
میرخان شەمسی بورهان
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا (١٩٧٩)، تاقە یەک زمانی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ نەتەوەی کورددا هەبووە: زمانی سێدارە و قڕکردن. ئەوەی میدیا بەرژەوەندیخوازەکان ناوی دەنێن «پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ»، لە ڕاستیدا سیاسەتێکی بنەما بۆ داڕێژراوی دەوڵەتییە؛ تیڕۆری دەوڵەتیی ڕێکخراوێکە کە ئامانجەکەی کپکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازە لە کوردستاندا. هەر پەتی سێدارەیەک کە لە بەندیخانەکانی ورمێ، سنە، مەهاباد و ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا هەڵدەواسرێت، نەک سزادانی «تاوانبارێک»، بەڵکوو پەیامێکە بۆ نەتەوەیەک: یا ملکەج بە و سەر نەوی بکە، یا بمرە!
لە ساڵی ١٣٥٧ەوە هەتا ئێستا، لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی کورد بووەتە کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتی تۆقێنەر. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ساڵانێکە ئەوە بە بەڵگە دەسەلمێنێت کە ئێران پلەی زۆرترین سێدارەدانی لە جیهاندا هەیە و کوردەکان بە شێوەیەکی نایەکسان و بەرچاو، قوربانییانی ئەم ڕەوتی کوشتن و قڕکردنەن. تۆمەتە بێبنەماکانی وەک «محاربه» (دژایەتیی خودا) و «بغی» (یاخیبوون)، تەنیا پەردەیەکی بەناو یاسایین بۆ بڕیارێکی سیاسی: سڕینەوەی فیزیکیی نەیارەکان. دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا، دادگاییکردنی چەند خولەکیی لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە، و بێبەشکردن لە پارێزەری سەربەخۆ: ئەمە «دادگا» نییە؛ شانۆگەریی کوشتنێکی پێشوەختە بڕیاردراوە. ئەو لەسێدارەدانەی لە دڵی ڕەوتێکی ئاوهاوە دێتە دەرەوە، بە پێوەرە یاساییەکانی جیهان، نەک دادپەروەری، بەڵکوو کوشتنی حکوومەتییە.
تیڕۆڕەکانی ڕێژیم هەرگیز لە سنوورەکانی ئێراندا نەوەستاون. بەپێی ئامارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە ئەندامان، پێشمەرگە و کادرەکانی ئەم حیزبە لە شاڵاوی تیڕۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لێ ئەستێندراوە. ئەم شاڵاوە، گەورەترین ناوەکانی کردە ئامانج: دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب، لە ساڵی ١٣٦٨دا لە ڤییەن -ڕێک لەسەر مێزی دانوستانێک کە بڕیار بوو «ئاشتی»ی لێ بەدی بێت- بە دەستڕێژەگوللە تیڕۆڕ کرا. سێ ساڵ دواتر، جێگرەوەکەی، دکتۆر سادق شەرەفکەندی، لە ساڵی ١٣٧١دا لە ڕێستورانتی میکۆنۆسی بەرلین لەگەڵ سێ لە هاوڕێکانی کۆمەڵکوژ کران. لێرەدا بوو کە ڕاستی لەبەرچاوی جیهاندا ئاشکرا بوو. دادگای میکۆنۆس لە بەرلین، لە بڕیارە مێژووییەکەیدا سەلماندی کە فەرمانی ئەم تیڕۆڕە لە بەرزترین دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە -لەوانەش ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی، و سەرۆککۆماری ئەو کاتە، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی- دراوە. ئەمە بانگەشەی حیزبێکی نەیار نییە؛ بڕیاری دادگایەکی سەربەخۆی ئەورووپاییە. تیڕۆڕیزمی دەوڵەتی، لێرەدا نەک دروشمێک، بەڵکوو ڕاستییەکی سەلمێنراوە لەبەردەم دادپەروەریی نێودەوڵەتیدا.
ئەمڕۆ هەمان ئەو دەستانە، تفەنگەکەیان بە مووشەک گۆڕیوە. بەپێی ڕاپۆرت و ئامارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نێوەڕاستی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا -چوار مانگی ڕابردوو- ڕێژیم و هێزە بەکرێگیراوەکانی (بریکارەکانی) نزیکەی ١٥٠ جار بارەگا و ئۆردوگاکانی پەنابەرانی سیاسیی حیزبی دێموکراتیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بۆردومان کردووە؛ هێرشگەلێک کە بەئەنقەست قوتابخانە، نەخۆشخانە و بنکەکانی ئاو و کارەبا، واتە تەفروتووناکردنی ئەو ژێرخانە سڤیلانەی بە هۆی یاساکانی جەنگەوە پارێزراون، دەکەنە ئامانج. ئەمە چیتر «گرژیی سنووری» نییە؛ ئەمە تاوانی جەنگ و سەرکوتکاریی فرەنەتەوەییە: کۆمەڵکوژکردنی پەنابەری سیاسییە لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانیی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە.
بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا قوربانیی ئەم تیڕۆڕە نییە؛ بەڵکوو جێگرەوەی ئەوە. لە هەمبەر ڕێژیمێکدا کە بێجگە لە زمانی مردن هیچ زمانێکی دیکە نازانێت، ئەم حیزبە -وەک هێزێکی سۆسیال دێموکرات و هاوپەیمانی ڕێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیالیست- پێشنیاری بەدیلێکی دێموکراتیک، فیدراڵ و فرەخوازی نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ تەواوی ئێران دەکات. دامەزراندنی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» لە سەرەتای ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاویدا، هەنگاوێکە لەم پێناوەدا: یەکێتییەک بۆ تێپەڕین لە ستەمکارییەوە بەرەو دێموکراسی.
موستەفا هیجری، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی "هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز' (Progressive Alliance) لە بارسێلۆنا لە بانەمەڕی ئەمساڵدا، ئەم پەیامەی گەیاندە جیهان: نەتەوەیەک کڕنۆشی بۆ کەس نەبردووە و دەستی بەزەیی پان نەکردووەتەوە. ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەخوازین خێر نییە؛ بەڵکوو سێ داواکاریی ڕوونە: دانپێدانانی سیاسی بەم بەدیلە، لێپرسینەوە لە ڕێژیم لە هەمبەر هێرشە فرەسنوورییەکانیدا، و هاوپەیمانیی هزری و سیاسی لەنێوان هێزە دێموکراتەکاندا. هەروەها بێدەنگی لە ئاست تیڕۆری دەوڵەتیدا، هاوبەشیکردنە تێیدا.
مێژوو شایەتە کە ئەم ڕێژیمە بە هەر «ڕێککەوتن» و «قۆناغی گواستنەوەیەک» تەنیا کات دەکڕێت بۆ ئەوەی مەکینەی قڕکردنەکەی پۆشتە و پەرداخ کاتەوە. بەڵام نەتەوەیەک کە قاسملوو و شەرەفکەندیی لە پێناو ئازادیدا بەخشیوە، کۆڵ نادات. ڕێگای ئێمە ڕوونە: نە تەسلیمبوون و نە لەبیرکردن و بیرچوونەوە؛ بەڵکوو دێموکراسی، یەکسانی و ئازادی.