وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە تهواوی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لەکار دەکەون و هۆشداریشی دا کە هەر شیرکەتێک خزمەتگوزارییان پێشکەش بکات، ڕووبەڕووی سزای دووەم و بڕینی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی دۆلار دەبێتەوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "سیئێنبیسی" ڕایگەیاند، لە یەکەمی مانگی ڕەزبەرەوە چالاکیی تەواوی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەک دەخرێن.
ناوبراو جەختی کردەوە لەمەودوا هیچ شیرکەتێکی نێودەوڵەتی مافی ئەوەی نییە سووتەمەنی یان خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەیی بە فڕۆکەکانی ئێران بدات، یان بلیت بۆ گەشتەکانیان بفرۆشێت؛ ئەگەر بە پێچەوانەی ئمە بجووڵێنەوە لە سیستەمی دارایی دۆلار دەردەکرێن.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا پێشتر لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، تەواوی شیرکەتە فڕۆکەوانییە چالاکەکانی ئێرانی خستبووە پێڕستی سزاکانەوە و هۆشداریی لە پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی لۆجستیکی دابوو.
هاوکات وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی چین بەشدارییەکی کارایان لە دانوستانەکانی پەیوەست بە هەڵمەتی گوشاری ئابووری لەسەر کۆماری ئیسلامیدا هەبووە و واشنگتۆن وتووێژی ئەرێنیی لەگەڵ بەرپرسانی دارایی چین سەبارەت بە پێبەندبوون بە سزا ئابوورییەکان ئەنجام داوە.