کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شه‌ڕ کەوتە قۆرتێ، لێدە لە بنەوپاڵەوە

14:01 - 13 جۆزەردان 2726

دارسمە

لە وڵاتی ئێمەدا، پێشکەشکار و نووسەر و هەواڵساز و هەموو ئەو بێچارانەی کارکردن بە وشە و وێنە کاریانە، هەموویان کەوتوونەتە ژێر چەتری سێبەری قایم و پڕ مەترسیی "سازمانی ئیرشاد" و "پرۆدیسۆر" و "ئیدیتۆڕ" و چەندین "تۆڕ"ی دیکە.

ئەم چەمکانە وەک پیاوی سێبەر وایە، لە هەموو لایەکەوە دەبینرێن و کاریگەرییان هەیە، بەڵام کەم کەس دەزانێت سەرچاوەیان لە کوێوەیە. ئەگەر ڕاستگۆ بین دەکرێت بڵێن ئەم چەمکانە هەموویان لق و پۆپی درەختێکی گەورەترن و ئەویش ناوی "بەرژەوەندی"یە. بەرژەوەندی، ئەم برا گەورە چاودێرەیە، چاوی بەسەر هەموو تشتێکدا دەخشێنێت و مێشکی بە کۆمەڵێک "بەرژەوەندی و مەرژەوەندی" و "ترس و مرس" لە سەرنووسەر و "مەرنووسەر" و سازمانی "ئیرشاد و میرشاد" و "پرۆدیسۆر و مرۆدیسۆر" و "ئیدیتۆر و میدیتۆر" و چەندین "تۆڕ"ی دیکەوە خەریکە.

 ئەمانە هەموویان پێکەوە تەنها یەک شت دەخوڵقێنن: "خۆسانسۆڕی" یان بە واتایەکی ڕوونتر، "خۆسانسۆڕکردن". واتە خۆت زمان و قەڵەم و چاوت سانسۆر بکەیت، پێش ئەوەی ئەوان بیکەن و خۆت کاری ئەوانیش ئاسان بکەی. هیچ نووسەرێک، هیچ پێشکەشکارێک، هیچ دەرهێنەرێک نییە لەم پەتایە بێبەش بێت. هەمووان بە شێوەیەک لە شێوان خۆیان سانسۆر دەکەن، یان لە ترسی لێپێچینەوە یان لە ترسی لەدەستدانی کارەکەیان یان لە ترسی "بەرژەوەندی"ی گشتی و ئەویش دیار نییە کێ دیاری دەکات.

 من وەکوو نووسەری ئەم دەقە، پێم خۆشە لێرەوە ڕایبگەیەنم هەر کەسێک ئەم چەند دێڕە بخوێنێتەوە، بێبەر و ئازادە لە هەر "ڕەخنە" و "مەخنەیەک". وەک دادگای بێلایەن دەفەرموێت: "هەموو کەسێک بێتاوانە، مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێنرێت". کەواتە، کەس ئەم قسەیەی من وەخۆی نەگرێت، چونکە ئەمە تەنها پاکانەیەکە بۆ پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی ئێران، واتە هەمان "صداوسیما"ی خۆمان.

 بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بکەمەوە، با بگەڕێینەوە سەر ئەو دیمەنەی لە تەلەفزیۆنەکەی ئێران، واتە "صداوسیما"ی خۆمان، بینیمان. شەڕ کاتێک دەکەوێتە قۆرتێ کە شارەزایەکی چەکوچۆڵ، ئەویش وادیارە خاوەنی پلەیەکی باڵاشە لە سوپای پاسداران، لە ژووری هەواڵ یان بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی، واتە هەمان "صداوسیما"ی خۆمانەوە، خەریکە بە هاوکاریی پێشکەشکارەکە، هەموو خەڵکی "جانفیدا"ی ڕێبەر فێری تەقەکردن بە کەلاشینکۆف دەکات. ئەم دیمەنە وەک خەونێک وایە تێیدا هەموو هاووڵاتییەک دەبنە سەربازێکی ئامادە بۆ بەرگریکردن لە وڵات. گومانی تێدانییە خەڵکی "جانفیدا"ی ڕێبەر لە سەرانسەری ئێران خەریکن بەرەنگاری ئەو "دوژمنە پیسانە" دەبنەوە پێشتر دەیانگوت: "نە غەزە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران." ئێستا ژمارەی "جانفیدا"یانی ڕێبەر گەیشتووەتە سەداسەدی دانیشتووانی ئێران و تەنانەت دژبەرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش دەگرێتەوە. ئەمە وای لێ دێت هەست بکەیت هەموو وڵات بووەتە یەک یەکە سەربازی گەورە و هەمووان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

 هەر بەم هۆیەشەوە بەرپرسانی ڕاستگۆی کۆماری ئیسلامی دەڵێن: ئێران زیاتر لە ٩٠ ملیۆن کەس بە کۆرپەی سەر بێشکەشەوە "جانفیدا"ی ڕێبەرن". جا ئەگەر هەتا کۆرپەکانیش فیداکاری بن، دەبێ تەواوی وڵات ئامادەی شەڕ بن! ئەمە واتای ئەوەیە چیتر پێویست بە دامەزراندنی سوپای گەورە و بودجەی زۆر ناکات، چونکە هەموو هاووڵاتییەک خۆی لە بنەڕەتدا سەربازێکی ئامادەیە. ئەمە تەنها بژاردەیەکە بۆ دەوڵەتێک دەیەوێت بە کەمترین تێچوو زۆرترین سوپا دروست بکات. دیارە لە نێوخۆ یەک کەسیش دەست ناکەویت دژی دەستەڵات بێت، تەنیا کەلاشیکۆف بۆ ئەمەیە ئەگەر دوژمنانی دەرکی هاتن دەیانکووژین.

دیسان دەگەڕێمەوە سەرەتای باسەکە، واتە بابەتی ئەو سانسۆرەی لە پاراگرافی یەکەمدا باسم کرد. ئێستا دەیبمەوە لای  پێشکەشکارەکەی تەلەفزیۆنی خۆمان، واتە هەمان "صداوسیما."

 ئەگەر بەرنامەکەی فێرکاریی بەکارهێنانی چەکتان لە تەلەفزیۆنەوە دیتبێت، دیارە پێشکەشکارەکە لە "پرۆدیسۆر" یان هەمان دەرهێنەری بەرنامەکە دەترسێت. لەبەر ئەمە، بەر لە تەقەکردن بە ڕوونی دەڵێت: "ئەگەر بە تەقەی من زیان بە دیوار و دیکۆری ستۆدیۆ بگات، من ئەوەندەم نییە قەرەبووی بکەمەوە" ئەمە نیشانەی ترسێکی قووڵە لە ناخی پێشکەشکارەکەدا هەیە، ترسێک نایەڵێت بە ئازادی هەڵسوکەوت بکات.

 دوای ئەوەی ڕێنمایی لە شارەزای تەقەکردن وەردەگرێت، ئامانجەکەی خۆی دەدۆزێتەوە و سێرە لە ئاڵای ئیمارات دەگرێت و فیشەکێکی پێوە دەنێت. ئاڵای ئیمارات، بێ ئەوەی بشەکێتەوە، بە نێوچاوانی دیواری ستۆدیۆکەوە دیارە و کاتێک پێشکەشکاری بەرنامە سێرەی لێ دەگرێت، پاسدارە فێرکارەکە بۆ هەڵبژاردنی ئامانجەکە دەستخۆشیی لێ دەکات. وادیارە ئاڵای ئیمارات بووەتە کیسەیەکی لێدان بۆ نمایشە سەربازییەکان!

 لێرەدا پێشکەشکار و میوانی بەرنامەی تەقەکردن، سەرکەوتنێکی گەورەیان مسۆگەر کردووە. نەوەد میلیۆن کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، بێ ئەوەی پێویست بکات لە سەربازگەکان کۆبکرێنەوە و فێری تەقەکردنیان بکەن، لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە فێرکاریی کارکردن بە چەکی کەلاشینکۆف دەبەنە ژووری ماڵ و شوێنی کاری هەموو کەسێک. بەم جۆرەش تێچوویەکی زۆر بۆ باوکی میللەت، واتە دەوڵەت، دەگەڕێننەوە. لەلایەکی دیکەوە، لە جیاتی ئەوەی لە ژێر هەڕەشەی ئەمریکا و لە نێو دەریادا هێزێکی زۆر بۆ هێرشکردنە سەر ئیمارات تەرخان بکەن، ئەم وڵاتە بە ئاڵاوە ڕادەکێشنە سەر دیواری ژووری پێشکەشکاری بەرنامە و لەوێش بە قوربانی تەنها یەک فیشەک دەیکەن. ئەوەتا، شۆڕش لەسەر دیواری ستۆدیۆ! ئەمە دەری دەخات کە چۆن سیاسەتی دەرەوە دەکرێتە یارییەکی تەلەفزیۆنی و دوژمنەکان دەکرێنە ئامانجێکی ساکار بۆ سەرکەوتنێکی خێرا و هەرزان.

هیوادارم نووسەری ئەم دێڕانە و پێشکەشکاری بەرنامەی تەقەکردن، بێ ترس و لەرز ئامانجی خۆیان پێکابێت.