کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوبیۆ: ئێران تاوانی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان بە لەدەستدانی نەوتهەڵگرەکانی دەداتەوە

10:29 - 18 خەرمانان 2726

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە وڵامی هەوڵە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکانی ناوگانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە نوقمکردن و لەنێوبردنی نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆلۆمبیا ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە هەوڵەکانی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەردەوامە.

ناوبراو جەختی کردەوە: "هەرجارێک ئێران هەوڵی بەئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکانمان بدات یان کردەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، تاوانەکەی بە لەدەستدانی نەوتهەڵگرەکانی دەداتەوە."

ئەم ڕاگەیاندنەی وەزیری دەرەوە هاوکاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکا کە تێیدا پێنج نەوتهەڵگری دیکەی ئێرانییان لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ڕۆژی سێشەممەدا زیادی کرد: "پێم وایە ئەمڕۆ دیسانەوە بینەری ئەوە دەبنەوە."