
عەلی فەتحی
هەڵگەڕانەوەی لایەنگر و هاندەر و بوون بە ڕکابەر، پڕۆسەیەکی فرەڕەهەندە. ئەو دیاردەیە جیا لە وەرزش، لە سیاسەت و بازاڕکردنیشدا بەدی دەکرێ. کردەیەکی پێچەوانەیە، بە واتایەک پشتیوانیکردنی پێشوو جێی خۆی دەدا بە دوژمنایەتی. لێکەوتەش دەبێتە ناهومێدی یان ڕکابەرایەتیی چالاک. ئاڵوگۆڕێکە و بەستراوەتەوە بەوەی کە لە کام بواردا ئاماژەی پێ بکرێ. بۆ وێنە لە وەرزشدا زۆرجار ڕکابەریی تەندروست، دەگۆڕێ بۆ هاندەرایەتیی کوێرکوێرانە. لە جیهانی سیاسەتدا بەردەوام هەڵدەکەوێ ئەو گۆڕانە قووڵتر بێ و جەمسەرگیریی سیاسیی لێ بکەوێتەوە و دواجاریش بچێتە قۆناغی ناهومێدیی تەواو. هەڵدەکەوێ هەندێ کەڕەت خەیانەتیشی بەدوادا بێ. لایەنگر لە حاڵەتێکی ئەوتۆدا دەبێتە دژبەرێکی سەرسەخت، چونکە سەرکردە، سیاسەتمەدار یان حیزب و سازمان و ئەو براندەی پێشتر باوەڕی پێی هەبووە، بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژیی ئەو جووڵاوەتەوە یان لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێشوودا کەمتەرخەم بووە.
هەڵگەڕانەوە یاخود بڵێین گۆڕانی لایەنگری بۆ دژبەرایەتی، دیاردەیەکی باوی کۆمەڵایەتی - سیاسییە و زۆربەمان ئەو جێگۆڕکێیەمان لە زۆر بواردا بینیوە. بەپێی توێژینەوەکان، گرنگترین هۆکاریش بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە، وەک پێشتر ئاماژەی پێکراوە، بێهیواییە. واتە، چیتر ئایدیال لەگەڵ واقیع تەبا نابێ و ناگونجێت. کەسی لایەنگر سەرەتا وێنەیەکی تەواو ئایدیالی لە مێشکی خۆیدا خوڵقاندووە و دواتر لەبەر زۆر هۆکار ئەو وێنەیە دەشێوێ. ئەویش سەرەتا لە لایەنگر دەبێتە ڕەخنەگر و دواتر ناڕازی و لە دواساتیشدا دژبەری تەواو. دەبێ ئەوەش بگوترێ کە زۆر کەڕەت، ئەگەر ئەو کەسانە لەلایەن ڕێبەران یان حیزب و گرووپەکانەوە سەرکۆنە دەکرێن و لە پەراوێز دەخرێن، ئیتر کەسەکەی پێشوو نامێنن و ڕێگەی ڕکابەری و ململانێ دەگرنە بەر. لەوەش خراپتر، چونکە ئەو ناڕازییانە ئەوجار لەلایەن کەسانی وەفادار بە ئایدیای پێشوو تۆمەتبار بە خائین و ئاژاوەگێڕیش دەکرێن، لە کۆتاییدا ئاکامێکی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە و ڕەنگە کەسەکە گیانیشی لەسەر دانێ.
هەندێ پێشتر لە باسەکەمدا، ئاماژەم بە بێهیوایی کرد وەکوو بنەمای ئاڵوگۆڕی فیکری و دواجار هەڵگەڕانەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێنمە گۆڕێ، ئەرێ ئەو دیاردەیە، واتە "هیوا" چییە کە بە خەوشداربوونی، مرۆڤ لە دۆخێکەوە دەگۆڕدرێت بۆ حاڵەتێکی تر؟ هیوا یاخود هومێد دیارییەکی بەوەجە و بە ڕێژنەی خۆزگە و خەیاڵ پاراو دەبێت. قەدیمییەکان گوتوویانە کە هیوا دیاریی گوماناویی خوداکانە. لەبارەی هیوا و هومێد زۆر نووسراوە و گەلێک زانا لێی دواون. هیوا وەکوو هەست، لەوەتەی هەیە، نەک هەر مرۆڤەکان، بەڵکوو ئاژەڵ و زیندەوەریش ژیان و گیانی خۆیان فیدای ئەو کردووە. هومێد یان هیوا لە میتۆلۆژیی یۆنانی کۆندا سەرەتا لە گۆزەیەکدا دەدۆزرێتەوە. خوداوەند "دیا" ئەو گۆزەیەی بە یەکەم ژنی مرۆڤایەتی بەخشیوە. ئەو ژنە ناوی پاندۆرا بووە. خوداوەند دیا، داوای لە پاندۆرا کردووە زاری گۆزەکە نەکاتەوە. بەڵام، ژنە یەخسیری دەستی پەیجووری، کاتێک زارکی گۆزە دەکاتەوە، گشت چارەڕەشی و نەهامەتییەکانی نێوی دەڕژێتە دەر و مرۆڤایەتی لەخۆیدا نووقم دەکا. پاندۆرا دەترسێ و هەوڵ دەدا زارکی گۆزە دابخاتەوە، بەڵام تازە بێسوود دەبێ. ئەوەی نەدەبا کرابا، ئەو کردبووی. لەو نێوەدا، تەنیا یەک بابەت لەنێو گۆزەدا دەمێنێتەوە، ئەویش هومێد بووە. دەردەکەوێ کە خوداوەند دیا، واتە باوکی خوداوەندەکان، لەنێو ئەو گشتە نەهامەتی و چارەڕەشییەدا، هومێدیشی داناوە. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە کە تەنیا هومێدە، نەڕژاوەتە دەر و لەنێو خەڵکدا بڵاو نەبووەتەوە. ڕەنگە دەرنەکەوتنی هومێد وێڕای نەهامەتییەکان حیکمەتێکی لەپشت بووبێ. وەکوو خوڵقاندنی مەجالێک بۆ مرۆڤەکان کە بێجووڵە نەوەستن و هەوڵی دەرهێنانی ئەو بە یارمەتیوەرگرتن لە هزری خۆیان بدەن. هومێد کە هێندە باسی دەکرێت بەڕاست چی بووە؟ نیچە، فەیلەسۆفی ئەڵمانی پێی وایە هومێد خراپترینی خراپەکانە، چونکە ناڕەحەتی و ئازاری مرۆڤ درێژماوەتر دەکا. ئەرەستوو هومێد وەکوو خەونێک لە کاتی وشیارییدا دەبینێ. هومێد ئەگەرچی دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤدا هەبێ، لە هەمان کاتدا دەتوانێ نەرێنیش بێ، بەتایبەت ئەو کاتەی هێزی بەسەر کار و پلانەکانی ئێمەدا بشکێ. ئەو دەتوانێ بە ئاسانی تووشی بێکردەوەییمان بکا و ترسنۆک و خۆشباوەڕ بارمان بێنێ. بەهۆی ئەو، دەتوانین زۆر بە سادەیی سەیری تێپەڕبوونی ژیان بکەین، چاوەڕێی کەسێک یان خودایەک بین، بەڵکوو چارەنووسمان بگۆڕێ و خۆمان بە قەناعەت بگەیەنین کە دیاردەیەکی سەیر نییە ئەگەر کز و بێدەسەڵات، هۆگری هۆکاری دەرەکی بین. بۆیە، پەندێکی ئەڵمانی هەیە کە دەڵێ: بەهێزەکان ئیرادەیان هەیە و لاوازەکان هیوا و هومێد.
بابەتی هومێد و هەڵگەڕانەوە بۆیە بەلامەوە گرینگ بووە و هێناومەتە بەرباس، چونکە ئەم ڕۆژانە بەهۆی ئاڵوگۆڕە خێراکانی ناوچەکەمان، دەرکەوتەکانی ئەو بەشێوەی جۆراوجۆر دەبینین. ڕەنگە زێدەڕۆییم نەکردبێ ئەگەر بڵێم کۆمەڵگەی ئێران بۆ بەیانکردنی چەمکێکی ئەوتۆ، نموونەیەکی زۆر زەقە و ناتەباییەکان لەوێدا ڕوونتر دەبیندرێن. هەموومان کەم و زۆر دەزانین کە نزیک بە نیو سەدە دەبێ لەلایەن ڕێبەران و هێزە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی حکوومییەوە، دانیشتووانی ئەو کۆمەڵگەیە لەباری فکری و عەقیدەتییەوە بۆ لایەنگربوونێکی تۆخ یان بە واتایەکی تر بەندەیی و هۆلیگانبوون ئامادە دەکرێن. هەرچەشنە بڕیار و تێفکرینێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، بووەتە ئایەتی پیرۆز لەنێو لایەنگران یاخود مریدەکانەوە. فەرمانڕەوایانی دەزگای حاکم هەر لە سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، دژایەتییەکی ئامانجداریان دژی زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل کردە سیاسەتی ڕۆژانەی خۆیان. بەرەبەرە باری فکری و مەکتەبییان بەو سیاسەتە دا بۆ ئەوەی چاکتر لە زەینی هۆگرانیاندا وەکوو ئایدۆلۆژی جێ بگرێت. چەند بەرەباب بەو گوتارە فرچک دران و دژایەتیکردنی ئەو دوو وڵاتە بۆ زۆربەی کاربەدەستان بووە بنەمای سەرکەوتن بە پەیژەکانی گەیشتن بە دەسەڵاتی پتردا. هەروەها نێوەنێوە وەک فەرهەنگی خۆپێناسەکردن و وەفاداریی تەواو بە نیزام جێی خۆی کردەوە.
ئەگەر ململانێ و نێوانناخۆشیی دەیان ساڵەی ئێران و ئەمریکا لەولا دانێین. ئەگەر کاتژمێری گەورەی سەر گۆڕەپانی تاران کە تەمەنی فەوتانی ئیسرائیلی پیشان دەدات لەبەرچاو نەگرین. هەر بەوەندە قەناعەت بێنین کە شەوی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، هێرشی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل کرایە سەر ئێران، تا دەگاتە دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بۆمان دەردەکەوێ کە هیوا و هومێد چۆن لە نێوەڕۆکدا بەتاڵ دەبن و بێهیوایی جێگایان دەگرێتەوە. بێهیوایی وەک دەزانین لەبەر نەبوونی هومێد و باوەڕی بەتەواوەتی، کە دۆخێک دەتوانی بە مەیلی ئەو کەسە یان کەسانە بگۆڕدرێ، دروست دەبێ و خەمێکی کاتی نییە و هەستێکی قووڵ و درێژخایەنە. وەختێک مرۆڤ تووشی ئەو دیاردە نەرێنییە دەبێ، هەست بە گیرخواردن لە بازنەیەکی داخراودا دەکا کە هیچ ڕێگایەکی دەربازبوونی بۆ نییە. وەکوو فکریش کە زەین داگیر دەکا، ڕێگایەک بۆ هەڵهاتن لە دۆخەکە ناهێڵێتەوە. لە زۆربەی ئەو کاتانەدا ماندوویەتیی فکری و شەکەتیی جەستەیی و ئازاری ڕۆحی پاڵنەری بەهێز دەبن بۆ بێباکی و خوڵقاندنی هەستی بێباکی و ئیهمال و وازهێنان لە ئامانجی سەرەکی. ئەو مرۆڤەی تووشی پەتای بێهیوایی دەبێ، هەستێکی نەرێنیی سەرتاسەری مێشک و جەستەی دادەگرێت و هیوا و باوەڕی بەو بابەتگەلەی پێشوو کە لای ئەو پیرۆز بوونە، نامێنێ. ئەو کۆمەڵە مرۆڤە دواسات، هەستی لەخۆبێزارییان دەگاتە قۆناغێک کە هیچ هێڵێک سنووری نابێ و کوشتن و تیرۆر دیاردەیەکی زۆر ئاسایی دەبێ.
ئێمە لەسەرەوە وەکوو نموونە باسی شەڕ و ململانێی نێوان ئێران - ئەمریکا و ئیسرائیلمان کرد. لە چەند هەفتەی دوایی بەرلەوەی تەواوبوونی شەڕ، کۆمەڵێکی فرە لە خەڵک کە لایەنگری سەرسەخت یان خولیگانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، بە شەو و بە ڕۆژ لەسەر شەقامەکان دروشمی لایەنگریی لە شەڕ و هێزەکانی حکوومەتییان دەدا. هاوتەریب لەگەڵ ئەو ململانێیە، دانوستانی نەیاران پێکەوە، دۆخەکەی گەیاندە قۆناغی ئاگربەس و ڕێککەوتن. سەرەتا، هەرکە هەواڵی پێکهاتن و واژۆی ڕێککەوتن بڵاوبووەوە، لایەنگریی ئەو جەماوەرەی سەر شەقام گۆڕدرا بۆ هەڵگەڕانەوەیەکی مەترسیدار و هومێدی پێشوو جێی خۆی دا بە بێهیوایی و ناهومێدی. ئەگەر تا دوو سێ ڕۆژ بەرلە دەرکەوتنی ڕاستییەکان، جەماوەر دروشمگەلێکی بە نێوەڕۆکی پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی خاوەن ڕۆڵ لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکاندا بەردەوام دەگوتەوە. هەر ئەو جەماوەرە وەختێک دیتیان نێوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بەدڵی ئەوان نییە، هێدیهێدی دژایەتییان دەست پێکرد. سەرەتا دروشمی نەرم هاتنە گۆڕێ وەک ئەوەی کە هاواریان دەکرد: "لەگەڵ دوژمنی بەدکار ئاشتی ناکەین". زۆری نەخایاند، کە ئەو حەشیمەتە زیاتر لە بڕیارەکانی دانیشتنەکان ئاگادار بوونەوە، هاواریان لێ هەستا: "قالیباف، عەراقچی، ئەی خوێنی ڕێبەرم چی؟". پاشان، هەر دوو ڕۆژ بەرلە ڕێککەوتنی کۆتایی، جەماوەری ناڕازیی سەر شەقام، ئەوجار تووڕەییەکی وەها دایگرتن کە سنوورەکانی هەڵگەڕانەوەیان تەواو تێپەڕاند و دروشمەکان لە قالبی ئاگادارکردنەوە هاتنە دەر و بوون بە هەڕەشە و کار گەییشتە ئەو جێگایەی کە هێزەکانی ئاسایشی شارەکان ناچار بە پەلاماردانی ناڕازییان بن. چونکە ئەوانە بە ڕق و کینەوە دەیانگوت: "مەرگ بۆ سازشکاری بێشەرەف" و "مەرگ بۆ عەراقچی سیخوڕ". بە واتایەک، توانیمان لە ماوەیەکی زەمەنیی کورتدا، ڕەوتی گۆڕانی ئایدیاڵ و هەڵوێست کە پشتی بە هیوا و هومێدەوە قایم بوو، ببینین چۆن پاڵی وە ترس دا. لەوەش زەقتر، پشتیوانیی پێشوو چۆن خێرا بگۆڕدری بۆ دژایەتی. هیواش جێگۆڕکێ بکا لەگەڵ ناهومێدی. واتە هەڵگەڕانەوەیەکی ترسناک و هاندەر بۆ دوژمنایەتی. ئاکام، هێز و حکوومەت و مرۆڤگەلی سیاسی، هەرکات پڕۆسەیەکی سیاسی - کۆمەڵایەتییان دەست پێکرد، ناکرێ هەر تەنیا بەشی هومێد و سەرکەوتنی پڕۆسەکە بەرچاو بگرن، بەڵکوو پێویستە پشتی سکەکەش ببینن، چونکە ڕەنگە ناهومێدی و هەڵگەڕانەوەشی لێ بکەوێتەوە. ئەوەتا لە کۆی شەڕ و پێکدادانی چەند مانگی دوایی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، دیتمان ئاڵوگۆڕەکان بە کام ئاقاردا تێپەڕبوون و چۆن ئاکامێکیان لێکەوتەوە. قەناعەتم وەهایە هیچ هەڵگەڕانەوەیەک بەقەدەر هەڵگەڕانەوەی سیاسی مەترسیدار نییە و لە مێژوودا بە سەدان نموونە هەن و بوونەتە هۆی ڕژانی خوێنێکی زۆر.