کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ چوارەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا لە وڵاتی دانمارک

14:52 - 30 خەرمانان 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە “کۆپێنهاگ”ـی پێتەختی وڵاتی دانمارک لەلایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە سێمینارێک لەژێر ناوونیشانی
"لە شەهیدبوونی ژینا ئەمینی بۆ بڵێسە و گڕی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" پێکهات.
سەرەتا لەلایەن “ئەحمەد ڕەحمانی” بەڕێوەبەری ئەم سێمینارە بە ناوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەخێرهاتنی بەشدارانی سێمینارەکە کرا.
بڕگەکانی ئەم سێمینارە بەو شێوەیە بوون:

 سرودی ئەی شەهیدان
 راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری سێمینارەکەوە کورتەیەک لەسەر شۆڕشی ژینا وەک دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هاتە بەرباس.
• لەم سێمینارەدا هەریەک لە بەڕێزان، مریەم فەتاحی ئەندامی، بەڕێوەبەریی کەژار- ئورووپا، لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک”، ئەلبۆرز ڕووئین تەن، چالاکی سیاسی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرگوڵ میرزایی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات، لەلایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پەرویز ڕەحیمزادە، بەرپرسی مەڵبەندی سکاندیناویی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
هەریەک لەم بەڕێزانە لە ڕوانگە و گۆشەنیگای خۆیانەوە ئاوڕیان لە شۆڕشی ژینا وەک داینەمۆی وەگەڕخستنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دایەوە و شرۆڤەی ئەو بابەتانەیان کرد و بیروبۆچوونی خۆیان خستەڕوو. دوێنێ، ئەمڕۆ، داهاتوو، دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە، خەسار ناسی، ڕۆڵی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە مانگرتنی گشتی و یادی چوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا، پەیامەکانی ئەو شۆڕشە، کاریگەرییەکانی، بوونی ئەو شۆڕشە بە ناڕەزاتەتییەکی جیهانی، شوێندانەریی ئەو شۆڕشە لەسەر نەوەی نوێ، هەستی نەتەوایەتی، ڕۆڵی ئازایانەی ژنان، یەکسانیی نێوان ژن و پیاو لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکاندا، ڕەوتی ئەو شۆڕشە بەرەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراو، هەروەها تەشەنەسەندنی وەکوو ناڕەزایەتییەکی جیهانی و نۆڕمێکی نوێ و بەرخودان.
دوای باسەکانی سێمینار ڕێگە درا بە بەشداران کە سەرنج و بۆچوون و پرسیارەکانی خۆیان لە ڕاستای باسەکاندا بێننە بەرباس.
ئەوەی شایانی باسە لەم سێمینارەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، نوێنەری موجاهیدینی خەڵکی ئێران، کەسایەتی سەربەخۆ و ڕۆشنبیر ئامادە بوون.
ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە هەر لەم سێمینارەدا گالەرییەک لە وێنەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، هەروەها پەرتووکی تایبەت بەو شۆڕشە بۆ بەرزڕاگرتنی شکۆی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی  ئامادە کرابوو.