدا، بتوانیت خوار و ژووری کوردستان لە دەوری بازنەی «نا» گوتن بە دیکتاتۆری و بۆ هەڵگرتنی ئەم زامە نیشتمانییە بەو پەڕی هێزەوە کۆ بکەیتەوە.
ئەمە بەبێ بوونی ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵ لە ناخی کۆمەڵگەدا مەحاڵە؛ و لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا، تەنیا کوردستان و بزووتنەوە ڕەسەنەکەیەتی کە خاوەنی ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتی و سیاسییە یەکجار بەهێزەن.
دواتریش، تەوژمی هەمان مانگرتنی ٢١ی خەرمانان گەیشتە قۆناغی شۆڕشی ژینا و چەندین وێستگەی شکۆداری لێ کەوتەوە کە سنووری سیاسی، ئیرادەی جەماوەری و هۆشیاریی کوردستانی لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بە تەواوی جیا کردەوە.
دیارە کوردستان و بزووتنەوەکەی لە تەمەنی پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامیدا خەسار و زیانی گیانی و مرۆیی یەکجار زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام ئەوەی دوای ١٧ی خەرمانان، مانگرتنی سەرتاسەریی ٢١ی خەرمانانی لێ کەوتەوە — سەرەڕای دڵتەزێنیی ڕووداوەکە — هاوپشتیی بەرەیی، گرینگیدانی حیزبی دێموکرات بە خەباتی جەماوەری و پاشخانی دەوڵەمەندی ڕەفتاری مەدەنییانەی خەڵکی هۆشیار بوون.
لەمێژساڵ بوو بانگەشەی چەواشەکارانەی ئەوە دەکرا کە گوایە حیزبەکان تەنیا لە ناوچەی موکریاندا پێگەیان هەیە؛ کەچی دیتمان لە ٢١ی خەرماناندا، کاتێک دیمەنەکانی داخستنی بازاڕ لە کرماشان و ئیلام تا دەگاتە خوی و سەڵماس بڵاو بوونەوە، وەڵامی ئەو تێڕوانینە چەوت و شۆڤێنییە بە سیاسیترین و ئەرێنیترین شێواز درایەوە. ڕەنگە نەبوونی بارەگای ئاشکرای حیزبەکان لە نێوخۆی وڵاتدا هەست پێ بکرێت، بەڵام مادام ئەوان لە هەناوی ئەو کۆمەڵگەیەوە هەڵقوڵاون، خەڵکیش بە شێوەیەکی خۆڕسک و سروشتی هەمیشە خۆی بە بەشدار لە خەم و شادییەکانی لایەنە سیاسییەکانی خۆیدا دەزانێت.
پەیامە ڕوونەکانی ٢١ی خەرمانان بۆ دوژمنانی گەلەکەمان ئەوەندە بەس بوو کە کوردستان سنوور، ناسنامە و ئیرادەی نەتەوەیی خۆی بە کردەوە کێشا؛ نەیارانیش لەو پەیامە گەیشتن کە کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبەکان دوو چەمکی لەیەکدابڕاو نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترین.
کۆماری ئیسلامی بۆ لێدان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، تەنیا پەنای بۆ ڕێگای دڕندانەی تیرۆر و سڕینەوەی فیزیکی نەبردووە؛ بەڵکوو پاش شۆکبوون و دەستەوسانبوونی لە بەرپەرچدانەوەی شەقامەکانی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا، پەنای بردە بەر سازکردنی دۆکیۆمێنتارییەکی پڕ لە چەواشەکاری (مستند بهنام خلق کرد)، تا پێشان بدات گوایە گورزێکی کوشندەی وەشاندووە، و بەم شێوەیە دەستی تاوانکاریی تیرۆریستیی خۆی بە سەر و شانی بزووتنەوەی کورددا بسڕێتەوە.
کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکیترین دوژمنی ئازادی و بەها دێموکراتیکەکان، هەمیشە فرچکی بە تیرۆر و کوردکوژی گرتووە و هیچ چاوەڕوانییەکی دیکەی لێ ناکرێت؛ بەڵام ئەوەی پێویستە لە ٢١ی خەرمانانەوە تا ئەمڕۆ و تەنانەت بۆ داهاتووش زیاتر بایەخی پێ بدرێت و بخرێتە خزمەت پڕۆژە نەتەوەییەکانمانەوە، ئەو وزە و توانستە لەبننەهاتووەیە کە حیزبەکانی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتدا هەیانە. ئەمەش بەو مەرجەی وەک چۆن ئەو کارەساتە لە یەکیانی نزیک کردەوە و تەنانەت پرۆسەی یەکگرتنەوەی باڵەکانی حیزبی دێموکراتیشی خێراتر کرد، ببێتە وانەیەکی هەمیشەیی بۆ کاری هاوبەش، دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵا و چارەنووسسازەکانی نەتەوە.
خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا، جارێکی دیکە سەلماندیان کە پشتیوانی ڕاستەقینەی یەکڕیزی و هاودەنگیی هێزە سیاسییەکانن. هەروەها دەرکەوت ئەو سیاسەتەی ڕێژیم کە هەوڵی نکۆڵیکردن لە پرسی کوردی دەدا، سەرەڕای هەموو تێچووە ئەمنی، سەربازی و ئاژاوەگێڕییەکانی، بێئاکام ماوەتەوە و ئیرادەی خۆڕاگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا قەڵایەکی داگیرنەکراوە.
لە مێژووی نەتەوە زیندووەکاندا، کارەساتەکان تەنیا خاوەنی ڕەهەندی سۆزداری و شین و ماتەم نین، بەڵکوو دەبنە هەوێنی یەکگرتوویی و هاوسەنگەری لە بەرامەر داگیرکەراندا. لە ٢١ی خەرماناندا، ئەم شوناس و ڕوانگە پێشکەوتنخواز و سەردەمییە بە جوانترین شێوە نەخشێندرا؛ ئەزموونێکی مەزن کە دەبێت بۆ هەمیشە وەک سەرمەشقێک وانەی لێ وەربگیرێت.