ڕۆژنامەی "کەیهان"ی سەر بە بەیتی خامنەیی، ڕاستەوخۆ داوای بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی دەرەوەی کەنداو کرد؛ هەنگاوێک کە پەرەسەندنی ڕوونی هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە کەشتیوانیی ئازاد و ئەمنییەتی نێودەوڵەتییە.
کەیهان لە بابەتێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێت بە فەرمی ڕابگەیەنێت کە هەر هێرشێک بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لێدانی هەموو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کەنداو، دەریای عومان و تەنانەت لە دەرەوەی ئەم ناوچەیە و لە ناوچەکانی ژێر مەودای سەربازیی ئێران.
ئەو ڕۆژنامەیە ئامانجی ئەم پەلامارانەی بە پەکخستنی زۆربەی نەوتهەڵگرەکانی جیهان، دروستکردنی کەمیی مێژوویی لە بازاڕی وزە و بەرزکردنەوەی سەرسووڕهێنەری نرخەکان ناو برد.
کەیهان جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی "بەرپەرچدانەوەی هێرشبەرانە" (بازدارندگی تهاجمی) کردووەتەوە.
ئەم پەیامەی ڕۆژنامەی فەرمیی ڕێژیمی ئێران، سەلمێنەری ئەوەیە کە تاران بەئەنقەست سیاسەتی چەتەیی دەریایی و دروستکردنی بشێوی لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا پەیڕەو دەکات و ئەمنییەتی ئابووری و سەلامەتیی کەشتیوانیی جیهانیی کردووەتە بارمتەی سەرکێشییە سەربازییەکانی خۆی.