کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٣٤ـەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە پاریس

14:29 - 30 خەرمانان 2726

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، ڕێوڕەسمی ٣٤ـەمین ساڵیادی جینایەتی میکۆنۆس کە بووە هۆی شەهیدبوونی ڕێبەری هەڵکەوتەی گەلەکەمان کاک دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی؛ کاک فەتاح عەبدولی، کاک هۆمایۆن ئەردەڵان، و دۆستی حیزبی دێموکرات کاک دوکتور نووری دێهکوردی لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بەڕێوە چوو.
ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنیی و کەسایەتی و دۆستانی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێکرد. دواتر، بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان و بە تایبەتی شەهیدانی تاوانی میکۆنۆس، ئامادەبووان ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.
دواتر پێشکەشکاری بەرنامەکە، خاتوو لەیلا قادری، ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە بە ناوی کۆمیتەی حیزب لە فەرانسە و بێلژیک، بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرجەم میوانان، نوێنەرانی لایەنە سیاسی، ڕێکخراوە و کەسایەتییەکانی کرد و پێزانینی ئاراستەی ئامادەبوونیان کرد.
لە بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکەدا، هاوڕێ کاک هەڵمەت ڕەحمەتپوور، بەرپرسی کۆمیتەی فەرانسە و مامۆستا بەها ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیتەی بێلژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی میکۆنۆس دانا.
دواتر نوێنەرانی حیزب، لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوە بەشداربووەکان بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدان، ڕێز و هاوسۆزی خۆیان دووپات کردەوە.
لەوانە بەڕێزان؛
کۆڕی کوردانی دانیشتووی فەرانسە
سازمانی یەکیەتیی فیدائیانی گەلی ئێران
(سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران)

بەبۆنەی ئەو یادە خەمناکەوە، پەیامی هاوسۆزی و ڕێزلێنان لەلایەن ژمارەیەک لە حیزب، ڕێکخراو و فێدراسیۆنە کوردییەکانەوە ئاراستەی ڕێوڕەسمەکە کرابوو، لەوانە:
پەیامی کۆمیتەی هاوکاری پارتە سیاسییەکانی کورد لە فەرانسە کە پێکهاتوون لەمانە؛
پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باشوور
پارتی دێموکراتی کورد ـ باکور
پارت وڵاتپارێزانی کوردستان ـ باکوور
حیزبی ماف و ئازادییەکان هاک پار ـ باکوور
پارتی سۆسیالیستی کوردستان ـ باکوور
پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد ـ ڕۆژاوا
پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد ـ ڕۆژاوا
نوێنەرایەتی کورد لە ڕۆژاوا
ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەوانە؛
کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی
فێدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردەکانی فەرانسە

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، مامۆستا بەها ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بێلژیک، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە بۆنەی ٣٤ەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی خوێندەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر وەفاداری بە پرەنسیپەکانی ڕێبەرانی شەهید کرابووەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، کاک پەرویز جەباری پەیامێکی بەو بۆنەیەوە بە زمانی فارسی پێشکەش کرد.
لە دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان بە ڕێپێوانێک بەرەو مەزاری ڕێبەری نەمر شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی وەڕێکەوتن و لەوێش پەیمانی ڕێز و وەفادارییان بۆ شەهیدانی گەل دووپات کردەوە.
کاک ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی، ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە فەرانسە، پەیامی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەی پێشکەش کرد و هاوڕێ لە گەڵ بەڕێز کاک دارا ناتق تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر گڵکۆی شەهید دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی دانا، هەروەها هاوڕێ کاک ئەڕدەڵان سپاس و پێزانینی حیزبی ئاراستەی تەواوی میوانان، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و بەشداربووان کرد کە بە ئامادەبوونیان یادی شەهیدانی میکۆنۆسیان بەرز ڕاگرت، و بەمەش ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.