کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و کەمیی دەرمان لە کرماشان ژیانی نەخۆشانی تالاسێمی خستووەتە مەترسییەوە

14:59 - 22 خەرمانان 2726

کەمبوونی بەرچاوی دەرمانە گرنگەکان، لاوازیی پاڵپشتیی بیمە و گرانیی لەڕادەبەدەری تێچووەکانی چارەسەری لە پارێزگای کرماشان، ڕەوتی چارەسەری نەخۆشانی تالاسێمیی تووشی قەیرانێکی قووڵ کردووە و تەندروستیی سەدان هاووڵاتیی خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی تالاسێمیی کرماشان، نرخی هەندێک دەرمانی گرنگی وەک "دێسفراڵ" بۆ ۱۰ بەرابەر زیادی کردووە؛ بە جۆرێک نرخەکەی لە ۵۰ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ۵۰۰ هەزار تمەن و بەهۆی لاوازیی پاڵپشتیی بیمەکان، زۆربەی نەخۆشەکان توانای کڕینیان نەماوە.

بەوتەی ئەشکان زەینەدینی، لە کۆی ۳۰ تا ۴۰ نەخۆشی بەکاربەری ئەم دەرمانە، لە دوو مانگی ڕابردوودا تەنیا دوو یان سێ کەس توانیویانە بە بڕێکی سنووردار دابینی بکەن.

هاوکات دەرمانە هاوردەکراوە بنەڕەتییەکانی وەک "جیدنیو" و "دێفێرۆکسامین" ماوەی ٩ مانگە دەست ناکەون و جێگرەوە نێوخۆیییەکانیش لەگەڵ جەستەی هەموو نەخۆشێکدا ناگونجێن.

سەرەڕای ئەم قەیرانە داراییە، داڕمانی ژێرخانی پزیشکی لە کرماشان کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

بەشێک لە نەخۆشخانەکان ڕەتیدەکەنەوە نەخۆشانی سەروو ۱۸ ساڵ وەربگرن و بینای بەشی تالاسێمیش تووشی داڕمان و دڵۆپەکردن بووە.

کەمی و گرانیی دەرمان کە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمتەرخەمی و پەراوێزخستنی ڕێکخراوی بەرپرسانی ڕێژیمە؛ سیاسەتێک کە ژیانی هاووڵاتییانی کردووەتە قوربانیی ناکارامەیی بەڕێوەبەری و داڕمانی کەرتی تەندروستی.