
د. ئازاد محەممەدیانی
کۆمەڵگەی مەدەنی شوێنێکە لە نێوان ماڵ و حکوومەتدا؛ هەمان ئەو مەیدانە زیندوویەی تێیدا خەڵک لە تاکگەلی پەرشوبڵاوەوە دەبن بە هاووڵاتیی ڕێکخراو. ئەنجومەنەکان، سەندیکاکان، میدیا سەربەخۆکان، گرووپ و ڕێکخراوەکانی ژنان، دامەزراوە کولتوورییەکان، تۆڕە خۆجێییەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ، خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران و بنەماڵە دادخوازەکان، هەموویان پێکهێنەری ئەم گۆڕەپانەن. کۆمەڵگەی مەدەنی واتە توانا و بڕستی کۆمەڵگە بۆ قسەکردن، کۆبوونەوە، داواکاری، پاراستنی خۆی، بەرگریکردن لە بەردەم دەسەڵات، و بونیادنانی متمانە لە نێوان ئەو گرووپانەی ڕەنگە زمان، چین، ئایین یان ناسنامەیەکی جیاوازیان هەبێت.
لە وڵاتێکی فرەڕەنگ و هەمەجۆردا کە نەتەوەی جیاواز و هەمەجۆری تێدا نیشتەجێن، کۆمەڵگەی مەدەنییش لەسۆنگەی بارودۆخی ئەو وڵاتە دەکرێت جیاواز و هەمەجۆر بێت. بەو مانایەی کە سابنەیشن (Sub-nation) یان نەتەوە ژێردەستەکان لە نێوخۆی دەوڵەتێکی گەورەتردا دەژین و هەرکامەیان خاوەنی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیاوازن؛ ئەو کۆمەڵگەیانەی لەژێر کاریگەریی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیاندا، و هەروەها لەژێر کاریگەریی ئەو کارلێک و پەرچەکدارانەدا قەوارە و بەردەوامییان بەدەست هێناوە کە لە درێژەی پرۆسەیەکی مێژووییدا لە دەوری داوا و ئاواتەکانی ئەو نەتەوە و کۆمەڵگەیانەدا بیچمیان گرتووە.
پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنیی نەتەوەی ژێردەستە و کۆمەڵگەی مەدەنیی نەتەوەی باڵادەست، پاشکۆ و پەیوەندییەکی هێڵی و گرێدراو نییە. کۆمەڵگەی مەدەنیی نەتەوەی ژێردەستە تەنیا بەشێکی خۆجێیی لە کۆمەڵگەی مەدەنیی گشتیی وڵات نییە، بەڵکوو دەکرێت مەیدانێکی سەربەخۆ بێت بۆ بەرهەمهێنانی شوناس، یادەوەری، داخوازی، ڕێکخستن و ڕەخنەگرتن لە حکوومەتی ناوەندی. ئەم کۆمەڵگە مەدەنییە لە لایەک دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوەنددا، بە شێوەیەکی بەردەوام یان لە قۆناغە هەستیارە مێژووییەکاندا بچێتە نێو هاوپەیمانییەکی دێموکراتیکەوە و داواکارییەکانی خۆی بۆ هاووڵاتیبوون، دادپەروەری، لامەرکەزی و دێموکراسی بێنێتە بەر باس و هاواریان بکات؛ وەک بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی". لە لایەکی دیکەشەوە، دەکرێت لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوەنددا تووشی گرژی بێت، بەتایبەت ئەو کاتانەی هێزە ناوەندگەراکان بە بیانووی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نیشتمانی حاشا لە داوا نەتەوەیی، مافە زمانی و مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی ژێردەستە دەکەن؛ وەک ئەوەی دوای دامرکانەوەی بزووتنەوەی ژینا و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووی داوە.
سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ناوەندگەرا کە ڕەگ و رەهەندی بەهێزی فاشیزمی پێوە دیارە، کەلێن و مەودایەکی قووڵی لە نێوان کۆمەڵگەی نەتەوەی باڵادەست و نەتەوەی ژێردەستەدا دروست کردووە. فاشیزم لە لایەکەوە بەرهەمی لاوازیی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەیەکی ڕێکنەخراوە، و لە لایەکی دیکەشەوە هۆکار و پاڵنەری لاوازکردنی زیاتری کۆمەڵگەی مەدەنییشە. لە ڕاستیدا فاشیزم بە پێداگری لەسەر نەتەوەپەرستیی توندڕەو، خەونفرۆشتن و جەختکردنەوە لەسەر گێڕانەوەی شکۆمەندیی مێژووی لەدەستچوو، بەردەوام خەریکی دوژمنسازیی نێوخۆیی و بانگهێشتکردنە بۆ یەکگری و کۆبوونەوە لە دەوری ئاڵایەک و ناسنامەیەکی تایبەت و دیاریکراو کە نوێنگەی خەون و مێژووی هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە نییە. بەڵام ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو خەڵکەی بەهۆی شکستە مێژووییەکان، کێشە ئابوورییەکان و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێهیوا بوون، بە تەمای گەیشتن بەم شکۆمەندییە بەڵێندراوە، بکەونە داوی ئەم فاشیزمەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی ژێردەستە، بۆ چەسپاندنی مافی خۆی بەسەر نەتەوەی باڵادەستدا و تێگەیاندنی ئەم ڕاستییەی مافەکانی ئەو لە چوارچێوەی قبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، و لە چوارچێوەی پەیوەندییە دێموکراتیکەکاندا دێتە دی، ناچارە بەرەنگاری ئەم بیرکردنەوەی تاکناسنامەیی و تاکڕەهەندییە بێتەوە.
ستەمکاری و بەهێزخوازیی (اقتدارگرایی) پەهلەوی لە سەر ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی لۆژیکی ترس لە فرەیی و هەمەجۆری، بەدگومانی بەرامبەر بە ناوچەکانی پەراوێز و پیرۆزکردنی ناوەند، دەوڵەتی بەدەسەڵات و گۆڕینی داوای یەکسانی و بەرابەری بۆ هەڕەشەی ئەمنییەتی، کۆمەڵگەی ناوەند لە ڕۆڵە دێموکراتیکەکەی خۆی دوور دەخاتەوە و دەیکاتە بەرهەڵستکاری کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان.
لە دۆخێکی وەهادا کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، ناوەند لە جیاتی ئەوەی پردێک لە نێوان گرووپە جیاوازەکاندا بونیاد بنێت، دەبێت بە دیوار. لە بری ئەوەی داواکارییەکانی کوردستان و نەتەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی دادپەروەری و دێموکراسیدا وێنا بکات؛ دەیخاتە خانەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی وڵات، جیاییخوازی و خیانەت. بەم شێوەیە، کۆمەڵگەی مەدەنی کە دەبوا ببێتە شوێنی ڕێککەوتن، کۆدەنگی و هاوکاری، دەبێتر مەیدانی ململانێی ڕاوبۆچوون و بەرژەوەندییەکان.
سەرەڕای ئەنجامی کۆتاییی ئەم ململانێیە کە بە ڕوونی نیشانەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوولادا دەبینرێت، دەرئەنجامە سەرەکییەکەی بریتییە لە کاڵبوونەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری متمانەی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە شکڵگرتنی یەکگرتووییەکی دێموکراتیک دژی کۆماری ئیسلامی. ئەو دیوارەی فاشیزم لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنیی لاوازکراوی ناوەنددا کێشاویەتی، زیانێکی قورسی بە ناخی کۆمەڵایەتیی ئێرانییەکان گەیاندووە؛ زیانێک کە سڕینەوەی شوێنەوارەکانی مەحاڵە مەگەر بە بەهێزکردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاڕاستەکردنی بەرەو ئاراستەی کارلێکی لەسەر یەکتر، ڕێزگرتن لە فرەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان. ئەم ڕێگەیە ئەگەرچی ئاسان و بێگریوگۆڵ نانوێنی، بەڵام تاکە ڕێگەیە بۆ ڕووخاندن و نەهێشتنی دیواری نێوان کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و ناوەند.
لە ڕاستیدا ئەگەر فاشیزم چارەسەرێکی بۆ دامرکانەوە هەبێت، ئەو چارەسەرە شتێک نییە جگە لە بەهێزبوون و گەورەکردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ هەمان ئەو شتەی لە ئێران لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا لەژێر گوشاری دوو فاشیزمی ئایینی و پەهلەویدا بووە.